پۆلیسی ئەلمانیا نیوەشەو دەچێتە سەر ماڵی بەرپرسێکی پاراستن، کە نزیک بە دڵشاد بارزانییە


شەهید سۆران پەڵەیەکی شەرمەزاری دەسەڵات

Monday, 07.22.2019, 8:00

2068 بینراوە


بنەماڵەی شەهید سۆران لەدوای ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی ۱۹۹۱ لەترسی ڕژێمی بەعس شاری كەركوك جێدەهێڵن‌و ڕوودەكەنە شاری سلێمانی، لەحامیەی سلێمانی نیشتەجێدەبن، ئەو دەمە سۆران تازە چووبووە قوتابخانە، فەرمانی برای دەڵێت، زۆجار دەمبینی كە لەدیوارەكانی حامیە شیعری دەنووسی، هەر لەو سەردەمەوە هەستمكرد كە سۆران مناڵێكی هەستیارەو جیاوازە لەمنداڵەكانی تر.

سۆرانی مامە حەمە، ساڵی ۲۰۰۳ كاتێك لەپۆلی سێیەمی ناوەندی دەبێت، یەكەمین بابەتی ڕۆژنامەنووسی دەربارەی كێشەو نەبوونی خزمەتگوزاری لەچەمچەماڵ بڵاودەكاتەوە، فەرمانی برای دەڵێت "سۆران لەمناڵییەوە عەشقێكی زۆری بۆ خوێندنەوەو نووسین هەبوو، بە مناڵییش كاتێك لەپۆلی دوو، سێی سەرەتاییدا بووە لەدیوارەكانی حامیە شیعری نووسیوە، كاتێك سۆران لەپۆلی سێیەمی ناوەندی بوو لەساڵی ۲۰۰۳، ڕۆژێك لەكەڵ دایكمدا دەچن بۆ چەمچەماڵ بۆ سەردانی گۆڕِی باوكم، سۆران دەبینێت گۆڕستانەكە پەرژینی نییەو زۆر پیسەو پڕە لەئاژەڵ، دێتەوە ماڵەوەو بابەتێك لەسەر ئەوە دەنووسێت‌و لەڕۆژنامەی كوردستانی نوێ‌ بڵاویدەكاتەوە‌و دوای نووسینەكەشی شارەوانی پەرژین بۆ گۆڕستانەكە دەكات.

بەداخەوە سۆران لەزۆنی مەرگداو لەژێر سێبەری تیرۆردا كاری ڕۆژنامەنووسیی كردووە سۆرانی مامە حەمە كاتێك شەهید بوو تەمەنی ۲۳ ساڵ بوو، لەناو دونیای ڕۆژنامەگەریی كوردیدا، ڕۆژنامەنوسێك بوو لەزۆنی مەرگدا كاریدەكردو لەژێر سێبەرو ڕەشماڵی تیرۆردا بوو سۆران لەناو دونیای شانۆی كوردیدا، ئەكتەرێك بوو لەشانۆی فرۆشتنی نیشتیماندا ڕۆڵی پاڵەوانێكی دزگری دەبینی، بەڵام شانۆگەرییەكە وەك هەموو شتەكانی تری ئەم وڵاتە پێچەوانە بووەوەو بوو بەدیاردەیەكی ڕاستی‌و دواجار دزەكان بەبەرچاوی هەموو دونیاوە پاڵەوانە ڕۆحسووكەكەی ناو شانۆگەریی فرۆشتنی نیشتیمانیان شەهیدكرد.

كاتێك سۆران شەهید بوو، خەریكی نوسینەوەی چیرۆكی ئەو گەنجانەی شارەكەی بوو، كە نەیاندەزانی جیاوازیی ژیان چییە لەنێوان دەستی تیرۆری بەعسییەكانی دوێنێ‌و تیرۆری شۆڕشگێڕەكانی ئەمڕۆدا، هەوڵەكانی ئەو بۆ ئەوە بوون پێیانبڵێت؛ ئێمە لەبەر ئەوەی هەمیشە ژێردەستە بووین وا پەروەردەكراوین، دیكتاتۆرێكی كوردیمان پێباشتربێت لەدیموكراتخوازێكی بێگانە.

مخابن تا هێشتا بكوژانی شەهیدی قەڵەم سۆرانی مامە حەمە ئاشكرانەكراون، برایەكی سۆرانی مامە حەمەش دەڵێت هێزە ئەمنییەكانی كەركوك زانیاریی تەواویان لەسەر بكوژانی سۆران لەلایە، بەڵام ناوێرن ئاشكرایبكەن.فەرمان مامە حەمە، برای شەهید سۆران، ئاماژە بەوە دەدات كە هێزە ئەمنییەكانی كەركوك، بەتایبەت هێزەكانی پۆلیس زانیاریی تەواویان لەسەر بكوژانی سۆرانی مامە حەمە هەیە "ئێمە دڵنیاین، پۆلیسی كەركوك زانیاریی تەواوی لەسەر بكوژانی مامە حەمە هەیە، بەڵام مەبەستیان نییە، یان ناوێرن ئاشكرایبكەن، چونكە ڕەنگە خۆشیان بەشێك بن لەتاوانەكەو دەستیان لەكارەكەدا هەبێت.

بەداخەوە شەهید سۆران لەزۆنی مەرگدا كاری ڕۆژنامەنووسیی دەكردو بەردەوام لەژێر هەڕەشەی تیرۆردا بوو، سووربوونی شەهیدی قەڵەم سۆرانی مامە حەمە لەسەر ڕووماڵكردن‌و خستنەرووی گەندەڵیی بەرپرسان‌و دەسەڵاتی كوردی لەشاری كەركوك ، چەندان جار ئەوی ڕووبەڕووی هەرەشەو مەترسی كردبووەوەو دوومانگ بەر لەشەهیدكردنیشی، هەڕەشەی كوشتنی لێكرابوو.

سۆرانی مامە حەمە بۆ خستنەڕووی گەندەڵی‌و فەزاحەتەكانی دەسەڵاتی كوردی لەشاری كەركوك‌و خاوەنی چەندان ڕاپۆرتی گرنگ‌و بە بایەخبوو كە بوو بووە مایەی هەراسانكردنی بەرپرسان‌و كەسانی گەندەڵی حیزبی لەو شارەو بە بێترس‌و سڵەمینەوە لەڕاپۆرتەكانیدا ڕووی ناشیرنی ئەوانی گوزارشت لێدەكرد سۆران بڕوای وابوو كە "گەندەڵی‌و خیانەتی جۆراوجۆر لای دەسەڵاتی كوردی بووەتە فەلسەفەو كردوویانە بە فاكتەری بەهێز بۆ مانەوەیان .




پـڕۆفـایـل

--- سۆران محەمەد عەزیز ناسراو بە سۆرانی مامە حەمە لە ۱۹۸۷/۲/۲ لەگەڕەكی شۆریجەی كەركورك لەدایكبووە.

--- لەساڵی (۲۰۰۳)ەوە دەستی بەكاری ڕۆژنامەنووسی كردووە.

--- شاعیرێكی هەستناسك‌و بە توانابووەو خاوەنی دیوانە شیعری (وەرزی بێتاقەتی)ـە.

--- قوتابیی پەیمانگای هونەرە جوانەكانی كەركوك بەشی (بیستن‌و بینین) بوو.

---بەرپرسی نووسینگەی كەركوكی گۆڤاری لڤین بوو.

--- لە ۲۰۰۸/۷/۲۱ لەبەردەم ماڵەكەی خۆیاندا لەگەڕەكی شۆریجەی شاری كەركوك شەهیدكرا.




ڕۆژنامەنووس : شوانە حەسەن ئەبوبەکر

چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر


(دەنگدراوە: 0)