شای ئێران دەستوری لە سێدارەدانی قازیەکانی نەداوە

Tuesday, 06/08/2019, 19:27

9126 بینراوە


شای ئیڕان چی بە خێزانی قازی محەممەد گووتووە؟

پێشگووتن:

بۆئەوەی خوێنەریی هوشیار خراپ لەو رستەیەی سەروو تێنەگا دەخوام بێژم مەبەستم پێداهەلاگووتن بە رەزاشای ئێران نییە. بۆ خۆشم وەک بنەماڵە ئازارێکی زۆرمان لە چەنگ ئەو بنەماڵەی پەهلەوی دیوە. دامەزراندنی دەسەڵاتی پەهلەوی لە ئیڕان لە دژایەتیی گەلی کورد پێکهات. دیتمان لە چەند ساڵ دەسەڵاتی ئەوان کورد چی بەسەرهات. سەدان تێکۆشەریی کورد، یان شەهید کران، یان بەشێک لەو دیرۆکە ئیستیش پڕە لە پرسیاری بێ جواب، هۆیەکەش تەنیا دوژمن نییە، بۆ خۆشمان خەتابارین. حیزبەکان خەتابارن، پێنووس بە دەستمان نوکی خامەیان کل وکۆڵە، بۆیە چین چین ، کۆمەڵگا دێ ودەڕوا، ئێمە هەر ناگەینە ئاواتەکانمان!
لە کۆتایی ژیانی سیاسی قاجارەکان وڵاتی ئێڕان لەوپەڕی هەژاریی ولاوازییدا تێدەپەڕی. کاتێک رەزاشای ئێڕان هاتە سەرکار، ئەو لاوازییە زیاتربوو، هۆی ئەوەیە کە شای ئیڕان لە شەڕی دووهەمی جیهانیدا بێلایەنیی راگەیاند دەگەرێتەوە بۆ سەر بێدەسەڵاتیی سیاسی و ئابوری و باری خراپی وڵات.بۆیە رەزاشای ئیڕان ئەو هێزەی نەبوە تا لە زۆریەک لە پرسە چارەنووسسازەکانی ئێڕاندا بتوانێ راستەوخۆ بڕیار بدا.

" دونیا دووجەمسەری"

وڵاتی ئێڕان ببوو بە گۆڕەپانی سیاسەتی بەرژەوەندخوازیی دونیای ئیمپریالیزم و کومونیزم. بەڕێبەرایەتی ئامریکا و سۆڤیەتی پێشوو.چون خاوەنیی جوغڕافیایەکی ستڕاتیژیکیی بوو بۆهەردووهێزی جیهانیی.هاتنی رووسەکان و ئینگلیزیەکان و دەست تیووەردانی ئامریکاییەکان ناراستەوخۆ لە رووی سیاسیی ئێڕانی دابەش کردبوو. لەوەها بارودۆخێکدا لەلایەک پرسی کۆمار و پرسی ئازەربایجانی ئێڕان گرفتێكی مەزنی خوڵقاندبوو.
فێڵ و تەڵەکەی سیاسیی زلهێزەکان کاتی وا لە مامەڵەی سیاسیی دەگەران. راگەیاندنی کۆماری کوردستان لە مهاباد یەکێک بووە لەو رووداوانەی کە بوو بە قوربانیی سیاسەتی ئەو دەوڵاتانەی کە چآوی تەماحیان دەئێڕان بڕیبوو.لە کۆتاییشدا دیتمان هەرئاواش دەرچوو، ئەوان بۆ خۆیان سازان وکوردیش بەرداشی سیاسەت هاڕیی! لە راستیدا کۆماری مهاباد بیانوویەک بوو بۆ سازانی بەرژەوەندیی زلهیزەکان نەک لە بەر چاوی جوانی کورد. کۆمارێک کە پانتایی جوغڕافیایەکە ئەوەندە بەرتەسک بێ، کوا کۆماری تەواوی کوردستانی مەزنە؟

"دادگایی کردنی قازیەکان"

مەلا مستەفای بارزانی کە هاتە مهاباد پاشان زۆر زوو تەسلیم نامەی بۆ سەرهەنگ هوماوینی نووسی وخۆی رزگار کرد وهەڵات بۆ سۆڤیەت! لەوێ خەریکی قەسابی بوو، تا گاڵتەی رۆژگار گەراندیە بۆ عێڕاق و باشووری کوردستان تا هیچکات کێشەی کورد چارەسەر نەکرێ! چون خەونی بە دی نەهاتنی دەوڵەتی کوردی دەدەست بنەماڵەی بارزانی دایە، تا ئەوانە مابن وخاوەنیی چەک و چەکدار بن هیچکات کورد ناگاتە ئامانج. هاوکات دەگەڵ هەڵاتی مەلا مستەفا، قازیەکان لە ژێر چاوەدێریی بەرپرسانی ئەڕتەشی شای ئێڕاندا بوون. چاوەڕوانی دادگاییکردن بون، سەرەتا قەرار نەبووە کە هیچکامیان لە سێدارە بدرێن. قەراربوو رایانگوێزن بۆ تاران ولەوێ زیندانیی بکرێن.
رۆژنامەی / ئازادی / کە لەو سەردەمەدا لە بەغدا بە زمانی کوردی دەردەچوو رایگەیاند کە لە پشت دادگایی کردنی قازیەکان دەوڵەتی ئامریکا و دەوڵاتی ئینگلیز هەیە.!هەروەها دواتر رۆژنامەی ئازەربایجان کە لە / باکو / دەردەچوو نووسیبوی: قازی محەممەد بە نوێنەری ئامریکای / جورج ئالێن / ی گووتبوو گەلی کورد چاوەڕوانی هیچ  چاکەیەک لە وڵاتی ئیستعماریی ناکا.

" سووق بوڵاق یان سابڵاغ"

سووق بڵاق وشەیەکی ئازەرییە بە واتای / کانی سارد / ئەو وشەیە هێدی هێدی سواوە بۆتە سابڵاغ کە ئێستێ پێی دەگوترێ سابڵاغ، کەسێکیش کە شانازیی بە خۆی بکا دەڵێ من سابڵاغیم! من ئەو شانازیە لە جێی خۆیدا نابینم. ئەو گووتنەش هەیە کە دەڵێن: شای ئێڕان ناوی / مهابادی / لە سەر ئەو شارە داناوە، یان دەڵێن کەسێک بەناوی رەشید یاسمی کە مامۆستای زانکۆ بووە ئەو ناوەی پێشنیارکردوە. بۆیە لە پاش هاتنە سەرکاری بنەماڵەی پەهلەوی زۆر شت ئاڵوگۆڕی بەسەرهاتووە.

"کاتیک گەمەی سیاسیی دەست پێدەکا"

ناکۆکیی لە نێوان دونیای دووجەمسەریی لە سەر نەفتی باکوری ئیڕان و پاراستنی بەرژەوەندیەکانی ئامریکا ئەو کات زەق بۆوە، کە قازی محەممەدیان ئومێدەوار کرد کە کۆماری کوردستان رابگەیەنێ وسۆڤیەتش بۆ لە ناوبردنی / ژێ،کاف / ئەو ئەرکەی خستە سەر شانی قازی بە بێ ئەوەی قازی ئاگاداریی پیلانێکی ناونەتەوەیی بێ، بۆیە لە لایان باقرئۆف دەبیری یەکەمی حیزبی کومونیستی ئازەربایجان بانگ کرایە باکو! نە سۆڤیەت نە ئامریکا خوازاریی دامەزراندنی کۆماری مهاباد وکۆماریی ئازەربایجان لە ئێڕان نەبوون.تاقمێک وڵاتی  ئوڕوپاییش هەر دژایەتی خۆیان نیشاندا.
دوای هەرەس هێنانی کۆمار قەرار بوو قازیەکان بەرنە تاران. لەوێ زیندانیان بکەن. لەو سەردەمدا شای ئێڕان و بنەماڵەی پەهلەوی ئەو دەسەڵاتەیان نەبوو، کە لە بەرابەر هەڵوێستی زلهێزەکاندا بتوانن بەرەیەکی دژ بە سیاسەتیی جیهانیی لە خۆیان نیشان بدەن. بۆ ئەوەی نەبێتە پاکانە بۆ بنەماڵەی پەهلەوی دەتوانم بڵێم زۆریشیان پێخۆش بوو ئەو کات تەواوی تێکۆشەرانی کورد لە سێدارە بدرێن، بەڵام نیگەرانی دوای کارەساتەکان بون.

"چیان بە خێزانی قازی محەممەد گووتووە؟"

کێبڕکێی ئامریکا و سۆڤیەت بە ئاشکرا بارودۆخێکی پێک هێنابوو، کە لە شاری مهاباد و چەند شاری دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان بنەماڵەی پەهلەوی بڕیاردەر نەبوون.کاتێک رەزاشایان وڵات بە دەرکرد و لە سەر تەختی پادشایی هێنایانە خوارێ، سووک وهاسان بە کۆدەتایەکی زۆرە ملێی دەسەڵاتی موسەدیقیان وەلانا و کوڕی شای ئێڕان یان محەممەد رەزاشایان هێنایە سەرکار. ترسی سەرەکی ئامریکاش کومونیزم وحیزبی تودە بووکە وایاندەزانێ ئێران بەرەو سۆڤیەت رادەکێشێ. یەکەم کاری شای تازە بە هێزکردنی هێزی ئەڕتەش بوو بۆ بەرەنگار بوونەوەی دژبەرانی خۆی.
زۆر لە دیرۆکدا کردەوەکانی دیرۆکیی وێنەی بەڵگە لە سەر ڕووپەڕی مێژوو دەمێننەوە، یان دەکرێنە پەڕتووک و بڵاودەبنەوە. لەوشەوە زەنگەدا کە قازیەکان بە نێوە شەو دەبنە داریی بێدادی سێدارە نوێنەریی ئامریکا جۆرج ئالێن و پلەدارێکی نیزامیی شای ئێڕان چەند میترێک دوورتر چاوەڕوانی لە سێدارەدانی قازیەکان بون. وێنەی شەمشەمە کوێرە بە دزی خۆیان حەشاردابوو تا بە چاوی خۆیان شەهید بونی قازیەکان ببینن!
کاتێک کار لە کار ترازا وهەرسێکیان چوونە پای سێدارەی دژ، ئەو جار نوێنەری ئامریکا بە دڵێکی ئاسوودە رێگای ورمێی گرتەبەر و مهابادی خەمباریی بە چێ هیشت.! هەم نوێنەریی سۆڤیەت وهەمیش ئامریکا کاتێک لێیان دەپرسن بۆ کۆماری ماهابادتان بە تەنیا بە جێهیشت و درۆتان دەگەڵ کورد کرد؟ لە جوابدا دەڵێن: ئاسایش و بەرژەوەندیی سیاسی وئابوریمان لە جیهان دەمەترسی دەکەوت بۆیە بڕیارماندا ئەو کۆمارە و بەڕێوەبەرانی باڵای ئەو کۆمارە لە ناو بەرین!
هەر لەو پەیوەندییەدا شای ئێڕان بە خێزانی قازی محەممەدی گوتووە من فەرمانی لە سێدارەدانی هاوسەرەکەی تۆم دەرنەکردوە. لە ئاست دەربڕێنی ئەو قسەی تەنیا هۆ ئەوە دەبینم کە شای جەوانی ئێڕان لە هێز وتوانای خۆی نەهێنرایە سەرکار تا جێگای باوکی بگرێتەوە. بۆیە هیچکات ئەو دەسەڵاتە پێنەدراوە بڕیاری سیاسیی لە سەر کۆتایی هێنانی کۆمارو لە سێدارەدانی بەرپرسانی کۆماردەربکا، لە لایەکی دیکەشەوە قەولیان بە قازی دابوو ئەگەر خۆی رادەست بکا و شەڕدژی ئەڕتەشی شای ئێڕان نەکا دەیبورن، بەڵام چون لە سەرەتاوە شا، کلکی دە بەردەستی ئەو زلهێزانەدا بوو، کە کاتێک باوکیان سورگون کرد و لە ئیران دەریان کرد، ئەویان هێنایە سەرکار! ئیستێش دیرۆک دووپات بۆوە، دونیای زلهێزەکان دووبارە تەختی بەختی بنەماڵەی پەهلەویان رووخاند و ئەوە ٤٠ ساڵی رەبەقە کۆماری ئیسلامی چی نەماوە بە سەر خەڵكی ئێڕانی نەهێنێ! بۆیە راستیان گوتووە، کە خەتی خواردەبن سەری گای پیردایە!

" کۆتایی"

کۆمار کۆتایی پێ هێنرا! قازیەکان لە ١٠ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٢٦ی هەتاوی /١٩٤٧ / لە چوارچرای مهاباد داری سێدارەیان بۆ چەقا و شەهید بون. مرۆڤی دوورناس دەبێ بزانێ ئەو داداگاییە، کە بۆ قازیەکان دانرا، دادگایەکی فەرمایشی بوو بۆ ئەوەی ڕایگشتی کورد و جیهانی پێ ئاگادار کەنەوە. دەسەڵاتی شای ئێڕان بایی ئەوەندە نەبوو کە بتوانێ پێش لە دادگایی کردن و لە سێدارەدانی قازیەکان بگرێ. ئەوەی کە بڕیاری ئەو جینایەتەی دا زلهێزەکانی ئەو سەردەمە بون.
بە داخەوە دوای قازی محەممەد منداڵەکانی بە کەڵکی قۆناغیی دوای کۆمار نەهاتن. کوڕی رەش (عەلی قازی) تاقە کوڕی قازی بوو، کە ئەویش بوو بە پیاوی دەرباری شا و ساواکی شای ئێڕان. نەیتوانی لە هزری باوکی خاوەن دەرکەوێ. ئەویشیان پاش ماوەیەک هەڵداشت و ناردیانە وڵاتی ئاڵمان تا لە بەر چاوی خەڵک ون بێ وهێدی هێدی ناوی بکوژێتەوە. پرسی پێکهاتنی کۆمار و کوشتاریی بە کۆمەڵی دوای کۆمار خاوەنی زۆر پرسی بێ جوابە، کە دەبی لێکۆلەری کورد و زانای کورد خامەی بۆ تیژ بکا و بینووسێتەوە.

جەعفەرکەریمی
سندوقی کوردستانپۆست


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە