خەونەکانی ئێوە و ئێمە

Wednesday, 10/07/2019, 8:34

68553 بینراوە


خەونی مرۆڤەکان لە جیلێکەوە بۆ جیلێکی دیکەو  لە قۆناغێک بۆ قۆناغێکی دیکە دەگۆڕێت ، گەر ئاوڕێک بدەینەوە بۆ قۆناغی ڕابردووی ساڵانی ١٩٧٠ و ١٩٨٠ کان تاکە خەونێک کە کوردان دەیانبینی ناوی کورد و سەرکەوتنی کێشە ڕەواکەی بوو ، گەنجێک بۆ نیشتمان و نەتەوە پەرستی ئەو کات چەکی دەکردە شان و چیا بە چیا و دۆڵ بە دۆڵ ڕاوی بەعسیان دەکرد و ھەندێک لەوانەش ئێستا ئەو ڕۆژانە بە گەنجی ئەم سەردەمە دەفرۆشنەوە لە کاتێکدا ھیچ کەس زۆری لێ نەکردبون بەڵکو لە ئەنجامی زوڵم و زۆری بەعس ھەڵھاتن و ئێستاش ھەزاران گەنج لە ئێوە ھەڵدێن و ھەزاران کیلۆمەتر لێتان ھەڵدێن تا نەبنە بەشێک لە تاوان و دەسەڵاتداریە دوژمن ئاساکانتان دژ بە خودی کۆمەڵگا و ئەوانەی کە سەنگەریشیان لێ گرتبون بە ناوی جاشەوە ئێستا ھاوشانی ئێوەوبە ئیمزای خۆتان موچە خۆری خانەنشینن و پێشمەرگە ڕاستەقینەکانی سەنگەریش ٣ مانگ جارێک چاوەڕوانی نیو موچەن  ، ئێستاش ھەمان ئەو بە ناو ئازادی خوازانەی چیاکانی دوێنی چەکیان لە ملی سەدان کەس کردووە و ڕاوەدوی ئازادیخوازان دەنێن لە پێناو بەعسی و تورک و فارسەکاندا .

ئەوەی لەم قۆناغەی پاش ڕاپەڕیندا بۆتە خەون لە خەونەکانی ئێوە ناچێ کۆمەڵگای کوردی لە گوند ھاتە شار و لەشار چوە ووڵاتان و ڕوی لە قاڕەکانی جیھانکرد دنیا بینی ، زۆر جیاوازترە لە ئێوە ئەمان ئێستا لە خەونی خۆشگوزەرانی و کارەبا و ئاوو داھاتی بەرز و شکۆی مرۆڤ و دژ بە نەتەوە پەرست و دژی دەسەڵاتی تۆتالیتاری ئێوە ئاسا و خێڵەکی قۆرخکاری ھاوشێوەی ئێوەن ئەمان بیر لە نارنجۆک و کڵاشینکۆف و شەڕی خێڵەکی وەک ئێوە و سەردەمەکەتان ناکەنەوە لە خەمی شکۆی تاکی کورددان بەڵام نەک بە ژێردەستەیی چ دەسەلات کوردی بێت یاخود بیانی لە خەمی پاشەڕۆژی نەوەکانیاندان کە ببنە سەرۆک و وەزیر و خوڵقێنەر بۆ خزمەتی کۆمەڵگایەکی مۆدێرن و زیندوو نە ک وەک ئێوە سەرۆک ھۆز و خێڵ و کوێخا ، ئەمان ھەست بە ئازاری مرۆڤێکی برسی و نەداری نیشتەجێی سەر نەوت و زێڕ دەکەن نەک وەک ئێوە بە ئازاری نەتەوەیەک پێبکەنن و گەمە بە خوێن و پاشماوەکانیان بکەن ، ئەمان ئێستا زیبدانی ئێوە ھاوشێوەی بەعس لێی دەترسن و ئەشکەنجەی تیادا دەبینن و بە کۆیلە دەکرێن ، خیانەتیان بە تێکۆشان پێدەفرۆشرێت و دزی و تاڵانی ووڵاتیان بە دەسەڵاتداری پێ ھەزم دەکرێت .

بۆیە ئێستا خەونی ئێمە زۆر جیاوازترە لە ئێوە ئەگەر کەرەم بفەرمون ئێوە خەونەکانی خۆتان بە زیادەوە پێک ھێنا و چیدی ڕێگا بدەن بەم جیلە با تێبکۆشێ بۆ خەونەکانی و ژەھری خۆتان بۆ خۆتان و ھەوڵی ئێمەش بۆ داھاتومان ، تا بەم ساتە ئێوە ئێمەتان پێھەزم ناکرێت چونکە ھێشتا ئێوە بە چاوی سەردەمی شاخ و ساڵانی بەرلە ڕاپەڕین ئەسپتان تاو داوەوئێمەش لە سەدەی ٢١ و جیھانی پێشکەوتوداین ، چیدی خەونەکانمان مەزڕێنن دەنا ژیانتان لێ دەزڕێنین .


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە