ناسر ڕەززازی و نەجمەددین غوڵامیمان لێ مەکەنە قارەمان

Wednesday, 10/07/2019, 8:36

61678 بینراوە


تا ئێڕە دوو یا سێ بابەتیی رەخنەییم لە سەر ئەو دوو کەسە لە کوردستانپۆستدا بڵاو بۆتەوە. کۆمەڵە لە سەر ڕێبازیی مائۆییزم بە دەستی جەلال تاڵەبانی لە رۆژهەڵاتی کوردستان دامەزرا. هۆی سەرەکی دامەزراندنی کۆمەڵەی سەر بە مائۆییزم دژایەتی کردنی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێڕان بوو، لە لایەکی دیکەش وەک ئامراز و کایەی سیاسیی چاوی لێدەکرا لە ئاست مەلاکانی تاران. بینیمان چۆن لە کۆتاییدا بوونە دەستکەلای جەلال تاڵەبانی وبە تارانیان گووت ئێمە بکەنە لایەنێکی مامڵەی سیاسیی دەگەڵ خۆتان، ئێمەش کۆمەڵەکان ناوئاخنی کەمپەکانی زڕگوێز دەکەین. هەرواش دەرچوو. ئێستێ کۆمەڵەیەک نییە، چەند کۆمەڵەی لاواز وبێدەنگن کە کەوتوونە بەر چەنگی کوڕەکانی تاڵەبانی و دەفتری سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان! لە ئاست دێمۆکڕاتەکانی هەروا.

کاتی خۆی کە شەڕی کۆمەڵە و دێمۆکڕات بوولە رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەندامێکی دەفتەری سیاسیی یەکێتی بە قاسملووی گووت: بۆ شەڕ دەگەڵ کۆمەڵە راناگرن و تەواوی ناکەن؟ قاسملوو لە جوابی ئەو کەسەدا گووتی: بچۆ ئەو داوایە لە جەلال تاڵەبانی بکە چون ئەو کۆمەڵەی دروست کردوە!

گرفتی ئەو جووتە شۆڕشگێڕە لەوەدایە لە سەرەتاوە وایانزانیوە چەک بۆ رێکخراوەیەکی شۆڕشگێڕدەشان دەکەن. هەروەها ئەو سروودانەی کە بە سروودی شۆڕشگێڕی ناویان بردوە بەڕاستی سروودی شۆرشگێڕێن!چەند جارێک لە سەر مێدیاکان بیستوومە کە گووتوویانە

ئێمـە یەکەم کەس بوین کە لە رۆژهەڵاتی کوردستان سروودی شۆڕشگڕیمان گووتووە. دەبێ بپرسین ئێووە بە گووتنی ئەو سروودانە چەند لاوی کوردتان هانداوە بچنە ناو ریزەکانی کۆمەڵە؟ چەند لەو لاوانە گیانی خۆیان فیدا کردوە و بەرهەمیی شۆڕشیان نەهاتەدی؟ ئێوە چەند لاوتان هانداوە، بەڵام بۆخۆتان لە رابووردووی خۆتان پەشیمانن و ئێستێ ژیانی خۆشن نشینی بەردەوام دەکەن!

کەس هاسان نابێتە شۆڕشگێڕ. شەهید / دەلیلە / یەک لەو کچە گریلا قارەمانانە بوو کە بە چەک و بە هونەریی خۆی لە سەر چیاکانی قەندیل شۆڕشگێڕانە درێژەی بە ژیانیی شۆڕشگێڕی دەدا، لە کۆتاییدا گیانی خۆی فیدای هونەر و شۆڕشی نەتەوەکەی خۆی کرد. ئاوایە رێگای شۆڕش و ڕێگای ئاشقانی خاکی پیرۆزی کوردستان.

یەکێکی دیکە لەو شۆڕشگێڕانە دەلیل میرسازە، نەسرەوتن ناناسێ، بەدەنگە بە سۆزەکەی و بە دروستکردنی کلیپی شۆرشگێڕی وگۆرانی و سروودی شۆڕشگێڕی لە باشور و رۆژئاوا و باشووری وڵات دەهاتووچوودایە سەدان پێڵاوی دڕاندوە بە بێ ئەوەی داوای پارە بکا. دە خزمەتیی کورد و کوردستاندایە.

ئێوە بە بێ پارە لە هیچ موراسمێكی نەتەوەیی و بۆنەکاندا گۆرانیی ناڵێن. تەنانەت رەحم بە نەورۆزیش ناکەن. کە بەشداری رێو و ڕەسمی ئەو جەژنە نەتەوەییە دەبن، دەبێ بڵیتی فڕۆکە و پارەی داواکراوی خۆتان وەربگرن! بە گووتنی چەند گۆرانیەکی هەزار جار دووپاتکراو بۆ خەڵکی ساویلکە وا نیشآن دەدەن کە شۆڕشگێڕ بوون! قەندیل باسترین پێگەیە بۆ ئەوەی نیشانی بدەن شۆڕشگێڕبوون دەبێت ئاوا بێت، بۆ ناچن لە وێ خەباتی خۆتان درێژە پێبدەن وسروود و کلیپی شۆڕشگێڕی تۆمار بکەن و گەنجەکان هاندەن بەشداریی سەرکەوتنەکانی کورد بن. بەراستیی بە هەردووکتان چەند دەست کۆت وشڵوار و کەوا و پانتۆڵ و پێڵاوتان هەیە؟ چەند دانە ئەنگوستیلەی زێڕتان هەیە؟ ئەوانە پرسی شەخسی خۆتانە وبە مافی خۆتانی دەزانم، بەڵام مەڵێن، ئێمە شۆڕشگێڕبووین و شۆڕشمان هەڵگیرساندووە.

ئەگەر مێد-تیڤی ومێدیا- تیڤی و رۆژ-تیڤی ونەورۆز-تیڤی، ستێرک- تیڤی و ئاریەن- تیڤی، نەبوایە کە خۆتان تێخزاند، تا  رابوردووتان بکڕنەوە ئێستێ دەبوایە لە زەماوەندەکان بۆ بژیوی ژیانتان گۆرانیی هەڵپەرکێ بۆ خەڵک بچرن. براکانی من لەسەر هەوای سروودەکانی ئیووە چەکی کۆمەڵەیان دەشان کرد، ئەوان تێداچوون ، ئێوەش ژیانی خۆش نشینیتان هەڵبژارد!، بەڵام ئەوە ئێووەن منەت لە سەر خەڵك دادەنێن کە چەکداریی کۆمەڵە بوون ئەوڕۆش لە رابوردووتان پەشیمانن و دەڵێن: ئێمە کەسایەتیەکی نەتەوەیین! ئەندامیی هیچ حیزبێک نین. جوابی بنەماڵەی دایک و باوکە جەرگ سووتاوەکان چۆن دەدەنەوە؟ کاتیک گەرانەوە بۆ شاری سنە و شارەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان چۆن لە رووتان دێ چاو لە چاوی ئەو بنەماڵانە بکەن کە بە هۆی سیاسەتەکانی هەڵەی کۆمەڵە گیانیان لە دەستداوە؟ نەکا بە خەڵك بڵێن: شۆرشمان بەڕێوە بردوە!

" جیاوازیی مەزهەر خالقی دەگەڵ غوڵامی و رەززازی"

مەزهەر خالقی لە دایکبووی ساڵی ١٩٣٨ شاری سنەیە  ناوی راستەقینەی ئەو باقر خالقییە. لە کاتی خۆیدا کە دەسەڵاتی بنەماڵەی پەهلەوی کۆتایی پێهات وشای ئیران رایکرد، خالقی لە لایان پاسدارەکانی کۆماری ئیسلامی دەگیرێ،هۆی گرتنەکەی هەر چێ بووبێ لێرە باسی ناکەم. بەڵام جەلال تاڵەبانی ئاواڵ زاوای برایم ئەحمەد بە فریای دەکەوێ و دەبێتە فریشتەی نەجات بۆ باقر خالقی و ئازادی دەکەن، پاشان ڕایکرد بۆ هەندەران. لێرەدا دەبێ بڵێـم نۆکەراتیی تاڵەبانی بۆ داگیرکار ئەگەر هیچ قازانجێکی نەبووبێ ئەو قازانجەی بۆ خالقی هەبووە، کە لە چەنگ دادگاکانی کۆماری ئیسلامی قوتاری کرد و بردیە لای خۆی.

باقر خالقی هیچکات خۆی بە شۆڕشگێڕ نەزانیوە و قەت چەکی هیچ حیزبێکی دەشان نەکردوە، دەنگۆی ئەوەش هەیە، کە هاوکاریی ساواکیشی کردبێ و بووبێتە ساواکی. ئەو شەخسە ئەگەر بگەرێتەوە بۆ شاری سنە، تەنانەت دەسەڵاتی تاران کاریشی بداتێ هیچ گرفت نییە. بۆ کا... باقر هیچ جیاوازیی نییە با / شا / نە بێ / مەلا / بێ، بەڵام ئێوە کە خۆتان بە شۆڕشگێڕ زانیوە و چەکی کۆمەڵەتان دەشاندا بووە، بۆ لە رابوردووی خۆتان پاشگەز بوونەوە؟ خۆ خالقیش هەر وای کردوە. راستە جیاوازیی لە نێوان سەردەمی شای ئێران و دوای شای ئێڕاندا هەیە. خالقی پاش ٣٨ ساڵ دەستی دەنا و دەستی دەسەڵاتێک نا، کە هیچ مافێک بۆ کورد قەبوڵ ناکا. ئێوەش دوای ٤٠ ساڵ دەست دەناو دەستی ژیانی خۆش نشینی ناوتفتان لە رابووردووی خۆتان کرد. کە چێ هەزاران گەنجیش بە کوشت دران ئەوەی ماوە بنەماڵەی ئەو شەهیدانەن کە گوێچکەیان پڕ ببوو لە سروودە درۆزنانەکانی ئێوە.

مەزهەر خالقی، هەر چێ بووبێ، ئەوەیە کە راستە و راست بە کردوە و بە قسەکانی دەریدەبڕێ. بەڵام ئێوە ئەوە نەبوون کە دەتانگووت. ئەوە نەبوون کە پێتان وابوو باوەڕتان پێ هێناوە. ئێوە هیچکات نە شۆڕشتان ناسیوە و نە شۆڕشگێڕبون. قەت نەمدی بۆ جارێک بێنە سەر مێدیایەک و بڵێن: رابوردوومان هەڵە بوو، دەبێ داوای لێبووردن لەو بنەماڵانە بکەین کە ئێمە هانماندان بەشداریی لە سەردەمێک بکەن، کە فڕێ بە شۆرش و شۆرشگێڕیەوە نەبووە. خالقی لە ئێوە راستگۆترە، ئێوە درۆزنن، درۆزن. هەروەها ڕووی قسەی ئەو وتارە لە دێمۆکڕاتەکانی کۆی سەنجەقیشە، بۆ پێشەرۆژ ئەگەر هاتوو ئێوەش گەرانەوە ناوخۆی وڵات خەڵك لێتان دەپرسن ئەو ماوەیە دوور و درێژە لە کوێ بون؟ نەکا ئێوەش بڵێن: خەریکی هەڵگیرساندنی شۆڕش بووین!

جەعفەر کەریمی

سندووقی کوردستانپۆست.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە