جەنگى ئاڵا

Tuesday, 06/08/2019, 15:45

5661 بینراوە


(لاى ئێمە سەرکردە جەنگى پۆست و خەڵک جەنگى ئاڵا دەکەن)
سەرکردەکانمان لەوە حاڵى بون و دەست و پەنجەیان لەگەڵدا نەرمکردوە کە بە جۆرێک لە جۆرەکان ئاڵاکەیان لە وڵاتانى دراوسێ قبوڵکراو نیە، بۆیە زۆرێک لە سەرکردە و بەرپرسەکانمان کاتێک سەردانى وڵاتانى دراوسێ دەکەن کە بە فەرمیش پێشوازیان لێ دەکرێت کەچى لە هیچێک لە دیدا و چاوپێکەوتنەکاندا ئاڵاى هەرێمەکەیان و هەندێجار ئاڵاى وڵاتەکەشیان نابینرێت! بێ ئەوەى هیچ کێشەیەک بۆ خۆیان دروست بکەن و ئەو دیاردەیەش زۆر بە ئاسایی دەبینن!، بەڵام ئەوەى جێى تێڕامان و سەرنجە هاوڵاتیانى کوردستان کاتێک بە مەبەستى گەشتیارى یان گەشتى ئاینى یان گەشتى وەرزشى یان بۆ هەرجۆرە گەشتێکیتربێت حەز بە نمایشتکردنى ئاڵاى هەرێمەکەیان دەکەن، ئەمەش هەندێجار کەسەکان توشى لێ پرسینەوە و ئیحراجکردن و دیپۆرتکردن و تەنانەت تێهەڵدانیش دەبنەوە! هەرچەندە ئەمە شۆڤێنیەتى ئەوان دەردەخات بەرامبەر بە سەرەتایترین مافێکى گەلێکى بەش مەینەت و پارچەپارچەکراو، ئەمە لە کاتێکدا هەر پارت و کۆمەڵە و ڕێکخراو و کۆمپانیا و هۆتێل و ڕێستۆرانتێک ئاسایە و مافى خۆیانە کە ئاڵاى تایبەت بە خۆیان هەبێت، بەڵام بۆ گەلى کورد بڤە و نەخوازراوە!
گەلۆ ئاخۆ تێگەیشتنى تاک لاى گەلانى دراوسێ و هاونیشتمان نەگەشتبێتە قبوڵکردنى پارچە قوماشێک کەناوى ئاڵایە، ئیتر پێکەوە ژیان و هاونیشتمانى و مافى گەلان و ئەو زاراوە پواوانە لە خۆ فریودان زیاترچیە؟!
ئەوا ئەو هەڵوێستەى نەیارانمان ناونا شۆڤێنیەت، ئەى خوێنساردى بەرپرسانمان و خوێنگەرمى هاوڵاتیانى کورد ناوبنێیت چى؟
ئاخۆ ئەو هەڵوێستى سەرکردەکانمان دروستە، یان ئەو حەماسەتەى خەڵکى؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە