بزوتنەوەی گۆڕان، وەک هێزێکی سیاسی مەدەنی رەخنەگر دروست بوە، و واشدەمێنێ، هەر لەگەل دەسپێکی کاری سیاسی و راگەیاندنی ئەم بزوتنەوەیەدا، دروشمی (رەخنە بە زمانی گوڵ) ی هەڵگرت.
هەر لەبەر ئەوەیە، کە رەخنەگرتن بە زمانی گوڵ بابەتێکی حەیاتیە بۆ بزوتنەوەی گۆران، بۆ ئەوەی هەمیشە بە شێوازێکی شارستانی لە دژی کارە نا دەستوری و نایاساییەکان، و لە دژی هەمو شێوازەکانی گەندەڵی خەبات بکات و بوەستێتەوە.
بۆیە بزوتنەوەی گۆڕان بەهەمو توانای پشتگیری لە سەرجەم ئەو رەخنانە دەکات، کە لە پێناو بەرژەوەندی گشتی دەگیرێ، و بە زمانی گوڵ و بە شێوازی شارستانی ئاراستەی دەسەڵاتدارانی عێراق و هەرێم دەکرێت.
هەر رەخنەیەکیش لەلایەن هەڵسوڕاوانی حیزبی و حکومەت و پەرلەمانەوە بگیرێ بە ناڕەوا بۆ مەرام و بەرژەوەندی کەسێتی، بۆ خۆنواندن و خۆدەرخستن ، و بە زمانێکی ناشایستە و ناشارستانی ئاراستەی کەس و لایەن و دەسەڵاتدارانی عێراق و هەرێم بکرێ، گوزارشت لە سیاسەت و بەرنامەی بزوتنەوەی گۆڕان ناکات، بەڵکو رەتیشی دەکاتەوە.
سەبارەت بە کێشەو پرسی نەوت و غاز، مادەی (140)، بودجەی ساڵانە و پێشمەرگە، کە هەمویان پرسی نیشتیمانین، و نابێ بکرێ بە بابەتی موزایەدە لەنێوان لایەنەکانی هەرێم، دەبێ بە رێکاری دەستوری و یاسایی چارەسەر بکرێ لەنێوان هەرێم و بەغدا، بەبەشداری و هاوکاری و هەماهەنگی تەواوی لایەنەکانی کوردستان لە بەغدا.