دەربازی كۆسرەت رەسوڵ بۆچی كشایەوە و چاوی لە چ پۆستێكە؟

Wednesday, 10/07/2019, 12:33

17215 بینراوە


دەرباز كۆسرەت رەسوڵ عەلی كە تا دوا چركەساتەكانیش ناوی لە ناو كاندیدەكانی یەكێتیدابو بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی پلاندانان لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم ، بەڵام بەهۆی ئەوەی چاوی لە پۆستی ترە، بە پاڵپشتی باوكی ناوی لە لیستی كاندیدەكان دەرهێنرا.  
 دوای كۆبونەوەكەی رۆژی شەممەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیی و بڵاوكردنەوەی ناوی كاندیدەكان ، شەوەكەی لەماڵی كۆسرەت رەسوڵ كۆبونەوەیەكی تایبەت  ئەنجامدرا ، دەرباز لەو كۆبونەوەیەدا وتویەتی  كە چاوی لە دوو پۆستی گرنگە یەكێكیان لە حكومەتدا كە پۆستی جێگری راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانە ، ئەوەی تریان پۆستێكی حزبیە كە جێگری بەرپرسی مەكتەبی دارایی و ئیدارەی گشتی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستانە ،  بۆیە دەست بەجێ كۆسرەت رەسوڵ عەلی بریاردەدات ناوی لە لیستی كاندیدەكانی یەكێتیی دەربهێنرێت و بەمەش وتویانە دەرهێنانی ناوی دەرباز ئەم دەستكەونانەی دەبێت .
1-پیشاندانی دڵسۆزی بۆ جەماوەری یەكێتیی كە كورەكانی كۆسرەت رەسوڵ تموحی پۆستیان نیە و دەرفەت بۆ كادرانی تری یەكێتی دەرەخسێنن.
2-رەواندنەوەی نیگەرانی كادرانی یەكێتیی لە كۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح بەوەی كە پۆستەكان زیاتر دراون بە كەسانی نزیك لە خۆیان . 
3-بەجێهێنانی وەعدەكەی ماڵی كۆسرەت رەسوڵ بە (دكتۆر دارا رەشید) كە بریاربوو بیكەن بە وەزیری خوێندنی باڵا و بەوەش پۆستەكەی دەرباز درا بە پزیشكە تایبەتیەكەی كۆسرەت رەسوڵ.
هەر دوای ئەو هەنگاوەش بریاریانداوە میدیاكانی نزیك لەخۆیان  بەو ئاراستەیە بجوڵێینن  كە دەرباز كۆسرەت رەسوڵ لەبەر خاتری رەخساندنی دەرفەت بۆ كادرانی تر پاشەكشەی لە خۆكاندید كردن كردوە بۆ وەرگرتنی وەزیری پلاندانان .
ئێستا كۆسرەت رەسوڵ عەڵی دەیەوێت هەوڵەكانی بەو ئاراستەیە بخاتەگەڕ كە ئەو پۆستانەی دەرباز چاوی لێیەتی بەدەستی بهێنێت ، بەڵام هێشتا نازانرێت كە تاچەند ئەو پۆستە بۆ دەرباز مسۆگەر دەبێت چونكە پۆستەكە زۆر هەستیارە و پێویستی بە كەسێكی بە ئەزمون و شارەزا هەیە و بەربەستی گەورەش لەبەردەم دەربازدا هەیە بۆ وەرگرتنی پۆستێكی لە شێوەیە .  
ئەوەی لە دوو رۆژی رابردوودا رویدا گەمەیەكی سیاسی بوو كە تارادەیەكیش كۆسرەت رەسوڵ تیایدا براوەبوو بەوەی  پشكی شێری پۆستەكانی بۆ كەسانی نزیك لە خۆی مسۆگەركرد.
 ئەو گەمە سیاسیانەی ماڵی كۆسرەت رەسوڵ دەستیانداوەتێ بۆ مسۆگەركردنی ئایندەی حزبی و حكومی كوڕەكانی كۆسرەت رەسوڵ ، بۆتە پرسێكی ئاشكرا لە ناو شەقامی كوردیدا و نیگەرانیەكی قوڵی لەناو كادر و ئۆرگانە حزبیەكانی یەكێتیدا دروستكردوە بەجۆرێك كە لە تۆرە كۆمەڵایەتیەكان رەخنەی توندیان ئاراستەی مەكتەب سیاسی حزبەكەیان كردوە كە بۆچی پۆستە باڵاكان تەنها بۆ كور و كەسانی نزیك لە خۆیانە و كادرانی و كەسانی شیاو بە توانا بێبەش دەكرێن و پۆستیان پێنادرێت .
سەروەر هەولێری

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە