لە نێوان (کوشتارەکەی بۆستن) و (حەڤدەی شوبات)دا

Saturday, 22/06/2019, 23:15

21786 بینراوە


ئەخلاقی حزبی سیاسیی ئۆبژە "بەرکار"
"کوشتارەکەی بۆستن"
شوێن: بۆستن- ماساچوستس (ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئێستا)
کات: ئێوارەی ٥ی ئازاری ١٧٧٠
گردبوونەوەی کۆمەڵێک ئەمریکی لە دەوری سەربازە بەریتانییەکان و تانە و تەشەر لێیان، پاشان تێگرتنی تۆپەڵە بەفر و بەرد و کوتەک... سەربازەکان زۆریان بۆ دێ و بێ فەرمانی تەقە، تەقە دەکەن بەناو خەڵکەکەدا و بەهۆیەوە (پێنج کەس دەکوژرێ و ٦ کەسیش بریندار دەبن).
ئەم ڕووداوە دەبێتە بزواندنی تووڕەیی داگیرگەکان و وەک (جۆن ئادەمس) دووەم سەرۆکی ئەمریکا وتوویەتی "بناغەی سەربەخۆیی ئەمریکا ڕۆژی ٥ی ئازاریی ١٧٧٠) دانراوە! لێرەوە (وەک یەکێک لە پاڵنەرەکان) هێڵی جیاوازی نێوان ویستی سەربەخۆیی و مانەوە لەگەڵ بەریتانیا کێشرا. ئەم ڕووداوە تا ئێستاش لە بۆستن یاد دەکرێتەوە لە هەمان شوێنی ڕووداوەکە!
"حەڤدەی شوبات"
شوێن سلێمانی - باشووری کوردستان (هەرێمی ژێردەستەی دەسەڵاتی تاڵان)
کات: دوا نیوەڕۆی ١٧ شوباتی ٢٠١١
گردبوونەوەی کۆمەڵێک خۆپیشاندەر و ڕۆیشتنیان بەبەردەم لقی چوار پارتیدا بۆ سەهۆڵەکە، گرژی و جوێن و دەمەقاڵە و بەردەفڕکی لە لقەوە و وەڵامدانەوەی خۆپیشاندەران بە بەردبارانکردنی بینای لق. پاشان دەستڕێژی بیکەیسی بەناو خۆپیشاندەراندا و کوشتنی "ڕێژوان" و بریندارکردنی چەندانی تر لەلایەن چەکدارانی لقەوە.
ئەم تاوانە دەبێتە بزواندنی تووڕەیی هاوڵاتیانی هەرێم و کاردانەوە لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی هەرێم بۆ نزیکەی دوو مانگ بەردەوامی دەبێ و چەندین کەسی تری تیا شەهید دەکرێ و دواجاریش بەهێز و بە ڕێکەوتنی سیاسیی حزبەکان و کۆتایی پێدەهێنرێت. ئێستا حەڤدەی شوبات هەر لای خانەوادەی شەهیدەکان یادی دەکرێتەوە، لەبری خاڵی وەرچەرخان لە دژوەستانەوە بەرامبەر دەسەڵاتی تاڵان، بووە دەسپێکی نائومێدیی زیاتر چەسپاندنی دەسەڵاتی چەتەکان لەسەر کۆمەڵگا.
لێرەدا مەبەست لە بەراوردی دونیابینی و سەردەم و جیاوازی نێوان ئێمە و ئەمریکییەکان نییە، باسەکە (بکەریی و بەرکاریی) گروپی سسیاسییە! ئەخلاقی حزبی سیاسیی و سیاسیی ڕاستەقینە پێداگرییە لە ئامانجەکان و قڵپکردنەوەی دۆخ نەک کارکردن بۆ پارێزگاریی لە دۆخ! حزبەکانی بەناو "دژ" بە دەسەڵات... حەڤدەی شوباتیان کردە باشترین پردی پەڕینەوە بۆ ناو نیعمەتی تاڵان، چونکە گەر ئەخلاقی سیاسیی بەهایەکی لایان هەبووایە دەبوو هەرگیز (مێزێک) ئەوانی لەگەڵ سەرانی چەتە و بکوژی دەسەڵات کۆنەکردایەتەوە! چونکە هەقیقەت ئەوەیە لە دانیشتن و دانوستان لەگەڵ پێڕێک دزدا... چی بەدی دێت مەگەر گڵاوبوون بە هەمان سێڵاوی بێئەخلاقیی بەرامبەر کۆمەڵگا!
کێشەی حزبی سیاسیی کوردیی، دووفاقی گوتارە... بە گوتار دەڵێ بڕووخێ و بڕۆ، بە کردەوەش دەڵێ ئێمەش هەین و ئێوەش هەن و با سیاسەت لە گؤرەپانا بکەین!!! هیچ حزبیکی دەرەوەی یەکێتی و پارتیی ئامانجی دوورخستنەوەی ئەوانی نییە لە دەسەڵات، چونکە هەتا ئێستاش ئامادەن مامەڵە لەگەڵیان بکەن... بەشداریی پڕۆسەی هەڵبژاردنیان بکەن... دانیش بنێن بە ئەنجامی ئەو تەزوویرانەی ٢٨ ساڵە ئەم دەسەڵاتە لە خەڵک و حزبەکانی تری دەکات... بچنە حکومەتەکانیانەوە و دەشزانن حکومەت لەبەردەم کەوشی حزبایە و کارتۆنێکی بەتاڵە... ئەوان دەچنە پەرلەمان گەر (نا)ش بۆ یاساکانی ئەم دەسەڵاتی پێڕی تاڵان بکەن... دروست پڕۆسەکەیان بۆ تەواو دەکەن و شەرعاندنی دەسەڵات (کە ئامانجی پارتی و یەکێتییە) مسۆگەر دەبێت "جا ئەمە خزمەتە یان دژایەتیی دەسەڵات"؟؟؟
حزبی "بەرکار" ئەو حزبەیە دۆخی پێناگۆڕێ یان نایەوێ بیگۆڕێ... چونکە "بکەر" نییە... پشتی بە شتێکی ترەوە قایمە وەک لە "ویست و کۆمەڵگا" ئەویش شیش و کەباب نەسووتانە... هەزار بیانوو دەهێننەوە بۆ بەهێزی دەسەڵاتەکە و ئاستەمی نەڕووخانی! چونکە لە بنەڕەتتدا ئەمان نایانەوێ بڕووخێ. بەزمانی ئاسک دەدوێن و دڵی بەرامبەر تا سەر نایەشێنن... ئەوەی دوێنێ خائین بوو ئەمڕۆ خەلیلە، دەکرێ ئەم ڕووە لەنێوان زاڵم و زەمیلدا ئاڵوگۆڕ بکا (ئەمەیان ناو ناوە سیاسەت) ئەمە دەمامکداریی و نەفامیی یان بێناموسی نەبێ چ پێناسێکی هەس!
پرسیار ئەوەیە لە وەها دۆخ و حزبگەل و دەسەڵاتێکدا (خەڵک) چییە؟ دروست خەڵک سووتەمەنییە "چونکە گیان و کەرامەتی هیچ نرخێکی لای وان نییە". خەڵک سووتەمەنی بە ئامڕازکردنییەتی و کردنی لە ئادەمیزادەوە بە ماڵات! ئێستا لە سایەی ئەم حزبانەدا هەرێم چییە جگە لەیەک مۆڵی زل... کە خەڵک خەمی ورگییەتی و بەس... ئەم حزبانە وەهایان کرد کۆمەڵگای کوردی خۆژێن بێتە بازاڕێکی خالی لە بەها و ئامانج... چ تاوانێکیان بەرامبەر کورد و خاکەکەی کرد، چ سزایەک قورسی ئەم تاوانە هاوتا دەکاتەوە... ئەمە جێ بهێڵن بۆ سەردەمێکی تر و نەوەیەکی تر... کە "بەرکار"بوون ڕەتبکاتەوە و بەهادار بێ لای "کەرامەت".
ئاماجی ڕاستەقینە هەڵتەکاندنی سیستەمە، لێسەندەوەی تاڵانە، سزادانی دانە بە دانەی سەرانی تاڵانە لە خەرمانێکی لە خیانەت کە لە خاک و خەڵکیان کردووە، ئەوانە ئێستا بە دزی خۆیان کردووەتە خاوەنی هەموو هەرێم دەبێ جووتێک ئەدیداسیان بدرێتەوە و خاکبەدەر بکرێن لە لایەن خەڵکەوە (ئەگەر خەڵک گێرانەی کەرامەت و دادوەریی بخوازێ).
دانوستاندن و پێکەوەنانی حکومەت... درێژەدانە بە کۆی ئەو بێڕێزییەی ٢٨ ساڵە و لە پێشتریشەوە بە خەڵک کراوە (کە بە ئامڕازکردنە لەپێناو قورسکردنی گیرفانی پێڕێک لە سەرانی بنەماڵەکاندا). گەر کێشەکە "بەرکاریی" نییە و دەسەڵاتەکە بەڕاستی ناڕووخێ و دەرەقەت نایەن... بۆیان ڕەوا مەکەن و بۆیان مەشەرعێنن... ئەمە کەمترین ڕێزە بۆ کۆمەڵگا و بەهادارکردنی سیاسەتە بە ئەخلاق، کە دەشێ ڕۆژێک ببێتە وزەی تێکوپێدانی سیستەمی تاڵان!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە