گەریلا و ئاپۆ. . . سێکس و عەشایەر

Tuesday, 16/07/2019, 18:56

18663 بینراوە


 ئیسلامییەکان وای پیشان ئەدەن کە پێش ئیسلام مرۆڤ بێ مۆرال بووە، ئەوان مرۆڤایەتیان فێری مۆراڵ کردوە، تەنانەت ئەوان بوون کە بێچوە مەیمون و ئاژەلانی تریان فێرکردوە کە دایکی خۆیان خۆش بوێت. وەک چۆن پڕوپاگەندەیان بۆ کۆمۆنیستەکان دەکرد کە گوایە سواری دایک و خوشکی خۆیان دەبن، ئەمجارە نۆرەی پەکەکەیە کە گوایە کچانی گەریلا لەگەڵ کوڕاندا لە سەنگەرەکاندا سێکس دەکەن.
گەنجانی برسی بە سێکسی کوردستانیش، گوێیان سوکە بۆ ئەو جۆرە باسانە، بۆیە هەندێک لە گەنجانی باشور روویان کردۆتە شاخەکانی کوردستان بەو هیوایەی لەگەڵ گەریلا نەشمیلانەکانی پەکەکە بە ئازادی لە سەنگەرەکاندا سێکس بکەن، کاتێک دەگەنە ئەوێ بێهیودە ئەبن، پاشان بەخۆیان و کەڵاشنیکۆفەکانیانەوە هەڵدێن، دەگەڕێنەوە بۆ باشور و دەڵێن کە پەکەکە دیکتاتۆرە. ئیسلامیەکانی کوردستانیش کە بیانویان بۆ نامێنێتەوە، ئەوسا زمانی خۆیان دەگۆڕن و دەڵێن؛ پەکەکە هاو ڕەگەزبازە، لەبەر ئەوەی کە چوار گەریلای نازداریان نەخستۆتە باوەشیان. ئەم وەڕە وەڕە و حەپەحەپشیان بە داخوازی ئۆردوغانی ئاغایانە .
لە دۆکیومەنتەریەکی فەرەنسیدا لەسەر کچە گەریلاکانی پەکەکە، کچە ڕۆژنامەنووسەکە  پرسیار لە کچە گەریلاکان دەکات، کە ئایا بێ تاقەت نین بۆ پیاو، هەموویان ئەدەنە هاڕەی پێکەنین و ئیتر ئەوە کۆتایی دۆکیومەنتەرەکەیە.
کچە گەریلاکانی پەکەکە، کتێبی ژنۆلۆژی سەرۆک ئاپۆ دەخوێننەوە، بێشک من لەسەر ئەو کتێبە نادوێم لەبەر ئەوەی کە نەمخوێندۆتەوە و زۆر چاوەڕوانی شتی گرنگیشی لێناکەم، بەلام کاک کەمال ئاسۆ کتێبیكی ڕەخنەیی بەناوی ژنۆفۆبیای لەسەر کتێبەکەی ئاپۆ نووسیوە، ئەویشم نەخوێدۆتەوە بەڵام کورتەیەکیم لە پەیجەکەیدا خوێندەوە فەرمون بۆ خوێندنەوەی:
https://www.facebook.com/asokamal/posts/10218847634520005
ڕخنەگرتن شێکی پیرۆزە و من هیچ شتێک بە پیرۆز نازانم کە جێگەی ڕەخنە نەبێت، بەلام ئەبێت بزانین کە کچە گەریلاکانی پەکەکە، زۆربەیان کچانی لادێن، کە لە شوێنی خۆیاندا بۆیان نەبوە سەر بهێننە دەرەوە و ژیانێکی تر بژین، تەنها مافی کڵاو چنیان هەبووە بۆ پیاوانی عەشایەر، لەسەر چاوداگرتنێک یان نامەیەکی دڵداری، کوژاون، زیندەبەچاڵ کراون. وەک زۆر لە کچانی دێهاتییەکان لەتەمەنێکی زوودا دەدرێن بە شو و ئیتر ژیانیان مۆنۆتۆنەو هیچ گۆڕانێکی ئەتۆی بەسەردا نایەت؛ خەو و ئاواتیان دەچیتە گۆرەوە. ئەگەر پەکەکە ئەو توانایەی هەبووە و ئەو شانسەی پێداون، کە لەو ژیانە بێ هیوایە بیان هێنێتە دەرەوە، ئەوە خۆی لە خۆیدا کارێک و هەنگاوێنی زۆر گەورەیە. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هیچ پارتێک و هیچ ئایدیۆلۆژیەک ئەو توانایەی نەبووە، بێ شک بەشێکی زۆری لە ئەستۆی خەباتی ساکینە جانسازی مەزنە.
کاتێک باڵندەیەک هەموو ژیانی لە قەفەسێکدایە و تۆ بەرەلای دەکەیت، فڕین بۆ لای ئەو کارێکی زۆر نامۆیە و ون دەبێت لە ئێسپاسدا، هەر خێرا ئاواتی ئەوەیە کە بگەڕێتەوە ناو هێلانەکەی، بۆیە ناتوانین پێیان بڵیین وەرن بۆ خۆتان لە سەنگەرەکاندا دڵداری بکەن، خەباتی چەکداری و ئازادی سێکس پێکەوە ناگونجێن، جگە لەوەی کە شۆڕشێکی چەکداری پێویستی بە دیسپلینێکی ئاسنینە لەهەمان کاتدا کچێکی دێهاتی وەک مرۆڤێکی بەندکراو ناتوانێت بازێکی وەها بدات، ئاپۆش وەک کەسێکی شۆڕشگێڕیی ڕۆژهەلاتی پێویستی بەفەلسەفەیەکە بۆ پاراستنیان لەناو ئەو گەلە گورگەدا.
ئەوەی ئاپۆ کردویەتی دەرهێنانی ئەو کچانەیە لە چنگی کەڵچەری عەشایەری، لە داهاتوودا لە دوای شۆڕشی چەکداری شۆڕشێکی تریان پێویستە، بەڵام وەک سەرەتایەکی پتەو بۆ هەنگاونان بەرەو ئاسۆیەکی تر، باشترین کاریان کردوە، لە قۆناغی کڵاو چنیەوە هێناونیەتە قۆناغی خەباتی چەکداری و کتێب خوێندنەوە، گرنگ نییە چی دەخوێننەوە، گرنگ ئەوەیە کە فێری خوێندەنەوە بوون، لە قۆناغێکی تردا لە دوای شۆڕش، پێ دەچێت کتێبی سۆسیۆلۆژی سێکسۆلۆژی بخوێننەوە، هەرچۆنێک بێت ئەوان قۆناغێکی پتەویان داناوە، کە ئێمە لە کوردستانی باشور هیچ هەنگاوێکمان لەو ڕووەوە نەناوە ، ئەوەنەبێت کە کۆمەلە پێشمەرگەیەک بە سەرۆکایەتی سەرۆک عەشیرەتێک دەیان ویست سیستەمێک بڕوخێنن بە یارمەتی هێزێکی دەرەکی، بە بێ ئەوەی ئایدیۆلۆژیەک و گۆرانکاریەکیان پێ بێت بۆ کۆمەڵگەکەیان. بۆیە دیاردەی کچانی بورکەلەبەر سەرهەڵئەداتەوە، بۆیە عەشایەر توانی حوکم بگرێتەوە دەست. ئێستاکەش ئەم عەشیارەنە کە دەزانن مۆدێلەکەیان بڕناکات لەگەڵ سەردەمدا، بۆیە پەنایان بۆ تورکیا بردوە وەک مۆدێلێک.
لەبەر ئەوەی کە ئافرەت جێی هەوەس و ئارەزوی پیاوە، ئەو ئارەزووەش لە ڕۆژهەلاتی ئیسلامیدا بە چەندین قوفڵ داخراوە، بەندکراوە، نازانن چۆن ئەو دەرگایە بشکێننی و لێوە بچنە ژورەوە، یان دەیان کەن بە قەحبە بۆ ئاسانکردنی کاریان، یان بە فریشتە بۆ بە پیرۆزکردنیان، بەڵام گەریلاکانی پەکەکە ئەو فریشتانە نین، کە لە خەوی ڕۆمانتیکیەکاندا وەک خوداوەندێک بن، کە پێگەیشتن پێیان مەحاڵ بیت، ڕۆمانتیکیەکان خەوی پێوە دەبینن، خەوی بێ هودە، هەر لەبنەچەوە وەک فەلسەفەی نەگەیشتن بە ئاواتیان، ئەو فریشتانەش نین و ئەو خواوەندانە نین کە هونەرمەندەکانی کوردستان دەیان کەن بە خوداوەندی نایک بە دووبالەوە، دەست بۆ ئاسمان درێژ دەکەن وەک پەناگایان، پەناگای ئەوان سەنگەر و خەبات و باوەڕە بە ئایدۆلۆژیەک، گەریلاکانی پەکەکە فریشتەنین، کچانێکن بوونیان هەیە و پێیان لەسەر زەویە، لەجیهانی خەو و خەیاڵدا ناژین، لە جیهانێکیدا نین کە دەستمان پێیان نەگات و بەخەیاڵی ڕۆمانتیکی بازاڕی کۆنەفرۆشەکان هۆنراوەی قەڵب و قۆڕیان بەسەر قژی زەرد و چاوی بە خومار و پەرچەمی لولیاندا هەڵدەین، هۆنراوە و گۆرانی بۆ تەشی و گۆزەی سەرشانیان بهۆنینەوە، ئەو کچانەش نین قبوڵی شەقی پیاوێکی بیر تەسک بکەن لەبەر ئەوەی کە ئەو ئێوارەیە هەوەسی نێرینەی تێر نەکردوە، فریشتەکانی پەکەکە تەواو پایان لە سەر زەوی جێگیرە، تۆی پیاویش ئەگەر بتەویت پێیان بگەیت دەبێت واز لە نێرینەیی باوک سالاری خۆت بهێنیت، بۆیە پیاوان لەبەردەمیاندا خۆیان بەنامۆ دەزانن لەبەر ئەوەی کە هێزی نێرینەی خۆیان لێ دەبێتە نامۆ.
***
ئەگەر بمانەوێت ئەسپێک راکات دەبێت خەستەی بکەین، کاتێک جولەکەیەکی ئۆرتەدۆکسیش دەیەوێت لە شەوی بوکێنیدا لەگەڵ ژنەکەیدا جوت بێت، بەدەوری ژنەکەیدا دەسوڕيێتەوە و داوا لە خودا دەکات کە یارمەتی بدات هەتاوەکو لەگەڵیا جوت بێت بە جیابونەوەی لەو بۆ ماوەیەک، لەبەر ئەوەی کە ناتوانێت لەگەڵ خوادا بێتو لەهەمان کاتدا لەگەڵ ژنەکەی، یاریزانەکانی فوتبۆڵێن چەند هەفتەیەک لە ژنەکیان دائەبڕن پێش یاری کردن، کچە گەریلاکانیش لە شۆڕش و حەماسدان، خۆ ڕۆژێک دێت ئەم قۆناغە تێپەڕێنن.
شۆڕشی چەکداری و سێکس دوو چەمکن کە ناگونجێن پێکەوە، لەبەر ئەوەی کە هەردوکیان دژ بەیەکن، بەڵام ئەوانەی کە لە سەنگەرەکانی لوبناندا سێکسیان کردوە، دەیگێڕنەوە کە گەیشتونەتە ئەوپەڕی ئۆرگاسم، لەبەر ئەوەی کە دو ترانسگرێسێۆن لەویدا بەیەک دەگەن، یەکەم ؛ سەنگەر وەک شوێنێکی نامۆ بە سێکس خۆی لەخۆیدا ترانسگرێسیۆنە، دوەم ؛ شۆڕشی چەکداری واتە حەماس، حەماس خۆی لە خۆیدا بە پێچەوانەی هەوەس و ئارەزوی سێکسەوە هانگاو دەنێت، ئەگەریش پاڵنەری میکانیزمەکەش بە پێی شیکاری دەرونی هەر سێکس بێت. شۆڕشی چەکداری و سێکس دوو چەمکی پێچەوانەی یەکترین.
بژی پەکەکە
بژی ساکینە جانسز
بژی کچە گەریلاکان
بژی ئاپۆ

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە