زانست و پرسی بوونی خوا

Sunday, 08.04.2019, 9:07

5031 بینراوە


ڕیچارد دۆکینز: من دژی ئاینم، چونکە ئاین فێری ئەوەمان دەکات شاد و ئاسوودە بین، بە تێنەگەیشتنمان لە گەردوون!
----------------------------

بەشی دووەم: چەند ڕەخنەیەک لە بەڵگەکانی بوونی خوا
لەم بەشەدا لە پەیدابوونی گەردوون، بوونی یاساکان و بنەمای هۆیەتیی دەدوێین، ئەمانەش لەو بابەتانەن کە لە لای زۆربەی هەرە زۆری باوەڕداران دەکرێنە بەڵگە بۆ بوونی خوا.
پێشتر گوتمان، زانست تەنیا لەو بابەتگەلانە دەکۆڵێتەوە کە لە سروشتدا هەن، چییەتی پێکهاتەی گەردوون و چۆنەتیی سەرهەڵدانی کاری ڕاستەوخۆی زانستە، نەک ئاینەکان، بۆیە شتێکی ئاشکرایە کە نهێنی بوونی گەردوون، هەرگیز لای ئەوانە دەست ناکەوێت، گوێیان لێ دەگرین و باسی ئاین و خوامان بۆ دەکەن. باوەڕداران پێیان وایە ئەگەر زاناکان هەر ئێستە ڕاڤەی تەواو پێشکێش نەکەن لەسەر گشت شتێک، کەواتە ئەوانەی زانست پێشتریش کردوویەتی بێبایەخن و دەبێت لەبیر بکرێن. پێویستە ئەوانە بزانن کە دانپیانان بە نەزانینمان گەلێک باشترە، لە باوەڕهێنانمان بە وەڵامە چەوتەکان، نەبوونی وەڵامی ڕاست و گونجاو بۆ پرسیارەکانمان کێشەیەکی مەزن نییە، بەلام خۆدەرخستنمان بەوەی کە هەموو شتێک دەزانین گەورەترین کێشەیە، چونکە وامان لێ دەکات، چی دیکە هەنگاو نەنێین و دەروازەکانی زانست و نزیکبوونەوە لە ڕاستییەکان لەسەر خۆماندا دابخەین. ئەگەر زانست بابەتێکی بەتەواویی یەکلایی نەکردبێتەوە، یان کەموکوڕیی و بۆشایی هەبێت لە بوارێکدا، پێویست ناکات ڕاڤەی ناسروشتیی بۆ بهێنین، یان بیدەنە پاڵ خوا. وەک ئەو تێزەی ناسراوە بە خوای بۆشایییەکان (God of the gaps)، بەوەی کە دەڵێت: "خوا لە بۆشایی و چاڵەکانی زانستدا دەژی، کاتێکیش زاناکان چەند بۆشایییەک لەمانە پڕ دەکەنەوە، باز دەدات بۆ بۆشایییەکی دیکە." دەشێ ئێمەش لێرەدا لەسەر بنچینەی هەمان بنەما بڵێین، چەندە زانست پێش دەکەوێت، هێندەش ڕۆڵی خوا لە گەردووندا بەرەو کزیی و نەمان دەچێت؟!
ئەم ڕەخنانەی لەم بەشەدا وەڵامیان دەدەینەوە، گشتیان لە لایەن ئەوانەوە سەرچاوەیان گرتووە کە ناو دەنرێن بە لایەنگرانی نەخشەسازیی ژیر، یان داهێنانی ژیر (Intelligent design). ئەمانە ناونیشانێکن بۆ بیروڕایەک کە پێی وایە گەردوون و سەرلەبەری زیندەوەران، دەستکردی داهێنەرێکی ژیرە. دەبێژن، ئەم گەردوونە بە ئەستێرە و هەسارەکانییەوە بە بوونی چەند مەبەستێک دروست کراون، ئەو ئاڵۆزی و ڕێکوپێکییەی لە پێکهاتەکانی گەردووندا هەن، دەبێت هێزێکی لە پشتەوە هەبێت، چونکە هەرگیز ناشێ بە کردارێکی خۆبەخۆی سروشتیی بێنە کایەوە. لایەنگرانی نەخشەسازی ژیر هاوشێوەی ئایندارەکان، مەبەستیان لەو هێزە خوایە، بەڵام ناوی نابەن، لەبەرئەوەیە لە لایەک هەتا بەرەوڕووی ئەو پرسیارانە نەبنەوە کە لەبارەی چیەتی داهێنەرەکە و چۆنەتی ئەو بەدیهێنانە دەکرێن، لە لایەکی دییەوە تا بۆچوونەکانیان وەک تیۆرە زانستییەکان دوور لە ئاین، نیشان بدەن. بەکورتی دەڵێین، ئەم بیروبۆچوونانە پێکهاتەیەکەن لە چەند نیشانەیەکی ڕووکەشانەی زانستی کە ناوەڕۆکێک دادەپۆشێت، پڕە لە بیروباوەڕی ئاینیی.

پەیدابوونی گەردوون
هەنگاوەکانی زانست هەردەم بۆ ئەوەیە تێگەیشتنی هەبێت لە چییەتی ڕووداوەکانی دوێنی، پاشان پێرێ، لە داوای ئەوە بۆ پێشتر و پێشتر...
- بە شێوەیەک لە ئاستی یەکەمی هۆیەتییدا بۆ بوونی مرۆڤ و زیندەوەران، تیۆری پەرەسەندن (Theory of Evolution) دێت.
- کاتێکیش لە هۆکاری ڕوودان و بوونی پەرەسەندن پرسیار دەکەین، بۆ وەڵامی ئەوە زانست دەچێتە ئاستی دووەمی هۆیەتیی کە پێی دەگوترێ، تیۆری پەیدابوونی ژیان لە ماددەی نازیندوو (Theory of Abiogenesis).
- ئەو دەمەش لە هۆیەکانی ئەو پەیدابوونە دەکۆڵینەوە، زانست باز دەدات بۆ ئاستی سێیەم کە ناسراوە بە تیۆری تەقینەوەی مەزن (Big Bang Theory).
- ئەم جارەشیان بمانەوێ لە هۆکاری ئەو تەقینەوەیە بگەین، زاناکان هەنگاو دەنێن بەرەو ئاستێکی دیکە کە پێی دەگوترێ، تیۆری ژێیە ناوازەکان (Super String Theory). ئەم تیۆرە هاوشێوەی تیۆری ژێیەکانە، ئەوەی پێکهاتەی گشت ماددەیەکی ئەم گەردوونە بۆ ژێیە یەکجار وردەکان لە وزە دەگێڕێتەوە، بەوەی کاتێک بەرەو ئارەستە جیاجیاکان دەلەرێنەوە، تایبەتمەندی جیاواز بە تەنۆلکەکان دەدەن. کوانتەم میکانیکس کار دەکات لەسەر سێ هێزە سروشتییەکانی جیهانی تەنۆلکەیی، بەڵام لەسەر هێزی بەکێشکردنی جیهانە گەورەکەی تەنە ئاسمانییەکان پێڕەو ناکرێت، هاتنی ئەم تیۆرەش بۆ ئەوە بوو کە ئەم دووانە، یەک بخات. پێکەوەنان و ڕێکخستنی ئەم تیۆرە پێویستی بە بوونی ١٠ دووریی هەیە (سێ دانەی شوێن، کات، ٦ی دیکە).
- دواجار تیۆری- میم (M-theory) دێت، ئەوەی بە تیۆری گشتی و هەموو شتەکان دەژمێردرێت. ئەمەیان توانی ئەو جیاوازییانەی کە هەبوون لە نێوان ڕووبەرە بچووک و مەزنەکان، کارلێکە بەهێز و کەمهێزەکان لاببات، بەمەش پێنج تیۆرەکەی ژێیە ناوازەکان گرێ بدات لەگەڵ ١١ دوورییەکانی بەکێشکردنی بێپایان، ئەو دوورییانەی (١٠ دانەکەی پێشوو) کە پاش ئەوەی دوورییەکی دیکەیان بۆ زیاد کرا، وای کرد ئەو ژێیانە بلەرێنەوە و بکشێن، تا شێوەی پەردەیەک وەربگرن.
لەبەرئەوەی لە گەردوون و هۆکارەکانی پەیدابوونی دەدوێن، ناچار دەبین لێرەدا زۆر بەکورتی ئاماژەیەک بە تیۆرە بنەڕەتییەکەی گەردوونناسی بدەین، بۆ ئەوەی کەمێک زانیاریی پێویستمان هەبێت لەسەر هەنگاوەکانی هاتنی گەردوون.
تەقینەوەی مەزن، ناسراوترین تیۆری گەردوونناسییە کە لە نێوەندە زانستییە جیهانییەکان و لە لای زۆربەی زاناکان پەسندکراوە. بەگوێرەی ئەم تیۆرە گەردوون لە تاکە خاڵێکی ناوازەی چڕ و لە ڕادەبەدەر بچووک (تاکایەتیی - Singularity)، پێش نێزیکەی ١٣.٨ ملیار ساڵ دەستی پێ کردووە. ئەو خاڵە ئەوەندە ورد بووە کە نەتوانین بەهیچ شێوەیەک بیهێنینە بەر بیر و هۆشمان، بچووکتر بووە لە ملیاران ملیار جار لە گەردیلە! چۆن لەم شتە بچووکە ئەو هەموو گەلەستێرەیە هاتۆتە بەرهەم؟ نابێ لێمان بگیرێ گەر تووشی سەرسڕمان ببین، بەڵام کە بووە زانست و خاوەنی کۆمەڵێک بەڵگە، دەبێ سەرسەختی تێدا نەکەین و دانی پێدا بهێنین. ئاماژەدانمان بەم دێڕانە دەربارەی تەقینەوەی مەزن لەبەرئەوەیە، هەندێک هەن لەبەر باوەڕ و ئایندارییان، پێیان وایە ئەمەیان تەنیا بیردۆزێکە و لە زانستدا نەچەسپاوە، هیچ بەڵگەیەکی واشی نییە، جێی متمانە بێت لای زاناکان.
ئەو تاکە خاڵە چڕیی و گەرمییەکی لە ئەندازەبەدەری هەبووە و لە لایدا چەمانەوەی کات وشوێن بێکۆتا بووە، ئەو دۆخە هاوشێوەی دیاردەیەکە ئێستە لە چاڵە ڕەشەکاندا لەو جێیەدا دەبیندرێت کە بە ئاسۆی ڕووداو (Event Horizon)، ناو دەنرێت. ئەو شوێنە ئەگەر ماددە، یان ڕووناکی پێی بگات، بەند دەبێ و ناتوانێت لێی ڕزگار بێت و دەگۆڕێت بۆ ئەو تاکایەتییەی کە تێیدا ماددە تا ئەو ئاستە دەپەستێندرێت و دەبێتە خاوەن چرییەکی بێکۆتا. لەم دۆخەدا هیچ یاسایەکی فیزیکیی کاری پێناکرێت، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، چوار هێزە بنەڕەتییە سروشتییەکان کە بنچينەی دروستبوونی وزە و ماددەن، ئەوانەی پێکهاتوون لە بەکێشکردن، کارۆموگناتیسیی، ناوەکیی بەهێز و ناوەکیی بێهێز، یەکگرتوو بوون و تاکە یەک هێزیان پێک دەهێنا لەو دەمەدا.
هەر لەسەرەتاوە دەبێ بڵێین، بۆ تەقینەوەی مەزن، پتر زانستییانەیە ئەگەر بگوترێت، هەڵاوسانی مەزن، لەبەرئەوەی گەردوون هەردەم لە فرەوانبووندایە، چونکە ئەگەر تەقینەوە بووبێ، دەبووایە هەم چەقی تەقینەوەکە و هەم لێواری هەبووایە، بۆیە چاکترە بۆ تێگەیشتن وەک سنوور و ڕووبەرێکی بێکۆتا لێی بڕوانین.
گەردوون کە سەری هەڵدا بەخێراییەکی ملیاران ملیار جار لە خێرایی تیشک دەستی بە فرەوانبوون کرد، هەر لەگەڵ فرەوانبوونی پتر و ساردبوونەوەیەکی لەڕادەبەدەر و یەکجار کەم (١٠-٤٣ چرکە)، هێزی بەکێشکردن توانی دەرباز بێت لە هێزەکانی دیکە. ڕێک دوای ئەم کاتەوە فیزیا دەتوانێت ڕاڤەیەکی زانستییمان پێ بدات، لەسەر ڕووداوە یەک لەدوای یەکەکانی پاش ئەو بەشە لە چرکەیەک، ئەمەش بە پشتبەستن بە تیۆری ڕێژەیی بۆ هێزی بەکێشکردن و بە فیزیای کوانتەمی بۆ هێزەکانی دی. ئەو کاتە گەردوون لە وزەیەکی سەرەتایی و پاک پێک هاتبوو، پاشان دیسانەوە بە نزمبوونەوەیەکی دیکەی پلەی گەرمیی، لە ماوەیەکی کەمتری بەشێکی ملیۆن ملیۆنی (ترلیۆن) چرکەیەک، بڕێکی کەمی گۆڕا بۆ ماددە و بووە هۆی پەیدابوونی پێکھاتەیەکی مەزن لە تەنۆلكە هەرە بچووک و وردەکان. ئەم تەنۆلکانە سەدان هەزار ساڵی دییان پێویست بوو، تا پتر سارد ببنەوە بۆ پەیدابوونی گەردیلە، دواجار نێزیکەی سەد ملیۆن ساڵ بەسەر تەمەنی گەردوون تێپەڕی، تاکو لەڕێی هێزی بەکێشکردن و کۆبوونەوەی ماددە، ئەستێرە، هەسارەکان، مانگەکان و تەنەکانی دیکە، پاشانیش گەلەستێرەکان چێ ببن.
ئەستێرە ئەو دەمە دروست دەبێت كە هەورە گازيەكانی توخمە سەرەتاییەکانی وەک هایدرۆجن و هیلیۆم، بەهۆی هێزی بەكێشكردنەوە لێک کۆدەبنەوە، بە پتربوونی چڕییان پلەی گەرمیی ئەو تۆپەڵەیە زياد دەکات، کاتێکیش کارلێکە ناوەکییەکان دەستپێ دەکەن، ئەو تەنە گڕ دەگرێت و ڕووناکی دەبەخشێت. ئەو ئەستێرانەشی کە زۆر گەورە و چڕن، تێیاندا نەک تەنیا توخمە سووکەکان، بگرە توخمی دیکەشی وەک ئاسن و کاربۆن و .. و دێنە بەرهەم. ئەم جۆرە ئەستێرانە کە دەگەنە دەمی لەناوچوونیان، دەتەقنەوە دەبن بە تۆز و دوکەڵێکی زۆر، کاتێکیش بە بوونی هێزی بەکێشکردن کۆدەبنەوە، جارێکی دیەکە ئەستێرەی نوێیان لێ دروست دەبێتەوە، تۆزەکەشی کە گەردەکانی لەخۆ گرتووە، بەیەکگرتنیان بەبەرەبەر گەورەتر دەبن و هەسارەکان و تەنە (ئاسمانییەکان)ی دیکەیان لێ پەیدا دەبن. دواجار بە ئەسێرە و هەسارەکان کۆمەڵە خۆرەکانی وەک کۆمەڵەی ئێمە دێنە کایەوە.
• فرەوانبوونەکەی گەردوون و دوورکەوتنەوەی گەلەستێرەکان لەیەکدی.
• زانین و دەستنیشانکردنی درێژیی شەپۆل و شەبەنگی ڕووناکییان بەرەو ڕەنگی سوور.
• دۆزینەوەی جێماوی تروسکەی تەقینەوەکە بە تەلسکۆپی مایکرۆوێیڤیی.
• بینینی دووکەڵ و گازی سەرەتای تەقینەوەکە وەک، توخمە سووکەکانی هایدرۆجن و هیلیۆم کە بەهاوسەنگی بە هەموو لایەکانی گەردووندا بڵاوبوونەتەوە.
ئەمانە چەند بەڵگەیەکی یەکلاییکەرەوەن بۆ سەلماندنی ڕاستییەتی ئەم تیۆرە زانستییە. جگە لەمانە گەلێکی دی هەن، وەک ئەوەی زاناکان لەڕێی بەیەکدا کێشانی تەنۆلکەکان، هاوشێوەی تەقینەوەی مەزن بەڵام بەبچووکراوەیی، لە ئەزموونگەی خێراکەری ئەوروپایی سیرن (CERN)، بەکردەنی ئەنجام داوە.
بوونی ئەم بەڵگانە وای کردووە باوەڕداران ناچار بن، بەدوای دەروازەیەکی دیکە بگەڕێن، بۆ هێنانی خواکەیان بۆ ناو ئەم بابەتانە. بۆیە ئەم جارەیان دەبێژن: هۆکاری ئەو تەقینەوەیە چی بووە؟ ئەگەر خوا نەیکردبێ، ئەی کێ بووە؟!
زاناکان کۆڵیان نەداوە، چەندین تۆژینەوەیان بەئەنجام گەیاندووە بۆ دەستنیشان کردنی چییەتیی و هۆکاری ئەو هەڵاوسانە و کاریگەریی لەرەلەری تەنۆلکەیی (quantum fluctuations)، لەمانەش زۆر بەکورتیی؛
- کاشوێن (Spacetime)، کات و شوێن بەندن بەیەکدی و لەگەڵ تەقینەوەکە پەیدا بوونە: زانای ناودار ستیڤن هۆکینگ دەڵێت، گەردوون لە نەبوونەوە هاتووە، ئەمەش لەبەرئەوەیە کە لە هیچ شتێکی وا نەهاتووە بتوانین پێناسەیەکی پێ بدەین، کردارەکەش نە دروستبوون نە لەناوبردن بووە، تەنیا بوونێک بووە و هیچی دی. کات پێش تەقینەوەکە بوونی نەبوو، بۆیە پرسیارێکی بەجێ نییە، گەر بڵێین پێش تەقینەوەکە چی هەبووە؟ بەهەمان شێوە شوێن (بۆشایی)، لەگەڵ هەڵاوسانەکە پەیدا بووە، چونکە بەو جۆرە نەبووە بڵێین، تەنۆلکەکان لەناو شوێنێک، یان لە بۆشاییەکدا بکشێن، بگرە کشان و فرەوانبوونی خودی شوێن بووە.
- سەرهەڵدانەوەی گەردوون پاش داتەپینەوەیەکی مەزن: تیۆری داتەپینی مەزن (The Big Bounce theory)، بەگوێرەی ئەم تیۆرە، پاش ئەوەی گەردوون لە فرەوانبوونەوە وەستا، لەبەر کەمبوونەوەی هێزی هەڵاوسان بەرانبەر بە هێزی بەکێشکردن، گەردوون داتەپییە ناو خۆی، پێش ئەوەی بتەقێتەوە بۆ تەقینەوەیەکی مەزنی دیکە. واتە هیچ سەرەتایەک بوونی نییە، گەردوونی ئێمە یەکێکە لەو هەموو هەڵاوسان و داتەپینە یەک لەدوای یەکە بێسنوورەکان.
- هاتنی گەردوون لەو گەردوونانەی کە هەن: تیۆری هەڵئاوسانی پشێویی (The chaotic inflation theory)، ئەمەیان پێی وایە، گەردوونی ئێمە یەکێکە لە ژمارەیەکی بێکۆتا لە گەردوونەکان، بەوەی گەردوون هەڵاوسانێکە لە هەڵاوسانەکانی وزە پشێوەکان کە دەبێتە هۆی بەریەککەوتنی گەردوونەکان و تەقینەوەیەکی مەزن بۆ بەبەرهەمهێنانی هەڵاوسانی زێدەتر.
- تەقینەوەی گەردوون لە چاڵێکی ڕەشەوە(Black hole): بەگوێرەی ئەم تیۆرە (نیکۆدیم پۆپلاوسکی)، گشت چاڵێکی ڕەش، ماددە هەڵ دەلووشێت و بەرانبەرە بە چاڵێکی سپی لە ڕووێکی دیکەی بوونایەتییەوە کە ماددە دەردەهاوێژێت، ئەمەش دەبێتە هۆکار بۆ تەقینەوەکان.
ئەمانە هەموویان بابەتگەلێکی زانستیی تایبەتن بە بواری گەردوونناسی، بۆ گەڕان و لێکۆڵینەوە لەسەر بوون و هۆیەکانی سەرهەڵدانی گەردوون، گەرچی بەتەواوەتی یەکلایی نەبوونەتەوە و پێویستیان بە هەوڵی بەردەوامی زاناکانە، بەڵام پێشبینی ئەوە دەکرێت کە لەئایندەیەکی نێزیکدا زاناکان بتوانن، بە وردەکاریی هۆکارەکانی ئەم تەقینەوەیە بگەن. لەگەڵ ئەوەش هەر یەک لەم تیۆرانە، چەند بەڵگەیەکیان هەیە تا بکارن بێنە ڕیزی تیۆری زانستیی، کامەیانیش بوونە خاوەنی زیاترین بەڵگەی سەلمێندراو، ئەوا وەک ڕاڤە و وەڵامێک دەناسرێت و لای زاناکان متمانەی پێ دەدرێت. لێرەدا پرسیاری سەرەکیی ئەوەیە، ئایە باوەڕداران دەتوانن، شوێنێک بۆ خواکەیان لە نێو ئەو تیۆرانەدا بکەنەوە؟
ئەوانەی وای بۆ دەچن خوا گەردوونی لە هیچێکی ڕەهاوە، بەبێ بوونی کەرەستە سەرەتاییەکان دروست کردووە، پێمان ناڵێن، چۆن و بە چ شێوازێک و میکانیزمێک ئەوی کردووە؟ دەشێ ئێمە بتوانین لە بیرۆکەی دروستکردن تێبگەین کە دەکاتە بەبەرهەمهێنان، یان گۆڕانی شتێک بۆ شتێکی دیکە، بەڵام هێنانەدی لە هیچەوە وەک ئەوە نییە، بۆیە بۆ ئەوانەی لە ڕوانگەیەکی زانستییەوە بۆ ئەو بابەتە دەڕوانن، ئەم بۆچوونانە جێی باوەرپێکردنیان گەلێک سەختە.
ئێمە هەر کاتێک بەشێک لە بۆشایی ئاسمان وەربگرین و بەتاڵی بکەین لەگشت تەنۆلکە و تیشکێک، بەشێوەیەک کە هیچ شتێک نەگرێتەخۆ، دەبینین ئەو بۆشاییە، یان هیچە کێشی هەیە. ئەمەش لەبەرئەوەیە ئێستە لە فیزیای هاوچەرخدا هیچ شتێک نییە، پێی بگوترێت بۆشایی. یاساکانی کوانتەمی و تیۆری ڕێژەیی ئەینیشتاین پێمان ڕادەگەیێنن، لە کایە و دوورییە یەکجار بچووکەکاندا، ئەو بۆشایییە پڕە لە تەنۆلکە گریمانەکییەکان (Virtual particles). ئەمەش لە زانستدا ئەوە دەگەینێت کە نەبوونایەتیی ڕووێکی دیکەی هەبوونایەتییەکی شاراوەیە، بۆیە ئەو نەبوونایەتییەی فەیلەسووف و ئاینداران لێی دەدوێن، بیرۆکەیەکە خۆیان دایان هێناوە و تەنیا لە هزر و هۆشدا بوونی هەیە. بەگوێرەی زانست گەردوون لە خاڵی سەرهەڵدانیدا، بڕ و ئاستی پەستان و پلەی گەرمییە بێسنوورەکەی، ڕێی نەدەدا تەنۆلکەکانی یەک بگرن و توخم و ئاوێتە جێگیرەکانیان لێ بێتە بەرهەم، ئەم شتە دەتواندرێ وەک یەکەیەک، یان ڕووێکی وزە پێناسە بکرێت، بەڵام ئاشکرایە کە هەرچییەکیش بووبێ، ناشێ پێی بگوترێ هیچ، یان نەبوونایەتیی ڕەها. هۆکینگیش کە باسی هاتنی گەردوون لە نەبوونەوە دەکات، دیسانەوە مەبەستی ئاماژەکردن نییە، بە نەبوونایەتییەکی ڕەهای فەیلەسووفەکان. لەبەرئەوەشە دەبێژین، ئەگەر لە بنەڕەتەوە هیچ شتێک نەبێ کە لە هیچەوە هاتبێت، گەردوونی ئێمەش لە بوونایەتییێکەوە هاتبێت کە هەمیشە هەیە، دروستکردنی لە لایەن خواوە، یان داهێنەرێکەوە چی مانایەکی دەبێت؟!
هاتنی گەردوون لە هیچەوە، شتێکی وا نییە، پشتی پێ ببەسترێت و لێکۆڵینەوە و ئەزموونی زانستی تێدا بەئەنجام بگەیندرێت. چونکە کاتێک ڕستەیەکی فیزیاییمان هەبێت و بڵێین وزەکەی یەکسانە بە سفر، واتاکەی ئەوەیە کە هیچ نییە، هیچیش لەخۆ ناگرێت، بێگومان ئەم ڕستەیەش لە فیزیازانیدا بوونی نییە. لەپاڵ ئەمە لە زانستدا بڕی هیچ شتێک بەتەواوی دیار ناکرێت، جا ئەو شتە بارستایی، کێش، قەبارە، یان هەرچییەکی دیکە بێت، واتە لە پێوانەکردنی بڕەکەی هەمیشە لادانێکی هەر هەیە. مەبەست ئەوەیە کاتێک دەڵێین، ئەو شتە درێژییەکەی ١ مەترە، ئەگەر بە وردترین ئامێریش لە جیهاندا بیپێوین، هەردەم بە برێکی یەکجار کەم لە ١ مەتر پترە، یان کەمترە، هۆکارەکەشی ئەوە نییە، ئامێرەکەی ئێمە ناتەواو بێت، بگرە لە بنچینەوە هەر خۆی وایە (بنەمای ناجێگیریی)، تەنۆلکە یەکجار وردەکان ئاست و سنوورێکی چەسپاویان نییە، پێوانەکردنی هەر بڕێکی فیزیکییش بەبێ بوونی هەڵە، نابێ پێی بگوترێ پێوانەکردن. بۆیە ئەگەر پێش بوونی گەردوون نەبوونایەتی، یان هیچیش بووبێ، دیسانەوە ئەو هیچە لە چوارچێوەی سفردا خوولاوەتەوە. لەبەرئەوەشە پەیدابوونی گەردوون لەم جۆرە نەبوونایەتییە کردارێکی ئەستەم نییە، بوونی تایبەتمەندییە شەپۆلەکییەی ماددە و پێکهاتەی گەردوون، وا دەکات هەمیشە بڕە فیزیکییەکان بلەرێنەوە و بەندبن بە دەرەنجامی ئەگەرەکان. بە واتایەکی دیکە سفر وەک ژمارەیەک بەتەنیا، یان "هیچ" شتێکی ڕاستەقینە نییە، کەواتە ئەو داهێنەرەی ئەگەر هەشبێ، کەس نازانێت ئەم گەردوونەی چۆن و لەچی دروست کردووە؟!
باوەڕداران بابەتێکی دیکە دەوروژێنن و پێیان وایە، بەگوێرەی یاساکانی دینامیکی گەرمیی (Thermodynamics)، هەمیشە و خۆبەخۆ گەرمیی لە تەنە گەرمەکانەوە دەگوێزرێتەوە بۆ تەنە پلەی گەرمییە نزمەکان، یاخۆ ساردەکان، نەک بە پێچەوانەوە، واتە گەرمیی بەرز بڵاو دەبێتەوە بۆ ئەو ڕووبەرانەی کە پلەی گەرمییان کەمترە، تا دەگاتە ئاستێک لە هاوسەنگیی گەرمیی. کەواتە گەردوون لەوەتەی هەیە، هەردەم بەرەو کزیی دەچێت لە کارلێکەکانی و چالاکییەکانی کەمتر دەبن، تا ئەو دەمەی گەرمیی، یان وزە بەتەواوی هاوسەنگ دەبێت، وای لێدێ هیچ شتێک لەوەی دیکە گەرمتر نابێت، دەرەنجام ئەو گوێزانەوەیە دەوەستێ، بەمەش هیچ وزەیەک نامێنێت بۆ کارکردنی شتەکان، دواجار گەردوون لەکار دەکەوێ و کۆتایی بە گشت کردارەکانی دێت. بەڵام لەبەرئەوەی گەردوون ئێستە هەیە و کۆتایی پێ نەهاتووە، بۆیە دەبێت هەرهەبوو (ئەزەلیی) نەبێ و سەرەتایەکی هەبێ، ئەگەر وا نەبێ و گەردوون لە ڕابردووێکی بێکۆتاوە هەبووبێ، دەبوایە لەمێژەوە وزەکەی نەمێنێ و لەناو بچێت.
لە ڕاستییدا وەڵامی ئەمەیان پێویستی بە بەڵگە و یاسایەکی زۆر نییە، چونکە ئەم بۆچوونە لەسەر بنەمایەکی زانستی نەچەسپاوە. زاناکان دەبێژن، ئەو دوورییە یەکجار مەزنانەی لە نێوان گەلەستێرەکاندا هەیە، ڕێ بەوە نادەن گەرمیی تێدا بگوێزێتەوە، بە نموونە خۆری ئێمە ناتوانێ وزەکەی بۆ ئەستێرە و هەسارە دوورەکانی دیکە بگوازێتەوە. لەم خاڵەش گرینگتر وەڵامی یەکلاکەرەوە ئەوەیە، وەک گوتمان گەردوون لە خاڵێکی ناوازەوە دەستی پێکردووە و هەرهەبوو نییە، هەروەها دەشێ گەردوونەکەی ئێمە بەند بێت بە گەردوونی دیکە، یانیش سەرەتاکەی لە کۆتایی گەردوونێکی پێش خۆیەوە هاتبێت. گەردوونناسی هاوچەرخ پێمان دەڵێت، خودی گەردوون سەرەتای هەیە و هەرهەبوو نییە، بەڵام ئەو شتەی گەردوون لێیەوە هاتووە، بوونێکە هەرهەبووە. لەم دواییانەشدا بە پشت بەستن بەو بابەتەی کە پێی دەگوترێت، کاریگەریی کازمیریی (Casimir effect)، زاناکان توانییان بە ئەزموونێکی پڕبایەخ، تەنۆلکە گریمانەکییەکان بهێننە ناو گەردوونەکەمان، ئەمەش بووە بەڵگەیەکی سەلمێندراو کە گەردوونی ئێمە بەشێکە لە بوونێکی کراوەی بێ سەرەتا و بێکۆتا.*
خاڵێکی دیکەی باوەڕداران بە خوا کە وەک بەڵگەیەک بەکار دەهێنرێت ئەوەیە، ئەو گەردوونە بەگوێرەی چەندان یاسا و ڕێسای ڕێکوپێک و چەسپاو بەڕێوە دەچێت، ئەو یاسایانەش بەندن بە گەلێک بڕی فیزیکیی نەگۆڕ کە زۆر بەوردیی دانراون. ئەمانە چۆن بەڕێکەوت و لەخۆوە هاتوون، ئەگەر هەر لە سەرەتاوە لە لایەن خوایەکی یاسازانەوە دانەنرابن، ئەی لە کوێوە هاتوون؟
پێشەکیی بە ڕستەیەکی زۆر سادە و ساکار، گشت یاسا زانستییەکانی گەردوون برێتین، لە دەربڕینێک بۆ هەموو ئەو هاویەکییانەی لە کات و شوێندا هەن، واتە تەنیا کردەوەیەکن مرۆڤ دایهێناون بۆ تێگەیشتن لە دیاردە سروشتییەکان. هیچ یاسایەک خۆبەخۆ لەم گەردوونەدا نییە، ئێمە ئەو یاسایانەمان داناوە بۆ پێناسەکردنی ئەو دیاردە و ڕووداوانەی کە هەن، گشتیان بەندن بە پێشکەوتنی زانست و تەکنەلۆژیا، زۆربەیان بە هاوکێشەی ماتماتیکیی دەردەبڕێن، ماتماتیکیش کە زمانی زانستە، مرۆڤ خۆی دایهێناوە. ئەو یاسایانە لە کارلێک و گۆڕانی بڕەکانەوە هاتوون، پێویستیان بە هیچ کردارێکی بەدیهێنان (دروستکردن) نییە. بەپێچەوانەوە گەر ئەم یاسایانە لە گەردووندا نەبوونایە، ئەمەیان دەبووە سەلمێنەرێکی بەهێز بۆ بوونی خوا، یان بەدیهێنەرێک، چونکە ئەو دەمە بەڕێوەچوونی گەردوون بەبێ بوونی یاسا، دەبووە شتێکی ناسروشتیی و سەرچاوەکەی دەگەڕایەوە بۆ هۆکارێکی ناسروشتی لە دەرەوەی گەردووندا.
ئەم بابەتە گرینگییەکی زۆری هەیە، بۆیە پتر ڕوونکردنەوە دەخوازێت. با بۆ ساتێک بهێنینە بەڕچاومان، ئێمە لە جیهانێکدا دەژین کە هیچ یاسایەکی تێدا نییە، ئەمە چی دەگەینێت؟ واتاکەی ئەوەیە کە ئەم جیهانە هیچ یاسایەکی جێگیربوون و پارێزراوبوونی تێدا نییە، ئەمەش وا دەکات کە شیاوی ڕوودان و ڕوونەدانی گشت شتێکی تێدا ببێتەوە. بۆ نموونە، ئەگەر سێوێکم لە دەستدا هەبێ، بەبێ بوونی هیچ هۆکارێک لەوانەیە ببێتە دوو سێو، کێشم ٧٠ کیلۆیە، پاش چەند چرکەیەک ببێتە ١٢٠ کیلۆ، درێژیم ٢ مەترە، هەر لەخۆوە دەبێتە ٢ ملیمەتر! بێگومان واش دەبێت، چونکە هیچ یاسایەک نییە، هیچ پارێزرانێک بوونی نییە. ئەمەش تەنیا ئەو شتە گۆڕاوانە ناگرێتەوە وەک، درێژی، کێش، بارستایی و... بگرە هەموو شتێک و گشت بوونێک. بەڵام ئەوەی زاندراوە کە هەر بوونەوەرێک لەم سروشتەدا لەبەرئەوە بوونی هەیە، کاتێک خاوەنی تایبەتمەندییە پارێزراوەکانی خۆی بێت کە بەندن بەبوونی چەند بنەما و یاسایەک، نەبوونی ئەو یاسایانەش، وا دەکات ئەو سیستەمەی شتەکان تێک بچێت و نەمێنێت. هاوشێوەی ئەمە لە بابەتی گەردوونیشدا، ئایە پێت وایە ئەو جۆرە گەردوونە دەشێ بەبێ بوونی هیچ یاسایەک بوونی هەبێت؟ بە پێچەوانەی ئەوانە و بەگوێرەی زانستی فیزیا، بوونی یاساکان بەڵگەی زەقن کە ئەم گەردوونەمان هیچ پێویستی بە بوونی داهێنەر و بەڕێوەبەر نییە، یاساکان بوونیان هەیە لەبەر پارێزرانی پێکهاتەکانی گەردوون، ئەگەر ئەو پێکهاتانە پارێزراو نەبوونایە، هەر لە بنەڕەتەوە ئەم گەردوونە بوونی نەدەبوو. بە دەڕبڕینێکی دیکە، ئەگەر خوایەک بوونی هەبووایە، دەیتوانی گەردوونێک دروست بکات، تەنیا لە زەوی و خۆر و مانگ پێک هاتبووایە، بەبێ بوونی هیچ یاسایەک و پارێزرانێک، ئەو دەمە ئێمەش بێدەنگ دەبووین، چونکە نەمان دەتوانی پێشبینی هیچ شتێک بکەین، هاوکات نە هیچ زانیارییەکمان دەبوو لەسەر ئەو گەردوونە، نە زانست بوونی دەبوو، لەبەرئەوەی ئەو کاتە گشت بابەتێک و دیاردەیەک بەند دەبوو بە ویست و ئارەزووی خواکەمان. بێگومان ئەم بنەمایەی پارێزران لەسەر بوونی خواش پیادە دەکرێت ئەگەر هەبێ، چۆن دەبێ خوایەک بوونی هەبێت، بەبێ ئەوەی هیچ تایبەتمەندییەکی جێگیر و دیارکراو بێت، چۆن بوونێک دەبێت کە هیچ شتێکی چەسپاوی نەبێت و لە گشت پێناسەیەکدا بێکۆتا، بێپایان، بێسنوور، بێ و بێ و ... بێت؟!
ئەو بڕە فیزیکییانەی کە هەن لە گەردووندا، هەر لە سەرەتاوە نەبوون و لەگەڵ تەقینەوە مەزنەکەوە نەهاتوون، بگرە کردارێکی بەرەبەرەیی بووە، لە سەرهەڵدانی گەردووندا ڕاستەوخۆ ئەستێرە و هەسارەکان پەیدا نەبوونە، هەتا گەردیلەش لە دەمی پەیدابوونی گەردووندا بوونی نەبووە، تا یاسای بۆ دابڕێژرێت. خێرایی تیشک کە ئێستە بە یەکێک لە ناسراوترین نەگۆڕەکان دادەنرێت، بەوەی کە هیچ شتێک نییە، خێرایییەکەی پتر بێ لە تیشک، لە سەردەمی پەیدابوونی گەردووندا، خێرایییەکەی بە ملیاران جار زێدەتر بووە لەوەی ئێستە، دەشبێت بزانین ئەگەر خێرایی تیشک بگۆڕێت، ئەوا گشت ئەو هاوکێشە فیزیکییانەی کە بەندن پێیەوە دەگۆڕێن. جگە لەمانە لە سەردەمانێکدا کیمیا بوونی نەبووە، چونکە ئەو توخم و ئاوێتە کیمیایییانەی کە چەندان یاسا و هاوکێشەیان بۆ داڕێژراوە، پاش ماوەیەک لە هاتنی گەردوون سەریان هەڵداوە. ئەو توخمانە بەرهەمی تەقینەوەی ئەو ئەستێرە هەرە زلانەن کە قەبارەیان هەزاران و ملیۆنان جار لە خۆری ئێمە گەورەتر بووە، کەواتە یاساکانی گەردوون لە پەرەسەندنی گەردوونەوە هاتوون، نەک لە سەرەتاوە لە لایەن خوایەک، یان داهێنەرێکەوە دانرابن. نە خوولگەی هەسارەکان وەک پێشان ماون، نە وەک خۆیان دەمێنن، شەو و ڕۆژ و وەرزەکانی ساڵ لە ڕابردوودا وەک ئێستە نەبوون و هەر ئاوا نامێنن، بۆیە جێگیربوونی دیاردەکان و چەسپانی ڕێساکانی سروشت کە ئێمە وایان دەبینین، گریمانەیەکی هەڵەیە. هەروەها زانستی هاوچەرخ بە چەندان بەڵگە سەلماندوویەتی کە نە گەلەستێرەکەمان، نە کۆمەڵەی خۆر و نە زەوی، شتگەلێکی تایبەتین لە دروستبوونیاندا، بگرە وەک ژمارەیەکی یەکجار زۆری دیکەن لەم گەردوونەدا، هیچ جیاوازییەکی سەرسڕکەر و ناسروشتیان لەگەڵ هی ئەوانەی دی نییە. هەتا ئێستە شتێک لە گەردووندا نییە، ڕاڤەیەکی زانستیی بۆ نەبێ، کەس ڕووداوێکی نەبینیووە ناسروشتی بێت؟ دەشێ لێرەدا دووبارە بگوترێ، ئەگەر خوا مەبەستی نیشاندانی تواناکانی خۆی بووایە، پێی دەکرا بە نموونە، ئەم زەوییەمان جیاواز بووایە لەگەڵ هەسارەکانی دیکە، لە پابەندبوونی بە یاساکانی گەردوون، یان لە شێوە و پێکهاتەی ئەو توخمانەی کە تێیدان. ئەو دەمە بۆمان هەبوو ببێژین، کۆمەڵەی خۆری ئێمە شتێکی ناسروشتی تێدایە و بوونەوەرێکی ناسروشتیش هەیە، سەرپەرشتی ئەو هەسارەیە تایبەتی و ناوازەیە دەکات!
باوەڕداران ئەم جارەیان دەڵێن، ئەو یەکە و بڕە فیزیکییە نەگۆڕانەی هەن زۆر بەوردی داندراون، گۆڕینێکی یەکجار کەمیان، وای لە گەردوون دەکرد هەر لەسەرەتاوە نەیێتە بوون، یانیش بە ماوەیەکی کەم هەرسی بهێنێ و لەناو بچێت.
وەک گوتمان کە هاتنی گەردوون لە هیچەوە نەبووە، زانست لەبەر بوونی ئاستێکی تایبەتیی، تەقینەوەی مەزنی کردووە بەسەرەتایەک بۆ پەیدابوونی. هۆیەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە زانست هەتا بڕ و ڕادەی ئەو نەگۆڕانە کار دەکات کە ناسراون بە یەکە نەگۆڕەکانی پلانک (ماكس پلانک ١٨٥٨ - ١٩٤٧). بۆیە ئێمەش تەنیا لەدوای ئاستی پلانکەوە دەتوانین لێکۆڵینەوەکانمان بەئەنجام بگەیێنین، پێش کاتی پلانک هیچ یاسا و ڕێسایەک و بنەمایەکمان نییە، لێیەوە دەستپێ بکەین، بۆیە ئەو خاڵەمان کردووە بەسەرەتا. نەگۆڕەکانی پلانک لە بڕەکانیاندا لەڕادەبەدەر بچووکن، چەند نموونەیەک لەمانە: بچووکترین کاتی خایندراو (٥.٣×١٠−٤٤چرکە)، واتە نێزیکەی بەشێک لە ملیار ملیار ملیار ملیار ملیار چرکە! بچووکترین یەکەی وزە کە دەکاتە (٦.٦×١٠−٣٤جول)، یاخۆ بچووکترین درێژی (١.٦×١٠−٣٥مەتر)، لە گەردووندا لەوانە بچووکتر نییە، لەو ئاستانەدا یاسا فیزیکییەکان چیدی کاریان پێ ناکرێت، ئەگەر لە شتێک بدوێن لەوانە وردتر بێت.
ڕەخنەمان بۆ ئەمە، سەرەتا با نموونەیەکی زۆر ئاسان بۆ ڕوونکردنەوە بهێنینەوە، تا بزاندرێت کە ئەم بۆچوونانە دەربارەی نەگۆڕەکان، چەندە هەڵەیەکی زانستی زەقن. ئەم گوتەیە وەک ئەوەیە بڵێین، هاوکێشەیەکی ماتماتیکی سادە لە شێوەی (١ + ٢ = ٣)، زۆر بەوردی دانراوە و پێویستی بە داهێنەرێک هەیە، چونکە تۆ هەر کاتێک ئەو (٢)ە بگۆڕیت بۆ ٢.١ ئەوا ئەو هاوکێشەیە چەوت دەبێت، واتە گشت ماتماتیک هەڵەیە، دواجار هەموو یاسا زانستییەکانیش کە پێیانەوە بەندن ناڕاستن، ئەمەش وا دەکات گەردوون هەرەس بهێنێ و بڕوخێت! ئەمە بەهەڵەبردنێکی زۆر ئاشکرایە و هیچ بنەمایەکی لۆژیکیی و زانستیی نییە، هۆیەکەشی ئەوەیە، ئێمە کاتێک ئەو (٢)ە بۆ ٢.١ بگۆڕین، بێگومان دەرەنجامەکەی دەبێتە ٣.١ و هاوکێشەکەش دەبێتە (١ + ٢.١ = ٣.١)، لەبەرئەوەی کەس نەی گوتووە کە لایەکی هاوکێشەکە سەربەخۆ و دابڕاوە لە لایەکەی دیکەی. نموونەیەکی دی: ئەم چوارگۆشەیە گەلێک ڕێک و جوانە دەبێ داهێنەرێکی هەبێ، چونکە هەر لایەکی ئەم چوارگۆشەیە یەکسانە بە ٤.٦ سم، ئەگەر لایەکت کرد بە ٤.٧ ئەوا گشت شتێک تێیدا هەرەس دەهێنێت. ئایە ئەمە ڕاستە؟ نەخێر! لەبەرئەوەی ئەمەیان بەندە بە شێوازی ئەو پێوەندییەی کە لایەکانی چوارگۆشە هەیانە بەیەکەوە، واتە گەر وامان دانا چێوەی ئەو چوارگۆشەیە تاڵە دەزوویەکی کانزایی بێ و درێژییەکی دیارکراوی هەبێت، پێویستە چێوەکەی نەگۆڕ بێ، هەر دەمێکیش یەک، یان دوو لە لایەکانی کەمێک درێژتر بکرێنەوە، بێگومان دەبێ لایەکانی دی کورتتر ببنەوە، ئەو کاتە چوارگۆشەکە دەبێتە لاکێشە، یان هەر شێوەیەکی دیکەی ئەندازەیی، بەڵام ئایە هەموو شتێک تێک دەچێ و دەڕوخێت؟
ئەمانە لەسەر گشت یەکە و بڕی هاوکێشەکان پێڕەو دەکرێن، ئەوانەی فیزیازانیی پێیان دەگوترێت، پێوەندەکان (Constraints)، بەوەی کە بڕە فیزیایییەکان لە یاسا و هاوکێشەکاندا بەجۆرێکی وا پێکەوە بەندن، هەر کاتێک یەکێکیان گۆڕا، ئەوا بەها و بڕی ئەوانی دیکەش دەگۆڕێن، ئەمەش بنەمای سەرلەبەری فیزیازانییە. بۆیە کاتێک دەڵێین، بە بەرزکردنەوەی پلەی گەرمیی گازێکی دیارکراو، بڕی پەستان هێندە پتر دەبێت، بە گۆڕانی ئەمەیان ئەوەی دی تا ئەو ڕادەیە دەگۆڕێت، بەم شێوازە یاسا فیزیایییەکان دادەڕێژرێن. ئەو پێوەندییە ناوەکییانەی لە نێوان بڕە فیزیایییەکاندا هەن، گرینگترین ئامرازن لە میکانیکی (لاگرانج و هاملتۆن)، ئەوانەش بنچینەی سەرلەبەری فیزیازانیین. بە تێگەیشتنمان لەم بابەتانە، هیچ هۆیەک نییە، بۆ ئەوەمان ببات کە باوەڕ بکەین، بڕەکانی گەردوون نەگۆڕن و بەشێوەیەکی وا ورد دانراون، هەر دەمەی شتێک بگۆڕدرێت، ئەوا گەردوون تێک دەچێت و نامێنێت.
لەگەڵ هەموو ئەمانەش، لەبەرئەوەی بابەتەکییانە لە زانست دەدوێین، پێویستە بەڕاشکاوانە ئاماژە بەوە بدەین، ئێمە دەزانین کە تەنۆلکە هەرەبچووکەکان پێکهێنەری گەردیلە، یاخۆ ماددەن، ماددەش بنەچەی گشت شتێکە لەم گەردوونەدا، بۆیە ئەگەر بمانەوێ بۆ نموونە بارستایی، یاخۆ هێزە ناوەکییەکانی ئەو تەنۆلکانە بە بڕێکی یەکجار کەمیش بگۆڕین، ئەوا کار دەکەنە سەر بارستایی پڕۆتۆن و نیۆترۆن، دەرەنجام گشت ئەو هاوکێشە و یاسایانەی بەمانەوە بەندن دەگۆڕێن، گۆڕانی ئەمانە دواجار وا دەکات کە گەردوونیش بگۆڕێت، وەک چۆن چوارگۆشە گۆڕا بۆ شێوەیەکی دیکە. بەڵام لێرەدا پرسیارە گرینگەکە ئەوەیە، ئایە بوونی یاسا، یان گەردوونێکی جیاواز، هەمان واتای لەناوبردن و وێرانبوون دەگەینێت؟ نەخێر! جیاواز واتە جیاواز، نەك لەناوچوون و هەرەسهێنان. ئەمە ئاساییە و لە گەردوونناسی هاوچەرخدا دەبینین، چەندان بۆچوون و تیۆر هەن لەسەر بوونی گەلێک گەردوونی دیکەی جۆراوجۆر، بەوەی کە هەریەکەیان خاوەنی یاسا و ڕێسای تایبەت بەخۆی بێت.
ئەو رێکخستن و ڕێکوپێکییەی بە گەردوون دەبەخشرێ و بەبەردەوامی دەکرێتە بەڵگە بۆ بوونی خوا، تەنیا پێناسەیەکی ڕێژەیییە بۆ شێوازی جووڵانەوە و ڕیزبوونی شتەکان. ئەوەی بە ڕێکوپێکی دادەندرێت، هیچ بوونێکی لەم گەردوونەدا نییە، بگرە لە ڕاستیدا ئاژاوە و پشێوییەکی بێسنووری ملیاران ساڵەیە، بەڵام ئێمە وایان دەبینین کە یاسا و ڕێسایەکی چەسپاو و نەگۆڕن. ئەو گەردوونە هەر شێوەیەکی هەبێت، لە لای ئێمەدا بەو چەند ساڵەی کە تێیدا دەژین ڕێکوپێک بەدەر دەکەوێت، گەرچی پڕیش بێت لە پەلامار و قووتدانی گەلەستێرەیەک بۆ یەکێکی دیکە، لە هەڵلووشینی ئەستێرە یەکجار گەورەکان لە لایەن چاڵەڕەشەکانەوە و پێکدادانی هەسارەکان. زەوی خۆیشی لەوەتەی هەیە ژمارەیەکی یەکجار زۆر کارەسات و کارلێککردنی کیمیایی لە پێکهاتەکانی ڕوو دەدات، گڕکانەکانی دەتەقنەوە، بە دووکەڵ و هەڵمە ژاراوییەکانی بەری خۆری لێ دەگیرێت، بوومەلەرزەکانی دەیان هەژێنێت، تەنە زلە ئاسمانییەکان خۆیان پێ دەکێشن. جگە لەمانە چەندان جار بە قۆناخی سەختی وەک چاخە سەهۆڵینەکان تێپەڕیووە، گەلێک سەردەمی لە بنەبڕبوون و لەناوچوونی مەزنی زیندەوەرەکانی بەخۆوە بینیووە، پاش نێزیکەی ٤.٥ ملیار ساڵ ئینجا مرۆڤی تێدا پەیدا بووە (مرۆڤی ژیر نێزیکەی ٢٠٠ هەزار ساڵە سەری هەڵداوە)، هەتا ئەمڕۆکەش تەنیا چارەکێک لە ڕووبەرەکەی بۆ ژیان دەگونجێت.
ئەو دیاردانەی بە بەرنامەڕێژ و ڕێکوپێکیان دادەنێین، تەنیا لەبەرئەوەیە بەتەمەنە کورتەکەمان پێی ڕاهاتووین و بوەتە بەشێک لە بوونمان، یاساکانیشمان دەرەنجامی بینینی ئەو ڕووداوە نەگۆڕانایە کە لەسەر یەک ئاست و بە یەک ئاراستەدا چەندجارە دەبنەوە بە درێژایی هەزاران و ملیۆنان ساڵ، وەک ئەوەی بەربوونەوەی تەنەکان لە سەرەوە بۆ خوارەوە، نیوتن ناوی لێنا، یاسای بەکێشکردن. گشت ئەو دیاردە و ڕووداوانەی بە کات و بە ژمارە، بڕ و قەبارەیان دیار دەکرێن، بۆ ناساندن نەخشەیان بۆ دەکێشرێ، هاوکێشەی جوانیان بۆ دادەڕێژرێت، لەگەڵ ئەو شێوەگەلە ئەندازەیییانەی لە ماتماتیکیشدا هەن، بە دابەشکردنی ساڵ بۆ مانگ و ڕۆژ و... ، گشتیان دەسکردی مرۆڤن، بۆ لێکۆڵینەوە زانستییەکان و پێوانەکردن و کاری ڕۆژانەمان داهێنراون، چونکە لە سروشتدا هیچ شتێک نییە، پێی بگوترێت نەخشە، ژمارە، بازنە، سێگۆشە، ساڵ... هتد.
لە لایەکی دیکەوە بنچینەی گەردوون و هەموو ئەو شتانەشی کە تێیدان ماددە، یاخۆ وزەیە، وزەش سەربە خودی خۆیەتی و هیچ شتێک لە دەرەوەی خۆیدا نییە، گاریگەری بەسەرییەوە هەبێ. گەردیلە، یاخۆ ئەلیکترۆن خۆبەخۆ دەجووڵێت و پێوستی بە بزوێنەرێک نییە، ئەگەر گەردیلە لە جووڵە بکەوێت، ئەو کاتە تێک دەشکێ و بوونی نابێت، پێی ناگوترێت شت، ئەو دەمە ئێمەش بوونمان نابێت، تا بێین لێرەدا لێی بدوێین. وزە بڕەکەی ناگۆڕێت، واتە ئەم گەردوونەی ئێمە هیچ وزەیەک ناداتە دەرەوە، هیچشی لە دەرەوەی خۆی وەرناگرێت، بۆیەش هیچ شتێک لە دەرەوەی گەردوونەوە کارناکاتە سەر دۆخی ناوەوەی، هاوسەنگبوونی وزە گشتییەکەشی وای لێ کردووە ببێتە سیستەمێکی خۆکار و سەربەخۆ. بەپێی هاوکێشە بەناوبانگەی ئەینیشتاین کە تێیدا وزە یەکسانە بە لێکدانی بارستایی بە دووجای خێرایی تیشک (E=mc²)، ماددە دەگۆڕێت بۆ وزە، بەپێچەوانە وزەش دەبێتە ماددە، کۆی ئەو دووانە لە گەردووندا چەسپاو و نەگۆڕە. لەبەرئەوەشە زاناکان هەمیشە ئەوە دووپات دەکەنەوە، گەردوون تاکە یەک بڕ لە وزە و یەک گەردیلەی نە لەناو چووە، نە هی نوێشی هاتووەتە سەر. ئەو تەنانەی لەم گەردووندا هەن، گشت ئەستێرە و هەسارەکان، بەمن و بەتۆ لە ماددە و وزە پێک هاتووین و پاشماوەی مردنی ئەستێرە مەزنەکانین. ئەم گەردوونەمان پێویستی بە هیچ ڕێکخەر و بەڕێوەبەرێک نییە، چونکە خوولێکی داخراوە و هەموو پێکهاتەکانی تەواون و هیچ ئامکانجێکی پێشینە و دوایەکیشی نییە، تا هەنگاوی بۆ بنێت. بە پشتبەستن بە کەرەستە و میکانیزمەکانی خۆی، دەتوانێت بمێنێت و بەبەردەوامی خۆی ڕێک بخاتەوە، بۆیە ئەگەر ودیهێنەرێک، یان خوایەکیش هەبێت، ئەو دەمە ئەو خوایە، هیچ کاریگەرییەکی نابێت لەسەر گەردوون و ئەو شتانەی کە لە ناویدا ڕوو دەدەن.
کاتێک دەڵێین گەردیلە خۆبەخۆ دەبزوێت، مەبەستمان ئەوەیە کە دەمانەوێت بزانین، ئایە هیچ ڕێکخستن و یاسایەک بەبێ ماددە بوونی هەیە؟ هەوڵدان بۆ سەلماندنی ئەوەی گشت ڕێکخستنێک بەڵگەیە بۆ بوونی ڕێکخەرێک، ئەوە دەگەینێت، ڕێکخستن لەگەڵ کەرەستە و پێکهێنەرەکانی ئەو ڕێکخستنە دوو شتی جیاواز بن. ئاشکرایە کە سەرلەبەری گەردوون لە گەردیلە پێک هاتووە، هەر تایبەتمەندییەکانی تەنۆلکە وردەکانی گەردیلەشە شێوەی گەردوون، یاخۆ سیستەم و ڕێکخستنەکەی دیار دەکات. کەواتە ئەمەیان هەرگیز بەو شێوەیە نییە، پێکهاتەکانی گەردوون پێش بوونی گەردوون بوونیان هەبووبێ، تا پێویستیان بە ڕێکخەر و دانەری یاسا هەبێت، بگرە ئەم دووانە لێک بەند و تێکهەڵکێشن و هەردەم پێکەوە بوونیان هەبووە. بۆ نموونە، گەردیلە هاوسەنگییەکی کارەبایی هەیە، چونکە ژمارەی بارگەکانی ناوکۆکەکەی کە پێک هاتووە لە پرۆتۆنەکانی بارگە ئەرێیی (پۆزەتیف) و نیۆترۆنە بێبارگەکان، هەمیشە یەکسانە بە ژمارەی بارگەکانی نەرێیی (نێگەتیف) ئەلیکترۆنەکان. ئەگەر سەرنج بدەینە نەرێیی بارگەی ئەلیکترۆن، دەبینین ئەمەیان شوێنی دیار دەکات لەو سیستەمی کە هەیە، خۆ ئەگەر ئەلیکترۆن تەنیا بارگە بێت، چۆن پاش بوونەکەی ڕێک دەخرێت؟ لە کاتێکدا بوونەکەی و پێناسەکەی هۆکاری دیارکردنی شوێنەکەیەتی لەو سیستەمەدا. بەو واتایەی، ئایە دەکرێ ئەلیکترۆنێک هەبێ بەبێ بارگە و جێیەکی هەبێت لەو ڕێکخستنەدا، هاوکات بە ئەلیکترۆنیش پێناسە بکرێت؟ بێگومان نەخێر! ئەلیکترۆنی بێبارگە بوونی ئەلکترۆن و دواجار گەردیلەش ناهێڵێت، ئەمە ئەوە دەگەینێت، نەبوونی ڕێکخستن لە خودی بوونایەتی شتەکاندا، خۆی لەخۆیدا نەبوونایەتییە. بەمەش دەزانین کە ڕێکخستن چییەتیە بۆ شتەکان، نەک خستنەپاڵی تایبەتمەندییەکان بێت بۆ بوونەکەی، بۆیە پێویستی بە ڕێکخەر نییە، لەبەر جیانەبوونەوەی ڕێکخستن لە چییەتی خودی بوون.
ڕێکخستن وەک بەڵگەیەک بۆ بوونی داهێنەر، لە نموونەی دارتاش و دەرگا، یان مرۆڤ و ئۆتۆمبێل، کە بوونەتە بابەتی گشت گفتوگۆیەکی بێخوا و باوەڕداران، هەمان ئەو ڕاڤە و ڕوونکردنەوانەیان دەوێت کە ئاماژەمان پێیان کرد. مرۆڤ هەڵ دەستێت بە پێکەوەنانی پێکهاتەکانی ئۆتۆمبێل بۆ بەگەڕخستنی، لێرەشدا ڕاستە مرۆڤ دەبێتە ڕێکخەری ئەو ڕێکخستنە، بەڵام ئەمە دەبێتە پێوەر کە هەموو شتێک دەبێ دروستکەر و ڕێکخەرێکی هەبێت؟ ئایە بەڕاستی دەکارین دروستکراوەکانی دەستی مرۆڤ، بەراورد بکەین لەگەڵ شتگەلە سروشتییەکان؟
دوا نموونەمان لەم بابەتەی ڕێکخستندا، ئێمە کاتێک سەیری دەریا دەکەین، دەبینین ئەمەشیان سیستەمێکی داخراوە و پابەند نییە، بە هیچ شتێک لەدەرەوەی خۆی، سەرلەبەری کردارەکان لە بازنەیەک بەدوای یەکدا دێن. ئەو زیندەوەر و ماسییانەی لەناویدا دەژین، دەخۆن و گەشە دەکەن، بەزاوزێکردنیان پتر دەبن، بەبێ ئەوەی پێویستیان بە یارمتی دەرەوە هەبێت. بەڵام ئەو دەمەی یەکێکمان بیەوێ بەرنامەیەک دابڕێژێت، بەوەی چەند ماسییەک بگرێت و بیان هێنێتە ماڵەوە بۆ پەروەردەکردنیان، ناچار دەبێت خۆیشی ببێتە بەشێک لەو سیستەمە نوێیە، تا ئەو ماسییانە بەردەوام بن لە ژیاندا. بەمەش دەزانین کە ئەو کێڵگە ماسییە پێویستی بە ڕێکخەر، یان بەڕێوەبەرێک هەیە، چونکە کێڵگەکە بەتەنیا ناتوانێت، ئەو ماسییانە لە ژیاندا بهێلێتەوە. بە واتایەکی دیکە، ئەو سیستەمە بەبێ بوونی مرۆڤ ناتەواوە و کەموکوڕی هەیە، مرۆڤ لێرەدا نەک تەنیا دروستکەر و بەدیهێنەری ئەو شتەیە، بگرە بووە بەشێک لێی. بەم جۆرە بۆ بوونی ئۆتۆمۆبیل هاوشێوەی ئەم بنەما و ڕێسایە دەبیندرێت، ئۆتۆمۆبیلیش بەبێ بوونی مرۆڤ، سیستەمێکی ناتەواوە و ژیانی تێدا نییە، بۆیە ڕاستەوخۆ دەزاندرێت کە ئەم ڕێکخستنە یەکەیەک، یان بەشێکی کەمە، ئەمەش دواجار بەرەو ئەوەمان دەبێت بڵێین، ئەو ئۆتۆمبێلە دروستکراوە دروستکەرێکی هەیە، بەڵام ئەم نموونانە لەگەڵ شتگەلە سروشتییەکان جیاوازن و هاویەکیی و لێکچوونیان تێدا بەدی ناکرێن. بە هەموو ئەو وەڵامانەی سەرەوە، دەگەینە ئەو بەرنجامەی کە بوونی خوا، یاخۆ داهێنەرێک بۆ هاتنی گەردوون و دانانی یاسا و ڕێساکان، هەروەها ڕێکوپێکی و گونجانیان، بە هیچ شێوەیەک لەو بابەتە زانستییانەدا جێی نابیتەوە.

بنەمای هۆیەتیی
سەرەڕای ئەو وەڵامانە و لێکۆڵێنەوەی زاناکان لەسەر هاتن و چۆنەتی سەرهەڵدانی دیاردەکان، هەروەها زانینی چییەتی سەرەتای شتگەلەکانی ئەم گەردوونە، کەچی دیسانەوە باوەڕداران گشتی دەکەنە دەرنجامێک بۆ بوونی تاکە هۆکارێکی بنەڕەتی، ئەویش خوایە. لەبەرئەمەشە بە باشی دەزانین وەڵامێک بۆ ئەو بابەتەش بخەینەڕوو.
هۆیەتیی لە بنەڕەتدا بابەتێکە لە فەلسەفەی زانستەکان، بایەخ دەدات بە بوونی ئەو پەیوەندییەی هەیە لە نێوان ڕووداوێک کە ناو دەنرێت بە هۆ، یان هۆکار، لەگەڵ ڕووداوێکی دیکە کە پێی دەگوترێت دەرەنجام، بە جۆرێک ڕووداوی دووەم دەبێتە دەرەنجامێک بۆ یەکەم. ئەوەی لێرەدا گرینگە کە دەبێ هەمیشە کاتەکەی هۆکار، پێش هاتنی دەرەنجام بکەوێت، هەر دەمێکیش ئەم مەرجە لە بابەتێکدا نەهاتە دی، ئەوا بێگومان چەمکی هۆیەتیی واتاکەی خۆی لەدەست دەدات.
هەبوونایەتیی بیرۆکەیەکە مێژووێکی گەلێک کۆنی هەیە، ئەریستۆ یەکەمین فەیلەسووفە کە ئەمەی وەک چەمکێکی فەلسەفیی تۆکەمە ناساند. ئەم بۆچوونە لە لای زۆربەی باوەڕدارەکان بووەتە خاڵێکی هاوبەش و کراوەتە بەڵگەیەکی بەهێز بۆ بوونی خوایەکی داهێنەر و دروستکەر. ئەمەش لە بنچینەدا لە بنەمای هۆیەتیی (Causality) وەرگیراوە، بەوەی گشت دیاردەیەک و ڕووداوێک لەم گەردوونەدا هۆکارێکی هەیە، هیچ شتێک لەخۆوە و بەبێ مەبەست و ئامانجێکی دیارکراو نایەتەدی و پەیدا نابێت.
دەبێ بڵێین، ئەم هۆیەتیییە لە لۆژیک و زانستدا بنەمایە، نەک یاسا بێت وەک ئەوەی خواییەکان و ئاینداران پێناسەی دەکەن. هۆیەتیی چەمکێکی ڕێژەیییە، مرۆڤ خۆی بەسەر دیاردەکاندا دەی سەپێنێت، چونکە لە ژیانیدا وا ڕا هاتووە، شتەکان لە هۆکار و دەرەنجامەکاندا ببینێت. خۆ ئەگەر بشکرێتە بنەما، یاخۆ یاسایەکی نەگۆڕ و ڕەها کە هەموو شتەکان بگرێتەوە، ئەوا ڕاستەوخۆ دژایەتییەکی لۆژیکیی پەیدا دەکات، لەبەرئەوەی ئەو کاتەی ئێمە خوا بە بەدیهێنەری بوونایەتیی و دروستکەری گەردوونی دابنێین، بە هەمان بنەما و یاسا دەبێ ئەویش بەدیهێنەرێکی هەبێ، ئەگەر نا ئەوا ئەو یاسایەمان شکاند کە خۆمان بۆ ئەو مەبەستە پەنامان بۆی بردبوو. بەگوێرەی ئەم بۆچوونە دەبێ خوایەک هەبێ و ببێتە هۆیەک بۆ هەبوونی گەردوون، بەڵام بوونی ئەو خۆی پێویستی بە هۆکار نەبێ. کاتێکیش ئەم پرسیارە لە باوەڕداران دەکرێت، بێ لۆژیک و بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەک، زاراوەی "یەکەمین هۆکار" بەکار دەهێنن و دەڵێن، خوا هۆکاری بێهۆکارە. پێشیان وایە، ئەو زنجیرەیەی کار و هۆکار نابێ بێکۆتا بێت، پێویستە سەرەتایەکی هەبێ، واتە دەبێ هۆکاری یەکەمین هەر هەبێت، ئەویش خوایە!
لە وەڵامی ئەوانەدا دیسانەوە دەکارین ببێژین، ئەگەر خوا هەر هەبووە و هیچ بەدیهێنەرێکی نەبووە، لەبەرچی ئەمە لەسەر گەردوون پێڕەو ناکرێت (فەیلەسوف هیۆم)، بۆ نابێ ئێمەش لەسەر هەمان بنچینە بڵێین، بوون، یان گەردوون بەپێی بنەماکانی فیزیای کوانتەمی خۆی هۆکاری بوونی خۆیەتی؟ ئەمەش لە کاتێکدایە ئێمە هیچ شتێک نازانین دەربارەی چییەتیی خوا و چۆنەتیی بەدیهێنانی گەردوون لە لایەن ئەوەوە، کەچی بەرانبەر بەوە لانیکەم دەزانین کە ئەم گەردوونەمان هەیە و هەست بە بوونی دەکرێ، دەکارین بڕ و یەکەی پێکهاتەکانی بپێوین. ئەوەندە زانیاریەشمان هەیە بتوانین بە پشتبەستن بە زانست، لە سەرەتای سەرهەڵدانی گەردوون و چۆنەتی پەیدابوونی ئەستێرە و هەسارەکان بدوێین.
چەمکی هۆیەتیی بەهەڵەبوونێکی دیکەی لۆژیکی تێدایە، ئەویش کاتێک دوو دیاردە دەبنە هۆکار و دەرنجامی یەکدی، لەگەڵ بوونی مەرجی کاتی هاتنیان پێویستە هاوتا و هاوڕەگەز بن. ئەم بەدواهاتنە چەند کردارێکی سروشتیین و شتگەلێکن لە گەردووندا هەن، دەوەستنە سەر یاسا و ڕێساکانی ناو خودی ئەم گەردوونە. بۆیە هەرگیز ناتوانین ئامراز و کەرستە سروشتییەکان بەکار بهێنین، بۆ سەلماندنی شتێک لە شێوە و جۆری خۆیدا نەبێ، یان لە دەرەوەی ئەو سروشتەدا بێت. مەبەست ئەوەیە ئێمە چۆن دەبێ گەردوون، یا ئەستێرە و هەسارەکان کە لە ماددە و وزەن، بەکاربهێنین وەک بەڵگە بۆ بوونی خوایەک لە تایبەتمەندییەکانیدا وەک هی ئەوان نەبن؟
بەگوێرەی زانست بنەمای هۆیەتییە سنوورداریشە و لە سروشتدا بوونێکی سەربەخۆی نییە، چونکە فیزیازانیی هاوچەرخ سەلماندوویەتی لە هەندێ باری تایبەتییدا، ئەو هاتنە بەدوایەکەی هۆکار و دەرەنجام نابیندرێت. پێشتر گوتوومانە، ئەگەر تەنیا یەک نموونە هەبێت بنەمای هۆیەتیی لەسەردا پێڕەو نەکرێت، ئەوا ڕاستەوخۆ هەرەس بە ڕەهایەتیی ئەو گریمانەیە دێت. لە ڕاستیشدا هەر وایە، لەبەرئەوەی گەر لە جیهانی ماکرۆسکۆپییە گەورەکەی تێیدا دەژین، بچینە ڕەهەندە میکرۆسکۆپییەکان، واتە یەکە و پێکهاتەی تەنۆلکە هەرە بچووکەکان لە بواری کوانتەمییدا، دەبینین بنەمای هۆیەتیی بەرەبەرە بەهاکەی ون دەبێت. لەم جیهانە دیاردەکان بکەر و هۆکاریان نییە، هەر لەخۆوە تەنۆلکە پەیدا دەبن و لەناو دەچن، یان دەبن بەتەنۆلکەی دیکە، جاری واش هەیە، هۆکارەکان لە پاش ڕووداوەکاندا بەدەر دەکەون، وەک لە پێچەوانەبوونەوەی ئارستەی کاتدا دەبیندرێن (لە بەشیکی دیکەدا لێی دەدوێین).
لەناو گەردیلەشدا چەندان شتی ناوازە بەدی دەکرێن، زۆربەیان بە شێوەی کۆمەڵە کردارێکی ڕەمەکی خۆیان دەنوێنن (بنەمای ناوردیی و ناجێگیریی هایزنبێرگ)، هاوکات لەبەر ئەو تایبەتمەندییە شەپۆڵەکییەی ماددە (ئەلیکترۆن) هەیەتی، وا دەکات پێشبینی هەڵسوکەوت و دەستنیشانکردنی شوێنی ئەو تەنۆلکانە و خێراییان لەیەک کاتدا نەکرێن. چونکە زاناکان بۆیان دەرکەوتووە کە خوولانەوەی ئەلیکترۆن بە دەوری ناوکی گەردیلە، هاوشێوەی هەسارەکانی کۆمەڵەی خۆر نییە، تا خوولگەیەکی دیارکراوی هەبێ، بگرە ئەلیکترۆن شێوەی هەورێک پێک دەهێنێت بەدەوری ناوکۆکەدا. هەر بنەماکەی هایزنبێرگیش بوو، گوتەکەی (لاپلاس)ی بەهەڵە خستەوە، کاتێک دەیگوت: "ئەو رێکوپێکییە و یاسا چەسپاوانەی لە سروشتدا هەن، ئەوانەی لە شێوەی کاتژمێرێکن، وامان لێ دەکەن ڕۆژێک بێت، بتوانین بە پێشکەوتنی زانست، تەواوی ڕابردوو، ئێستە و دواڕۆژی ڕووداوەکانی ئەم گەردوونە بزانین."
کەواتە دەکرێ بڵێین، ئەو بنەمایەی هۆیەتیی کە باوەڕداران بۆ سەلماندنی بوونی خواکەیان بەکار دەهێنن، مەرجەکانی لە هەموو بوارێکدا نایەنە دی، بۆیە ناتواندرێت لەسەر گشت بابەتێک و دیاردەیەک پێڕەو بکرێت، بەمەش لە چوارچێوەی پێناسەی بنەما، یان ڕێسایەکی چەسپاو دەردەچێت.
----------------------------------------------------------
ئەمەی سەرەوە بابەتێکە لە نووسێنێک بەناوی (زانست و چەند پرسێکی ئاینیی)، کە کۆمەڵیک بابەتی زانستیی لەخۆ دەگرێت. ئە‌م نووسینە‌ زادە‌ی وەرگێڕان، پشکنین، بژارەکردن، بەراوردکردنی سەرچاوەکان لەگەڵ یەکدی، کۆکردنە‌وە و کورتکردنەوەی بیروڕاکانی چە‌ندان نووسەر و نووسینی جۆراوجۆرە.
دارا سلێمان

*بڕوانە بابەتی: زانست لە نەبوونایەتییەوە ماددە دروست دەکات! 




(دەنگدراوە: 6 . زۆرباشە: 5/5)