ئیدی ویستێکی وا بەهێز و هێژا و ڕێزلێگێراوی،وەک " ناسنامەی نەتەوەیی" لەو پلە بەرز و بەنرخ و گرنگەدا،چ گومانێک لەم سەردەمە هاوچەرخەدا هەڵدەگرێ؟ و کەی دەرفەت دەدات، بە ڕەخنەگران بیدەنە بەر تانە و تەشەر و کێ دەتوانێ ئاستەنگی بخاتە بەر؟.
ئەو ئامارەی سەرێ،ئەو ڕاستییەمان بۆ دووپات دەکاتەوە،کە شوناس و دەوڵەتی نەتەوەیی، لەپانتایی ئەقڵ و بیرکردنەوە و سیاسەت و خۆشەویستی و گرنگی هیچ گەلێک دا کەم نەبۆتەوە و نابێتەوە و شوێن و پێگەی لەدەست نەداوە.
لە هەڵبژاردنەکانی ئەم ساڵدا ٢٠١٩، لە کۆی ٧٥١ کورسی پەرلەمانی ئەوروپا، کریست دیموکراتەکان و هاوشێوەکانیان ٢١٦ نوێنەریان هەیە و سۆسیال دیموکراتەکان ١٨٤ و سەوز و چەپەکانیش هەر یەکە ٥٢... هتد.
پرسی شوناس و ئابووریی و سیاسی و ترس و ڕەهەندەکانی کێشە ناوخۆییەکانی ئەوروپا هەڵگرتنی سنوور و کێشەی پەنابەران و دیاریکردنی سنووری ئەوروپا و دەرچوون و کشانەوەی Brexit بەریتانیای مەزن لەم یەکێتییە ناکۆکی گەورەی خستۆتە نێوان وڵاتانی وەک پۆلۆنیا و هەنگاریا و نەمسا و ئەڵمانیا و فەرەنسا و ئیتالیاوە. پەرلەمانی بروکسلی پایتەختی یەکێتی ئەوروپا نەبۆتە ئەلتەرناتیڤی دروستی پەرلەمانی دەوڵەتەکان .
هەڵبەتە ڕوون و ئاشکرایە، کەوا وڵاتە بەهێز و گەورەکان لەم یانەیەدا باڵادەست و خاوەنی بڕیاری سەرەکین و کەموزۆر ئەڵمانیا لە ڕووی ئابووریی و تەکنەلۆژیاوە و فەرەنسا، وەک زلهێزێکی سیاسی، داینەمۆی هەڵسوڕێنەری ئەم یەکێتییەن.