روفاتەکان بهێننەوە بۆ کوردستان

Wednesday, 24/07/2019, 22:52

11343 بینراوە


لە گەڵ دۆزینەوەی گۆڕێکی بەکۆمەڵی ئەنفال کراوەکان، سەدای ( مەیان هێننەوە بۆ هەرێم) لە زۆر لاوە بەرز بووەوە، هۆکار زۆرە بۆ ئەم دەنگی ( مەیان هێننەوە بۆ هەرێم)ە، بەشێکی زۆریان دڵسۆزی و خەمخواردن و مەراق و نائومێدییە لەو سیستەمی بەڕێوەبردن و دەسەڵاتدارێتییەی هەرێم. من وێڕای هاوڕاییم لە گەڵ ئەو دڵسۆزییەدا، بەڵام بە پێچەوانەوە دەڵێم تکایە ( بیانهێننەوە بۆ هەرێم)، بیانهێننەوە بەڵام تکایە مەیان کەن بەژێر خۆڵەوە، ئەوان 31 ساڵە لە ژێر خٶڵدان، دەم و لوت و قوڕگ و کەلەی سەریشیان پڕ بووە لە خۆڵ، ئەوان تێر بوون لە خۆڵ.
تکایە مەیانکەن بەژێر خۆڵەوە، چونکە کە ئەوانتان کرد بە ژێر خۆڵەوە، دیسانەوە زیندە بەچاڵیان دەکەنەوەو، لە گەڵیشیا تاوانەکانی فاشیزمی عەرەبی و ئیسلامی دەشارنەوە، فاشیزمێک کە لەبەر ئەوەی تاوانبار لە خۆی بوو، بەڵام قوربانی لە خۆی نەبوو، بێدەنگی هەڵبژارد و گوێی نەگرت لە ناڵەی ئەو منداڵە ٦ مانگەی کە لەگەڵ دایکیدا پێکەوە درانە بەر فیشەک. ئەگەر ئەو روفاتە پیرۆزانە بشارنەوە، لە گەڵیا ناپیرۆزی بێ ئابڕوویی کۆمەڵگای نێو دەوڵەتی دەشارنەوە!!
ئەگەر ئەوان لە ژێر خۆڵدا بشارنەوە، لە گەڵیشیا چیرۆکەکانی پشتی ئەو مەرگەساتە دەشارنەوە، هاوارو ئازارەکانی پشتی ئەو مەرگەساتە دەکەن بەژێر خۆڵدا و وەک (کارەساتێکی ڕاڕەو) لە هزری نەوەکانی داهاتوودا بە خێرایی دەسڕێتەوە، هەر بۆیە ئێسک و پروسکە پیرۆزەکانیان مەشارنەوە لە ژێر گڵدا، لە جامخانەی مۆزەخانەیەک، یان گەلەرییەکی تایبەتدا هەڵیان بگرن، بە هاوارو قریشکەی ئەو کاتەی ئەوان فیشەک باران کران، چیرۆکی ئەو غەدرو بێدەنگییە بنووسنەوە و لە ژێر ئیسک و پروسکەکاندا چیرۆکەکان هەڵواسن.
ئەگەر هۆشیاری ئەوەتان نەبووەو نییە ئەو برینە سارێژ بکەنەوە بە خزمەتگوزاری و سیستەمێکی بەڕێوەبردنی شایستە، ئەوا لانیکەم با هۆشیاری ئەوەتان هەبێت، کە ئەو ئیسک و پروسکانە وەک ئارگومێنت و فاکتەری بە جینۆساید ناساندنی ئەنفال بپارێزن و، سبەینێ وەفدی هەر وڵات و دام و دەزگایەکی جیهانی هاتە کوردوستان، ناچاری بکەن کە سەرێک بۆئەو ئێسک و پروسکە( بە فیشەک وردو خاش کراوانە) دابنەوێنێت، ناچاری بکەن تا چیرۆکەکان بخوێنێتەوە، دەفتەرێکیان بۆ دابنێن تا ڕاو سەرنجی خۆیانی تیا بنووسن، ئیمزایان پێ بکەن کە ئەنفال هەروەک هۆلۆکۆست جینۆساید بوو، داوای لێبوردنیان پێ بنووسنەوە لەو بێدەنگییەی هەڵیان بژراد لەو کاتەدا، ئێوە هیچ مەکەن بەس بە تەنها ئێسک و پروسکەکان مەشارنەوە، ئەو ئێسک و پروسکانە خۆیان تۆڵەی خۆیان دەکەنەوە، ئەو ئێسک و پروسکانە خۆیان فاشیزمی عەرەبی و ئیسلامی شەرمەزار دەکەن، ئێسک و پروسکەکان خۆیان سەرکۆنەی ئەو بێدەنگییەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەن ، هەروەک چۆن سەعاتەکەی دەستی یەکێک لە ئەنفال کراوەکان کاتژمێری تاوانەکەی دوای ٣١ ساڵ دەرخستووە، ئێسک و پروسکەکانیش بە هەمان شێوە،هاوارو قریشکەی قوربانییەکانی ئەنفال دەدات بە گوێێ دونیای بێ گوێدا، ئێسک و پروسکەکان خۆیان چیرۆکەکانی ئەنفال دەگێڕنەوەو ناهێڵن بە ناتەواوی بمێنێتەوە. ئێوە تەنها ئیسک و پروسکەکان مەشارنەوە، تکایە بیانهێننەوەو دیسانەوە مەیان کەنەوە بەژێر خۆڵدا

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە