چۆن کوردستانپۆست بەپێوە مایەوە؟

Thursday, 27/06/2019, 22:00

12691 بینراوە


ئەوەی بتوانێت کەشتیەکەی خۆی بەڕێوە بەرێت دەبێتە کاپتن
 لە بەر ئەوەی چەند ساڵێکی زۆرە لە نزیکەوە ئاگاداری کوردستانپۆستم، لە هەموو هەڵچون و داچوون، خیانەت و هاککردن و تەسلیم بوونی خۆفرۆشان و سیخوڕیی کە بەسەر ئەم سەکۆیەوە کراوە، لە بەشێکی ئاگادارکراومەتەوە، بۆیە ماف بەخۆم دەدەم باسێک لە مێژووی ئەم سەکۆیە بۆ خوێنەران بنووسم، ئەو شتانەی کە زیان بەڕەو ڕووی کارەکانی نەگەیەنێت، چونکە کوردستانپۆست بڕیاری داوە هەر بەر دەوام دەبێت تا ئەو کاتەی ئەم دەسەڵاتە فاسیدە نغرۆ دەبێت و دەچێتە ناو زبڵدانی مێژووەوە.
ئەو دەم مێژووی کارەکانی ئەم سەکۆیە کە نووسرایەوە سەروەریی و شانازییەکەی بۆ ئەو مرۆڤە جوامێرانە دەبێت کە شەونخونیان دەکرد و هەموو شتێکیان لە چنینەوەی کەرامەتەوە سەیر دەکرد و کۆڵیان بە مەحاڵ دەدا.
 پرسیار لێرەدایە : " ئایا ئەوانەی خۆیان بەو دەسەڵاتە فرۆشت چۆن توانیان خیانەت لە هاوڕێکانیان بکەن، لەکاتێکدا ئەو دەمە درێژەیان هەبوو قسەیان پێدەکرد و پلانیان دادەنا ؟ ".
 چاکترە خەڵکی لەوە بگات کوردستانپۆست تەنها سەکۆیەک یان ماڵپەڕێک نییە بۆ بڵاو کردنەوەی بابەت، بەڵکو بزووتنەوە و جێگەیەکە بۆ پەروەردە کردنی مرۆڤی ئازاد.هەرچەندە نائومێدی تاکی کوردی داگیرکردوە، کوردستانپۆست هەوڵی داوە هیوا هیوا لە زهنی خوێنەرەکەیدا دروست بکات، پاشان خوێنەری فێرکردوە پرسیار لە سەرچارەنوسی بکات.ئەم سەکۆیە جیاوازیەکی گەورەی هەیە لەگەڵ دەزگا و ڕۆژنامەو مێدیاکانی تردا، چونکە لێرە کارەکان بە هەرەوەزیی دەکرێت واتە بەکۆمەڵ بڕیار دەدرێت ئەوەش لوتکەی پێگەیاندنی مرۆڤی ئازادە تا خاوەنی بڕیاربێت و قسە لەسەر ئەوە بکات بڕوای پێیەتی.جودا لە ڕۆژنامە و ماڵپەڕ یان مێدیاکانی تر، کە کەسێک یان حیزب و گروپ لە دوایانەدا بونی هەیە، بۆیە هەر چەکلێک لەو هەرێمە لاقەکراوەدا ڕاست ببێتەوە ماڵپەڕێک یان ڕۆژنامەیەکی دەردەکرد و کۆمەڵێ قەلەم زڕ تێیاندا نووسی و زەهرو درۆیان تێدا بڵاو کردەوە، ئەوا ئەو کاتە رێگاپێدراو دەبن، کە ستایشی دەسەڵاتی خائینی کوردیی و ئەو مرۆڤە پیس و ئیتڵاعات و سیخوڕو میت و فایلدارانە بکەن.
ستافی کوردستانپۆست هەموویان نووسەر نین، بەڵکو زۆریان خوێنەر و مرۆڤی دڵسۆزی ئەم نیشتمانەن، بەردەوام بڕیار دەدەن لەسەر بڵاوبونەوە یان کارەکانی ناو ئەم ماڵپەڕە، هەموان بەگیانی بەرپرسیاریەتییەوە گوێ لەیەک دەگرن و گفتوگۆ لەسەر هەموو ڕووداوەکان دەکەن.
پەندێکی کۆری هەیە دەڵێت "گرنگی لە ماسی گرتندا، ئارام گرتنە " مێژووی کوردستانپۆست پڕێتی لە ئارامیی و خعراگرتن، لە خۆ گیڤکردنەوەی دەسەڵات و هەڕەشەو پلانە فاشلەکانیان کە نەیان توانی شکست بەم سەکۆ ئازاد و ئازایە بهێنن، چونکە هەموو ئەو کەسانەی دەهاتن زۆریان بە ئامانجی گڵاوەوە هاتن و لەنیوەی ڕێگە ملیان شکاندو چونەوە باوەشی دەسەڵات و لە ئابڕووچون و داماوی و ڕسوابوون زیاتر هیچیان پێنەبڕا و هیچیان نەچنییەوە، جگە لە شکست و هەندێک پارەی پیس کە بەکەڵکیان نەهات.
چیرۆک و ڕووداو زۆرە لێرە ئاماژە بەهەندێک ڕووداو دەکەم، کە شایستەی نووسینەوەیە و ئەوە دەهێنێت خەڵکیش بزانن ئەم سەکۆیە چەندە دەروونی دەسەڵاتدارانی وێران کردوە ؟
*عومەر فەتاحتان دێتەوە بیر؟ ئەو پیاوە پوتەی بەجانتا دۆلاری نیشتمانی دەدزی و لە سوئیدیش بەڕەش سواری پاس دەبوو، لە کۆبونەوەیەکدا لەهۆلەندا ووتبووی ئەرێ کەسێک ناتوانێ ئەم "کەمالەم" بۆ لەناو بەرێت؟! یەکێک لەئامادەبووان بۆ منی گێڕایەوە، ئیتر لەوساتەوە، کوردستانپۆستم لەلا شیرین بوو، بوومە یەکێک لە ستافی ئەو سایتە.
* تاڵەبانی بە عەلی باپیری ووتبوو: بە کاکە نەوە بڵێ ئێمە هەموو شتێک دەدەین بەس کوردستانپۆست دابخات، تاڵەبانی بێئاگا لەوەی کاتێک کوردستانپۆست کاری دەکرد، کاکە نەوە خۆشی جێگری ئەم فاحیشە سیاسییە بوو.
* جارێک پیاوێکی پوت لای مەسعود بارزانی دەبێت و لێی دەپرسێت، داخۆ کوردستانپۆست کێی لە پشتە ؟ مەسعودیش دەڵێ من نازانم کوردستانپۆست چییە...! دوای دەمژمێرێک مەسعود لەگەڵ هەندێک کۆیلەی ڕۆژنامە ڕووزەردەکانیان کۆدەبێتەوە، بە بەڕێوەبەری رۆژنامەی خەبات (نەژاد عەزیز سورمێ) دەڵێت کە لەساڵی ١٩٧٤ ئەو کەسە لەگەڵ کاک کەمال لە دەرەوە بووە، بەڵکو کاک کەمال رازی بکەیت، چی دەیوێت پێی دەدەین کە واز بێنێت و کوردستانپۆست بهێنێت و دایخات.
*هەر لەو کاتانەدا بوولەڕێگەی بازرگانێکی کوردەوە کە پارتی ئاگاداری کردبوو پەڕەیەکی سپی هێنابوو دایناو ووتی بەس ژمارە بنوسە، ناڵێن کوردستانپۆست داخە دەڵێین وەک نێت و ماڵپەڕەکانی تر شت بڵاو بکەرەوەو، ناوی ئەو کەسانەمان بۆ دیاری کە بەناوی خوازراوەوە دەنووسن.کاتێک وەڵامی ئەم بازرگانە درایەوە لەشەرمدا ووتی گەر قبوڵم بکەن من دەتوانم هاو سەفەرتانبم نەفرەت لە پارتی و یەکێتی، ئێستا ئەو بازرگانە دۆستێکی هەمیشە دۆستی ئەم سەکۆیەیە، دەڵێت بابەت نییە نەیخوێنمەوە زۆر شت فێربووم، بەڵام هەر خۆم بە قوتابیەک دەزانم تا دەمرم.
* ئەوکاتەی کە "جەزا چنگیانی" بەبەتێکی لەسەر حاکم قادر نووسی دەنگدانەوەیەکی سەیری لێکەوتەوە وەک بۆمبێک دای لەناو مەکتەب سیاسی یەکێتی، تاڵەبانی هاربوو، حاکم قادر بەناوێکی خوازراوەوە گوایە ئەویش چنگیانییە وەڵامی جەزای دابویەوە، بەڵام ستافەکە و بەتایبەت کاک کەمال ڕێگەی نەدا ئەم نوسراوە پڕ سوکایەتیە لەتۆڵەی نووسینەکەی جەزا بڵاو بکرێتەوە، ویستیان شکاتیان لێبکەن، بەڵام ئێمە پشتمان نەکردە هاوڕێکەمان، کەچی ئێستا کاک جەزا وەک وەفایەک لەدوای گیفراندۆمەکەوە بۆلای وەسفکردنی مەسعود هەنگاوە کورتەکانی دەنێت.
دەشزانین هەر بڕیارێک بەسەرابێت بەهەستەکانەوە بڕیار نییە و بێسودەو بەهای نی یە، مرۆڤ نابێت خۆی بەگریمانەکانەوە ببەستێتەوە.
 کوردستانپۆست دەیان پەیامنێری لەناو دەزگاکاندا هەر لەخەستەخانەوە تا ئاسایش دەزگای زانیاری و پاراستن و فڕۆکەخانەو پەروەردە و جێگەی تر هەیە، کە خۆبەخشانە بێبەرابەر هەواڵ و ڕووداو دەنێرن.سەدان مەلەف لە ئەرشیفی کوردستانپۆست هەڵگیراوە بۆ کاتی خۆی کە زۆر نزیکە و دەبێت ئەو پیاو ژنە پوتانە باجی ئەو ناپاکیان بدەن.
 زۆرکەس لە ڕێگەی کوردستانپۆستەوە خۆی بەدەسەڵات ناسی، واتا نووسینیان بۆ کوردستانپۆست دەنارد، دوایی دەچوونە لای دەسەڵات و بە بڕێک پارە و ئیمتیاز، خۆیان دەفرۆشت و دەیانوت وازامان لە کوردستانپۆست هێناوە، بەڵام کاتێک چونەوە ناو باوەشی دەسەڵات بونە هەڵم و نەیان توانی هیچ بن، چونکە بێئاگا لەوەی ئێمەش لە ستافی کوردستانپۆست زانیاریمان لەسەر ئەو قەڵەمزڕانە کۆدەکردەوە، ئەوان بەمایە پوچییەوە دەگەڕانەوە و تەنها شتێک کە بەدەستیان دەهێنا ئابڕویەکی تکاو کەرامەتێکی تێکشکاو زیاتر هیچ نەبوو.
 لە کۆتاییدا کوردستانپۆست خەڵکی فێردەکات بوێر بێت، ئەوەی لەژیاندا نەیان بووە و داگیرکەر و دەسەڵاتی کوردیی لێسەندوونەتەوە.مرۆڤ کە لەمردن نەترسا ژیان بەکەرامەتەوە دەباتە سەر، یاسایەک بەداخەوە لەو هەرێمەی ئێمە پەیڕەو دەکرێت، کە دەبێت یان ڕاو بکەیت، یان ڕاو دەکرێیت، بەڵام کوردستانپۆست دەڵێ با ڕاو نەکرێت، ئەگەر کردت دەسەڵاتی خائینەکان ڕاوکە کە ئەو یاسایەیان داناوە.هەر بۆیە کوردستانپۆست بەپێوە دەمێنێتەوە، تا نغرۆبوونی ئەم دەسەڵاتە.
سمکۆ ساحێبقران

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە