دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کوردستان لە ٢٠٢٠دا


پرۆژەیەک بۆ بە ئارگومێنت کردنی روفاتی پیرۆزی ئەنفال کراوانی سەماوە!!

Thursday, 08.01.2019, 13:37

2149 بینراوە


بەڕێزان کەس و کاری ئەنفال کراوانی بەکۆمەڵی دەشتی سەماوە!
بەڕێزان خەڵکی ئازادیخوازو خەمخۆری کوردستان!
---------------------
بەو پێیەی کە گۆڕی بە کۆمەلێ ئەنفال کراوانی دەشتی سەماوە تایبەتمەندی خۆی هەیە، لەو ڕووەوە کە:
١/ تەواوی قوربانیانی ئەم گۆڕە بە کۆمەڵە ژن و منداڵن، واتە خەڵکی سیڤیل و بێچەک بوون.
٢/ جلو بەرگەکان و ئەو کەرەستانەی تر کە لە گۆڕەکەدا دۆزراونەتەوە دەیسەلمێنن کە خەڵکی گەرمیان و لە ئەنفال کراوانی گەرمیانن.
٣/ شوێی رووداوەکە شایەتی چەند رزگاربوویەکی ئەنفال پشت راست دەکاتەوە کە لە دوای ڕاپەڕینەوە ئاماژەیان بەو شوێنە داوەو هەندێکیشیان لە دادگایی کردنی سەدامی تاوانکاردا بەشدارییان کردو دووپاتیان کردەوە کە لەو شوێنەدا کەس و کاریان ئەنفال کراوە.
هەر بۆیە پێشنیار دەکەم و ئومێدیش دەکەم و چاوەڕوانیشم لە ئێوە ئەوەیە کە پشتیوان بن لەوەی ئێسک و پروسکی ئەم گۆڕە بە کۆمەڵە لە مۆزەخانەیەک، جامخانەیەک، لە بەردەمی پەرلەماندا یان لە هەر شوێنێکی گونجاودا بپارێزرێت، لە بەر ئەم هۆیانەی خوارەوە
١/ دووبارە شاردنەوەی ئەم ئێسک و پرۆسکانە، دووبارە زیندە بەچال کردنەوەیانە. هەروەها دەکاتە شاردنەوەی تاوانەکەو تاوانبارانیش، بەڵآم پاراستن و هەڵگرتنی ئەم ئێسک و پروسکانە کۆسپ و رێگرە لە دووبارە بوونەوەی ئەنفال لە ئاییندەدا.
٢/ لە کاتێکدا کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و شەقامی عەرەبیش پێیان وا بوو، ئەوانەی سەدام ئەنفالی کردن تەنها پێشمەرگەو چەک بە دەست بوون و لە شەڕوو رووبە روو بوونەوەدا حالەتی وا روو دەدات، بەڵآم ئەم گۆڕە بە کۆمەڵە ئەو پەردە لە سەر ئەو درۆ گەورەیە ڕادەماڵێت و وەحشیەت و فاشیەتی بەعس دەردەخات، لەوەی کە سڵی لە کوشتنی منداڵی ٦ مانگەش نەکردۆتەوەو، بە هەموو پێوەرو ستانداردە نێو دەوڵەتیەکان ئەم گۆڕە بە کۆمەڵەی سەماوە، سەلمێنەری پرۆسەی جینۆسایدی ئەنفالە.
٣/ روفاتەکان ئەگەر لە مۆزەخانەیەک یان شوێنێکی تایبەتدا دابندرێت، وەک ئارگومێنتێکی زیندوو دەمێنێتەوە بۆ بە جیهانی ناساندنی ئەنفال وەک جینۆساید،لە سبەینێیەکدا کە وەفدی وڵاتان و دام و دەزگا جیهانییەکان سەردانی کوردوستان دەکەن، دەکرێت ببرێنە سەردانی ئەو روفاتانەو ئیمزای بە جینۆساید ناساندنی ئەنفالیان پێ بکەن و رای نووسراویان لێوەربگرن تایبەت بەو دۆزە.
٤/ ئەم روفاتانە ئەگەر نەشاردرێتەوە وەک کەرەستەو کەلەپورێک بۆ مەرگەساتی میلەتێک دەمێنێتەوە کە دەکرێت نەوەکانی داهاتوو دەرس و تەجرەبەو ئیلهامی لێوەربگرن.
٥/ ئەگەر ئەم ئێسک و ئەم ئێسک و پروسکانە نەشاردرێنەوەو لە شوێنێکدا بپارێزرێن، دەکرێت وەک بابەتی ( مێژوویەکی تاریکی کۆمەڵگایەک) لە قوتابخانەکاندا بخوێندرێت و قوتابیانی کوردو خوێندکارانی زانکۆی کوردو غەیرە کوردیش سەردانی ئەو ئێسک و پروسکانە بکەن و ئاگاداری ئەو مێژووە بن و توێژینەوەو لێکۆڵینەوەی دەروونی و کۆمەڵناسی لە سەر بکەن و ببێتە هۆکارێک و ڕۆشنبیرییەکی گشتی، بۆ ڕێگە گرتن لە دووبارە بوونەوەی پرۆسەیەکی لەم شێوە.
٥/ هیچ کۆمەڵگایەکی زیندووی دونیا ئامادە نییە مێژووی خۆی بشارێتەوە، مەرگەساتی ئەنفالیش میژووی کۆمەڵگای کودوستانەو نابێت بشاردرێتەوە، تەواوی ئەوکۆمەڵگایانەی دونیا کە جینۆساید کراون، وەک ئەرمەن و بۆسنەو هەرسک و کەمبۆدیاو جووەکان، نەک رووداوو کەرەستەکانی ئەو جینۆسایدەیان نەشاردۆتەوە بەڵکو سەروەتێکی زۆریان سەرف کردووە بۆ دەرخستن و پیشاندانی بە رای گشتی دونیا. جینۆسایدی کەمبۆدیا لە رێگەی پاراستنی ئێسک و پروسکاکەکانەوە لە مەرگەساتێکی لۆکاڵییەوە گۆڕدرا بۆ جینۆساید و بە دونیا ناسێندرا
٦/ بە ئارگومێنت کردنی جینۆسایدی هۆلۆکۆست وای کردووە، نەک خەڵکی ئیسرائیل بەڵکو کۆمەڵگای ئەڵمانیاش شارەزا بن دەربارەی ئەو مێژووە رەش و تاریکەی کۆمەڵگاکەیان و ئیلهامی لێ وەربگرن و رێگر بن، لە دووبارە بوونەوەی، هەر بۆیە پاراستن و بە ئارگومێنت کردنی ئێسک و پروسکی گٶڕە بە کۆمەڵەکانی سەماوە، فرسەتێکی باش دەبێت بۆ خەڵکی عێراق بە گشتی تا سەرکۆنەی ئەو مێژووە تاریک و رەشەی کۆمەڵگاکەیان بکەن و رێگر بن لە دووبارە بوونەوەی، بە شاردنەوەی ئەو ئێسک و پروسکانە ئەو مێژووە تاریک و رەشە دەشاردرێتەوەو فرسەتی دووبارە بوونەوەی زۆرتر دەبێت.
٧/ ئاگادار بوون لە پرۆسەی جینۆسایدی ئەنفال ، فرسەتی گیانی پێکەوەیی زیاتر دەکات ، بەڵآم شآردنەوەی ئێسک و پروسکەکان چاو نووقاندن لە ئاست ئەو مەرگەساتە دەکاتە پشت گوێ خستن و بێدەربەستی زیاتر دەکات و فرسەتی پێکەوەیی تەسکتر دەکاتەوە و ئەگەری دووبارە بوونەوەش زیاتر دەکات
لە کۆتاییدا ماوەتەوە بڵێم هیچ هۆکارێک نییە بۆ شاردنەوەی ئەم ئێسک و پروسکانە، بێجگە لە هۆکارێکی لاواز کە لێرەو لەوێ دەبیسترێت کە ئەویش ( هۆکاری ئایینییە)، بەڕێزان ئەو ئێسک و پروسکانە ٣١ ساڵە لە ژێر گڵدان واتە نە ئاینیان هەیەو نە سەر بەهیچ ئایین و رەنگێکن. نە مەزهەبیان هەیەو نە سەر بە هیچ مەزهەبێکن، نە بیروباوەڕی سیاسییان هەیەو نە سەر بە هیچ حیزبێکن، ئەو ئێسک و پروسکانە سامان و مەرگەساتی نەتەوەیەکن کە شۆفێنیزم بە بیانووی (دەرچوون لە ئایین) وردووخاشی کردن، با ئێستا دیسانەوە لە ژێر گڵدا وردو خاش نەکرێنەوە.
گۆران علی
25/7/2019
تێبینی: ئەم پرۆژەو پێشنیارە هی هەر کەسێکە خۆی بە خاوەنی بزانێت، بۆ من گرنگە ئارگومێنتێکی گەورەی ئەنفال بە دەستی خۆمان نەشارینەوە.




(دەنگدراوە: 4 . زۆرباشە: 5/5)