هونەرمەندی کۆمیتە

Tuesday, 02/07/2019, 8:41

91376 بینراوە


ماهیر حەسەن و ئەحمەد جۆڵا کاتێ باسی تاڵەبانی دێتە پێش ، هەروەك چۆن جاران ئەبوایە بەسەدام حوسێن بووترایە(خوا بیپارزێ)، ئاوهاش ئەمان یەکسەر (ڕوحی شاد)بێ ئەچرکێنن. کاکە ماهیر هەموو جارێ ئەو نمونەیەمان دێنێتەوە یاد کە چۆن تاڵەبانی پێیووتوە گەر دەستان کرد بە ڕەخنە ، ئەوە یەکەمین کەس ڕەخنەی لێبگرن با من بێ. کەچی کاتێ دەنگێکی ناڕەزای وەك (بەکر عەلی) ئەبیستێ یەکسەر یاساوڵەکان بێ دوو دڵی، تیرۆری ئەکەن و لەخوێنی خۆیدا ، جێیدێڵن.
هەر کاتێ هونەرمەند وەیان ڤیگۆرێکی نێو کۆمەڵگا نەیتوانی بەشداری ناڕەزایی شەقام بکا، یان خۆی هەڵخوڵقێنەری نەبوو، ئەوا باشترە کارێکی تر بدۆزێتەوە و خۆی نەکا بە گاڵتەچی خەڵك. ئەم هونەرمەندانەی ئێمە کاتی هەڵکشانی دەنگی ناڕەزایی و داواکردنی مافی هاوڵاتی بەرز ئەبێتەوە ئێدی خۆیان وون ئەکەن ونایانەوێ کەس بیانبینێ، نەوەك تووشی هەست بەشەرمەزاربوون بکەن. دەنا لەکاتی ئاساییدا جادەکە فراوانە و شەش شەش قسە فڕێ ئەدەن.
تا ئێستا کێ بینیویەتی لەکاتی خۆپیشاندان و ناڕەزایی خەڵکدا ئەم هونەرمەندانەی ئێمە بەشداری تیا بکەن و لانی کەم داواکانیان بەهی خۆیان بزانن، کام لەم هونەرمەندانەی ئێمە توانیان ڕەخنە لە داگیرکەرانی کورد بگرن و خەڵکی هان بدەن بۆ ئەوەی دژی تورکیای ئەردۆگان و ئاخوندەکان لیدوان بدەن و شەرمەزاری کارە تیرۆر و لەسێدارەدانی ، کوردان بکەن. کێ بیستی ڕۆژێ ئەمانە ڕیکلامێك بە خۆڕایی بڵاو بکەنەوە دژ بە ئێران لەمەڕ ناردنی ماددەی هۆشبەر و بەڕاشکاوانە دەستیان بۆ ئێران درێژ کردبێ؟؟ کام لەمانە تورکیا بە دوژمن ئەزانن و بە ئاشکرا بڵێن نەخێر ئەوەی تورکیا ڕۆژانە دژ بەگەلەکەمان ئەیکات و ڕۆژانە هاوڵاتی بۆردومان ئەکا دوژمنکاریە و پێوستە خەڵك هانبدەین بڕژێنە نێو شەقامەکان و سنوورێك بۆ ئەوانە دابنیێن . کام لەمانە ڕۆژێك بەئاشکرا هات و ووتی هەرچی پارەی شانۆگەریەك کە دەستمان ئەکەوێ ، ئەینێرین بۆ پەکەکە وەیان بۆ کوردانی ڕۆژئاوا.
ئەمانە تەنها بۆ گیرفانی خۆیان خەڵکی ئەخەنە پێکەنین و خەڵکی ئاساییان ووڕ و کاس کردوە، کاری ئەمان لەڕێگای کۆمیدیاوە ئەوەندەی تر سەرلێشێواندن و گێژ کردنیانە، نەوەك ووشیارکردنەوەیان . ئەمانە موڵکی میلەت نین و موڵکی میلەت ئەدزن. تاڵەبانی و بارزانی لەبری جێبەجێکردنی ئەجندای دوژمن ڕێگە پێدراون، ئەمانیش سێبەری ئەوانن و هیچی تر.بینیمانن کاتێ گۆڕان هاتە کایەوە ،کۆمەڵێکیان بەرەو گردەکە ملیان ناو بوون بە هونەرمەندی –مەکۆ- هەندێکی تر لەنگەری نەجووڵا و هەروەك خۆی مایەو بوو بە هونەرمەندی –کۆمیتە- ئەمە جگە لە هونەرمەندی - لق- کەهیچیان کەمتر نیە لەو چایچیەی لەوێ کار ئەکا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە