خان ئەحمەد خانی ئەردەڵانی

Monday, 22/07/2019, 7:28

10591 بینراوە


"چیرۆکی گۆڕ غەریبێکی دیکەی کورد"

ڕۆژگاری شا عەباسی سەفەوی، ڕۆژگاری شکۆو هەستانەوەی ئێران بوو، بۆ لەناوبردنی نەیارەکانی شا سەرەتا لە بنەماڵەکەی خۆیەوە دەستی پێکرد، کوردەکانیش لەم چوارچێوەیەدا زۆرترین کوشتارو کاولکاریان دەرهەق کرا. ڕاگواستنی کوردان بۆ خۆراسان و داستانی قەڵای دمدم هەر سەر بەم ڕۆژگارەیە.

ـ یەک لەو میرە کوردانەی لەو ڕۆژگارەدا چۆکی بۆ شا عەباس دانەدا، میری کورد هەڵۆخانی ئەردەڵانی بوو، پاش چەندین جار تێکشکاندنی لەشکری ئێران شاعەباسی ناچار کرد خودی خۆی بۆ سەرپەرشتی جەنگ بێتە ناوچەکە، بەڵام سەختی قەڵاکانی حەسەن ئاوا و زەڵم و پاڵنگان و دلاوەریی کوردانی ئەردەڵانی شای تۆقاند لەوەی کە زیاتر هەیبەت و سامی بشکێت، بۆیە گوێ ڕایەڵی ئامۆژگاری کوردێکی خزمەتکاری خۆی بوو کاتێک پێی وت ئەم کوردانە بە جەنگ ملکەچ نابن باشتر وایە شا ڕێگەی فێڵ و دۆستایەتی بگریتە بەر.

ـ شا عەباس کە یەک لە دیبلۆماسی ترین شاکانی مێژووی ئێرانە، بۆ ئەم مەبەستە پەیامی دۆستایەتی بۆ هەڵۆخان ناردو بۆ دەرخستنی نێت پاکی خۆی گەڕایەوە ئەسفەهانی پایتەخت، هەڵۆخانیش لەبەرامبەردا خان ئەحمەدخانی کوڕی ناردە ئەسفەهان وەک بارمتە بۆ لای شا، ئەم هەنگاوە شاعەباسی زۆر دڵخۆش کرد.

ـ خان ئەحمەد خان لە دەرباری شادا پەروەردە دەکرا، شا زۆری گرنگی پێدەدا، تەنانەت بۆ هێنانەدی ئامانجەکەی "گرتنی کوردستان" خوشکێکی خۆی " زەڕین کڵاو"ی لێ مارە کرد، دەگێڕنەوە خوشکەکەی ناڕازی بووە، شا بۆئەوەی ئازایی و جوامێری خان نیشانی خوشکەکەی بدات، ڕۆژێک بانگی کردوەتە سەر شانشین و تا لە پەنجەرەوە سەیری حەسار بکەن، لەو دەمەدا داوای کردووە خان ئەحمەدی بۆ بانگ بکەن، کە خان گەشتووەتە حەوشە لەو کاتەدا شێرێکیان بەرهەڵدا کردووەو یەکسەر پەلاماری خان ئەحمەدی داوەو دەسبەجێ خان بەشمشێرەوە ڕووبەڕوی دەبێتەوەو دەیکوژێت. لەو کاتەدا شا عەباس لەو سەرەوە هاواری لێ دەکا دەڵێ کابرا تۆ هەقت چییە شێری من دەکوژی، خان لەوەڵامدا دەڵێ قوربانی دوو شێری شا پەلاماری یەکتریاندا یەکێکیان ئەوی تریانی کوشت. ئەم وەڵامەی خان بووە جێگەی ئافەرینی شاو ڕازی بونی خوشکەکەی.

ـ ئیدی خان زاوای شایەو ڕۆژ لەڕۆژ پێگەی هەڵدەکشێ و نەیارانی ئیرەیی پێدەبەن، تا ڕۆژێک شا بانگی کردوو دوو بەدوو ڕازی دڵی خۆی بۆ درکاند، کە بچێتەوە بۆ کوردستان و هەڵۆخانی باوکی بەدیلی بنێرێتە ئەسفەهان بۆ لای شا، خان کە نمەکی شا و ئەو ڕێزەی لێی نابوو کوێریان کردوو ڕازی بوو.

ـ هەواڵی گەڕانەوەی زاوای شا بە کەژاوەی شاهانەوە، هەڵۆخانی باوکی دڵخۆشکردوو چەند قۆناغێ چووە پیری کوڕەکەیەوە. بێ خەبەر لە نیازو مەبەستی دڵی کوڕەکەی. تا ڕۆژێک لە مجلیسدا خان بانگی پیاوەکانی خۆی کردو وتی ئا هەندێک شیرینی ئەسفەهان بێنن با دەممان شیرین بکەین، هەڵۆخان بەم قسەیە زۆر توڕە دەبێ و دەڵێ کوڕم تۆ بە شیرینیاتی ئەسفەهان تاڵی بەقوڕگی مندا دەکەی. خان ئەحمەد بەم وەڵامەی باوکی مەجلیس جێدێڵێ و لە دەرەوەی قەڵا لەشکر سازدەدا.

لەنێو قەڵادا جگە لەچەندین پیاو کە بەکرێ گیراوی خان ئەحمەد بوون، دایکیشی یارمەتی دەدا. پلانیان دانا کە شەوێک دەرگای قەڵای بۆ بخەنە سەرپشت و بڕیار بوو بە"مەلا یاقوب" ناوێکدا هەواڵی کردنەوەی دەرگا بە خان بڵێن، هەڵۆخان بەم فێڵەی زانی و مەلایاقوبی زیندانی کرد، بەڵام هەرئەو شەوە خان ئەحمەد بە پەیژە سەرکەوتە سەر دیواری قەڵاو باوکی لە ناو جێدا دیل کردو بۆ سبەی ڕەوانەی ئەسفەهانی کرد و مەلا یاقوبیشی لەزیندان دەرهێناو گیرفانی لە زێڕ ئاخنی. دەگێڕنەوە شا عەباس زۆری ڕێز لە هەڵۆخان ناوەو داوای لێ کردووە دەست لە کاروباری دونیا بۆ کوڕەکەی هەڵبگرێت و هەندێک دەڵێن هەر لە ئەسفەهانیش مردووە.

خان ئەحمەد خان لەساڵی ۱۰۲٥ی کۆچی چووەتە سەرتەختی میرایەتی ئەردەڵان و بوو بە والی، جگە لە لێهاتوویی خۆی پێگەی خان وەک زاوای شا وایکردبوو خەزێنەیەکی پڕ لەزێڕو زیوی هەبێت. لەگەڵ دەستبەکاربونیدا لەسەر داواکاری شاعەباس پەلاماری خێڵەکانی بڵباس و موکریدا و دوای زنجیرە شەڕێکی خوێناوی هەردوو خێڵی خالدی و یەزیدییەکانی تاڵان کردو بەرەو موسڵ کەوتەڕێ، والی موسڵ بە بیستنی هەواڵەکە هەفتەیەک بەر لەگەشتنی خان ئەحمەد لەترسا هەڵهات و پیاوماقوڵانی شارەکە بەپیریەوە هاتن و داوایان لێکرد دەست لە تاڵانکردنی شارەکە هەڵگرێ و لەبەرامبەردا شارەکەیان تەسلیم کرد. خان هەر کە گەشتە موسڵ سەرەتا زیارەتی گۆڕی "یونس" پێغەمبەری کرد و (دەگێڕنەوە خەڵکی موسڵی ناردووە بۆ کوردستانی ڕۆژهەڵات تا گێرەی گەنمی بۆ بکەن) دواتر هەواڵی سەرکەوتنەکانی بۆ شاعەباس نارد، شا سەرەڕای خەڵات (کەمەربەند و شمشێری زێڕو ئەسپ و دراو) تکای گرتنی بەغدادیشی لێ کرد، خان پاش ئەوەی کەرکوک و تەواوی باشوری کوردستانی ئەمڕۆی خستە ژێر فەرمانی خۆی بەرەو بەغداد وەڕێ کەوت.

ـ یەک ساڵ و نیوی ڕەبەق گەمارۆی بەغدادی داو دەرئەنجام لە ڕێگەی فێڵەوە یەکێک لە گەورە کاربەدەستانی عوسمانی بە بەرتیل ڕازی کرد و بەمە دەروازەکانی بەغدادی بە ڕوودا کرایەوەو دوای گرتنی شارەکە، تەسلیمی کاربەدەستانی ئێرانی کردو ڕەزامەندی لەشا خواست و گەڕایەوە زێدی خۆی. ئەم هەڵمەتە سەربازییەی خان حەوت ساڵ و نیوی خایاند.( لەڕاستیدا خان لە گرتنی بەغدادا تەنها نەبوو مێژوو نوسانی ئەردەڵانی ڕۆڵی سوپاکەی خانیان لە قەبارەی خۆی گەورەتر نیشانداوە)

شا عەباس ئیدی سەربەخۆیی تەواوی لە ناوچەکانی خۆیدا بە خان ئەحمەد بەخشی، بەڵام مەرگی شاعەباس سێ ساڵ دواتر بۆ خان نەهامەتی گەورەی بەدواداهات، دوای شا عەباس شاسەفی کوڕی جێی گرتەوە، شا سەفی سەرەتا پەیوەندی لەگەڵ خان باش بوو، بەڵام ئەم پەیووەندیە هەر زوو تێکچوو. چۆن؟؟ خان ئەحمەد خان کوڕێکی لە خوشکەکەی شا عەباس هەبوو بەناوی "سورخاب"، کە هەر لە ئەسفەهان لای خاڵوانی گلدرابووەوە، ڕۆژێک شا وێردی والی لوڕستان کە کۆنە دوژمنی ئەردەڵانیەکان بوو لای شای ئێران دانیشتبوو، شا وێردی کە سورخابی کوڕی خان ئەحمەدی دی بە فێڵەوە بە شا سەفی وت:"ئەم کوڕە ئازاو هەڵکەوتووە، باوک و باپیرانیشی هەر خۆیان بەسەر خەڵکدا فەرز کردووە بۆیە ئەگەر داوای پادشایەتی بکات لەداهاتوودا، بۆی دەچێتە سەر. شا سەفی لەم قسەیە تۆقی و فەرمانیدا هەردوو چاوی سورخاب کوێر بکەن. تا نەتوانێ لە داهاتوودا داوای شایەتی بکات".

ـ کە خان ئەحمەدخان هەواڵەکەی بیستەوە هەر بە تەواوی شێت بوو، بەجۆرێک یەک ساڵی ڕەبەق بەکۆتو زنجیرکراوی هێشتیانەوە، لەم ماوەدا وەزیرەکەی کاروباری ناوچەکانی بەڕێوەدەبرد، کە خان لە نەخۆشیەکەی چاک بویەوە، یەکسەر پەیوەندی کرد بە عوسمانیەکانەوەو لە هێرشێکیدا بۆ سەر ئێران ناوچەکانی هەمەدان و کرماشان و ورمێ و موکریانی لەژێر دەستی ئێران دەرهێنا، ئێرانیش بۆ گرتنەوەی ناوچەکانی لەشکری ڕەوانەکرد، عوسمانیەکان بۆ هاوکاری خان ئەحمەد گەشتنە ناوچەکە، هەردوو لەشکر لە دەشتی مەریواندا پێکدا هەڵپژان، خان ئەحمەد ئێرانیەکانی تێکشکاند، بەڵام ئێرانیەکان جارێکیتر لەشکریان سازدایەوەو توانیان لەشکری کوردان تێکشکێنن و خانیش هەڵهات بۆ موسڵ و ئەگەرچی جارێکی تر هەوڵی دایەوە ناوچەکانی لە ئێران وەرگرێتەوە بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، دواجار هەر لە موسڵ کۆچی دوایی کردو لە گۆڕستانی نەبی یونس بەخاک سپێراو و بۆ ئەبەد وەک باوکی گۆڕ غەریب کەوت، ئەو ڕۆژە داعش گۆڕی نەبی یونسی تەقاندەوە من خان ئەحمەدیشم کەوتەوە یاد.

چەند زانیاریەکی گرنگ

٭ لە ڕۆژگاری هەڵۆخان و تەیموری برایەوە، میرانی ئەردەڵانی نازناوی خۆیان لە "بەگ"ەوە گۆڕی بۆ "خان" لەڕاستیدا نازناوی خان لەڕۆژگاری مەغۆلەکانەوە هاتۆتە نێو مێژووی ناوچەکە..مەغۆلەکان نازناوی خان یان دەخستە پاڵ ناوی گەورە کانیان... وەک ... جەنگیز خان ، قوبلی خان"

٭لە ڕۆژگاری خان ئەحمەد خانەوە بۆیەکەمجار بنەماڵەی ئەردەڵانی مەزهەبی خۆیان لە سونیەوە گۆڕی بۆ شیعە. دیارە ئەمەش کاریگەری ئەو هاوسەرگیریەی بەسەرەوە هەبوو.

٭لەسەردەمی خان ئەحمەد خانەوە بۆ یەکەمجار سوپای ئەردەڵانی بونە خاوەنی چەکی قورس " تۆپ"

٭دەڵێن خان ئەحمەد جلی کوردی ڕانک و چۆغەی داهێناوە، پێم وابێ مەبەست لە جۆرێکی ڕانک و چۆغەیە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە