دەسەڵاتی کوردیی، یان دەسەڵاتی دوژمن!؟

Wednesday, 31/07/2019, 12:02

6580 بینراوە


گەورەترین هەڵە، کە بەردەوام هەموومان دەیکەین، ئەوەیە کە ئەو دەسەڵاتەی لە باشووردا هەیە، بە (دەسەڵاتی کوردیی) پێناسەی دەکەین.
کاتێک دەڵێن: (دەسەڵاتی کوردی)، بەمەدا هەر خۆمان ددانی پێدادەنێین، ئەو سیستەمە سیاسیی و ئیدارییەی، کە لە باشووردا هەیە، کورد بۆ خۆی خاوەنێتی و بەڕێوەی دەبات، ئەگەر ئەمە راست بێت، ئیتر مافی ئەوەمان نامێنێت دژایەتی دەسەڵاتەکەی خۆمان بکەین و رەوای پێنەدەین، چونکە ئێمە خۆمان توانای هەموو شتێکمان لە ناو دەسەڵاتەکەی خۆماندا هەیە، چونکە دەسەڵاتی خۆمانە، دەتوانین گۆڕانکاریی و جۆری بەڕیوەبردن لەناو سیستەمی سیاسیی و ئیدارییەکەیدا بکەین، هەروەها دەتوانین چاکسازیی و دەستاودەستی بەڕیوەبردن لە ناو دەسەڵاتەکانی نێو سیستەمەکەدا بکەین. بە پێچەوانەوە هەر کاتێک خەڵکەکە نەیتوانی دەستکاری دەسەڵاتی خۆی بکات، ئەوە مانای وایە ئەو دەسەڵاتە نە هی  خەڵکە و نە دەسەڵاتی کوردە. بەڵکو دەسەڵاتێکی دیکتاتۆرە، یان لایەن و دەستێکی دەرەکی لە رێگای کەسانی ناو وڵاتەکە ئەو سیستەمە سیاسیی و ئیدارییە بەڕیوە دەبات،، ئەمەش هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ وڵاتێکی ژێردەستە، کە داگیرکەر هاتبێتە ناوییەوە و بەڕیوەی بەرێت.
ئەمڕۆ عەقڵی بەڕیوەبردنی وڵاتێک لەلایەن داگیرکەرانەوە، گۆڕانکاری زۆری بەسەردا هاتووە، ئەو داگیرکەرە راستەوخۆ هێرش ناکاتە سەر وڵاتێکی تر، وەک نمونە لە کوردستاندا خائینەکانی کورد، کە وەک کەسانی سیاسیی! رێکخراو و پارتیی سیاسییان لە کوردستاندا هەیە، ئەوانەی خۆیان کردۆتە سەرکردە و رابەر و بەرپرس. ئەوانە بۆ داگیرکەرەکانی بەڕیوە دەبەن، دەستیان بەسەر هەموو شتێکدا گرتووە! هەرچەندە پێشتر لە پێناسەیەکی جیاوازدا بۆ داعش و دەسەڵاتی کوردیی پێناسەی دەسەڵاتی کوردییم وەکو دەسەڵاتی دوژمن کردووە. لەوێدا وتومە، کە  دەسەڵاتی کوردی مۆدێلێکی نوێی بەڕیوەبردنە، کە داگیرکەر وەک دەوڵەتێکی کۆلۆنیالی حوکمی نەتەوەیەکی بندەستی پێدەکات، بێ ئەوەی راستەوخۆ داگیرکەرەکە خۆی بچێتە ئەو شوێنە، سیخوڕ و خائینانەکان بە وەکالەت بۆی بەڕێوە دەبەن. (بڕوانە نووسینەکە):

چارەسەر لە دەرەوەی خۆپیشاندانە

لە دوای راپەڕینی ساڵی ١٩٩١، کاتێک باشوور لە دەست رژێم و دەسەڵاتی بەعس رزگاری بوو، کەوتە ژێر دەسەڵاتێکی ستەمکارتر و دڕندەتر، کە ئاکامەکەی زۆر لە سەردەمی بەعس خراپتر بوو، ئەوەی بەعس بەرامبەر بە کورد کردی، دەسەڵاتی کۆپیکراوی دوژمن، بەناوی دەسەڵاتی کوردیی، خراپتریان بە کورد کرد.
کورد خاوەنی دەسەڵاتی خۆی نییە، شەرمەزارییە بۆ مێژوو، ئەگەر ئێمە ئەو دەسەڵاتە بە (دەسەڵاتی کورد) پێناسە بکەین، ئەمیش تەنیا لەبەر ئەوەی، بەرپرسەکان بە کوردیی قسە دەکەن و پوشاکی کوردیی لەبەردەکەن، بۆیە نابێت وەکو کورد سەیر بکرێن.
ئەو دەسەڵاتەی کە بەشێک لە باشوور بە ناوی هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەبەن، لە دوژمن دوژمنترن.
کورد لەبەردەم مەترسییەکەی گەورەدایە، لە لێواری نەمان و تێداچووندایە.
چارەسەر تەنیا یەکێتیی و خۆکۆکردنەوەیە، کە هەموو بتوانین دەسەڵاتی دوژمن لە کوردستاندا نەهێڵین. دەسەڵاتی پارتەکان مۆتەکەن بەسەر خەڵکی باشوورەوە، دەبێت یەکبگرین بۆ لەناوبردنیان.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە