ســــەرکــــردە

Saturday, 13/07/2019, 14:22

14754 بینراوە


شیعری: شاخەوان عەلی مامۆکى
 
ئەو سەرکردەم لەپێش چاوە
تا دوێنێکە،سەیری دەکرد
لەناخەوە، کوژاوە
دڵبرین و  داماوە
زەلیل، کەسێکى  سوتاو
بەجل و بەرگى دڕاو
کە خۆی ئەوها دەبینى
هەمووانى دەخستە سەرچاو
        *   *   *
ئێستا لووت بەرز ،  ڕوح زل
کەس نەناس، لەخۆبایی،
بە ورگێکى پڕ و  زل
کاتێ هەڵدەستێتە  سەرپێ
هاوار دەکا و هەڵدەچێ.
بێ شەرم، بەرگى شەرم دادەکەنێ
کام خەون سەوزە دەینێتە ژێر پێ و
بەئەقڵی هەمووان تێر پێ دەکەنێ
          *   *  *
دز هەر دز بوو، دوو ڕوو
چاو هەر چاو بوو، بێ چاو و ڕوو
بێ باکانە دژ بەدوێنێ
تف بۆ ڕابردووى دەنێرێ،
هیچ نابینێ
هەموو شت  بۆ ئەمڕۆ،
لەچاوى پارە و کورسی دەبینێ
       *    *    *
ئەوە دوێنێیە بەئەمڕۆی گەیاند
کردیە دەمڕاست و
بردى پێیگەیاند
ڕەش و ڕووتەکان من و تۆین
لەسەر تەختى شانۆ دەڕۆین
ئەوەى حیسابی پاکە
لەداهاتووى بێ باکە
مەرد، فوو لەچرای ڕابردووەی ناکا
دەزانێ داهاتوو دەیهاڕێ،
ڕووی ڕەش دەبێ و
مێژوو ڕوحمی پێ ناکا
 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە