دەردە کــۆپـــان

Tuesday, 16/07/2019, 19:22

21955 بینراوە


لە نیوەشەوێکی ئەنگوستە چاوی سارد و سەرمادا ، کە کزە با تەزیوەکەی وەک تیخ پێستی دەبڕی ، زۆڵە کوردێکی دەمامکداری بەعسی ، شان بە شانی مولازم موحسین ، بە قاڵدرمە ئاسنینەکاندا بۆ نهۆمی دووەمی کارگەکە سەرکەوتن . تەپە تەپی پۆستاڵی چەکدارەکان ، کە تێکەڵ بە هاژە هاژی ئامێرەکان دەبوو ، ترسیان لە ڕوخساردا دەڕواند . دەمامکدارەکە ئەوەندە شارەزای کون و قوژبنی کارگەکە بوو ، ڕێک بەرەو ڕووی سالار ڕۆیشت و توند قۆڵی گرت . مولازم موحسین بەبێ ئەوەی تەنها قسەیەک بکات ، بە هەموو هێز و تین و تاوی خۆیەوە ، بۆکسێکی وا بەهێزی سرەواندە دەمووچاوی سالار و بەجۆرێک خڵتانی خوێنیکرد ، دەتووت بۆمبایەکی پێدا تەقیوەتەوە . پاشان چەکدارەکان بە بۆکس و شەق و شەقازللە و تف و قۆناخە تفەنگ ، وەک سەگی هار تێی ئاڵان و کارێکیان پێکرد مەگەر خوا هەر خۆی بزانێ ، بەڵام سالار ئەو ساتە وەک بەردە قارەمان ، گابەردێک بوو ، نە ئاخێکی کرد و نە ئۆفێک . ئنجا بە قاڵدرمەکاندا ڕایانکێشایە خواری خوارەوە و وەک جەستەیەکی بێ گیان ، هەڵیاندایە ناو پشتی پیکابێکەوە و لەسەر ورگی کەوتنە هەڵپەڕین و وەک ڕەشەبایەکی شووم لە تاریکیدا ئاوا بوون .. وەی چ کسپەی ئازارێک دای لــە هەناوم و چ سامی ترسێکیش زمانی گرتم .
سالار یەکێک بوو لە تێکۆشەرە هەرە ئازا و بوێرەکانی لایەنێکی سیاسی . کەسێکی ڕۆشنبیری ژیری چاکەخواز و لە پێناوی کێشەی ڕەوای میللەتەکەیدا ، گیانی خۆی و خێزانەکەی خستبووە سەردەستی و لە ئازایەتییدا کون لە جەرگیدا نەبوو .
پاش نزیکەی ساڵێک و بەبێ ئەوەی چۆک بۆ داگیرکەران دابدات و تەنها نهێنییەک بدرکێنێت ، ئازادکرا و هاتەوە سەرکارەکەی خۆی . جگە لە جەبار ، کە وەک جرجێکی گەڕی گەورە لە گۆشەیەکدا خۆی متکردبوو ، هەموو بە گەڕانەوەی لە خۆشیاندا خەریکبوو باڵبگرین و بە پەرۆشەوە باوەشمان پێداکرد و زۆر بە گەرمی ماچمانکرد . خۆ کاتێک سالار جەباری بینی ، هەناوی ئاگری گرت و هەتا توانی تفێکی گرتە ناوچەوانی و وتی : ( ئەمە دەمامکدارە جاسوسەکەیە ، کە هەتا ئێستاش ئازاری شەقە قورس و قایمەکانی لە ناولینگم نەبۆتەوە ) . بە بیستنی ئەو قسانە هەموو ئەوق بووین .
هێشتا دوو مانگ بەسەر هاتنەوەی سالاردا تێنەپەڕیبوو ، دەستە دەستە کارمەندەکانیان لە بەردەمی ژووری بەڕێوەبەردا کۆکردەوە و یەکە یەکە دەکرانە ژوورەوە بۆ بەردەمی چەند لێپرسراوێکی گەورەی بەعسی و لاپەڕەیەکیان دەخستە بەردەمیان ، کە تێیدا نووسرابوو ( ئایا بە خواستی خۆت دەبیت بە ئەندامی حیزبی بەعسی عەرەبی ئیشتراکی ؟ ) . لە ژێر ئەو ڕستەیەدا دوو وەڵام بە : ( بەڵی و نەخێر) دانرابوو . ئەوەی بەڵێی هەڵبژاردایە ، بە بێ کێشە دەهاتە دەرەوە ، خۆ ئەوەی نەخێری هەڵبژاردایە ، دەبوو لەبەردەمی بەعسییەکاندا ڕابووەستێت و بە دەنگی بەرز بڵێ : ( بۆیە نابم بە بەعسی چونکە شەرەف و نامووسم نییە ) . لەم کاتەشدا بەعسییەکان بە چەند قسەیەکی ناشیرینی وا ، کە سەگ بۆنیان پێوە نەدەکرد ، دەیانکردە دەرەوە . سالار لە ڕیزەکەدا وەستابوو ، هێشتا نەچوو بووە ژوورەوە ، خۆ کاتێک بەمەی زانی ، لە ڕیزەکە هاتەدەرەوە و وتی : من شەرەف و نامووسم هەیە و ئەگەر دانیان یەک مەتر درێژبێت نابم بە بەعسی ، هەر لەوێشدا دەمودەست لە کارگەکە دەرچووە دەرەوە و وازی لە ماڵ و منداڵ و کارەکەی هێنا و وەک هەڵۆیەک بەرز بەرز فریی و بە لوتکە و دوندی شاخە بەرزەکانی نیشتمانەوە نیشتەوە . سالار هەر تەنها پێشمەرگە نەبوو ، ئەو کەسێکی خوێندەواری بە ئاگا بوو ، کە بە دەیان کتێبی لەسەر ماوتسی تۆنگ و مارکس و لێنین و جیڤارا خوێندبۆوە ، تەنها خەباتی بۆ ئازادی نەدەکرد ، هەتا داکۆکیشی لە ئاژەڵ و باڵندەکانیش دەکرد ، ئاخر ڕۆژە سارد و سەرماکان ، پەنجەرە گەورەکانی بۆ کۆترە شینکەکانی سەر سەربانی کارگەکە دەکردەوە ، ، تا بێنە ژوورەوە و لەسەر شێلمانەکانی بنمێچەکەی بنیشنەوە و لە ڕەقبوونەوە پارێزراوبن . ئەو هەر پێشمەرگە نەبوو ، بەڵکو مامۆستایەکی بێ وێنەبوو ، خەمی میللەتەکەی لە کۆڵ نابوو ، لە هەمان کاتدا گورزی گەورەشی لە داگیرکەر دەوەشاند . هەر بۆیە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر بە دڵ و دەروونی خەڵکییەوە دەنووسا و پلە بە پلەش هەنگاوی بۆ پێشەوە دەنا . لەگەڵ ئەوەشدا چەند جارێک بریندار کرا ، بەڵام نە دەلاقەکانی لەشی و نە کیمیاباران و تانک و تۆپ و فرۆکە و هێزی زەبەللاحی جاش و جەیش ، نەیانتوانی ورەی ئەم هەڵۆ ئازایە بلەرزێنن . جا لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی باری نالەباری شۆڕشەوە ، چەندین پێشمەرگە وازیانهێنا و بەرەو هەندەران کۆچیانکرد ، بەڵام سالار وەک دار گۆیژ ڕەگوڕیشەی بە ناخی نیشتماندا ڕۆچوو بوو ، ئەو لە پێناوی ئازادی و ژیانێکی پڕ لە کامەرانی میللەتەکەیدا ئەو ڕێگا سەختەی گرتبووە بەر و ئەوەی بیری لیێ نەدەکردەوە وازهێنان بوو . لە ڕاپەڕینیشدا ڕۆڵی کارای خۆی گێڕا و هەقی بەرەو دوای لە بەعسییە فاشیستەکان کردەوە .
هاتنەوەی کەسێکی پاکوبێگەرد و خۆنەویستی وەک سالار بۆ ناو شار ، جێگای ئومێدی هەموو کەسێکی ئازادیخوازی بەشەرف بوو . ئاخر ئەو لە بارودۆخێکی پڕ مەترسی وادا چەکی شەرەفی کردە شان و وازی لە ماڵ و منداڵ و کار و بەرژەوەندییەکانی خۆی هێنا و تووشی هەزاران هەزار کێشە و برسێتی و قاتوقڕی و دەردیسەری بوو ، تا ژیانێکی شایستە بۆ گەلەکەی دابین بکات . هەربۆیە جێگای ڕێز و خۆشەویستییەکی ئێجگار زۆری هەمووان بوو . بەڵام داخی گرانم ، هەر چۆن تا دوێنێ بە ڕابوردوویەکی گەشەوە داکۆکی لە نیشتمان دەکرد ، هەر واش زوو بە زوو وەک هاوڕیێ کانی دووچاری دەردە کۆپانی کۆکردنەوەی سەروەت و سامان بوو . ئێستا سیاسییەکی بازرگانە و خاوەنی چەندین کۆمپانیا و کۆشک و تەڵار و باخوباخاتە و بە ئاشکرا پاروو لە دەمی هەژاران دەفرێنێت . ئەوەی بیری لێنەکاتەوە نیشتمان و هاوڵاتییە داماوەکانییەتی ، جارێکیان لەسەر شاشەی تەلەفزیۆن ، خۆپیشاندەرە سنگ ڕووتە برسییەکانی بە ئاژاوەگێڕ دادەنا . لە هەموو ئەمانەش سەیرتر ، لەگەڵ جەباردا ، کە تاجێک و دوو نەجمەی حکومەتی هەرێم بەسەر شانییەوە دەبریسکێنەوە ، بوونەتە هاوڕێی گیانی بە گیانی و موو بە نێوانیاندا ناچێت ، جار جارێکیش بە جووتە بۆ هەوا و هەوەس و کاتبردنەسەر ، بە سەرخۆشی بۆ ڕاوکردنی کۆترە شینکەکان ، بە تاپڕێکەوە دەچنەوە بۆ ناو ئەو کارگە کاول و وێرانەی لە سەردەمی بەعسی دوابڕاودا سەرچاوەی بــژێــوی هەزاران خێزان بوو .
جا هەرکاتێک لووتم دەبێ بە لووتی کەسانی وەک سالارەوە ، لەبەرخۆمەوە دەڵێم : ئیلاهی ئەم سیاسییە زرک وپوتانەی ئێمە چ بەشەرێکن ؟! ... ئەو کاتانەی داگیرکەران تەوقی دیلی و ژێردەستی دەکەنە ملمان ، تا ئاستی شەهیدبوون بۆ ئازادی خوێن دەڕێژن ، خۆ کاتێکیش ئازادین و خۆمان حوکمی خۆمان دەکەین ، لە داگیرکەران خراپتر وڵات و میللەتە کڵۆڵەکەمان هەڕاج و تاڵان و وێران و برسی دەکەن و بوونەتە بەڵای سەری کورد و وەک ڕەگی گولی لە کۆڵمان نابنەوە .

******
تێبینی : سالار ناوێکی خوازراوە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە