تیۆری پەرەسەندن و زانست

Saturday, 07.13.2019, 22:36

2505 بینراوە


فەیلەسوف و زانای ناوداری هاوچەرخ، نۆام چۆمسکی: پێشکە‌وتنی زانستیی هە‌ر گەلێک بە‌ندە‌ بە‌ تێگەیشتنیان لە‌ چەمکی پە‌رە‌سە‌ندن.
زانست پێناسە دەکرێ بە، کۆمەڵە زانیارییەکی سازشت و بەیەکەوە گونجاوی پوختە و تۆکمە، لە بارەی سروشت و بوونەوەرەکانەوە. هەموو ئەم زانیارییانە مرۆڤ لە ئاکامی بیرکردنەوە، تێوەڕامان و پشکنینەوە پێیان دەگات، بۆ ئەو مەبەستەش ئەزموون و ئەو بەڵگانەی هەن، دەکاتە ئامرازێک بۆ لێکۆڵینەوە و تۆژینەوەکانی، پاشان بۆ ڕاڤەکردن و ناساندنیان چەند گریمانە، تیۆر و یاسایەکی دیارکراویان بۆ دادەڕێژێت.
ڕێبازی ئەزموونگەری باشترین ڕێبازە لە تۆژینەوە زانستییەکاندا، لەبەرئەوەی ئەمەیان لە بنچینەوە پشت دەبەستێت بەو ئەزموونە زانستییانەی بواری تەواومان پێ دەدەن، بۆ دڵنیابوون لە ڕاستیەتی ئەو دەرەنجامانەی دەستمان دەکەون، بەمەش بتوانین لەڕێی ئەو زانیارییانە چەند ڕێسایەکی زانستیی باوەڕپێکراو داڕێژین. فێربوون بەهۆی ئەزموونەوە مرۆڤی بەرەو ئەو هەموو پێشکەوتنە برد، مێژووەکەشی هەمان مێژووی پەیدابوونی مرۆڤە، بەڵام گۆڕانی تێڕوانین و ئەزموونەکان بۆ ڕێبازێکی زانستیی، بۆ دوا ساڵەکانی سەدەی ناوەڕاست دەگەڕێتەوە. بۆیە دەتوانین بڵێین، ڕێبازی ئەزموونگەری گرینگترین شێوازەکانی تۆژینەوە زانستییەکانە کە وایان لە مرۆڤ کرد، بتوانێت ئەو شارستانییەتە مەزنە پێکەوە بنێت، لەڕێی ئەو لێکۆڵینەوانەوە بگاتە دەرەنجامێکی ڕاست و ڕەوان، بۆ زانینی چییەتی و ڕاڤەکردنی ئەو دیاردانەی ماوەیەکی زۆر بوو وەک مەتەڵێکی هەرگیز هەڵنەهێنراوی دەهاتە بەرچاو.
ئە‌مڕۆ زانست بە‌خێرایییە‌کی سە‌رسڕمان بە‌رە‌و لوتکە لە گشت بوارەکانی ژیاندا هە‌ڵدە‌کشێت، پێشکەوتنیشی بەرەو گۆڕانکارییە نوێیەکان، بەری ڕەنج و‌ تێکۆشانی کەڵەکەبووی سەدان زانای چەندان ژیار و شارستانییەتیی هەمەجۆرە. زاناکان سامانێکی بەهادارن، هە‌ر بە‌وانە‌وە‌ کۆمەڵگەکان بەرەو پێشەوە هەنگاو دەنێن، بۆیە پێویستە‌ ڕێز لە‌ ماندووبوونیان بگرین، گە‌رچی هەندێ خەوش و کە‌موکوڕییان هە‌بێت. نابێت چیتر بە‌چاوی گومان و بانگەشەی نابەجێ بڕوانینە‌ زاناکان، وەک ئەوەی بڵێین، ئە‌مە‌ پیلانگێڕ و بەدنیازە، ئە‌مە‌شیان سەربە خۆراوای خوانەناسە. گەلێک هەن هۆکاری گشت کێشیەک دەخەنە ئەستۆی خەڵکانی دیکە و هێزە دەرەکییەکان، پێیان وایە زاناکانی جیهان هەموویان پیلانگێڕن و پێکەوە لەسەر ئەوە ڕێک کەوتوون زیانمان پێ بگەینن، لە ئاین و دابونەریتی کۆمەڵایەتیمان دوور بخەنەوە. بەڵام زۆر ئاشکرایە زاناکان لە زۆربەی چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگە پاکتر و ڕاستگۆترن، تاکە مەبەستیشیان سوود گەیاندنە، نەک تەنیا بە کۆمەڵگەکەی خۆیان، بگرە بەگشت مرۆڤەکان.
جوانییەکەی زانست لەوەدایە بۆ هەمووانە و نهێنی نییە، بەڵام بێنیشتمان و بێئاینە‌، چونکە هیچ زانستێک نییە،‌ هی تاکە وڵاتێک، یاخۆ تاکە ئاینێک بێت، هەرگیز زانستێک نەبووە، بە نموونەی ئەوەی بە ئە‌ستێرە‌ناسیی ئە‌مەریکی، یان زیندە‌وە‌رزانیی ئە‌ڵمانی ناو بنرێت. زانست تە‌نیا پشت بە‌ بە‌ڵگە‌ و بینین و ئە‌زموونی سە‌لمێندراو دە‌بە‌ستێت، بۆیە هە‌ر چەمکێک لە‌سە‌ر بنچینە‌ی بڕوایەکی پێشینە‌ و ئایدیۆلۆژیایەک دامە‌زرا بێت، ئە‌وا لە‌ زانست دادەبڕێت. نابێت باوەڕ بەشتێک بکەین کە خۆمان دەمانەوێت، یان پێمان باشە، چونکە تەنیا باوەڕهێنان هەرگیز ئەو شتە ناکاتە ڕاستییەکی گومان لێنەکراو. پێویستە بە بەڵگە و ئەزموونە سەلمێندراوەکان لە بۆچوون و بیروراکان بکۆڵینەوە، کاتێ ئەزموونێک سەرکەوتنی بەدەست نەهێنا، هەرچەندە بە باشیش ئەنجام درابێ، دەبێ دان بەچەوتییەتی بهێنین و سەرسەختی تێدا نەکەین. مەبەستمان ئەوەیە زانست هە‌وڵ دە‌دات، هە‌موو دیاردە‌یە‌ک ڕاڤە‌ بکا بە‌و شێوە‌یە‌ی هە‌یە‌، نە‌ک بە‌وە‌ی خە‌ڵکی دەیانە‌وێ، یان بە ‌باشی دە‌زانن. لێرەدا ئەو گوتەیە ناسراوەمان بیر دەکەوێتەوە کە دەڵێت: هەر کاتێک زانایەک دەچێتە ئەزموونگەکەی، دەبێ هەوڵ بدا وەک بێئاینێک هەڵسوکەوت بکات. بێگومان مەبەستیش ئەوەیە لە تۆژینەوە و شیکردنەوەکانیدا بگاتە هەر دەرەنجامێک، ئەوا بەڕاستگۆیی ڕای بگەینێت، گەرچی ئەو زانیارییانە لەگەڵ بیروباوەڕە باوەکانیش یەک نەگرنەوە. پێویستە زۆر بەڕاشکاوییەوە دان بەوەدا بنێین کە ئەوانەی زانست بە بەڵگەوە دیسەلمێنێت و دەیخاتە بەردەستمان، بواری ئەوەمان پێ نادات، بێین و بە ئارەزووی خۆمان تەنیا ئەوانە هەڵبژێرین لەگەڵ بیروڕاکانماندا دەگونجێن. زانست گوتی، زەوی خڕە و بەدەوری خۆردا دەخوولێتەوە، کەس ناتوانێت بڵێ وا نییە، یاخۆ باوەڕ بەوە ناکەم، چونکە من وای نابینم.
تێگەیشتن لەو چەند دێڕە زۆر گرینگە بۆ کۆمەڵگەی ئێمە، چونکە پێویستییەکی تە‌واومان هە‌یە‌ بە‌ زانست و تۆژینە‌وە‌کانی، بۆ ڕزگاربوون لە‌ هە‌موو ئە‌و باوەڕە چە‌وت و شێواوانەی کۆسپ و تەگەرە دە‌خە‌نە‌ بە‌ردە‌م ڕەوتی پێشەوەچوون و دانانی بنچینەیەکی پتەو بۆ فێرکردنێکی زانستیی هاوچەرخ. بەداخەوە لە لای ئێمەدا گرینگی زانست لە بوارەکانی پە‌روە‌ردە‌ و فێرکردندا لە‌ ئاستێکی نزمی ترسناکە، بۆیە دەبێت چاکسازی بکەین لە پڕۆسەی خوێندن و فێرکردندا، بیروباوەڕە ئاینیی و بۆچوونە کۆمەڵایەتییەکان، هەریەکەیان بخرێنە چوارچێوەی بوارە تایبەتییەکانی خۆیانەوە، لە زانستیش جیا بکرێنەوە. چونکە لە مێژووی کۆمەڵگە پێشکەوتووەکاندا هەر بەم شێوەیە بووە، بنەماکانی زانست بەرەبەرە لە چەمکەکانی دیکە جیا بوونەتەوە.
زانای گەردوونناسیی ناودار، کارل سێیگن (١٩٣٤ - ١٩٩٦)، دەبێژێت: "لە زانستدا ڕاستییە ڕەهاکان نین، زانست تەنیا ئامرازێکە بۆ گەیشتن بە زانیارییەکان، بەڵام لە گشت ئەو ئامرازانەی لە بەردەستن باشترە، بەردەوام لە خۆڕاستکردنەوەیە و لەسەر هەموو لایەن و کایە جۆراوجۆرەکانی ژیاندا پیادە دەکرێت. دوو یاسای بنەڕەتی هەن، هەرگیز نابێت زانست لە سنووریان دەرچێت، یەکەم: دەبێ گشت گریمانەکانی بەرئەزموون بن، زانست ڕاستییە پیرۆزەکان ناناسێت، ناشبێت ملکەچی ویست و ئارەزووی دەسەڵاتداران ببێت. دووەم: هەر شتێک لەگەڵ ڕاستییەکان و پێشبینیکردنە زانستییەکان نەگونجێ، پێویستە فەرامۆشی بکەین، یانیش دەبێت جارێکی دیکە پێیدا بێینەوە، چونکە بەڵگەنەویستەکان هەندێ جار دەبنە شتە هەڵەکان، ئەوانەی ئەستەم و چاوەڕوان نەکراویشن، ڕەنگە ببنە ڕاستییە گومان لێ نەکراوەکان."
پێشکەوتنی زانست هەموو کاتێک لە تیۆرەوە دەست پێ دەکات، پاشان هەوڵ دەدرێ لەڕێی ئەزموونە یەک لەدوای یەکەکانەوە، ڕاستی ئەو تیۆرە بسەلمێنرێ، بەمەش چەندە بەڵگەی زێتر دەست بکەون، ئەوا ئەو تیۆرە پتر ڕەگ دادەکوتێت. بەو واتایەی پێشکەوتن هەمیشە لە ئاکامی زۆری بەڵگە و کەڵەکەبوونی زانیارییەکان دێتە کایەوە، ئەمەشە مەزنایەتییەکەی زانست کە هەردەم سەرەتاکەی لەو جێیەدا دەبێت کە ئەوانی دیکە تێدا بە کۆتا گەیشتوون. لێرەدا نیوتن گوتەیەکی بەناوبانگی هەیە کە دەڵێت: "هەرگیز نەمدەتوانی لە خەڵکی دیکە دوورتر ببینم، گەر سەرنەکەوتبامە سەرشانی ئەوانەی لەپێش مندا هەبوون."
ڕاستگۆیانە دەبێژین، لەگەڵ دەرخستنی هەموو ئەوانە و ڕیزکردنی گشت لایەنە چاکەکانی زانست، نابێ لایەنە خراپەکانیشی لەبیر بکەین، وەک ئەوەی بێین و زانست، یاخۆ تیۆری پەرەسەندن بکەینە ئایدیۆلۆژیا و داردەستێک بۆ سەپاندنی هێز، یاخۆ بەکاری بهێنین بۆ سوودی چینێکی تایبەتی، بە مەبەستی زۆرداریی و خراپەکاریی.
کاتی خۆی بیکۆن، تێزێکی فەلسەفی داهێنا، دەکرێ بڵێین بە شێوەیەک بوو، هەموو بۆچوونە فەلسەفییەکانی لەو بوارەدا هەڵگێڕایەوە، بەمە زانست بەرەو پێشەوە چوو، واشی لە مرۆڤ کرد بتوانێت لە زۆر لایەنەوە سروشت بخاتە ژێر ڕکێفی خۆی. چونکە پێش بیکۆن، فەلسەفە زانستی لە ڕاژەی ڕاستییەکان دادەنا، نەک لە بەرژەوەندیی هێز و دەسەڵات. فەلسەفەی کۆن بە هەستێکی پاکەوە مرۆڤی هان دەدا ڕوو لە زانست بکات، بۆ ئەوەشی بوو مرۆڤ لە ڕاستیەتی نزیک بکەوێتەوە، جا ئەو ڕاستییانە هەر چییەک بن، بۆیەش زانست ئەو کاتە پایەیەکی بەرزی هەبوو، دوور لە هەموو دەستکەوت و قازانجێک. بەڵام بیکۆن هات و زانستی لە خزمەتی ژیان دانا، بە ڕای ئەو باشترین زانست ئەوەیە قازانجی بۆ مرۆڤ هەبێت، تەنیا ئەو زانستەش چاکە کە هێز بە مرۆڤ ببەخشت و وای لێ بکات بەسەر سروشتدا زاڵ ببێت. لە ئاکامدا مرۆڤ بەم زانستانە بە یاساکانی سروشت ئاشنا بوو، هەموو ئەمانەش سوودیان بۆ گشت مرۆڤەکان بەدەست هێنا. بەڵام بیکۆن تا ئەو ئاستە نەوەستا، بگرە زانستی لە خزمەت هێز دانا، بە شێوەیەکی وا کە یاساکانی سروشت لە پێناو بەرەو پێشەوەچوونی شارستانییەتیدا بێت. کەچی ئەوەی ڕووی دا، هەموو شتێک بووە قوربانی هێز، هێزیش مرۆڤی بەرەو چەوساندنەوە و تاوانکاری برد. بۆیە ئەمڕۆکە دەبینین، ئەوەی جیهان بەڕێوە دەبات هێزە، دەسەڵاتدارەکان زانستیان کردووەتە داردەستی خۆیان، زۆربەی دەسکەوت و قازانجەکانیش بۆ هێزدارانە.
بەشێکی یەکجار زۆری دۆزەوە زانستییەکانی ئەم سەردەمە، بەتایبەتی تەکنەلۆژیای هاوچەرخ بۆ دەوڵەمەندەکانە، زۆر جاریش بۆ دروستکردن و بەبەرهەم هێنانی چەک و ئامێرە جەنگییەکانە، بێگومان دەرەنجامەکانیشی پتربوونی سامانەکانی ئەوانە و بێبەشبوون و چەوساندنەوەی زیاتری هەژارانە. مەبەست ئەوەیە ڕاستە بیکۆن زانستی کردە خزمەتکاری مرۆڤ، کەچی زانست بەدەستی هێزدارانەوە بووە پاڵپشتێک بۆ وتەکانی نیچە و بانگەشەکانی میکیاڤیللی کە دەڵێت، هێزداران بە هەر ئامرازێک بێت و چییان بوێ ڕەوایە بیکەن، مانەوەش تەنیا بۆ بەهێزەکانە. بەڵام ئەوەی جێی داخە ئەو گوتانە گەلێک جار بەناڕەوایی دەدرێنە پاڵ داروین.
گوتەی داروین هەمیشە لەبارەی مانەوە بۆ چاکترین، یاخۆ گونجاوترین بوو، بەڵام هەندێ وایان لێ کرد، مەبەستی مانەوە بۆ بەهێزترین بەدەستەوە بدات کە پێوەندی هەیە بە چەند بوارێکی وەک، فەلسەفە، ئابووری و ڕامیاری، ئەمەش دەرەنجام بووە هۆی ئەوەی گەلێک هەڵسوکەوتی مرۆیی بخرێتە چوارچێوەی ململانەیەکی دڕندەی ئاژەڵیی. داروین لەڕێی تیۆرەکەیەوە هەردەم لە هەوڵی ئەوەدا بوو بگاتە مرۆڤێکی نموونەیی چاک و مەزن، کەچی بەداخەوە تیۆرەکەیان لە هەموو بەهایەکی بەرزی مرۆیی سڕییەوە و کردیانە بنچینە بۆ مرۆڤی نیچە، ئەو مرۆڤە لەئاسابەدەری (سوپەرمان)، جگە لە هێز هیچ هەست و سۆزێکی مرۆیی تێدا نییە، بەمەش ئەو تێزە بووە مانەوە بۆ بەهێزترین، لەبری بۆ چاکترین، یان گونجاوترین. نیچە ئەوەی دووپات دەکردەوە هێز بنچینەی زۆرانبازی و کێبڕکێی مرۆڤانە بۆ مانەوەیان لە ژیاندا، واتە مرۆڤ تەنیا لەڕێی هێزەوە دەتوانێت هەموو شتێک بەدەست بهێنیت و بەسەر ئەوانی دیکەدا زاڵ بێت. مرۆڤی نیچە بوونەوەرێکی دڕندەیە و داماڵراوە لە گشت بەزەیی و ڕەوشتێک، چونکە بە ڕای نیچە بەرزەڕەوشتی و چاکەکاری، وایان لە مرۆڤ کردووە نەبێتە مرۆڤێکی مەزن و باڵا. بە بۆچوونی نیچە ئەو ڕەوشت و ئاکارانە خاڵە بێهێزەکانی مرۆڤن، هەر بۆیەش نیچە، سوکرات و عیسا، دەکاتە نموونەی ئەو مرۆڤانەی بەربەستن لەڕێی پێشکەوتندا.
پێویستە جەخت لەسەر ئەوە بکەینەوە کە تێگەیشتن و باوەڕهێنان بە تیۆری پەرەسەندن، دەبێ تەنیا وەک بابەتێکی زانستی لێی بڕوانین، واتە هیچ کاتێک بۆ ئەوە نییە، ئێمە بێین و گشت بنەما و میکانیزمەکانی پەرەسەندن لەسەر مرۆڤدا پێڕەو بکەین، ڕەفتار و ململانە بۆ گەیشتن بە خۆراک، یان شەڕی ئاژەڵەکان، بکەینە بنچینە بۆ کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی. ئەگەر پێشینەکانمان چەند زیندەوەرێکی دڕندە بووبن، ئەوە ناگەینێت کە ئێمەش وەک ئەوان بین، یان بنەماکانی تیۆری داروین بکەینە تاکە شێوازی ژیانمان. مرۆڤ هەموو ئەو قۆناغانەی بڕیوە، ئێستەش خاوەنی مێشکێکی مەزنی وایە لە هیچ بوونەوەرێکدا هاوتای نەبێت. دەبێ مرۆڤ لەو ئاستەدا بێت بزانێت ماف و ئەرکەکانی لە کۆمەڵگەدا چین؟ هەمیشە ئەوەشی لەبەرچاو بێت، هیچ تاکێک نابێت وەک ئاژەڵ بژیت و هەموو شتێکی تەنیا بۆ مانەوەی خۆی بەکار بهێنێت، ئەوانەی دیکەش لەبرسان بمرن، یان لەپێناو بەدەستهێنانی ئەوەی خۆی دەیەوێت، مرۆڤانی دی لەناو ببات!
ئەگەر بمانەوێت لە پێوەندی نێوان زانست و پەرەسەندن بگەین، پێویستە بزانین چە‌مکی پە‌رە‌سە‌ندن تەنیا لکێک نییە، لە لکە زانستییەکان، بگرە بایەخێکی مە‌زنی هە‌یە‌ لە‌ تە‌واوی سروشت و ژیانی زیندەوەراندا. هە‌موو زانستە‌کانی بوونە‌وە‌ری زیندوو لێک گرێ دەدات، بە‌زە‌قیش لە‌ دەرەتانەکانی ژیانی وەک، کۆمە‌ڵایە‌تیی، ئابووریی، کشتوکاڵیی، پیشە‌سازیی و هی دیکەدا دە‌بینرێ، لە‌ هە‌موو چاخ و سە‌ردە‌مێکدا هە‌ست بە گرینگییەکانی دە‌کرێت. ئەم زانستە تەواو بەندە بە چارەنووسی مرۆڤەوە، لەبەرئەوەی کە‌س نییە‌، لە ‌ژیانیدا ڕووبەڕووی پەرەسەندن‌ نە‌بێتە‌وە،‌ کێ هەیە تووشی‌ نە‌خۆشییە‌ک نەبووبێ لەڕێی جۆرە‌ ڤایرۆسێک، یا بەکتریایەک، یان پێویستی بە‌ چارەسەری و دە‌رمان نەبێت؟ چۆن دەتوانین بەرەنگاری پە‌تایەکی کوشندە‌ی لە شێوەی، ئینفلوە‌نزای بە‌راز و باڵندە ‌و جۆرە‌کانی دی ببینەوە، گە‌ر بە‌چاکی لە‌ یەکە بۆماوەیییەکان و پێکهاتە‌ ناوە‌کییەکان، هەروەها پە‌رە‌سە‌ندنی بە‌کتریا و ڤایرۆس تێ نەگەین کە هەموویان لە‌سە‌ر بنچینەی ئەم تیۆرە دامە‌زراون. لە لایەکی دییەوە ژمارەیەکی یەکجار زۆر پرسیار هەن، دەربارەی ڕەفتار و هەست و نەستەکان، جا چ لەمرۆڤدا بن، یان لە زیندەوەرانی دیکە، لە تیۆری پەرەسەندن بەولاوە، هیچ بوارێکی زانستی وەڵامی ڕاست و گونجاوی بۆیان نییە. جگە لە هەموو ئەو بوارانەی زیندەوەرزانیش، زۆربەی زانا و شارەزایان پێیان وایە، پەرەسەندن پێوەندی بەتینی هەیە بە چەندان زانستی دیکە، بۆیە زانای هەرە ناسراوی فیزیازانیی ئەم سەردەمە، ستیفن هۆکینگ، گوتویەتی: "تێگەیشتن لە فیزیازانیی هاوچەرخ دوور لە تیۆری پەرەسەندن، کارێکی ئەستەمە."
لەبەر بوونی ئەو بایەخە فرەمەزنەی پەرەسەندن، پێویستە گشت کۆمەڵگەیەک لە هەموو قۆناغەکانی خوێندندا، گرینگییەکی تەواو بدات بە تێگەیشتن لە بنەماکانی ئەو تیۆرە، چونکە پەرەسەندن شێوازی بیرکردنەوەی مرۆڤ دەگۆڕێت بەرانبەر بە گەلێک بواری ژیان، ئەوەشە لێرەدا مەبەستی گوتەکەی سەرەوەی فەیلەسوف چۆمسکی. لە ڕاستییدا زۆر جار هەمان پێوەر بەکار دەهێندرێت بۆ بڕیاردان لەسەر ئاستی زیرەکیی و ژیری مرۆڤەکانیش، بەوەی هەر کەسێک گوتی، پەرەسەندن تەنیا ئەوەیە کە ڕەچەڵەکی مرۆڤ دەباتەوە بۆ مەیموونەکان، دەبێ بزاندرێ ئەو کەسە چەندە کەم زانیارییە لە بابەتگەلە زانستییەکان. 
یەکێک لە مەرجە بنەڕەتییەکانی تیۆری زانستی ئەوەیە، بنەما سەرەکییەکەی پێناسەیەکی کورت و ڕاڤەیەکی ڕوون و ئاشکرای هەبێت، بۆ تێگەیشتنیش سادە و ساکار بێت، مەبەست ئەوەیە زێدەترین چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بتوانن تێی بگەن. بەڵام بەرانبەر بەمەش دەکرێت لە وردەکاری بابەت و تۆژینەوەکانیدا بەو شێوەیە نەبێت، یان شارەزا و پسپۆڕی بوێت. دەکارین بڵێین تیۆری پەرەسەندن لە گەلێک لایەنیەوە بە تیۆرێکی ئاسان دادەنرێت، بەبەراوردکردنی لەگەڵ چەند تیۆرە زانستییەکی دیکە کە پڕن لە هاوکێشەی ماتماتیکیی ئاڵۆز و دژوار، سەرباری ئەمە دەبێ بەچاکی لە هۆکار و میکانیزمەکانی پەرەسەندن بگەین و تێکەڵ بەیەکدیان نەکەین. هەر بۆیە زانای زیندەوەرزانیی فەڕەنسی خاوەن خەڵاتی نۆبڵ، جاک مۆنۆ، دەبێژێ: "سە‌یر لە‌وە‌یە‌ هە‌موو کە‌سێک وا دە‌زانێ لە تیۆری پەرەسەندن شارەزایە و باش تێی دە‌گات." هە‌ریە‌کێک بە شێوەیەک‌ لێکی دە‌داتە‌وە‌، زۆر پێناسە‌ی هە‌ڵە‌ی دراوەتە‌ پاڵ، گەلێک دژایەتی کراوە، زۆر جاریش ڕە‌خنە‌ لە‌م تیۆرە‌ لەلایەن کە‌سانێکە‌وە‌ گیراوە کە یە‌ک دێڕی زانستییان لەبارەی‌ نە‌خوێندۆ‌تەوە. نابێت هە‌وڵی چە‌ند لایە‌نێکیش لە ‌بیر بکە‌ین، ئەوانەی لە‌پە‌نای چە‌ند نیازێکە‌وە‌، بە ‌شێوەیەکی چەوت ئە‌م تیۆرە‌ بە‌ خە‌ڵکی دە‌ناسێنن.
ڕە‌خنە‌ی بابەتەکی و زانستییانە پێویستە لەڕێی بڵاوکراوە و کۆنگرە‌ زانستییە باوە‌ڕپێکراوەکان، یاخۆ ڕێوشوێنە تایبەتییەکانی خۆیەوە ئەنجام بدرێن، نە‌ک لە‌ دە‌زگە‌کانی ڕاگە‌یاندن و‌ کۆبوونە‌وە‌ گشتییە‌کان. هە‌ر ڕە‌خنە‌گرێک وشە‌ی هە‌رە‌سهێنان و ڕوخان و داڕمانی بۆ تیۆرێک بە‌کار هێنا، بە‌ئاسانی هە‌ست دە‌کرێ ئەو کەسە نیازێکی هەیە، ڕەخنەکانیشی دوورن لە‌ بنە‌ما زانستییەکان. هەندێک هەوڵ دەدەن وا لە خەڵکی بگەیێنن کە تیۆری پەرەسەندن بەتەواوی فەرامۆش کراوە، هەتا لە ناوەندە زانستییەکانیشدا، بە بیانووی ئەوەی لەگەڵ بنەماکانی زانستدا ناگونجێت. لە وەڵامی ئەو تێڕوانین و بۆچوونانەدا دەشێ بپرسین، ئایە زاناکان هێندە ساویلکە و دەبەنگن، ڕێ بدەن بە تیۆرێکی فیزیایی ناکۆک بە فیزیازانی، یان تیۆرێک لەسەر زیندەوەران بڵاو ببێتەوە، لە کاتێکدا لەگەڵ زیندەوەرزانیدا یەک نەگرێتەوە؟ بێگومان ئەم تیۆرە‌ لە‌ ڕۆژگارێکدا کێشە‌ و گرفتێکی زۆری دەهاتە‌ بەردەم‌، بە‌ڵام ئە‌مڕۆ بە‌بوونی چە‌ندان بە‌ڵگە‌ی زانستیی سە‌لمێندراو، بەتەواوی ڕەگی داکوتاوە. ئێستە تیۆری پەرەسەندن لە‌ زۆربەی هەر زۆری خوێندنگە و زانستگە‌کانی جیهاندا دە‌خوێنرێت، هیچ زانایەکیش ناتوانێ بە ‌سووک و سانایی ڕە‌تی بکاتە‌وە،‌ بەبێ ئە‌وە‌ی پلە‌ و پایە زانستییەکەی نە‌خاتە‌ ژێر پرسیارە‌وە‌.
بۆ بڕیاردان لەسەر ڕاستییەتی و چەسپانی هەر تیۆرێک، دەبێت بنۆڕینە نێوەندە زانستییەکان، نەک بیروڕای کەسانێک کە کەس نازانێت دژایەتیکردنەکەیان لەپێناو چییە و بەچ مەبەستێک دەکرێت. هەر لەم ڕووانگەیەوە بە گشت دژکارانی پەرەسەندن دەڵێین، ئەم دانپیانانەی ئەو ڕێکخراوە زانستییە جیهانییانە لای ئێوە چی دەگەینێت؟ بۆ نموونە، کۆمەڵەی زانایانی ئەمریکا بۆ پێشکەوتنی زانستەکان (AAAS)، بە گەورەترین و گرینگترین دامەزراوەی زانستی دادەنرێت لە سەرتاسەری جیهاندا، ٢٧٥ دامەزراوەی زانستیی وڵاتانی جیهان لەخۆ دەگرێت، زانا و لێتۆژە زانستییەکانی تێدا ئەندامن، ژمارەیان خۆی لە یەک ملیۆن دەدات، گۆڤاری (Science)، لە لایەن ئەم ڕێکخراوەیە بڵاو دەبێتەوە کە مەزنترین و ناسراوترین گۆڤاری زاستییە لە جیهاندا. ئەم ڕێکخراوەیە دەربارەی تیۆرەکە دەڵێت: "پەرەسەندن یەکێکە لە گرینگترین و بەهێزترین بنەمای باوەڕپێکراو لە زانستی هاوچەرخدا، هەروەها بنچینەیە بۆ ژمارەیەکی گەلێک زۆر تۆژینەوە لە چەندین بوارگەلی زانستیدا، لەبەرئەوەشە بووە بە یەکەیەکی بنەڕەتیی بۆ خوێندنی زانستەکان. هیچ مشتومڕییەک لەسەر ڕاستییەتی تیۆری پەرەسەندن، لە نێوەندە زانستییەکاندا نییە، ئەو کێشە و گرفتەی هەشە، لە دەرەوەی ڕێکخراوە زانستییەکانە و بابەتگەلێکی ئەکادیمییانە نین، چونکە کۆمەڵگەی زانستیی کۆک و هاوڕان لەسەر ڕاستبوونی پەرەسەندن." 
گەلێک جار لەلایەن ئەوانەی دژایەتی تیۆری پەرەسەندن دەکەن، گوێبیستی ئەوە دەبین کە لە خودی خۆراوادا، چەند زانایەک بە بەڵگەوە تیۆرەکەیان پووچەڵ کردۆتەوە، کەسی واش نەماوە باوەڕ بەو تیۆرە بکات. لێرەشدا دیسانەوە دەڵێین، ئەگەر ڕێژەیەکی یەکجار کەمیش هەبێت لەو زانایانەی کە لەبەر پاشخانی ئاینییان دژی پەرەسەندنن، هیچ بەڵگەیەکیان نییە، بۆ بەرپەچدانەوە و سەلماندنی ناڕاستی ئەم تیۆرە، چونکە گەر وا بووایە، هەرگیز ئەو هەموو کۆڕبەند و بەرنامە زانستییە بەڵگەنامەدارەمان لە کەناڵە ناودارەکان، هەروەها وتار و تۆژینەوە لە گۆڤارە زانستییە هەرە بەناوبانگەکانی جیهاندا نەدەبینی. گومانیشی تێدا نییە، ئەو زانایەی بەڵگەیەکی تەواو لەسەر پووچەڵکردنەوەی تیۆری پەرەسەندن بخاتە بەردەست، هەر دەبێ پلە و پایەیەکی زانستی و خەڵاتێکی گەورەی وەک (نۆبڵ)ی پێ بدرێت، لەبەرئەوەی دۆزەوەکەی دەبێتە هۆی گۆڕانی سەرلەبەری ڕەوتی زانستێکی گرینگ کە زیندەوەرزانییە. جگە لەوانە دەزگەکانی ڕاگەیاندنیش لەم ڕووداوە مەزنە بێدەنگ نابن، کاتێک دەبینن بەڵگەیەک وای لە تیۆرێک پڕبایەخ کرد هەرەس بهێنێت و فەرامۆش بکرێت، ئەوەی ساڵانێکی دوورودرێژە پشتی پێ بەستراوە و جێی متمانەی زۆربەی زاناکان بووە.
نکوڵی لە‌وە‌ ناکرێ چەمکەکانی پەرەسەندن چە‌ندان جار لەلایەن هەندێک لە زاناکانەوە ڕە‌خنە‌یان لێ گیراوە‌،‌ بەڵام ئە‌مە‌ نابێتە‌ بە‌ڵگە‌ بۆ لە‌دە‌ستدانی ئە‌و پلە‌ زانستییە‌ی هە‌یە‌تی، چونکە دیاردە‌ی لێدوان و لێکۆڵینە‌وە و گە‌ڕان‌، لە‌ هە‌موو زانستێکدا هە‌ر هە‌بووە‌ و هە‌ر دە‌بێت. هیچ زانیەک نییە، شتێک بخاتە بەردەست و بڵێت، بیروڕاکانم سەد لە سەد تەواون، چونکە هیچ تیۆرێک ناتوانێ وە‌ڵامی هە‌موو پرسیارێک بداتە‌وە، یان بگاتە‌ ڕاستییەکی وا بۆ ڕە‌خنە‌ لێ گرتن و لێدوان نەشێت، هاوکات دۆزینە‌وە‌ی خاڵێکی لاوازیش ناکرێ ببێتە‌ هۆی بە‌لاوە‌نان و هە‌رە‌سهێنانی بابەتێکی زانستیی. کاتێک ئە‌نیشتاین پە‌رە‌ بە‌ تیۆرە‌کانی نیوتن دە‌دات و تیۆرێکی هەمەلایەن و پوختەتر دێنێتە‌ کایەوە‌، مەبەست ئە‌وە‌ نییە،‌ کردەوە‌ مەزنەکانی نیوتن دەبێ لە‌بیر بکر‌ێن. تیۆرەکان ڕاڤەکردنێکن بۆ ڕاستییەکان، لێرەدا پەرەسەندنیش تیۆرێکە لەو ڕاستییە دەکۆڵێتەوە بۆ ئەو بابەتەی کە پێوەندی بەو بوارەی زیندەوەرانەوە هەیە. بە دەربڕینێکی دی، ئەگەر لە ئایندەدا شتێک دۆزرایەوە دژ بە تیۆری پەرەسەندن، ئەوا ڕاسەوخۆ ئەوە ناگەینێ پەرەسەندن لەبنەڕەتدا هەڵەیە، بگرە ئەو تیۆرە ناتەواوە و دەبێ چاکسازیی تێدا بکرێ، یاخۆ تیۆرێکی دیکە دابنرێ کە بتوانێت ڕاستییەتی بوونی پەرەسەندن ڕاڤە بکات.
دەرکەوتنی تیۆری پەرەسەندن بووە هۆی هەژاندنی سەرتاپای کۆمەڵگەی ئەو دەمەی داروین، هێرشێکی تووندی کرایە سەر، نەک تەنیا لە لایەنگرانی ئاینی و خەڵکانی ئاسایییەوە، بگرە لەلایەن ژمارەیەکی زۆریش لە شارەزایانی بوارە زانستییەکان. ئەم تیۆرە بە سە‌رە‌تای وە‌رچە‌رخانێک دادەنرێت لە‌ بیروبڕوای ئە‌فسانە‌یییەوە بە‌رە‌و هۆشەکی زانستی، چونکە لە‌ سە‌ردە‌می دارویندا شتێکی ناوازە نەبووە، کە‌سێکی پسپۆڕ لە‌ بوارێکی گرینگدا هەبێت، هاوکات خاوە‌نی چە‌ند بیرو‌بڕوایە‌کی پوچە‌ڵ و نازانستی بێت، بە‌داخە‌وە‌ نموونەی ئەم جۆرە کەسانە، ئێستەش لە‌ کۆمە‌ڵگە‌ی ئێمە‌ و هاوشێوەی ئێمەدا هەن. گەلێک زانا و ڕووناکبیر هەن هاتنی ئەم تیۆرە بە سەرەتای شۆڕشێکی مەزنی زانستی دەزانن، تا ئەو ڕادەیەی دەڵێن، جیهان پاش ئەم تیۆرە بوو بە جیهانێکی دیکە. لەسەر بنچینەی ئەوەی پەرەسەندن گۆڕانێکی مەزنە لە بیر و هزری مرۆڤایەتی، بۆیە هەرگیز ناشێ ئێمە بە گاڵتەپێکردنەوە بڵێین، پەرەسەندن تەنیا تیۆرێکە ڕەچەڵەکی مرۆڤ دەباتەوە بۆ مەیموون و تەواو، چونکە گەر ئەم تیۆرە هەر هێندە بووایە، نەدەکرا ئەو هەموو کاریگەرییەی هەبێت لەسەر زاناکان و مێژووی زانستدا.
ئاشکرایە ناتوانین بەوەی زانست خستیە بەردەستمان لەبارەی ئەم تیۆرەوە، بێین و بەتەواوی کاتی سەرهەڵدانی ژیان دەستنیشان بکەین. هەروەها سەرلەبەری ئەو بەڵگە یەکلایی کەرەوەمانەمان لەدەستدا نییە، بۆ چۆنەتی پەرەسەندنی ژیان، هەر لە یەکەم پەیدابوونیەوە تا دەگاتە مرۆڤ، هاوکات هەڵکۆڵدراوی تەواوی پێشینەکانیشمان نەدۆزیوەتەوە، بۆیە ئەوەی داوای چیرۆکی پەرەسەندنی گشت زیندەوەرێک لەو تیۆرە دەکات، بێگومان بێت وەڵامی دەست ناکەوێ. زانست چەند بیروڕا و بۆچوونێک، بەبوونی کۆمەڵێک بەڵگەی گونجاو لەڕێی تیۆرێکی زانستی دەخاتە بەردەست، پاشان هەریەکێک لە ئێمە بۆی هەیە لەو بەڵگانە بکۆڵێتەوە، بۆ ئەوەی بزانێت تا چ ڕادەیەک باوەڕی پێیان هەیە و جێی متمانەن بۆی. هیچ زانستێکیش نییە، داوای ئەوەمان لێ بکات دەبێت هەر هەموومان باوەڕی پێ بکەین و بەڕاستی دابنێین، بەبێ بیرکردنەوە و لێکۆڵینەوە لە چەمک و بنەماکانییەوە. بەڵام هاوکات ناشبێت کەس ئەو مافە بەخۆی بدات، بەبێ بەڵگە هێرشی تووند و نابەجێ بکاتە سەر بیروڕا و زانیارییە زانستییەکان. چونکە کاتێک من لە تیۆرێک تێنەگەیشتم، یاخۆ بە هەڵەم دانا، ئەمە هەرگیز ئەوە ناگەینێت کە ئەو تیۆرە ناڕاستە، زاناکانیش بەهەڵەیان خستۆتەوە. لە بەرانبەر ئەوەشدا، نابێ تیۆر‌ی پە‌رە‌سە‌ندن لە ڕێڕەوی خۆی لاببرێت و بکرێتە چەند بیروڕایەکی وشک کە هیچ ڕەخنەیەک هەڵنەگرێ، چونکە زۆربە‌ی تیۆرە‌ مە‌زنە‌کان لە مێژوودا لەبەر بوونی چەند مەبەستێک، بەو شێوەیە بە خەڵکی نیشان دراون.
پەرسەندن یەکێکە لەو تیۆرانەی خاوەنی کۆمەڵێک بەڵگەی ئاشکرایە لەسەر ئەو هەمەجۆرییەی ئەمڕۆکە لە زیندەوەراندا دەبینرێت، بەوەی هەموویان لە یەک سەرچاوەوە هاتوون و بەرەنجامی پەرەسەندنێکی دوورودرێژن، بەڵگەکانیشی ئەو هەڵکۆڵدراوانەن کە لە چینگەلەکانی زەویدا جێگر بوونە. وەک گوتمان زانست ناتوانێت چۆنەتی و چییەتی گشت پەرەسەندنەکان بەپڕاوپڕی دیار بکات، کەسیش یەکە بەیەکەی هەنگاوەکانی ئەم پەرەسەندنانەی تۆمار نەکردووە وەک بینینێکی ڕاستەوخۆ، بگرە زاناکان بە کۆمەڵێک پشکنین، لێکۆڵینەوە، بەراوردکردنی پێکهاتە و تایبەتمەندی بوونەوەرەکان بە یەکدییەوە پێیان گەیشتوون، لەڕێی چەندان زانستی وەک، شوێنەوارزانی، زەویکۆڵزانی، ژیانناسی، کیمیازانی و هی دیکە. بەڵام ئەگەر ئەوانەشی نەبووایە لەبەر بوونی چەندان بەڵگەی دیکە نابێ بڵێین، کەواتە تیۆرێکی هەڵەیە، چونکە ونبوون، یا دەست نەکەوتن، یان کەمی بەڵگە لە هەر بوارێکیدا، هەرگیز ئەو واتایە ناگەینێت کە ئەو بەڵگانە لە بنەڕەتدا بوونیان نییە.
لەگەڵ هەموو ئەوانەش هەندێک لەو پەرەسەندنانە ئاشکران و ناکرێ نکوڵیان لێ بکرێت، هەروەها ئەو لێکچوونانەی زیندەوەران بە یەکدییەوە لای هەمووان گەلێک بەڕوونی دەبینرێن. ژمارەیەکی زۆر لە زیندەوەران بەتایبەتی ڕوەکەکان، ئامەدەیی باشیان هەیە بۆ گۆڕان و پەرەسەندن، گەلێکیشیان هەر لە کۆنەوە جێی سەرنج بوونە و مرۆڤ خۆی لە نێزیکەوە هەستی پێیان کردووە. جگە لە شیکردنەوە جینەکییەکان و ترشی ناوەکی کە بەڵگەی یەکلاییکەرەوەن بۆ بوونی پەرەسەندن، ئەگەر لە خودی مرۆڤ بڕوانین، دەبینین گۆڕانێکی زۆری بەخۆوە بینیووە، کاتێک بمانەوێت بەراوردێک بکەین لە نێوان کۆمەڵەی مرۆییە سەرەتاکان و مرۆڤی هاوچەرخدا. ئەگەر سەرنجێکی ئاسایی بدەینە مرۆڤ دەبینین، هاوشێوەی زۆربەی شیردەرەکانە، چونکە چاوەکانی وەک هی نەهەنگ وان، منداڵدانی وەک پزدانی مانگایە، دڵیشی وەک دڵی پڵنگە، هەروەها چەندان لێکچوونی دیکەی هەیە لەگەڵ زیندەوەراندا، هەموو ئەمانەش بەڵگەی پەیدابوونیان لە یەک بنچینەوە دەسەلمێنێت. ئەوەی شایەنی گوتنە، بیرۆکەی گشتی پەرەسەندن زۆر ڕوون و ئاشکرایە، بە جۆرێک هەندێک پێیان ئاسایی نییە، ناشزانن هۆکارەکەی چییە کە هەتا سەدەی نۆزدەیەم، مرۆڤ پێی نەزانیووە و بە بنەماکانی ئاشنا نەبووە؟
ئەوەی پێویستە جەختی لەسەر بکەینەوە تیۆری پەرەسەندن، خاوەنی ڕاڤینێکی یەکجار ڕوونە بۆ بوونی ئەو ئاڵۆزی و هەمەجۆرییەی لە زیندەوەراندا هەیە، بۆیە بە یەکێک لە‌ گرینگترین تیۆرە‌کان دادە‌نرێت لە‌ مێژوودا، کاریگەریشی لەسەر هزری هاوچەرخ لە هەموو دۆزەوە زانستییەکان زێدەترە. لەبەرئەوەشە زۆربەی زاناکان پێیان سەیرە چۆن دەبێ تیۆرێکی وا فرەبایەخ، لەم سەدەیەی مرۆڤایەتی لە لوتکەی شارستانییەت و پێشکەوتنی زانستییە، دژایەتی بکرێت!
---------------------------
ئەمەی سەرەوە کورتکراوەی بابەتێکە لە کتێبی (دەروازەیەک بەرەو تیۆری پەرەسەندن)، بۆ خوێندنەوەی تەواوی بابەتەکان، چاوەڕێی دەرچوونی کتێبەکە بکەن بە (pdf) بڵاوی دەکەینەوە، دەتوانن لە کتێبخانەی کوردستانپۆست بیخوێننەوە.
دارا سلێمان https://www.facebook.com/dara.sulaiman.127




(دەنگدراوە: 6 . زۆرباشە: 4/5)