نهێنی خۆنیشاننەدانی خودا!

Saturday, 27/07/2019, 22:38

15721 بینراوە


زۆرێک لە ئێوە ئەوەی بابەتی منی خوێندبێتەوە دەزانێت من پشتگیری تێۆری سیمولەشن دەکەم بۆ ژیان.

ئەم نوسینە بۆ ئەوە نیە کە من بمەوێت تێۆری سیمولەیشن بسەلمێنم، زیاتر بۆ ئەوەیە کە لەم ژیانەی ئێستادا پێویستمان بە ڕوون کردنەوەی زیاترە بۆ تێگەیشتن لە ژیان و ئەرکەکانمان...
ئەم بیرکردنەوەیە پێمان دەڵێت کە ژیان لەسەر ئەم زەویەو ژیان لەم گەردونەدا تەنها وەک یاریەکی کۆمپیوتەریەو گیانلەبەرەکان هەر جارەو دەورێکی تێدا دەبینن.
هەموو جەستەیەک کە وەک ئەڤەتارێک/بوکەڵە بەکار دێت بەشێکە لەم یاریەو ڕۆحیش بەهەمان شیوە بەشێکە لەم یاریە...
ئێمە وا باوەرمان پێکراوە کە قبوڵی ئەوە بکەین ئەم جەستەی هەمانە ڕاستیە و ژیان تەنها ئەوەیە کە ئێمە لە سەر زەوی بەسەری دەبەین.. بەڵام ئەوە راست نیە..
ئەم جەستەی ئێمە هەمانە ئەڤەتارێکە کە بە کاتی ئەم جەستەیە بەکار دەهێنێت لە یاری ژیاندا.
ئێمە خاوەنی ڕۆحێکین کە هەرگیز نامرێت واتە وزەیەو لەناو ناچێت..ئەم جەستەیەی کە بەکاری دەهێنین لەم دونیایەدا تەنها تاقی کردنەوەیەکی کاتی یە. لەم یاری ژیانەدا چەند سنورێکیان بۆ داناوین کە نەتوانین ئەو سنورانە ببەزێنن، تەنها ئەو کەسانەی کە ڕۆحانین دەتوانن کەمێک لەو سنورانە ببەزێنن. زۆرێک لە ئیمە وا گیرۆدەی ئەم ژیانە بوە لە یادی کردوە کە ئێمە کێن و چی هێزێکمان هەیە..خۆپەرستی و ماددی وای کردوە کە گرنگی ژیانمان لە یاد کردوە..ئێستا یاریەکە بوە بە یاری کێ دەتوانێت زۆر پارەی هەبێت، کێ دەتوانێت ناودار بێت، کێ دەتوانێت ژیانێکی ڕەفایی هەبێت..
خۆی لە سەرەتادا یەک هۆکار هەیە بۆ بونی ئێمە لەم ژیانەدا، ئەویش ئەوەیە کە بتوانین ئاگایی ولەرینمان بەرز بکەینەوە ، ئەگەر ئەمە لە سەرەتای ژیانەوە بزانین ئەوا ژیانمان زۆر جودا دەبو لە ئێستا..ئەگەر هەموو یەکترمان قبوڵ بێت، یەکترمان خۆش بوێت، درۆ لەگەڵ خۆمان ویەکتر نەکەین، کاری خراپە نەکەین ئەوا دەگەینە ئەو پلەیە..ئەگەر ئەمانە هەموو بکەین ئەوا ئەو کات ژیان لەسەر زەوی خۆی لە خۆیدا دەبوە بەهەشت و پێویست نەبوو ئێمە عەوداڵی بەهەشت بین خەڵک سەربڕین بۆ ئەوەی بەو بەهەشتە شادبین.
ئیستا بە قوڵتر دەچمە ناو ئەم باسەوە..شەش خاڵ هەیە کە گرنگە بیزانیت.
یەکەم: ئەم دونیایەی ئێمەی تێدا دەژین سیمولەیشنە واتە وەک یاری کۆمپیوتەر وایە، ئەگەر بابەتەکانی پێشوتری منت خوێندبێتەوە دەزانێت کە من زۆر بە توندی پشتگیری ئەم تێۆوریە دەکەم، لەبەر ئەوەی ئەگەر کەمێک بە قوڵی بیر بکەیتەوە ئەوا تۆش دەگەیتە هەمان بۆچونی من.
دووەم: هەموو شتێک لەم سیمولەیشنە زانیاریە واتە داتایە..ئەمە واتای ئەو شتانەی کە تۆ دەیبینیت بە ڕەق و نەرمەوە بە شلەمەنی و خەستیەوە ، ئاژەڵەکان و ئەو جەستەیشی کە ئێمە بەکاری دەهینین، هەست و شعوریش هەمووی داتایەو هیچی تر واتە لە ناو کۆمپیوتەرێکدا نوسراوە دەبێتە ئەو یاری ژیانەی کە ئێمەی تێداین. پێوسیت ناکات لەم بیرۆکەیە بترسیت من تەنها ڕاستیەکانت نیشان دەدەم.
ئەم ژیانە بەراورد بکە بە یاری پۆپجی، لە ناو یاریەکە هەموو شتەکان ڕاستین و کەسەکان بە ڕاستی دەکوژرێن..بەڵام لە راستیدا هەمووی داتایە لەسەر هاردی کۆمپیوتەرێک یان پلەیستەیشنێک نوسراوە و منداڵێکی لە پشتەوەیە کە یاری پێ دەکات..
سێیەم: لەم سیمولەیشنە چەند سنورێکمان بۆ دانراوە..نمونە ناتوانیت بە ناو دیواردا بڕۆیت، ناتوانیت بەسەر ئاودا بڕۆیت..ناتوانیت بفڕیت و هتد....ئەم چەند سنورە کەسی دروستکەر کە دوای دێمەوە سەری ئەم سنورانەی داناوە. کەسانێکی کەم هەن بتوانن ئەم سنورانە ببەزێنن ، نمونەی بودیەکان..بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەوان هەر لەسەر زەوین و دەژین لە جەستەیەکی وەک جەستەی من و تۆ، واتە گۆرانکاری ڕیشەیی رونادات لە ئاڤاتارەکەدا..
چوارەم:
ڕوداوەکانی ئایندە هەمویی جێگیر نیە ١٠٠% واتە گریمانەیەو کات هەیە کە تۆ دەتوانیت بە لایەکدا بیبەیت بەڵام لە سنوری ئەو ژیانەی کە بۆت دانراوە وەک لە بابەتی پێشتور باسم کردوە، ئەوەش بەوە ناسراوە کە ئێمە ئازادین لە بیر کردنەوە و ویست و کردارەکانمان. کەواتە ڕۆحەکەمان بڕیار دەدات چی بکەین یان چۆن هەڵسو کەوت بکەین پاشان جەستە جێ بە جێی دەکات وەک بوکەڵەیەک.

پێنجەم: ئەم خاڵەم پێشتر باس کرد، کە ئێمە یاری ژیان دەکەین تا فێر بین ئاگاییمان ببەینە سەرەوە.
خاڵی سەرەکی ژیان ئەوەیە کە لەرینی ئاگاییمان بەرز بکەینەوە، کەسانێک هەن خراپە دەکەن، بۆی هەیە لە شوێنێکی خراپدا ژیان بەسەر ببەن، هەیە دزی دەکات هەیە پیاو دەکوژێت..ئەمە بۆی هەیە یان ویستی ڕۆحەکە بیت یان کاریگەری چواردەور..
کەواتە ئەگەر هەموو کاری باشە بکەین ئەوا ئاگایی هەمومان پێکەوە دەچێتە سەرەوە، بەڵام ئەگەر کاری خراپە بکەیت ئەوا ئاگاییت دێتە خوارەوە و دەبێت چەندەها جار ئەم ژیانە دوبارەو سێ بارە بکەیتەوە تا فێر دەبیت.
شەشەم: ڕۆحی ئێمە پێش لەدایک بونمان بونی هەبوە و دوای لەمردنیشمان بەهەمان شیوە هەر بونی دەبێت..کەواتە مردن بونی نیە، تەنها جەستە دەکوژێتەوە و ڕۆح دەچێتەوە شوینی دابەش کردن و سەرلەنوێ ژیانێکی تر دەست پێ دەکاتەوە بە ئەڤەتارێکی ترەوە یان بوکەڵەیەکی ترەوە.. ئەمەش نمونەی چەند ناودارێک کە پیشتر ژیاون و هەمان شێوەشیان هەبوە.
دوبارە ژیانەوە


ئیستا شەش خالەکەم نوسی با زیاتر قوڵببمەوە لەم باسەدا.
لە راستید ائەم زەمەنە زەمەنی فێر بون و بەرزکردنەوەی ئاگاییە، تەکنەلۆژی ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو پێش دەچێت، بە جۆرێک لە جۆرەکان ژیان دەگۆڕێت، واتە ناکرێت مرۆڤ لە پێستە کۆنەکەیدا بمێنێتەوە بە هەمان بیرو بۆچونی کۆنەوە ژیان بەسەر بەرێت.
ئێستا سیناریۆیەکتان دێنمە پیش چاو..
ئەم سیناریۆیەم کردوە بە پێنج بەشەوە و بەش بەش شیکرندەوەی بۆ دەکەم، ئەگەر بەم شیوەیە بژین ئەوا ئاگایی هەمومان بەرز دەبێتەوە بۆ ئاستێکی باڵاتر..
خاڵی یەکەم: ناسیونالیست، ڕاسیست، ڕەگەزپەرستی..ئەمانە هەموو بەشێکن لە یاری ژیان..ئەمەش دوو هۆکاری هەیە، یەکەم ترس دوەم ڕق واتە سەرچاوەی بیری ڕەگەزپەرستی و ڕاشیستی ترس و ڕقە، ئەم دوو جۆرە بیرکردنەوەیە وا دەکات کە ئاگایی مرۆڤ بەرەو سەرەوە نەچێت و بگرە بەرەو خوارەوە دەیبات.
ئەمەش دژی ئەو خاڵەیە کە ئێمە بۆ لێرەین بۆ دەژین، لە بری ئەوەی بڕیار لەسەر خەڵک بدەیت لەسەر ڕەگەزی یان رەنگی ، باشترە بڕیار بدەین لەسەر کردارەکانیان، کەسایەتییان..هەتا هەڵسو کەوتمان لەگەڵ ئاژەڵەکانیش دەبێت بگۆڕین، ئەوانیش وەک من تۆ ڕۆحیان هەیە ئەو جەستەی هەیانە کاتیە وەک ئێمەی مرۆڤ بەڵام ئەوان لە چڕیەکی تردا دەژین.
ئەگەر بیر بکەیتەوە کە ئێمە لەسەرەتاوە یەکێکین، واتە جێگە نامێنێت بۆ ڕەگەزپەرستی، جیاوازی نێوان ڕەش و سپی..تورک و کورد..لەبەر ئەوەی لە بنەڕەتدا ئێمە سەرچاوەی یەک وزەین واتە یەکین بێ جیاوازی. بۆی هەیە ژیانی پێشوت تۆ چینی بوبیت پێشتر ئەفریقی و ئێستا سپی پێست..واتە هەمومان بە هەموو تاقیکردنەوەکاندا تێدەپەڕین، بۆیە دەبێت رێز لە یەکتر بگرین وەک لەوەی دژایەتی یەکتری بکەین..
خاڵی دوەم: گرنگە کە لە منداڵیەوە فێر بکرێن گرنگی بدەین بە ئاگایی و بەرەوپێشچوون لەو بوارەدا..واتە ئیتر مادە و مەنسەب گرنگ نەبێت بەڵک و ئاگایی ببێتە خاڵی سەرەکی بۆ هەموان..ئەوسا هەمو کرداری باش دەکەین بۆ ئەوەی ئاگاییمان سەرکەوێت لە هەمان کاتددا هەمومان بە خۆشی و شادی پێکەوە دەژین دور لە شەڕ و کاولکاری ویەکتر کوشتن. بۆ ئەوەی ئاگایی بەرز بکەیتەوە هیچ پێویست بەوە ناکات بچیتە ناو شاخێکەوە و بچیتە خەڵوەتەوە، تەنها باش بە بۆ خۆت و چواردەورەکەت ئەوە کافیە بۆ ئەوەی ئاگاییت بەرز ببێتەوە.
خاڵی سێیەم: دەبێتە ببینە یاریدەدەری یەکتر و یەکتر خۆش ویستن لە بری پێشکەوتن لەگەڵ یەکتر..لە وەرزشدا پێشکەوتن کارێکی باشە و ڕێگایەکە بۆ سەرکەوتن..بەڵام بۆ فەلسەفەی ژیان باشترە پێکەوە کار بکەین بۆ بەرەوپێشچوون لەسەر بنەمای خۆشەویستی..
نمونە : ئەوانەی پێکەوە هەرەوەز دەکەن لە کۆتایی ڕۆژدا بەرهەمیان زیاد دەکات و پەیونەدیەکی پتەو لە نێونیاندا هەیە.
لەگەڵە ئەوەشدا مافیاکان پێکەوە کار دەکەن بەڵام هەر خەریکی کوشت و کوشتارن خەریکی دزی و ترساندن ، واتە لەسەر بنەمای ترس کار دەکەن..ئیستا کامیان باشترە؟ حەتمەن پێکەوە کار کردن لەسەر بنەمای خۆشەویستی..
خاڵی چوارەم: ئەم خاڵە زۆر قورسە بۆ زۆرینەی خەڵک، ئەویش ئەوەیە دوربکەویتەوە لە دین و عادات و تەقالید.
لە ڕاستیدا لەبەر ئەوەی ئێمە لە ناو سیمولەیشندا دەژین واتە دروستکەرێک هەیە.. بەس ئایا خوای ناو تەوراتە؟ ئایا ئەڵای ئیسلامە؟ یان شیڤای هیندۆسەکانە یان بۆدای بۆدیەکانە؟ لە راستیدا کەس نازانێت خوا چیە و کەس خوای نەدیوە..بۆچی کەس خوای نەدیوە ؟ وەڵامەکەی زۆر ئاسانە، لەبەر ئەوەی خودی دروستکەر لەدەرەوەی ئەم سیمولەیشنەکەدا دەژی کە ئێمەی تێدا دەژین..وەک باسم کرد ئەو کەسەی بەرنامەی کۆمپیوتەر دەنوسێت خۆی لەناو یاریەکەدا نیە، لەبەر ئەوە ئەو لەناو کۆمپیوتەرەکەدا نیەو لەدەرەوەی کۆمپیوتەرەکە کارەکانی ئەنجام دەدات، واتە ئەو خۆی لە دەرەوەی ژیانی ناو سیمولەیشنەکەیە..ئەمەش ئەو هۆکارەیە کە بۆچی تا ئێستا نە کەس خوا یان دروستکەری بینیوە و نەکەسیش دەتوانیت ببینێت..دین وەڵامی ڕاستی پی نیە، هەربۆیە هێندە دین زۆرە، باشە دین جێگای خۆی هەیە لەناو کۆمەڵگادا بەڵام دین هیچ وەڵامێکی باوەڕپێکراوی پێ نیە لەسەر خودا یان دروستکەر، وەڵامەکانی دین هەمووی شاراوەن بۆت نیە بپرسی کوا خوا ؟ یان دەمەوێت لەگەڵ خوا بە فعلی قسە بکەم..واتە دین پێک هاتوە لە ترساندن بۆ کۆنترۆڵکردن.
بە بۆچونی من سێ دروستکەر هەیە..یەکەمیان دروستکەری فعلیە لە دەرەوەی یاریەکە واتە دەرەوەی سیمولەیشنەکە، دروستکەری دوەم ئەو بونەوەرانەن لە دانسەتی یان چڕی حەوت..دروستکەری سێیەم خودی ناخی مرۆڤە...هەڵبەتە هەر دروستکەرێک توانایەکی تایبەت بە خۆی هەیە..
ئەگەر ئێمە بزانین مردن بونی نیە و ژیانمان هەتا هەتاییە، دوای مردنی جەستە ڕۆح دەگەڕێتەوە، واتە کەس ناچێتە بەهەشت و ناشچێتە جەهەنم..ئەوا ئەوکات بیرکردنەوەمان دەگۆرێت بەرامبەر بە دین و ژیان.

یەک خاڵ هەیە گرنگە حەز دەکەم ڕونی بکەمەوە:
زۆر کەس هەیە لە سەرەتای ژیانیەوە تا کۆتایی ژیانی دوعا دەکات و هیچ کات هیچ بەدەست ناهێنێت. بۆ؟ لەبەر ئەوەی دروستکەری یەکەم ناتوانێت گوێ بیستی داواو دوعاو نزا بێت ئەو خۆی لەدەرەوەی یاریەکەیە واتە وەک ئەوە وایە تۆ یاری سیمس بکەیت کەسێکی ناو یاری کۆمپیوتەرەکە داوای یارمەتی لە تۆ بکات، ئەگەر لە ناو پڕۆگرامەکە دەستێوەردان نەبێت کەواتە تۆش ناتوانیت یارمەتی بدەیت.. بەڵام دروستکەری دووەم کە لە چڕی حەوتن ئەوان دەتوانن گوێ بیستی داواکاریەکانت بن..بەڵام دەبێت بزانیت چۆن داوای دەکەیت لە پاڵ داواکردنەکانتدا دەبێت هەوڵیشی بۆ بدەیت..هیچ شتێک لە خۆوە بەدەست نایەت.. نمونە من دەمەوێت ببمە ملیۆنەر ئەگەر لەسەر تەنورێک دانیشم هەر بڵێم دەمەوێت ببمە ملیۆنەر ئەمە ڕوو نادات، بەڵام ئەگەر لەگەڵ وسیتی بوون بە ملیۆنەر هەنگاویشی بۆ بنێم ئەوا گریمانەی بوون بە ملیۆنەر زۆر زیاترە..واتە دروستکەری دوەم گوێ بیستی داواکان دەبێت بەڵام دەبیت لەگەڵ داواکان هەنگاوی بۆ بنێیت..

خاڵی پێنجەم: ڕۆح هیچ کات نامرێت لەناو ناچێت خراپ نابێت کۆن نابێت پیر نابێت..
نمونە : ئەوکەسانەی کە شەلەل دەماخ یان ئیفلیجن یان کەڕو لاڵن ئەمە مانای ئەوە نیە کە ڕۆحەکەیان ئەو نەخۆشیەی هەیە، ئەمە تەنها ئەوەیە کە بوکەڵەکە/ئەڤەتارەکە نەخۆشە یان تێک چووە..واتە ژیانی ئایندە بۆی هەیە لە منیش قۆز تر بیت ..

ئێمە وا تێگەێنراوین کە مردن کۆتا وێسگەی ژیانە، بەڵام لە راستیدا مردن تەنها ئەو ئەڤەتارە دەمرێت کە ئەو دەورەی هەیە لەو کاتە دیاریکراوەدا..باشە ئەو ئەڤەتارە مێژویەکی کاتی تۆمار دەکات، دوای مردن ڕۆحەکەی دوبارە لەسەرەتاوە دەست پی دەکاتەوە..
بۆئەمەش زانیاری زانستی زۆرە کە پشتگیری ئەم تێۆریە دەکات..نمونە باوک هاتۆتەوە وەک کوڕ یان کچی کچەکەی خۆی، باپیرە هاتۆتەوە وەک کورەزا..هتد..ئەمەش پێی دەڵێن (Reincarnation).
ئەو ڤیدیۆیەی سەرەوە باسی چوار حاڵەتە کە ڕۆحەکە دوبارە هاتۆتەوە ژیان بەڵام لە جەستەیەکی تازەدا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە