کۆنگرەی سنەی ئیتیلاعاتی ئەمڕۆ و ڕادیۆی کرمەشانی ساواکی دوێنێ!

Saturday, 06/07/2019, 14:49

23304 بینراوە


گۆڕانی سیستەمی دەسەڵاتی حوکمڕانی یان گۆڕانی سەڕۆکەکانی ئیران کارێگەرییان نەبووە لەسەر ستراتیژیەتی داڕێژراوی ئەو وڵاتە بەرامبەر بە: پرسی کورد، جوڵانەوە، شۆڕشەکانی و کەسانی شۆڕشگێر و یاخی لە سیستەمی دەسەڵات لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا. عەبدوڵای حەسەن زادە لە پەڕتوکی "نیو سەدە تێکۆشان" لە لاپەڕە ١٣٣دا دەنووسێت
" خومەینی و ڕژێمەکەی لە هەموو دەرفەتێک بۆ گێچەڵ فرۆشتن بە گەلی کورد کەلکیان وەرگرت تا سەرەنجام شەڕێکی درێژخایەنیان بەسەر گەلەکەمان داسەپاند کە هەتا ئێستاش درێژەی هەیە". 
دەزگەی سیخوری ساواک و ئیتیلاعات درێژکراوەی یەکترن. هەر دوو دەزگە بۆ دژایەتیکردنی پرس و مافی نەتەوەی کورد، فەرهەنگ، کلتوور، هونەر، ئەدەبی کوردی، بەرامبەر بە شۆڕشگێر و خۆفڕۆشە کوردەکان هەمان هەڵوێست، تاکتیک و ستراتیژیەتی داڕێژراوی تۆکەمەیان هەیە.
دەزگەی سیخوری ساواک دوای ڕوخانی شا لەلایەن دەسەڵاتدارانی تازەوە فەرامۆش نەکرا، تەنیا ناویان گۆڕێ. لەسەر بنەمای هەمان زانیاریی کە لە ئەرشیف و مەلەفەکانی ئەو دەزگەیەدابوو مامەڵەیان لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی ئیرانی و کورد و تاکی یاخی لە سیستەمی دەسەڵاتی شا کرد. کەریمی حوسامی لە لاپەڕە ١٢٢دا بەرگی شەشی پەڕتوکی "لە بیررەوەرییکانم"دا باسی ئەوە دەکات: کە دوای ڕوخانی شا هەوڵدەدا پاسپۆرت دەربهێنێت، وەک هاووڵاتیەکی ئیرانی بۆ دائیرەی پاسپۆسرت دەچێت. پێی ڕادەگەیەنن کە بە گوێرەی:
" قەراری ئیدارەی ساواکی ساڵی ١٩٥٦ ناتوانی لە ئیران وەدەرکەویت. پرسیارم کرد: باشە ئێستاش ئیدارەی ساواک ماوە و بڕیارەکانی هەر لە جێی خۆن؟ گوتیان ئیدارەی ساواک نەماوە بەڵام هیچ بڕیارێکی تازە لەسەر هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی پێشووی ساواک بە ئێمە نەگەیشتووە".
ئیران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەمیشە یاریکەرێکی سەرەکیی بووە لە پەیوەندییە ناوچەیی و جیهانییەکاندا. لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە هەڵگیرساندنی شۆڕشی کورد و دواتر ئاشبەتاڵ پێکردنیی لە هەفتاکانی هەمان سەدەدا. مێژوو دەگێرێتەوە کە سەرانی پارتەکانی باشوور هەمیشە دەستکەڵای ئیران بوون، بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان شۆڕش و جوڵانەوە سیاسییەکانی میللەتی کوردیان خستۆتە خزمەت ئەجێندا و بەرنامەی داڕێژراوی دەزگە جاسوسیەکانی ئیران، سەریان نەوێ کردەوە و ئەوەی ئیران ویستویەتی بەبێ سڵمینەوە و شەرمەزاریی ئەنجامیان داوە. عەبدوڵای حەسەن زادە لە پەڕتوکی "نیو سەدە تێکۆشان" لە لاپەڕە ٤٩دا لە باسی شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا دەنووسێت: 
"بەشێک لەو هاوڕێ یانە پاش خۆ تەسلیم کردنەوە بە هیزەکانی بزوتنەوەی کورد لە عیراق گیران و درانەوە بە ڕژێمی ئێران (١). نمونە شەهیدان سالح لاجانی، سلێمانی کەرقەشان، حەمەدەمین شیرێژ و عەبدوڵا بایزە منجە، کە پاش تەسلیم کرانەوە بە دەستی پیاوکوژانی ڕژێمی شا گوللە باران کران". 
عیسا پژمان، کوردێکی خەڵکی سنە سەڕۆکی دەزگەی ساواکی شا بوو. لە یادەوەریەکانییدا باس دەکات کە لە کۆتایی پەنجاکان و سەرەتای شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا، بۆ سیخوری بەسەر میللەتەکەی و کۆکردنەوەی زانیاریی دەربارەی جۆری بیرکردنەوەی تاکی کورد، کۆمەڵگەی کوردەواریی، سروشتی جوڵانەوە سیاسییەکانی، کەسایەتی ڕێبەری پارتە کوردییەکان لە چوارپارچەی کوردستاندا و دۆخی عیراق لە ڕێگەی دەزگەی سیخوری سەقز بۆ باشوور، باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان و بەغداد دەچێت. لەم گەشتەیدا ڕاپۆرتێکی تێروتەسەل دەربارەی بزوتنەوە و ڕێبەرانی کوردی باشوور و پێشبینیکردنی ڕوودانی کودەتا لە عیراق و گرنگی ڕۆڵی کوردەکان لە دوای ئەو کودەتایە و پێشنیارەکانی بۆ هەردوو مەسەلە پێشکەش بە شا دەکات. پژمان لە پەڕتوکی "نهێنییەکانی بەستنی پەیمانی ١٩٧٥ی ئەلجەزایر لە ئەرشیفی نهێنی ساواک" دا دەربارەی مامەڵەکردن لەگەڵ شۆڕشی کورد بە شا دەڵێت:
" ئێمە یارمەتییان نادەیەن بەڵکو مامەڵەیان لەگەڵدەا دەکەین و کەڵکیان لێوەردەگرین. لە سەرەتادا بە پێ دیاریکردنی ئەرکەکانیان ئیمکاناتێکی بچووکیان بۆ دابین دەکەین ، ئەگەر ئەنجامیان دا، ئەوا لەگەڵیان بەردەوام دەبین ئەگەر نا لێیان دەکشێنەوە، دواتر بەخشینی چەند کۆنە تفەنگێکی بڕنۆ و فیشەکی نێو عەمبارەکانامان و پارە کارێگەری لە دۆخی ئێمەدا ناکات". 
پژمانی سیخور هەر بەوە ناوەستێت، بۆ هەڵخەڵتاندنی زیاتری کوردی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەوڵدەدا نیەت سافی شا بەرامبەر بە گەلی کورد بسەلمێنێت. شا دەگەیەنێتە ئەو بڕوایەی کە کردنەوەی ڕادیۆ و ڕۆژنامەیەک بە زمانی کوردی یارمەتیدەری سەرکەوتنی پلانەکانیان دەبێت. بۆ ئەو مەبەستە لەژێر چاودیری دەزگەی ساواک و پژمانی سیخور پەیوەندیی بە هەندێک لە ناودارانی کورد دەکەن. ڕادیۆ و ڕۆژنامەیەکی کوردی لەژێر چاودێری و خەرجی ساواکدا لە کرمەشان دادەمەزرێنن. ئارش ڕیاسانەزهاو لە پەڕتوکی "شای ئیران ، کوردی عیراق و شیعەی لبنانی" چاپی ئینگلیزی لە لاپەڕە ٨٦دا دەنووسێت: 
"بەرێوەبەرانی کەناڵەکە کۆمەڵێل لە خەلكی ناسراو بوون " شوکورەڵا بابان و چەند کەسێکیش هاوکاریان دەبن لەوانە عەبدولرەحمان شەرفکەندی، هەژار موکریانی". ئینجا پژمان پەیوەندیی بە بارزانی دەکات. لەهەمان سەرچاوە و هەمان لاپەڕەدا دەنووسێت: بارزانی ڕایدەگەینێت هەتا ئەوان ماون خزمتکاری شا دەبن، بە مەرجێک ئیران لەگەڵ شێخ و ئاغای دیی کورد پەیوەندیی نەبەستێت". لەهەمان پەرتوکدا پژمان دەنووسێت کە پێش بارزانی پەیوەندیی بە تاڵەبانییەوە کردەوە و ئەو بەبێ مەرج و بە پەلە ڕازی بووە. 
دەنگی شوکورەڵای بابان و پەروین، خوێندنەوەی شیعر و هۆنراوەی کوردی لەو ڕادیۆیەدا کاردانەوەی لەسەر هەستونەستی نەتەوەی کورد هەبوو بە تایبەتی لە باشوور. خەڵکی بێ ئاگا بوون لەوەی کە ئەوانە فەرمانبەری ساواکن، بە ناوی خزمەت بە فەرهەنگی کوردی خزمەت بە ئەجێندای ساواک دەکەن، لەبەرەئەوە گەلێک بە دڵسۆز و کوردپەروەر ناویان دەرکردبوو و خەڵک خۆشیانی دەویست! بەو جۆرە دەزگەی هەواڵگری ساواک یارییان بە هەستی میللەتی کورد دەکرد! بێ گومان ئەو ڕادیۆیە بە شێوەیەکی کاتی بۆ پێکانی مەرامی ساواک و دەسەڵاتدارانی ئیران دەبێت. دوای ئەوەی کاریان پێنامێنێت، دایدەخەن و بەرێوەربەرەکانیش لەژێر سێبەری ساواکدا کوردایەتیی دەفڕۆشن، بەڵام مێژوو لێیان نابورێت، زۆر یان کەم لە نووسراو و پەرتوکەکانی دەلاقەی مێژوودا ناویان تۆمار کراوە. 
ئەم تاکتیکەی دەزگەی ساواک و سیخور پژمان ئەمڕۆ لە "کۆنگرەی ناودارانی کورد لە شاری سنە" دووبارە دەبێتەوە. لەژێر سایە و سێبەری دەزگەی هەواڵگری ئیتیلاعاتی ئیرانی و پژماکی ئەمڕۆش ئەوا دەسەڵاتدارانی هەرێمن، گاڕانێک لە شاعیر و نووسەر و گۆڕانیبێژی کوردیان لەژێر ناونیشانی ناودارانی کورد ڕەوانەی ئەو کۆنگریە کردوە ( کەیهان کەلهوڕ، تۆسەن رەشید، کوردستان موکریانی، قوتبەددین سادقی، کەلیموڵلا تەوحیدی، ئەسعەد شێخوئیسلامی، عەلی قەرەداغی، مەعسوم عەلی مەعسوم، ئەنوەر قەرەداغی، مێهمەت عەبدوڵلا موجتەبا؛ شەمس پوو، عەزیزشاروخ، نەزەند بەگیخانیی، محەمەد عەلی سوڵتانی،عوسمان هەورامی، عەدنان کەریم، بەختیار عەلی، شارام نازری، حوسێن عەلی زادە، عەتا نەهایی،عێزەددین مستەفا رەسوڵ، هادی زیائەددینی، بیژەن زولفەقار نەسەب، لەتیف هەڵمەت، مەزهەرخالقی، فیلیپ کرینبرووک، عەلی ئەکبەر مورادی، ئازاد ئیبڕاهیم نەجاڕ، ژویس بلور، هۆمەر دزەیی، کامکاران، بیژەن نامدار زەنگەنە، وەزیری نەفتی کۆماری ئیسلامی کە خەڵکی کرمانشانە، حەمدی ئولوکایا، بێهروزغەریب پوور، کازم ئۆز، کیانووش روستەمی، سیامەند ڕەحمانی،ئەمیر سەرتیپ نوسرەت،معین وەزیریی،ئەحمەد شابات، میکاییل ئەسڵان). سەید محەممەد حوسێنی شەهروودی نوێنەری ڕێبەری ئیران لە سنە لە پێشوازی میوانانی کۆنگرە بووە. زۆرێک لەو ناوانەی بەشداریی ئەو کۆنگریەیان کردوە کاتی خۆی لە هەفتاکان و هەشتاکاندا لە دەزگەکانی ساواک و بەعسیش کاریان کردوە تەنیا دوو نمونە "کوردستان موکریانی" لە هەولێر و "مەزهەری خالقی" کۆنە ساواک لە سنە! تەنیا کەسێک کە هەڵوێستی هەبووە و ئەو بانگێشتەی ڕەتکردۆتەوە ئەوا شاعیری ناسراوی کورد "عەبدوڵا پەشێوە" ی خەڵکی هەولێرە. 
مەزهەری خالقی کاتێک کە ئیرانی بەجێهێشت لەبەرئەوە نەبوو کە گۆڕانیبێژێکی کوردە و دژی دەسەڵات بووە. بە درێژای دەسەڵاتی شا مەزهەری خاڵقی گرفتی لەگەڵ ئەو دەسەڵاتە نەبووە. دواتر لە کرمەشان هاوکاری ڕادیۆی سەر بە ساواکی کردوە کە لەلایەن عیسا پژمانی سەڕۆکی ساواکی ئەو کات مووچەی هەبووەو لەژێر سێبەری ئەودا لەگەڵ کۆمەڵێک لە کوردی دیی وەک شوکورەڵا و پەروین بابان چەند کەسێکی دیی کاریان کردوە. دوای ڕووخانی شا کاتێک کە مەزهەر ئیرانی جێهێشت لەبەرئەوە نەبوو کە تێکۆشەڕێکی کورد بوو یان کێشەی سیاسی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئیرانی ئێستا هەبوو، شا لە ١٩٧٩وە ڕووخاوە مەزهەر لە ساڵی ١٩٨٦دا ئیرانی بەجێهێشت و لە بەرگەڵوو دیتم و دواتر لە ڕێگەی بەعسەوە لە بەغداد بۆ بریتانیا چوو. لە زنجیرەکانی 'لە سێبەری شاخ" دا ئەو بابەتەم بە درێژی باس کردوە. بە درێژایی مانەوەی مەزهەر لە هەندەران بۆ یەکجاریش چاوپێکەوتنێکی دژی دەسەڵاتدارانی ئیران ئەنجام نەداوە، تەنیا بە وشەیەکیش سەرکۆنەی ئەو هەموو لەسێدارانەی کوردانی ڕۆژهەڵاتی نەکردوە.
هەڵوێستی سەرانی پارتەکانی باشوور بە درێژای مێژووی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو تا دووهەزارەکانی ئەم سەدەیە، کە میراتگرە سیاسیەکانی باشوور دوای باوک و باپیرانیان تەنیا پۆست و پارەیان بۆ بەجێماوە نەماوە، ئەڵبەتە خەرمانەیەکی پریان لە فەرهەنگ و کلتوورێکی سیاسی خەیانتکاری و جاشایەتی بۆ بەجێماوە، کە بۆ دڵڕاگرتنی دەسەڵاتدارانی ئیران بەرامبەر بە جوڵانەوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی وڵات پەیڕەوەی دەکەن. خەدر مەرەسەنە لە پەڕتوکی ئاوێنەی ڕاستییەکان لە لاپەڕە (٢٥٢)دا دەنوسێت
"بەشداری کردنی کادر و پێشمەرگەکانی یەکێتی بە ئاشکرا هاوکاری کردنی تیرۆرستەکانی رژێمی ئیران و بە ئەنجامدانی چالاکی هاوبەش لەگەڵ پاسداران دژی شۆڕشگێرانی کوردی ئێران بە گشتی و بە تایبەتی دژی حزبی دێموکرات کە بۆتە هۆی شەهید بوونی زیاتر لە ٣٠٠ کادر و پێشمەرگە".
ناردنی ئەو گاڕانە شاعیر، نووسەر و گۆرانیبێژ و موسیقاژەنە، لە لایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە بۆ کۆنگریەک کە لە سێبەری ئیتیلاعاتدا بەڕێوە دەچێت، بەشێکە لەو میرات و کلتوورە سیاسیەی خەیانتکارانەی کە نەریتی باوباپیرانیانە بۆیان ماوەتەوەو ئەمڕۆ کتومت ئەوان دووبارەی دەکەنەوە و چیتری کەمتر نییە لە تیڕۆڕکردنی ئەو ٣٠٠کەسە و پێشڕەویکردنی سوپای پاسداران و جەندرمەی تورکیی.
کۆنگرەی سنە تەنیا کۆنگریەکی فەرهەنگی و ئەدەبی نییە، ئەڵبەتە مەبەستی سیاسی لە پشتەوەیە. هەنووکە ئیران بە دۆخێکی پر هەستیاردا ڕەت دەبێت. گرژییەکانی لەگەڵ ئەمریکا، ناتەباییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لە عیراق و هەرێمدا پێویستی بەوە هەیە کە جگە لە پێشاندانی هێز و توانای سەربازیی و ئابووریی و سیاسی، هەوڵبدات سۆزی کوردانی ڕۆژهەڵات ڕابکێشێت، پیشانی دنیای بدات کە ئەو مافی کوردی پێشێل نەکردوە، وێرای ئەوەش پێگەی جەماوەریی خۆی پێشانی نەیارەکانی بدات و بڵێت ئەو لە باشووری کوردستاندا تەنیا لەگەڵ دەسەڵاتداران پەیوەندیی نییە ئەڵبەتە گشت پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی باشوور لەگەڵ ڕژێمی ئێراندان، لەبەرئەوە کۆنگرەی شاری سنە بە مانشێتی گەورە بابەتی سەرەکیی میدیای ئیرانی بوو لە ناوە و لە دەرەوەی ئیراندا. 
ئەگەر سەرنجێک لەو چەند ساڵانەی ڕابردوو بدەین دەردەکەوێت کە لێپرسراوانی ئێران جگە لەوەی کە وێنەیان لەگەڵ یەکەبەیەکەی لێپرسراوانی باشووری کوردستان کێشاوە، ئەڵبەتە لەگەڵ پێشمەرگە، لەگەڵ سەڕۆکی حزبەکانی دی، لە پەرلەمان، لەنێو خەڵکدا بە سەدان وێنەیان هەیە و لە میدیاکاندا بڵاوبۆتەوە. ئەوا ئەمڕۆش لەگەڵ ئەو گاڕانە نووسەر، شاعیر، گۆڕانیبێژە و موسیقاژەنی کوردی باشووریش وێنەیان هەیە. لەژێر سایەی دەسەڵاتدارە خۆفڕۆشەکانی باشوور بە تایبەتی لە سلێمانی، ئەمڕۆ هەموو میللەتی کوردی باشوور لەو پەیوەندییەی ئێران گلاوە!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە