کوردبوون

Thursday, 25/07/2019, 12:13

7623 بینراوە


کوردبوون ئاسان نییە، تەنیا بۆ ئەوانە نەبێت، کە ئەرکی قورسایی کوردبوویان لە خۆیان دوورخستۆتەوە، هونەرمەندانە ئەو رێگایەیان هەڵبژاردووە کە وەک کاڵایەک بازرگانی پێوە بکەن، ئەمەش داهێنانێکە لە خۆفرۆشیی.
کاتێک کەسێکی دیکە وەکو کەسێکی بەزیو، نەفرەت لە ناسنامەی خۆی دەکات، بە لایەوە گرنگ نابێت پێی لە کوێ بێت و لە کوێوە بیجوڵێنێت، یان لە چ شوێنێکدا دەگیرسێتەوە، هێندە بێزار دەبێت، تا واز لە ناسنامە و نیشتیمانی خۆی دەهێنێت و هیچ شوێنێک بەلایەوە گرنگ نابێت تا بیکاتە لانە و هەوارگەی خۆی. وازهێنانیش دوو رێگایە بۆ دوو جۆرە کەسایەتییە، یەکەمیان جێهێشتنی نیشتیمان، دووەمیان مانەو لە نیشتیمان بەڵام بۆ مامەلەکردن بۆ فرۆشتنی جەستەی خۆی و جەستەی نیشتیمان، ئەمەی دووەمیان کە زۆر ناشرینە بەوە پێناسە دەکرێت، کە واز لە ناسنامەی خۆی دەهێنێت و ددان بە بێژێتیی و زۆڵبوون لە رەسەنایەتیی خۆی دەنێت، ئەوەی بێژییە دایک و باوکی خۆی ناناسێت، نازانێت لە کوێیوە سەری دەرهێناوە و بەرهەمی چ کارێک بووە. کەسی خۆفرۆش کەسێکی بێژیی و بێناسنامەیە.
خۆفرۆشەکان نمونەیان زۆرە. مەخابن ئەگەر کورد داهێنانی نەبێت، بەڵام داهێنانی لە خۆفرۆشیدا کردووە، سەری خۆفرۆشی داوەتە دەست سەرکردەکانی خۆی، ئەم تایبەتمەندییە لادانە لەو سروشتەی کە لە مێژوودا هەموو مرۆڤەکان بە دوای لانەیەکدا گەڕاون تا بیکەنە جێگە و نیستیمانی خۆیان، تا بە ئارامی تێیدا بژی، بەڵام مێژووی کورد وای بۆ نووسیوینتەوە، کە لەگەڵ خۆیدا حەزی لە ئارامی نەبووە، مێژووەکەی هەمیشە لێسەندنەوەی ئەو شوێنەبووە، کە لێی دانیشتووە و بێگانەی هێناوەتە سەر دایک و خوشک و برا و کەسی خۆی، وەک ئەمەی لە باشوور دەیبینین، تا کەسە دڵسۆز و رەسەنەکان دەرپەڕێنێت، بۆیە کاتێک دەستی لەگەڵ بێگانەیەکدا تێکەڵ کردووە، لێرەوە هەستی بە ئارامی خۆی کردووە. مێژوو ئاوەشمان بۆ دەگێڕێتەوە، هەرواش تۆماری دەکات، بەوەی ئەگەر کورد مەڕ بووبێت، حەزی کردووە گورگ بێتە نێو ماڵی، ئەگەر کۆتر بووبێت، حەزی کردووە داڵێک بە سەرییەوە بێت. ئەو هەستە لای گەورەبووە. مێژوومان پڕکراوە لە خیانەت... لە جاشایەتیی و خۆفرۆشیی، لە رێگای ئەو سەرکردانەوە کە خەڵکەکە متمانەی داوەتە دەستییان بۆ خۆشیان فێربووە جاش و خۆفرۆش پەروەردە بکات، تا نیشتیمانی خۆی بداتێ و لانەکەی بچوک بێتەوە، بۆ ئەوەی نەتوانێت بۆ خۆی تێیدا بژی. ئەمەشیان ناوە شٶڕش، تێیدا ئارامی لە دەرەوەی ماڵی خۆی لەلای دوژمنەکان بینیوە.
جێهێشتنیش واتا وازهێنان و فرۆشتن! فرۆشتنی ئەو شوێنەی پێی دەڵێن نیشتیمان و بازرگانیکردنیش بە خوێنی ئەوانەی کە بەرگری لەسەر مانەوەی خۆیان دەکەن، دژی ئەوانە بووە، کە بە پێچەوانەی خۆیەوە خاکی خۆیان خۆش ویستووە و بەرگرییان لێی کردووە.
هەرێمی کوردستان دیاردەی ئەو نیشتیمانە بچوکەیە، کە نیشتیمانە گەورەکەی تێدا فرۆشراوە و گورگ و داڵەکانیان هێناوەتە نێو ماڵی خۆی، چونکە لەگەڵ دوژمنەکاندا زیاترهەستی بە ئارامی خۆی کردووە.
کورد بە پێچەوانەی هەموو گەڵ و نەتەوەیەکی تر، جاشایەتیی و خۆفرۆشی تێیدا جوان بووە، تام و لەزەت لە کۆیلەبوونی خۆی وەردەگرێت، تەنیا کڕیارەکان وشیاریی ئەدەنێ، پێی دەڵێت تۆی خۆفرۆش! تۆی سوک و ریسوا، هەرچەندە جاشایەتیی بۆ من دەکەیت، لێ تۆ شایستەی ئەوەی بە لەقە بە کەللەتدا بکێشم. (وەک بەڵگە... ئەم رووداوەی خوارەوە بخوێنەرەوە):
جەوهەر جەباریی، یەکێک دەبێت لە جاشەکانی سەید تاهیر جەباری لە کەرکوک، کە پێش ئاشبەتاڵی ساڵی 1974 لەگەڵ سوپای بەعسدا دژی پێشمەرگە، چەندین شەڕ دەکەن، لە شەڕێکدا جەوهەر جەباریی دەگێڕێتەوە، کە چەند مانگێک بەر لە ئاشبەتاڵەکە، لە شەڕێکی گەورەدا سوپای عێراق تێکدەشکێت و ژمارەیەکی زۆر لە فورسان (جاش) لەو شەڕەدا دەکوژرێن. دوایی سەرکردەی فەیلەقەکە لەگەڵ سەید تاهیر جەباری دەچنە شوێنی رووداوەکە، کە لەوێدا بە سەدان لاشەی لێکەوتووە، لە ناکاو گوێی لە دەنگی نوزەیەک دەبێت ئاوڕ دەداتەوە دەبینێت لاشەی جاشێکە کەوتووە و هاوار دەکات، سەرکردەی فەیلەقەکە لە سەرۆکی جاشەکان دەپرسێ، ئەو چی دەڵێت: لە وەڵامدا دەڵێت: قوربان داوای ئاو دەکات! ئەویش دەچیتە لایەوە، دەست بە گیرفانی خۆیدا دەکات و 5 دینارییەکی سور دەردەهێنێت، دادەنەوێتەوە و دەیئاخنێتە دەمی جاشە بریندارەکە، پێی دەڵێت تۆ بۆ پارە ئەمەت کردووە، چۆن داوای ئاو دەکەیت!؟ ئیتر بە لەقە بە سەریدا دەکێشێت وازی لێناهێنێت تا گیانی دەردەچێت. جەوهەر جەباریی، دەگێڕێتەوە کاتێک چاوم بەمە کەوت بەرچاوم تاریک بوو، پاش ماوەیەک بۆ کەرکوک دەگەڕێتەوە واز لە جاشایەتی دەهێنێت.

دەیان رووداوی هاوشێوەی جاشایەتیی و رووی ناشرینی خیانەت دەبیستین، کە تێیدا دوژمن زیاتر لە خۆمان خیانەتییان ریسواکردووە، لە رووداوێکی تردا کاتێک سوپای عێراق لە گوندێکی گەرمیان خەریکی رووخاندنی ماڵێک دەبێت، سەگی ماڵەکە پەلاماری دەمی شۆڤلەکە دەدات، دەست دەکات بە وەڕین دەیەوێت رێگریی لێبکات.. جاشێک بە نیازی کوشتنی سەگەکە کڵاشینکۆفەکەی دەهێنێتەوە یەک، ئەفسەرە عەرەبەکە بەسەریدا هاواڕ دەکات، پێی دەڵێت: ئەو سەگە لە تۆ زۆر شەریفترە، نابینیت بۆچی دەوەڕێت؟ ئەوە پارێزگاری لە ماڵی خاوەنەکەی دەکات، نایەوێت بیڕوخێنین.
لەو رۆژەوە کە ئەوەم خوێندەوە، منیش بڕیارم دا، سەگم زیاتر خۆش بوێت، زیاتر لەو رقەی بەرامبەر بە سەرانی کورد و جاش و پارتەکان لام دروست بوو، چونکە زانیم هیچ کام لەوانە هێندەی سەگێک وەفایان بۆ خاک و خۆڵی نیشتیمان نییە، هیچ خۆشەویستییان بۆ خەڵک و ماڵی میللەت نییە. سەگ بە وەفاترە لەوانەی کە دەسەڵاتدارن، لەوانەی وەزیر و ئەندامپەرلەمان و بەرپرسی باڵان. لە نیشتیمانێکی ئاوادا سەگ و خۆفرۆش دانوویان پێکەوە ناکوڵێت، چونکە سەگ بەوەفایە، خائینی خۆفرۆشیش سپڵە و بێوەفایە، ئەم دوانە هەمیشە دژی یەک بوون، لای ئەوان سەگ سوکە، کاتێک ئەم خۆفرۆشانە دەنگێکی نارازی دەبیستن، دەڵێن با وەکو سەگ بوەڕێت. بەڵام لای من وەڕینی سەگ لە هەزاران وشە و قسەی سەرکردە و بەرپرسەکانی کورد خۆشتر و پڕ ماناترە، چونکە هیوا و ئارامیمان پێ دەدات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە