ئاری هەرسین بە ئیران دەڵێت "ئیوە پەکەکەتان لە ئێمە بەرداوە"!

Monday, 05/08/2019, 20:11

10376 بینراوە


ئاشتی برایم ئەفەندی: میللەتانی ژێردەستی چەوساوە چەندە پێویستیان بە سەرکردەی سیاسی دڵسۆز و لێهاتوو هەیە، سەدان هێندە پێویستیان بە پێنووسی خاوەن مۆڕال، پرنسیپ و ڕۆشەنبیر هەیە.
زۆربەی میدیا و ماڵپەڕەکانی سێبەر و سەر بە پارتەکانی باشوور بازارێکی هەرزان بەهان بۆ ساغکردنەوەی نووسینی قەڵەمفڕۆشان. 
---------------------
ئاری هەرسینی لە ١٢/٧/٢٠١٩دا بابەتێکی لەژێر ناونیشانی "بەڕێزان سەرکردایەتی سیاسی کۆماری ئیسلامی ئێران" لە ماڵپەڕی ئاوێنەدا بڵاوکردۆتەوە، تێیدا گلەیی لە دەسەڵاتدارانی ئیران دەکات، دەڵێت لەگەڵ ئەوەی دەسەڵاتدارانی هەرێم هەڵوێستیان هێندێ باشە بەرامبەرتان بەڵام ئێوە "پەکەکتان تێبەرداوین" .
وشەی نەشیاو لە نووسیندا بەرامبەر کەسانێک کە لە گەندەڵی گلابن، یان خاک و نیشتمانیان هەراج کردبێت، یان نەوت و سامانی وڵاتیان دزی بێت، یان مێژوویان شێواندبێت، یان دەربارەی دوژمنێک کە وڵاتی داگیرکردبێت و کۆمەڵکوژی ئەنجام دابێت، ئەڵبەتە پڕ بە پێستیتی بەکاربێت، بەڵام ئەو بەرێزە دەڵێت "ئیوە پەکەکتان لە ئێمە بەرداوە" لە کاتێکدا باش دەزانێت کە وشەی "بەرداوە" دەستەواژەیەکە بۆ سەگ بەکاردێت!
ئەو پێخۆش بێت یان پێناخۆش بێت، پەکەکە هێزێکە بێ گومان بێ کەموکورتی نییە، بەڵام لە ڕۆژی دامەزراندیەوە تا ئەمڕۆ هەڵگری مەشخەڵی شۆڕشی چەکداری، ڕۆشەنبیری و بزوتنەوەیەکی سیاسی کوردە، کە تورکیای هەژاندوە و مەترسی خستۆتە دڵ زلهێزە ناوچەیەکان و دنیا، تاکە هێزێکە کە جێگە بە سەرانی پارتی و یەکێتی لەق دەکات. تا هەنووکە ئەو هێزە قوتابخانەیەکە لە ناوە و لە دەرەوەی وڵات دەیان کادیری سیاسی خۆنەویست و قارەمانی بەرهەم هێناوە، خاوەن هەزاران شەهیدە، خاوەن سەدان هەڵوێستی بەرز و سەرکردەی خۆڕاگرە لە شاخ و زیندان و شارەکاندا. هەر پێنوسێک لەوە بەدەر دەربارەی ئەو هێزە سیاسیە بنوسێت ئەوا هەوڵی چەواشەکردنی میللەت دەدات، بۆ مەرام و مەبەستی تایبەتی و بەرژەوەندیی پێنووسەکەی بەکاردەهێنێت.
میللەتانی ژێردەستی چەوساوە چەندێک پێویستیان بە سەرکردەی سیاسی دڵسۆز و لێهاتوو هەیە سەدان هێندە پێویستیان بە پێنووسی خاوەن مۆڕال، پرنسیپ و ڕۆشەنبیر هەیە، کە ئامادە نەبێت بۆ مشتێک دۆلار ببێت بە دەستکەلای داگیرکەران. نووسینەکانی ئاوینەیەک بن ڕەنگدانەوەی واقیعی دنیای تاڵی سەپێناراوی پڕ لە ئێشوئازار و ژانی ئەو میللەتە بێت. لە شۆڕشی ڕوسیادا گەلێک فەیلەسوف و نووسەری ڕوسی وەک "تۆلستو و مەکیسم گوڕکی و جۆرج پلیکهانۆڤ ڕۆڵی سەرەکییان بینی لە هۆشیارکردنەوەی خەڵک، هاندانیان بۆ پشتیوانی لە شۆڕشەکەیان و سەرکەوتنی، هەروها بیروبۆچوونەکانی مارکس بوون بە هەوێنی هاندانی چینی چەوساوە و هەژار بەرامبەر بە هەوڵدان بۆ لەنێوبردنی سیستەمی سەرمایەداری لە "مانفێستی کۆمۆنیزمیدا" دەنووسێت "کرێکاران ئێوە هیچتان نییە لە دەستی بدەن تەنیا فرمێسکەکانتان نەبێت".
نووسەر بە پلەی یەکەم ئەرکی گەیاندنی ڕاستییەکان و پشتیوانی کردنە لە پرسی ڕەوا، ئەگەر کۆڵبدات و نەتوانێت ئەو ئەرکەی بە ویژدانەوە جێبەجی بکات بێ گومان بەدەر لە خوێنەرە حزبیەکان و بەرژەوەندییپەرستەکان ناتوانێت لەنێو دڵی خوێنەری هۆشیار و بەهەڵویست شوێنی خۆی بکاتەوە. دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ڕوسیا هەر لە سەرەتاوە گەلێک نووسەر و ڕۆشەنبیری ڕووسی ئەو کات هەستیان بە زەنگی مەترسی سەرهەڵدانی گەندەڵی، بەرەو دیکتاتۆری چوونی هەندێک لە سەرانی ئەو شۆڕشە کرد. لە نووسینەکانیاندا دەستیان کرد بە هۆشیارکردنەوەی خەڵک لە مەترسی بەلارێدا بردنی هەوڵ و تەقەلاکانیان لەلایەن سەرانی ئەو شۆڕشە تازەیەوە! میکایل بیولگەکۆڤی نووسەری ڕوسی بە ماوەیەکی کەم دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ڕوسیا لە ١٠/ ١٩١٧ی ڕوسیا لە مانگی ١٢ی هەمان ساڵدا لە نامەیەکدا کە بۆ خوشکەکەی دەنووسێت، تێیدا باسی شێواوی دۆخی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووریی و شەڕی مەدەنی لە ڕوسیا و ڕەشبینی بۆ ئایندەی وڵاتەکەی دەکات.
نووسەر ئازادە لەوەی کە ببێت بە ئەندامی هەر پارتێک یان پاڵپشتی لە شۆڕشێک و سەرکردەیەکی دیاریکراو بکات تا ئەو ئاستەی کە ئەو پارتە، سەرکردەیە یان شۆڕشەکە لەخزمەت بەرژەوەندیی گشتی بێت و نقومی گەندەڵی و خەیانەت نەبێت. ئەگەر ئەمە بۆ ئەو هێڵی سوور نەبێت لە نێوان بیرکردنەوە و جۆری داڕشتن و بەکارهێنانی پێنووسەکەی ئەوا بێ گومان دەچێتە خانەی خەیانتکار لە پرسی ڕەوا و لە ئەنجامدا قاعیدەی جەماوەریی لە دەستدەدات لە کابرایەکی بەرژەوەندییپەرست بەولاوە هیچ وەسفێکی دی هەڵناگرێت!
مەکسیم گوڕکی، لایەنگرێکی سەرسەختی شۆڕشی ١٩١٧-١٩٠٥ ڕوسیا بوو. ئەو پێشوەخت پێشبینی هەڵگیرساندنی شۆڕش و ڕووخانی دەسەڵاتی مەلیکی کردبوو، لە نووسینەکانیدا بە مەبەستی هۆشیارکردنەوەی میللەتەکەی ئاماژەی پێدابوو. دوای سەرکەوتنی شۆڕشەکەش سەنگەری میللەتەکەی بەرنەدا، بێ هیوابوونی خۆی لە دۆخەکە نەشاردەوە و بەهەمان شێوە لە نووسینەکانیدا هەوڵیدا خەڵک هۆشیار بکاتەوە. لە پەڕتووکی "untimely thoughts " ددانی بەو ڕاستییانەدانا پەنجەی بۆ ئەوە درێژکرد کە ڕاگرتنی کوشتوکوشتار لە وڵاتەکەی گرنگە و لەگەڵ ئەوەدا نەبوو کە دەسەڵاتێکی سیاسی بە ڕشتنی خوێنی بێتاوان و هەژاران لەسەر کورسی دەسەڵاتدا دانیشێت، لەبری ئەوەی لە ڕێگەی هۆشیارکردنەوە و گۆڕێنی کلتووری دواکەوتوو بەو ئامانجە بگات.
دەرئەنجام:
ئی.بی. وایت، نووسەری ئەمریکی دەڵێت " نووسینی لاوازی سەرسورهێنەر وەک ئەنجامدانی تاوانی کوشتنە، کە دەبێت لیژنەی سوێندەری دادگا پرسیاری، هاندەر و مەرامی نووسەرەکە لە نووسینەکەدا بکەن"!.
ئاشکرایە کە نووسەری ئەو بابەتە هاندەر و مەرامی لە نووسینێکی لەو جۆرەدا چییە؟
یەکەم: لەلایەن پارتەکەیەوە ئارستە کراوە و لە نووسینەکەیدا بەبێشەرمی نۆکەرایەتی خۆی بۆیان دووپات دەکاتەوە.
دووەم: بۆ گیرفان پڕکردنی زیاتر و پارێزگاری کردن لە ژیانی شاهانە.
سێیەم: ئەو لەو نووسینەدا ئامادەیی خۆی بۆ بوون بە جاش و سیخوری ئیران و تورکیا و دەزگەی هەواڵگری میت و ئیتیلاعات دەربڕیوە.

نووسینەکەی ئاری هەرسین:

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە