دەزانیت ئیستا قادر حەمە جان خەریکی چییە؟

Tuesday, 30/07/2019, 0:39

12044 بینراوە


حاکم قادر حەمەجان سەرپەرشتیارى مەڵبەندى سلێمانى یەکێتى نیشتمانى کوردستان بەبێ گەڕانەوە بۆ ڕاى زۆرینەى یەکێتى و بەشێوەیەکى تاکلایەنە سەرقاڵى گۆڕینى ئەو بەرپرسى کۆمیتانەیە کە زۆرینەیان لەسنورى مەڵبەندى سلێمانى سەر هێڵى گشتین.
حاکم قادر ئەندامى دەستەى کارگێڕى یەکێتى نیشتمانى، هاوکات وەکو سەرپەرشیارى مەڵبەندى یەکێتى ساڵى ٢٠١٨ دەستنیشانکرا، بەگوێرەى زانیارییەکان، حاکم قادر لەماوەى دەستبەکاربوونى هەردوو پۆستەى بەکارهێناوە بۆ تەسفیەکردنى ڕکابەرەکانى و بەهێزکردنى لایەنگرانى خۆى.
لەدواهەمین هەوڵیشدا حاکم قادر پۆستى سەرپەرشتیارى مەڵبەندى سلێمانى بەکارهێناوە بۆ گۆڕینى چەندین بەرپرسى کۆمیتە و لەئێستاشدا بەهەموو توانیاوە سەرقاڵى تەسفیەکردنى حساباتە لەگەڵ ئەو بەرپرسى کۆمیتانەى لەهێڵى گشتى واتە (ماڵى مام جەلال) وە نزیکن.
بەگوێرەى ئەو زانیاریانە، حاکم قادر بڕیارى گۆڕینى بەرپرسى چەندین کۆمیتەى داوە لەوانەش کۆمیتەکانى (بەکرەجۆ، بازیان، دەربەندیخان) بەبێ ئەوەى هۆکارى گۆڕانکارییەکان ڕوون و ئاشکرا بێت بۆ چ مەبەستێک ئەنجام دەدرێت، بۆیە بەشێک لەو بەرپرس کۆمیتانە نەچوونەتە ژێربارى داواکارییەکەى سەرپەرشتیارى مەڵبەندى سلێمانى یەکێتى نیشتمانى کوردستان بەڕوونى ڕایانگەیاندووە، کە ئەوان "پابەندى ئەو بڕیارە نابن".
هەر بەگوێرەى زانیارییەکان، پابەند نەبوونى ئەو بەرپرس کۆمیتانە نیگەرانى زۆرى لاى حاکم قادر دروستکردووە، بۆیە بڕیارى جوڵاندنى هێزى ئەمنى داوە، هەڕەشەى ئەوەیکردووە ئەگەر بێت و کۆمیتەکە چۆڵنەکەن ئەوا بەهێز کۆمیتەکەیان پێ چۆڵدەکات و بەرپرس کۆمیتەى نوێ دادەنێت.
سەرچاوەیەکى باڵا لەیەکێتى نیشتمانى کوردستان ئەوەى ئاشکراکرد، بەرپرسى کۆمیتەى بازیانى یەکێتى کە یەکێک بووە لە کەسە نزیکەکانى ماڵى مام جەلال لەلایەن حاکم قادر حەمەجانەوە تەنگى پێهەڵچنراوە بەڵام ئامادەنەبووە پۆستەکەى ڕادەستبکات و بڕیارەکەى حاکم قادرى ڕەتکردووەتەوە.
حاکم قادر لەکاردانەوەى پابەند نەبوونى ئەو بەرپرس کۆمیتەیە هێزێکى ئەمنى تایبەت بەخۆى جوڵاندووە، بەناوى "کوردش گارد" کە لە چوارچێوەى کۆمپانیایەکى ئەمنی کاردەکات، ئەو هێزە هەڵیانکوتاوەتە سەر بەرپرسى کۆمیتەى بازیان و دەرگاى کۆمیتەیان شکاندووە و بەرپرس کۆمیتەکەیان لەکارەکەى دروخستووەتەوە، بەبێ ئەوەى ڕوونکردنەوە بدەنێ. 
سەرچاوە باڵاکەى یەکێتى ئەوەشى پشتڕاستکردەوە، ئەو بەرپرس کۆمیتانەى لەلایەن حاکم قادر سەرپەرشیارى مەڵبەندى سلێمانى کراون بەئەمانج ئەو بەرپرسانە بوون، زۆترین نزیکایەتیان لەگەڵ ماڵى مام جەلال هەبووە و لەکاتى قەیران و بێهێزبوونى یەکێتى کاریان لەگەڵ ئەو باڵەکردووە و تێوەنەگلاون لە ململانێ باڵەکانى دیکە بەتایبەت ڕەتیانکردووەتەوە لەگەڵ ببن بە #هاودیدى بەرهەم ساڵح ساڵى ٢٠١٨
هەر بەگوێرەى زانیارییەکان، ئەم جوڵانەى حاکم قادر پەیوەستە بە ئامادەکارى بۆ کۆنگرەى چوارەمى یەکێتى نیشتمانى کوردستان کە چاوەڕوان دەکرێت تا کۆتایى ئەمساڵ ببەسترێت، دوێنى وەفدێکى تایبەت بەکۆنگرە سەردانى بافڵ تاڵەبانى کردووە، ئەویش جەختى لەئەنجامدانى کۆنگرە کردووەتەوە.
سەرچاوە باڵاکەى یەکێتى ئەوەشى پێستڕاستکردەوە، نەیشاردەوە ئەو گۆڕانکارییانەى لەمەڵبەندى سلێمانى دەکرێت وەکو مەڵەبەندى دایک بۆ بەهێزکردنى پێگەى باڵێکە لەناو مەڵبەندەکە و لاوازکردنى پێگەى ماڵى مام جەلال کە لەهیچ سەردەمێکدا وەکو هێڵى گشتى سازشیان لەسەر ئەو مەڵبەندە نەکردووە، بەدڵى یەکێتى زانیویانە.
ووتیشى: "گۆڕانکارییەکان بێڕگرن نابن، چونکە موافەقەتى گشتى یەکێتى و هەمووان لەسەر گۆڕانکارییەکان نیە و تەنها لایەنێک لەگەڵ گۆڕانکارییەکاندایە بۆ لاسەنگکردنى پارسەنگى هێز بەلاى خۆیدا بۆ کۆنگرەى داهاتوو، ئەوەش ڕەنگە کاردانەوەى بەرامبەرکانى لێبکەوێتەوە".
تائێستا هیچ کاردانەوەیەکى هێڵى گشتى نەزانراوە لەلایەن ماڵى مام جەلالەوە، بەڵام ئەوەى پێشبینى دەکرێت ڕەنگە ئەم گۆڕانکارییانەى بەرپرسە گەورەکانى ئەو باڵە نیگەران بکات، بەتایبەت کە ئێستا ئەوان لە ترۆپکى دەسەڵاتى یەکێتیدان، بۆیە هیچ ئەگەرێک نیە ڕێگە بدەن باڵەکەیان لەلایەن حاکم قادر سەرپەرشتیارى مەڵبەندى سلێمانى و ئەندامى دەستەى کارگێڕى تەسفیە بکرێت، لەکاتێکدا کۆنگرەى یەکێتى بەرێوەیە ئەوانیش وەکو لایەنى بەهێزى یەکێتى سەرقاڵى پلان و پڕۆژەى خۆیانن بۆ ئایندەى یەکێتى.

کادیرێکی مەڵبەندی ١ سلێمانی


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە