پاراستنی خانووی گۆرانیبێژ کەریم کابان

Saturday, 03/08/2019, 13:09

14653 بینراوە


بۆ رای گشتی
پاراستنی گەڕەکە کۆنەکان
پاراستنی خانووی گۆرانی بێژ کەریم کابان
پاراسنی گەرەکە کۆنەکان بووتە پرۆژەیەکی جیهانی دەیان کۆمپانیای تایبەت بە نۆژەن کردنەوەی گەرەکە کۆنەکان لە وڵاتاندان پەیدابوون ڕێنومایەکان لە چەندین بەرگە کتێبدا بڵاوکراونەتەوە لەم بارەوە بەتایبەتی پاش کە ساڵی (١٩٧٢ و ١٩٧٦) پاراستنی گەڕەکە کەلتوریەکان لە جیهاندا بوەتە بڕیاری (un) و ڕێکەتنی نێودەوڵەتی و بە سەرپەرشتی یونسکۆ چونکە گەڕەکە کۆنەکان ئەسڵ و بەشی کۆن و مێژووین لە شارەکانی جیهان .
بە کورتی لە هەموو جهیاندا هەرچی لە نێو گەڕەکە کۆنە کەلتوریەکاندا هەیە بە کەلەپوری (کەلتوری) حیسابە دەبێت بپارێزرێت و هەر بینایەک بێت چی لە زێڕ بێت و چی لە قوڕ بێت چی ماڵی پاشا بێت و چی ماڵە هەژارێک بێت ، هەموویان کەلەپوریە و نابێت لە ناوو ببرێت. هەروەها نابێت شەقام لە نێو گەڕەکە کۆنەکان دروست بکرێت.
ئەمە ڕێبازێکی جیهانییە

بینا هەیە دوو جار کەلەپوریە :
یەکەم چونکە لە نێو گەڕەکە کۆنەکاندایە .
دووەم ئەوەیە کە سیفەتێکی جیاوازی هەیە لەگەڵ خانووەکانی دیکەدا وەک :
أ‌- لە بواری تەلار سازیدا پێشکەوتوە .
ب‌- یان نەخش و نیگاری تێدابێت .
ت‌- یان سیفەتێی مێژووی هەیە وەک موناسەبەیەکی نیشتیمانی تێدا روویدابێت
یان خانووی ناودارێکە وەکو مێژوو نوس (محەمەد ئەمین زەکی)وە زانای گەورە (شێخ محەمەدی خاڵ .....) یان خانووی شاعیرێک یان نوسەر و هونەرمەندێک بێت لەوانەی خاوەن بەرهەمی باش و کورد پەروەربوون یان قارەمانێکی نیشتیمانی ، باخانووەکە ئەوپەڕی گچکە و کۆن و ناشرینیش و ڕزیو بێت بۆ نمونە بەڕیوبەرایەتی گشتی شوێنەواری عێراق خانویی شاعیر (بدر شاکر السیاب) لە شاری (زوبەیر)ی نزیکی (بصرة) ئیستیملاکی کردووە بۆ یادی ئەو بەناوی (کوخ) بدر شاکر السیاب ەوە. واتە خانویەکی گچکە و رزیوو و ناشرین بووە لەبەر ئەوە ناوی (کوخ) ی لێ ناوە .
دیسان بۆ نمونە دەوڵەتی ئێرانی خانووی سەید (صفدر) ی باوکی زانای مەزنی کورد (جمال الدینی ئەفغانی) لە شاری (اسد آباد) ی سەر ڕێگەی کەرمانشا-هەمەدان کڕی بۆ یادی جمال الدین ،خانووەکە هیچی لێ نەمابوو پیاوێک بە ناوی (بهاءالله جمالی) ئەرزیەکەی کڕی بوو ، دەوڵەتی ئێرانی ئەرزیەکەی کڕی و خانوەکەی بە پێی ئەو وەسفە کۆنانەی سەر لە نوێ ئاوای کرد چونکە جەمال الدین لەو خانوەدا لە دایک بووە لە ساڵی (١٨٣٨) زاینی . تەماشای کتێبی (کرمانشاهان-کردستان) یی مسعود گلزاری بکەن (ل٢٨ول٤٣٨) و وێنەی ژمارە (١) . ئەمەش وێنەی خانووەکەیە :

ئاوها لە وڵاتان مێژوو دێتە زیندوو کردنەوە بەڵام ئەوەی لە کوردستان هاتوەتە کردن لەم (٢٧) ساڵە لە حوکمی دەسەڵاتی کوردی خۆی ئەوپەری وەحشیەتی بووە ئەوا (٢٧) ساڵە مێژوو شوێنەوار و کەلتوری هەرێمی کوردستان هاتوەتە وێرانکردن . ئەگەر (بێکەس) ی شاعیر زیندوبایە شیعرێکی دووەمی ئاگرینی بە ناونیشانی ( بیست و حەوت ساڵە) دەهۆناند دژی وێرانکەرانی مێژوو کەلتوری هەرێمی کوردستان .
پێرار دارای بابا علی شێخ محمود (دارای گێل و برسی) لە لەندەن هاتەوە خانووی بابا علی فرۆشتە چەند دەوڵەمەنێک لە بەر سنگی مزگەوتی گەورەی سلێمانی کە پێشتر نامەم بۆی نوسیبوو تەلەفەنم بۆی کردبوو جارێکیش کە هاتە سلێمانی بردمە سەر خانووەکە و باسی مێژووی خانووەکەم بۆ کرد پێم ووت ئەمە خانووی عەزیز بەگی عبدالرحمان پاشای بابانە کە لە سالی (١٨٥٠) شۆرشێکی گەورەی بەرپاکرد لە دژی دەوڵەتی عوسمانی کە سالمی شاعیر ئە شیعرە بەناوبانگەی بە شۆرشەکەی وتووە ، نەخشە سەوزەکانی کاتی عەزیز بەگم لە خانووەکەیدا پیشانی (شێخە گێل) دا لەگەڵ نوسخەی ئەسڵی سەنەدی کڕینی خانووەکە لەلایەن (سلێمان بەگی قوچ بەگ)ەوە کە لەگەڵ هەندێ لە ناودارانی شار چووبون بۆ سەردانی عەزیز بەگ لە ئستەم بول کە وەختێکیش عەزیز بەگ سەرۆکی کوللیەی عەسکەری ئەحمەد پاشا ی بابان بووە .
نوسخەی سەنەدەکەشم دایە شێخە گێلە و پێم ووت خانووەکە بپارێزە و بەڵێنیش دا. چەند جار لە تەلەفیزیۆن و ڕۆژنامەدا باسی ئەم خانووەم کردوە کە لە کاتی حکومەتی شێخ محمود دا (قوتابخانەی محمودیە)بووە و ناوی خانووەکەش لە نێو ناوی خانووە کەلەپوریەکاندایە لە حکومەتی هەرێم و لە دائیرەی شوێنەواری سلێمانی.
چەندین و چەندین خانووی وەها مێژووی و گرنگ تەفروتوناکراون وەک خانووی گەورە ڕۆشنبیرانی سلێمانی جەمال عیرفان لە نزیک مزگەوتی قامیشان لە کانیسکان.ئەم وێرانکردنە هەموش بە ڕێگە پێدانی شارەوانی سلێمانی بووە و لە لایەن دەوڵەمەندەکانەوە هاتونەتە کڕین و روخاندن و شوێنەکانیان کراوەتە بینای چەند قات و یان گەراجە گشتیەکان کە ئەمە هەمووی وێران کردنی مێژوو و کەلتوری شاری سلێمانییە . وێنران کردنی مێژوو و کەلتور خیانەتێکی گەورەی نیشتیمانییە .
ئەم خیانەتەش لە نەوەکانی داهاتوو بزر نابێت، خایینان دەکەونە بەر تفو نەعلەتیان.
گەرەکە کۆنەکانی سلێمانی سەرچاوەی هەرە رەسەنی تەلارسازی کوردی هەموویان بەم خیانەتە وێرانکران ئەگەر (١٠%) مابێت بە بەربڵاوی.
ئەمەی سەرەوم نوسی چونکە زانیم هەندێک کەس نیازیانە خانووی گۆرانی بێژ کەریم کابان بکڕن و بیروخێنن و شوێنەکەی لە گەڕەکی شێخان بخەنە سەر عیمارەتێکیان . هەندێ کەسیش وتویانە خانووەکە پیسکەلەیە مانەوەی بۆ چیە ،ئەوانەی ئاوها بیردەکەن لە بیر و هۆشی و خۆیاندا دواکەوتون ، نرخی مێژوو و کەلتوری نیشتیمان ونەتەوەیان نازانن و یان کەسانی مەسلەحەت چین.
کەریم کابان گۆرانبێژێکی کورد پەروەر و ناودارێکی شاری سلێمانی بووە دەبێت خانووەکەی بۆ یادی ئەو بمێنێت چونکە دووجار سیفەتی کەلەپوری هەیە : یەکەم چونکە لە نێو گەڕەکێکی کۆنی کەلەپوریدایە کە نابێت هیچ عیمارەیەکی تێدا دروستبکرێت دووەم چونکە سیفەتێکی مێژووی هەیە کە خانووی هونەرمەندێکی کورد پەروەرە .
ئەگەر هەر خانوویەک مابێت لە گەرەکێکی کۆندا و بڵێن ئەوە کۆنە بە کەڵک نایەت با بدەینە دەوڵەمەندێک و بیروخێنێت–ئەوا هیچ خانوویەک نامێنێت و ئیتر ئەو لیژنەی دروستکراوە لەم چەند مانگەدا لە نوێنەرانی قایمقامییەت و شوێنەوار و شارەوانی و ئاسایش و پۆلیس بۆ پاراستنی ئەوەی ماوە لە گەرەکە کۆنەکان سودی چی یە ؟و بۆچی دروست کراوە؟.
کاتێک بەڕێزکۆسرەت ڕەسوڵ سەرۆکی ئیدارەی سلێمانی بوو بڕیاری دەرکرد لە (1998 و 1999) هەموو گەڕەکە کۆنەکانی سلێمانی و کفری و کۆیە کەلەپورین و دەبێ وەک خۆیان بپارێزرێن . حکومەتی هەرێمیش لە ساڵی (2009)بڕیاری دەرکرد بە پاراستنی گەڕەکە کۆنەکان لە هەموو شارەکانی هەرێم بەڵام دەسەڵات لە سلێمانی پاش کۆسرەت ئەو بڕیارەی و بڕیاری حکومەتی هەرێمیش جێبەجێ نەکرد.
لە کۆتاییدا ڕەخنە ئاراستەی هونەرمەندانی سلێمانی دەکەم کە بەرگریان لە گەڕەکە کۆنەکانی سلێمانی نەکردوە دژی ئەو کەسانی کە وێرانی دەکەن. پاراستنیان لە ئەرکی سەندیکای هونەرمەندانە لەبەر ئەم هۆیانە :
1- گەڕەکە کۆنەکان سەرچاوەی هەرە گەورە و ڕەسەنی هونەری تەلارسازی کوردی یە، هونەری تەلارسازیش بەشێکە لە هونەری شێوەکاری .
2- گەڕەکە کۆنەکان شوێنی تۆمارکردنی بەشێک لە تەمسیلیەکانە و مانەوەیان لە پێویستیەکانی سەندیکای هونەرمەندانە . لەبەرئەوەی دەوڵەمەندەکان دوو کۆڵانی ساغلەمیان نەهێڵاوە لە سلێمانی تەمسیلیەکی تێدا بکەن لەم دوو سیێ ساڵەی ڕابوردوودا چوون لە گەڕە کە کۆنەکانی کۆیەدا تەمسیلییان کردووە .
سەرەڕای ئەم بێ هەڵوێستیەی خۆیان چەند هونەرمەندێکی نەفسیەت نزم کە چاویان لە نان و کەبابی دەوڵەمەندێکە یەکێک لە دەوڵەمەندەکان کە لە هەموو دەوڵەمەندێک پتر زەرەری لە گەڕەکە کەلتوریەکانی شاری سلێمانی داوە بردبویانە سەر تەلەفیزیۆنی کورسات و KNN و ستایشی کردوە ووتویانە هونەری تەلارسازی زیندوو دەکاتەوە دڵسۆزی کەلتوری شارە هەر وەک قاتیل ببەن بۆ سەرە خۆشی مەقتول وە لە سەرە خۆشیەکەشدا بە شان و باڵی قاتیل دا هەڵبدەن .
پاشتر کەناڵی ڕووداو وە کوردستان تیڤی تەقلیدی کوردسات و KNN یان کردوە وە بە هەمان شێوە بە پێچەوانەی ڕاستیەکان وە بۆ شێواندنی ڕاستیەکان دیداریان لەگەڵ کابرا کردوە .
ئەم نەفسییەت نزمانە سومعەتی هونەرمەندانیان لەکەدارکرد خەڵک زۆر ڕەخنەیان لێگرتن کە بونەتە پشتگیری وێرانکەرانی مێژوو کەلتوری سلێمانی و بونەتە پاڵەی یەکێک کە زۆرترن خانووی کەلتوری وێران کردوە بە پێچەوانەی دوو بڕیاری حکومەت وە بە پێچەوانەی یاسا وە بە پێچەوانەی ڕێبازی جیهانی بە پاراستنی گەڕەکە کۆنەکان لە جیهاندا .
لە کۆتاییدا داوا لە سەندیکای هونەرمەندان دەکەین ئەو نەفسییەت نزمانە دەربکەن .
من لەم چەند هونەرمەندە و لەو کەناڵانە دەپرسم ئایا هەر ئەو زەلامە نەبوو شوێنی قومبەلەی فرۆکەکانی ئینگلیزی لە نێو برد کە بە خانووی مەلا محەمەد ی مەلا غەفوری قازانقایە وە مابوو لە گەڕەکی دەرگەزین کە ئەو بەشە لە خانووەکە کڕی و ڕوخاند و کردە عیمارە کە ڕۆژی سێی (٣) ئازاری (١٩٢٣) فڕۆکەکانی ئینگلیز خەستترین بۆردومانی سلێمانییان کرد و چەندین کەس کوژران و برینداربوون و یەک یان دوو لە پاسەوانانی سمکۆی شۆڕشگێڕیش شەهید بوون لە بەر دەرگای خانووی عیزەت بەگی عوسمان پاشای جاف لە بەرامبەری (مزگەوتی دوو دەری) لە باشورەوە کە سمکۆ میوانی شێخ محمود بوو شێخیش ئەو تەلارە گەورەیەی کرد بوە بارەگایەک و (کونە تەیارە) ی لە ژێری دروستکرد بوو لەو بۆردومانەدا زۆر خانوو وێران بوون و هەندێ لە مزگەوتی دوو دەریش وێران بوو و کتێبخانەی شێخ عبدالله ی کوڕی شێخ ئەحمەدی هەولێری خەلیفەی مەولانە خالید سوتا و هەندێ لەو کتێبە نیوە سوتاوەکان ئێستا لەلای منە هەروەها کتێبخانەی مەلا عەزیزی موفتیش سوتا و شێخی نەمریش هەر ئەو ڕۆژە بە شەو لە سلێمانی دەرچوو بۆ سورداش.
ئایا لە نێو بردنی شوێنی ئەو قومبەلەیە و بزرکردنەوەی لە نێوبردنی بەشێک لە مێژووی سلێمانی نیە ؟
کێشەمان لەگەڵ ئەم کابرایە زۆر بووە لەسەر ڕوخاندنی خانووە کەلەپوریەکان کە زاهیری کەریمە ڕەشە وتا جارێک لە دادگاش شکاتم لێ کرد و دۆڕاندیشی و پتر لە جارێکیش ئەم کێشەیە لە هەندێ ڕۆژنامە دا نوسیومە وەک کێشی خانووی شێخ جەلال لە نەوەکانی ئەحمەد فائیز بەرزنجی کە دەورێکی زۆۆری هەبوە لە شەری بەردەرکی سەرادا، خانووە کەلەپوریە جوانەکەی کڕی لە هەندێ کەس و ڕوخاندی شوێنەکەی کردە گەراجی پشت بانقی ڕەشید وە منیش لە ڕۆژنامەدا نوسیم کە ئەمە وێنەیەتی:

خانووی نوری مەلا عەزیز لە نزیک خانەقای مەولانا کە لە سەدەی نۆزدەیەمدا هاتوەتە ئاواکردن و لە جوانترین نەخشەکانی ئەوکاتەی تێدابوو کە کابرا کڕی تا بیروخێنێ و لە لای خوالێخۆشبوو مام جەلالیش شکاتی لە من کرد کە من کۆسپم لە ڕێگەی ئەودا ئەو لەگەڵ پتر لە سەد کەس لە بازرگانەکان چوبون لای مام جەلال لە قەڵاچوالان و مام جەلالیش پێی ووتبو: عبدالرقیب لە ئێمە هارمەکە . مەسەلەی خانووەکە دورو درێژە و یەکێک لە نەخشەکانی ئەم خانووە کە لە نێوی برد ئەم نەخشە گەچەیە کە چوارمار خۆیان لە یەکتر ئاڵاندبوو کە نمونەی وەک ئەوەم لە هیچ شوێنێکی کوردستان نەدیوە تا لە (سنە) ش ئەش وێنەکەیە:

چەندین وێنە و نەخشەکانی دیکەی خانوەکەشم بڵاو کردوەتەوە لە رۆژنامەی سلێمانی دا ئەویش چی ویستبێت تێیدا نوسیوە لە کێشەی نێوانمان لەسەر ئەو خانوە، لەسەر ئەم خانووە شکایەتم لێ کرد و ئێستاش ئەو پارچە نەخشانەی وێرانی کردوە لە نێو فەردەیەکدایە لە شوێنەواری سلێمانی سوپاسیشم هەیە بۆ بەڕێز عومەر فەتاح کە خانووەکەی لێ کڕی بۆ دائیرەی شوێنەواران و کۆتایی بە کێشەکە هێنا کە هەموو شتێکم بە مێژووی ڕۆژانە لای خۆم نوسیوە .
وێرانکردنی خانووە کۆنەکان وێرانکردنی مێژوو کەلتوری شارستانی کوردستان کە مافێکی گشتی یە . من غەرەزی شەخسی لەگەڵ ئەم کەسەو هیچ کەسێکی دیکە لە دەوڵەمەنەکان نیە خوا سەد جار دەوڵەمەندتریان بکات لە کاسپی حەڵاڵ نەک لە سەر حسابی وێرانکردنی مێژوو و کەلتوری شارستانی بەڵام ئەرکی ڕۆشنبیری و ئەخلاقی و نیشتیمانی خۆمە بەرگری لە مێژوو کەلتوری وڵات بکەم وەک چۆن بەگژ بڕیاری سەدام دا چوم کە بڕیاری دا قەڵای کەرکوک وێران بکا بەڵام سەدام نەک منی ئیعدام نەکرد بەڵکو ڕێزی لە بەگژدا چونمی گرت وە وازی لە قەڵاتی هێنا و کتێبە چاپکراوەکەم لەم بارەوە شایەتە.


عبدالرقیب یوسف
ڕاوێژکارلە بەڕێوبەرایەتی شوێنەواری سلێمانی
٣١/٧/٢٠١٩

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە