پە‌رە‌سە‌ندنی ڕوە‌کەکان

Thursday, 08/08/2019, 11:15

12868 بینراوە


لە‌ تیۆری پە‌رە‌سە‌ندندا هە‌رچییە‌ک لەبارەی ڕوە‌ک بگوترێت وەک، سە‌رە‌تای پە‌یدابوونیان، بنە‌چە‌کانی دار و دەوەن و گژوگیا، گشت بابەتگەلە‌ پێوە‌ندیدارە‌کانی‌ ڕوە‌کزانی، هیچ کێشە‌یە‌ک نایەتە ئاراوە، زۆر بە‌دە‌گمە‌نیش ڕە‌خنە‌یان لێ دەگیر‌ێت. کامە درەخت پێش ئەوەی دی پەیدا بووە، پێشینەی داری گوێز و خورما هەر ڕوەکێک بێت، جگە لە زانا و شارەزایان لەم بوارەدا کەس گوێی پێ نادات. بەڵام لەبەرئەوەی پەرەسەندن هەموو زیندەوەرەکان دەگرێتەوە، ڕوەکیش بەشێکی گرینگە لێی، بۆیە پوختەیە‌کی کورتی پە‌رە‌سە‌ندنی ڕوە‌ک لێرەدا بە‌ پێویست دە‌زانرێت.‌
ڕوە‌کە‌ بە‌‌ردەنییەکان بە‌ڵگە‌ی بەهێزن کە ڕوە‌کیش بە‌گوێرە‌ی بنە‌ماکانی پە‌رە‌سە‌ندن وەک ئاژەڵەکان، بە‌ مێژووێکی درێژخایەن لە‌ پە‌رە‌سە‌ندن تێ پە‌ڕیووە. هەروەها سەرهەڵدانی ئە‌و هە‌موو جۆرە‌ ڕوە‌کە‌ و بڵاوبوونە‌وە‌یان، هۆکارێکی بنە‌ڕە‌تی بووە‌ بۆ هاتنە‌کایە‌ی هە‌لومە‌رجێکی لە‌بار و شیاو بۆ پە‌یدابوونی مرۆڤ و ئاژەڵانی دیکە.
ڕوە‌ک ئەو زیندەوەرەیە توانی چێکردنی پێکهاتە‌یە‌کی زیندووی هەیە‌ لە‌و مادانە‌ی لە ژینگە‌کەیدا هەن. ئەوەی پێی دەگوترێت ڕوە‌ک، ژمارە‌یە‌کی یە‌کجار زۆر جۆر دە‌گرێتە‌وە، ئەوانەی بەهۆی بوونی نیشانە‌ هاوبە‌ش و شێوە‌ لێکچووەکانیان‌ پۆلێن دە‌کرێن. ڕوە‌کزانی بە‌شێکی بنەڕەتییە‌ لە‌ زیندە‌وە‌رزانی، بەوەی کە تۆژینە‌وە‌یە‌کی زانستییە‌ لە‌ ژیانی ڕوە‌ک، لە‌ گشت بوارە‌ فرەوان و جیاجیاکانی وەک: خۆراک، گە‌شە‌کردن، زۆربوون، کرداری ڕۆشنە‌ پێکهاتن،‌ نە‌خۆشییە‌کانی ڕوە‌ک، پە‌یدابوونی ڕوە‌ک، ژینگەزانی، پەرەسەندن و... هتد.
چەندان شێوازی جیاجیا هە‌ن بۆ دابەشین و پۆلاندنی ڕوەکەکان، وەک ئەوەی پێشان تە‌نیا ‌لایە‌نی بە‌کاربردنیان گرینگی پێ دە‌درا، بۆیەش دە‌کرانە‌ دوو بە‌شی سە‌رە‌کی کە ڕوە‌کی سووددە‌ر و ڕوەکی زیاندە‌ر بوون. بێگومان ئە‌م چە‌شنە‌ پۆلێنسازییە‌ زانیاریی تە‌واومان پێ نادەن‌، بۆیە‌ دە‌بێت پە‌نا ببرێتە ‌بە‌ر شێوازێکی دی، تا زۆربە‌ی لایە‌نە‌کان لە‌خۆ بگرێت. شێوازی نوێ، پە‌رە‌سە‌ندن لە‌بە‌رچاو دە‌گرێت و پێکهاتە‌ی ناوە‌کی خانە‌ و سووڕی ژیان بە‌ یە‌کە‌ سە‌رە‌کییە‌کانی پۆلێنکردن دادە‌نێت. ئە‌و جۆرانە‌ی لە نیشانە بنە‌ڕە‌تییە‌کاندا هاوبە‌شن، لە‌ ئاستێکدا کۆدە‌کرێنە‌وە‌ کە بە‌ ڕە‌گە‌ز ناو دە‌نرێن، ڕە‌گە‌زە‌ چوونیە‌کە‌کانیش دە‌بن بە‌ یە‌ک خێزان، پاشان بۆ یە‌ک پلە‌، لە‌دوای ئە‌مانە‌ بۆ یە‌ک تیرە،‌ لە‌کۆتادا دە‌بن بە‌ کۆمەڵەی گشتیی کە پێی دەگوترێت، شانشین (ڕوە‌کنشین)، بەمەش زۆرینە‌ی زاناکان و لێزانانی ئەم بوارە سە‌رلە‌بە‌ری ڕوە‌ک لە‌‌ ١٢ کۆمەڵەی گشتیدا کۆدە‌کە‌نە‌وە. ئە‌م شێوازە‌ دەرفەت دە‌ڕە‌خسێنێ بۆ هاتنە‌ڕیزی ئە‌و ڕوە‌کانە‌ی دە‌دۆزرێنە‌وە،‌ جا چ بەردەنی بن، یان زیندوو. ژمارە‌ی دۆزەوەکانی ڕوە‌کی بەردەنی کە‌من، ئەمەش لەبەر نە‌بوونی بە‌شە‌ ڕە‌قە‌کانی وەک ئەوەی لە‌ ئێسکی ئاژەڵاندا‌ هەن، بۆیە‌ زانینی ئە‌وە‌ی کامە‌ ڕوە‌ک لە‌ یە‌کێکی دیکە پتر پە‌رە‌ی سە‌ندووە کارێکی سە‌خت و دژوارە، ئەمەش بووەتە هۆی ئە‌وە‌ی بە‌ردە‌وام خشتە‌کانی پۆلێنکردن دە‌ستکاری بکرێن و فرەوانتر ببن‌.
ئە‌مڕۆ ڕوە‌ک بە‌گشتی دە‌کرێتە‌ دوو بە‌شی سە‌رە‌کی:
١- ڕوە‌کە‌ بێگوڵە‌کان: بە‌کتریاکان، کە‌وزە‌کان (Lichen)، قەوزەکان، کەڕووبابەتەکان، سە‌رخە‌سییە‌کان و چەندانی دیکە. ئە‌مانە‌ زۆربە‌یان لەڕێی دابەشبوون، یان پێکهاتە‌یە‌کی خانە‌یی وردەوە کە پێی دەڵێن سپۆڕ (تۆزەگوڵ)، زۆر دەبن.
٢- ڕوە‌کە‌ گوڵدارە‌کان: گوڵداری تۆوڕووتە‌کان و گوڵداری تۆوداپۆشراوە‌کانن، تۆوڕووتە‌کان بە شێوە‌یە‌کی گشتیی چە‌ندان جۆر لە‌ درە‌ختە‌کان، تۆوداپۆشراوە‌کانیش جۆرە‌کانی دی دە‌گرنە‌وە. تۆوداپۆشراوە‌کان بە گوێرەی پێکهاتە‌ی تۆوە‌کانیان دەکرێنە دوو بەش، یە‌کێکیان بە‌ تۆوی دووپە‌لکە‌ (وەک: نیسک و نۆک)، ئە‌وە‌ی دیکە بە‌ تۆوی یە‌کپە‌لکە‌ (وەک: گە‌نم و جۆ) دەناسرێن، ئەم ڕوە‌کە‌ گوڵدارانە لەڕێی تۆوە‌کانیان زۆر دە‌بن.
گوڵدارە‌کان چە‌ندان جۆری جیاواز‌یان هە‌یە‌ لە‌ ڕە‌نگ، بۆن، گە‌ورە‌ و بچووکیی گوڵ، گە‌ڵا، تۆوە‌کان و چە‌ندان تایبە‌تمە‌ندی جۆراوجۆری دیکە، ئەوانە سەرانسەری جیهانیان تەنیووەتەوە بە‌ جیاوازی ژینگەکە‌یان، جا چ لە‌ ئاودا بن، یان لە‌سە‌ر وشکانیی.

مێژووی پە‌رە‌سە‌ندنی ڕوە‌ک


پاش ئە‌وە‌ی بوونە‌وە‌ری زیندوو پە‌یدا بوو و‌ توانی بەهۆی پێکهاتە‌ خانە‌یییە‌کە‌یەوە زۆر ببێت (زۆربوونی خۆیە‌کی)، گرینگترین هە‌نگاو لە‌ مێژووی ڕوە‌کدا دە‌ستی پێ کرد، ئە‌ویش بە‌ پە‌رە‌سە‌ندن ڕۆشنە‌پێکهاتن هاتە کایەوە. ڕۆشنەپێکهاتن ئەو کردارەیە کە لەڕێیەوە ڕوەک ئە‌و وزە‌یە‌ی لە‌ تیشکی خۆرە‌وە‌ وە‌ری دە‌گرێ، بۆ وزە‌یە‌کی کیمیایی وەردەگێڕێت. ئە‌م جۆرە‌ زیندە‌وە‌رە سادانەی ئەو سەردەمە بە‌ خاوە‌ن ناوکۆکە‌ سە‌رە‌تایییە‌کان دادە‌نرێن، ئەمانە توانیویانە‌ هەر لە یەکەم دەرکەوتنیانەوە هە‌تا ئە‌مڕۆکە بمێنن.
بە‌ ڕۆشنە‌پێکهاتن کارلەیەککردنە‌ کیمیایییە‌کان ڕوو دە‌دە‌ن و لە‌ ئە‌نجامدا گە‌ردیلە‌ی ئۆکسیجن بە‌رە‌ڵا دە‌بێت، ئۆکسیجنی‌ بە‌رە‌ڵابوو و زێدە‌بوونی ڕێژە‌کە‌ی، وای کرد کە‌ گۆڕانکارییە‌کی ڕیشەیی و مە‌زن بێتە‌ ئاراوە‌ لە‌ بە‌رگی کژە‌کی و شێوازی ژیان لە زەویدا، هەر بۆیە زانایان دەبێژن، سەرچاوەی لە ٩٩%ی بەرگی کژەکی زەوی، بەهۆی زیندەوەرانەوە هاتووەتە کایەوە. پاشان بە‌ کە‌ڵە‌کە‌بوونی ئۆکسیجن چینی ئۆزۆن پە‌یدا بوو، ئە‌م چینە‌ کرداری مژینی تیشکی ژووروە‌نە‌وشە‌یی ئەنجام دەدات کە کاریگەرییەکی زۆری هەیە بۆ پاراستنی ژیانی زیندە‌وە‌ران لە‌ زیانە‌کانی ئە‌م تیشکە. پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە هەرچەندە ئۆکسیجن لە زۆر لایەنەوە بۆ ژیانی زیندەوەران گرینگە، کەچی گازێکی ژاراوی و کوشندەیە بۆ ئەو زیندەوەرانەی لە پێکهاتەیاندا لەگەڵ ئۆکسیجن نەگونجاون، لەبەرئەوەشە لە سەرەتاکانی کەڵەکەبوونی ئۆکسیجندا، ژمارەیەکی یەکجار زۆر زیندەوەر لەناو چوون، بۆیە ئێستە هەندێ جۆرە وردەزیندەوەر هەن، ناتوانن لە جێیەکدا بژین ئۆکسیجنی لێ هەبێت.
ڕوە‌ک یە‌کە‌مین جێنشینانی زە‌وین، ئە‌گە‌رچی لە‌ جۆری یەکجار‌ وردی زیندە‌وە‌رانیش بن، ئەوانەی ئەو کاتە کە لە‌ جۆری ڕوە‌کە‌ لوولە‌یییە‌کان بوون، سە‌رە‌تای سەرهەڵدانیان دە‌گە‌ڕێتە‌وە‌ بۆ ساڵەکانی نێزیک لە مێژووی‌ پێکە‌وە‌نانی چینی ئۆزۆن. پاش ئەمانە ئەو ڕوە‌کانە دەرکەوتن کە گە‌ڵایان هەبووە،‌ لە‌دوای ئە‌مانە‌وە‌ یەکەمین ئە‌و ڕوە‌کانە‌ پە‌یدا بوون کە بە تۆو و تۆزە‌گوڵ زۆر دە‌بن، ئەوانەی بە‌ ڕوە‌کە‌ تۆوڕووتە‌کان ناو دە‌نرێن. تۆوڕووتەکان بۆ ماوە‌یە‌کی دوورودرێژ بە‌سە‌ر پانتایییەکی فرەوانی زە‌ویدا زاڵ بوون، تا ئە‌و کاتە‌ی ڕوە‌کە‌ تۆوداپۆشراوە‌کان سە‌ریان هە‌ڵدا.
ئێستە‌ش پوختە‌یە‌ک لە‌ مێژووی سە‌رهە‌ڵدانی ڕوە‌کە‌کان و پە‌رە‌سە‌ندنیان لە‌ چە‌ندان لایە‌نی جیاجیا دەخەینە بەردەست،‌ لە‌‌و ڕوە‌کانە‌ی کە‌مترین پە‌رە‌سە‌ندنیان بە‌خۆوە‌ بینیووە‌، تا دە‌گاتە‌ ئە‌وانە‌ی بە‌ زنجیرە‌یە‌کی درێژی پە‌رە‌سە‌ندن تێ پە‌ڕیوون، هەتا ئە‌م شێوە‌یە‌ی ئێستە‌یان وە‌رگرتووە.‌ بۆ ڕوونکر‌دنە‌وە‌ و دیارکردنی ئاراستە‌کانی پە‌رە‌سە‌ندنی ڕوە‌ک، دە‌بێت بەگشتی سووڕی زیندە‌کی و مێژووی پە‌رە‌سە‌ندنیان ڕە‌چاو بکرێن. بەمەش پێویستە‌ لە‌ ڕوە‌کە‌ بە‌رایییە‌کانە‌وە‌ دە‌ست پێ بکە‌ین، تا دە‌گەینە‌ پە‌رە‌سە‌ندووترینیان، وەک ئە‌م ڕیزبەندییەی خوارەوە:
- ناوکۆکە‌سە‌رە‌تایییە‌کان
- ناوکۆکە‌ڕاستە‌قینە‌کان
- کە‌وزە‌کان
- قە‌وزە‌کان
- لوولەیییەکان
- تۆوڕووتە‌کان
- تۆوداپۆشراوە‌کانی دووپە‌لکە‌
- تۆوداپۆشراوە‌کانی یە‌کپە‌لکە

ناوکۆکە‌سە‌رە‌تایییە‌کان


بە‌ کۆنترین زیندە‌وە‌رانی زە‌وی دادە‌نرێن، لە‌ زۆری ژمارە‌شیاندا لە‌ پێش هە‌موو زیندە‌وە‌رانە‌وە‌ دێن. ئە‌مانە‌ زیندە‌وە‌ری یە‌کخانە‌یی یە‌کجار بچووکن، مانە‌وە‌شیان بە‌ندە‌ بە‌ خێرایی زۆر بوون و گە‌شە‌کردنیان، هەروەها خۆسازانیان لە‌گە‌ڵ ئە‌و جێیەی کە تێدان. ئەم جۆرانە لە‌ ژینگە‌ی وادا دە‌توانن بژین کە بۆ هیچ زیندە‌وە‌رێکی دی گونجاو و لە‌بار نە‌بێت، وەک ئەوەی لە‌ ژینگە‌ زۆر سوێر، یان ترشەکان، هەندێکی دیکەیان دەتوانن‌ لە‌ شوێنە پلە‌ گە‌رمییە‌ بە‌رزە‌کاندا بژین. بوونی ئە‌م تایبە‌تمە‌ندییانە‌ دە‌مان گە‌یێنێتە‌ ئە‌و ئاکامە‌ی کە ئە‌و گۆڕانکارییانە‌ی بە‌ کرداری پە‌رە‌سە‌ندن هاتوونە‌تە‌ دی، بایەخیان گەلێک زۆرە بۆ مەبەستی خۆڕاگری و مانەوەی ئەو زیندەوەرانە، لە‌ ژینگە‌ سە‌خت و ناهەموارەکاندا.

ناوکۆکە‌ڕاستە‌قینە‌کان


ڕووداوێکی دیکەی مە‌زن لە‌ مێژووی پە‌رە‌سە‌ندندا دوای پە‌یدابوونی زیندە‌وە‌رە‌ ناوکۆکە‌سە‌رە‌تایییە‌کان، سە‌رهە‌ڵدانی زیندە‌وە‌ری خاوە‌ن ناوکۆکە‌ڕاستە‌قینە‌کانە. چۆنە‌تی هاتنەکایەی ئە‌مانە‌ و‌ ڕوە‌کە‌ فرە‌خانە‌کان‌ هەتا ئێستە‌ بە‌تە‌واوی نازانرێ، بە‌ڵام زاناکان وای بۆ دە‌چن، لە‌ پێوە‌ندییە‌کانی زیندە‌وە‌رە‌ ناوکۆکە‌سە‌رە‌تایییە‌کان بە‌ خانە‌کانی دیکەوە‌ بووبێت. بەوەی کە‌ڵە‌کە‌بوونی ئۆکسیجن و کرداری ڕۆشنە‌پێکهاتن و بە‌کاربردنیان لەلایەن ئە‌و زیندە‌وە‌رانەوە،‌ بووبێتە هۆی ئە‌وە‌ی بەشێکیان ببنە‌ بە‌کتریای هە‌وا، هەندێکیش ببن بە‌ خاوە‌ن خانە‌ی گە‌ورە‌تر.
پاش ئەمانە مایتۆکۆندریا پەیدا بوو، ئە‌مە‌ش پێکهاتە‌یە‌کە‌ لە‌ناو خانە‌دا لەڕێی ئە‌نزیمە‌کانیە‌وە پوختە‌کردنی وزە‌ لە‌و ئاوێتانە‌ی لە‌ناو خانە‌دا هە‌ن ڕێک دەخات. ئە‌م وزە‌یە‌ بە‌کار دەبرێ، بۆ بە‌بە‌رهە‌م هێنانی ئە‌دینۆسینی سێیینە‌ فۆسفات کە بە‌ ئاوێتە‌ی بنەڕەتی داکردن و گلدانەوەی ئەو وزە‌یە دادە‌نرێ بۆ جێبە‌جێکردنی کردارگەلە زیندەکییەکان. هە‌موو ئە‌مانە‌ وامان لێ دە‌کەن بڵێین، زیندە‌وە‌رە‌ ناوکۆکە‌ڕاستە‌قینە‌کان بریتین لە‌ زیندە‌وە‌رە‌ ناوکۆکە‌سە‌رە‌تایییە‌ پە‌رە‌سە‌ندووە‌کان. پێشتر گوتمان کە ناکۆکەڕاستەقینەکان زۆربەی زیندەوەرە فرەخانەکانی وەک، ڕوەکەکان، کەڕووبابەتەکان و ئاژەڵان بەگشتی دەگرێتەوە.

کە‌وزە‌کانی پێشینە


زاناکان لە‌و باوە‌ڕە‌ن سەرەتای ڕوە‌کەکانی ئە‌مڕۆ، خزمایە‌تییان هە‌یە‌ لە‌گە‌ڵ جۆرێک لە‌ کە‌وزە‌ کەسکە‌کان. کە‌وزە‌کان بە ‌شێوە‌یە‌کی سە‌رە‌کی بریتین لەو‌ ڕوە‌کانە‌ی لە‌ ئاودا دە‌ژین، زۆربە‌یان لە‌گە‌ڵ هەندێ جۆرە‌ قە‌وزە‌ و کە‌ڕووە‌ دە‌زوولە‌یییە‌کان بەپێکە‌وەیی‌ دە‌ژین. هە‌ڵبژاردنی ئە‌و کە‌وزە‌ کەسکانە‌ لەبەرئەوەیە،‌ لە‌ زۆر لایە‌نە‌وە‌ لە‌گە‌ڵ ڕوە‌کی وشکانیی لە‌ یە‌ک دە‌چن، چونکە هە‌ردووکیان کەسکێنە‌ی کلۆرۆفیل (a و b) و کارۆتینە‌کان (وە‌ک ڕە‌نگە‌کان)، بۆ کرداری ڕۆشنە‌پێکهاتن بە‌کار دەهێنن، هە‌ردووکیانیش بە‌شێک لە‌ وزە‌ بە‌ شێوە‌ی نیشاستە‌ گل دە‌دە‌نە‌وە.‌
ئەمانە چە‌ند ئاکارێکی دیکەیان هە‌یە کە بەشێکیان‌ لە‌گە‌ڵ ڕوە‌کە‌کاندا هاوبە‌شن،‌ هەندێکیشیان‌ جیاوازن. لە‌مە‌وە‌ بەدە‌ر دە‌کە‌وێت، ڕوە‌کە‌کان بە‌رهە‌می پە‌رە‌سە‌ندنی کۆمە‌ڵێک جۆرە‌ کە‌وزە‌ن، بۆیە دەکارین بێژین، ڕوە‌ک چەندان پێشینە‌ی جیاجیا هە‌بووە‌ لە‌ چاخە‌ سەرەتاکانی‌ مێژوودا.

شاڵاوی ڕوە‌کە‌کان بۆ سە‌ر وشکانیی


بەگوێرەی ڕای زۆرینەی زانستمەند و شارەزایان لەم بوارەدا، ژیان لە‌ سە‌رە‌تاوە‌ لە‌ناو ئاودا پە‌یدا بووە‌، ماوە‌یە‌کی گەلێک دوورودرێژیشی خایاندووە‌ تا هاتووەتە‌ دە‌رە‌وە‌. ڕوە‌کە‌ ئاوە‌کییە‌کان پێویستییان بە‌بوونی ژمارە‌یە‌کی زۆر لە‌ ئە‌ندامە‌ تایبە‌تمە‌ندە‌کان نییە،‌ بۆ ئە‌وە‌ی لە‌ ژیاندا بمێننە‌وە،‌ چونکە‌ ئاو لە‌ چەندان ڕووە‌وە‌ یاریدە‌رە‌ بۆ ئە‌نجامدانی کردارە‌ پێوە‌ستییە‌کانی گە‌شە‌کردن وەک، دابینکردنی خۆراک و ڕێگرتن لە‌ وشکبوونە‌وە، بۆیەش ئە‌مانە‌ لە‌ ڕوە‌کی وشکانیی سادە‌ترن.
لە مێژوودا ڕوە‌کە‌کان هە‌وڵێکی زۆریان داوە بۆ گە‌یشتن بە‌ وشکانیی، چونکە‌ لە‌سە‌ر زە‌وی ئەو کاتە کر‌داری ڕۆشنە‌پێکهاتن هاتبووە‌ ئاراوە‌. بێگومان ئە‌و هە‌وڵدانانە‌‌ کارێکی سووک و سانا نە‌بوون و چە‌ندان ئاستەنگیان دەهاتە‌ ڕێ، بەڵام پاش ئەوەی گەلێک پەرەسەندنیان بەخۆوە دیت، هە‌وڵە‌کان سە‌ریان گرت و ئە‌و گە‌یشتنە‌ هاتە ‌دی. لەگەڵ ئەوەش ئەمانە پێویستیان بەوە هەبوو چە‌ند ئە‌ندامێکی تایبە‌تمە‌ندی وەک، ڕەگ، قەد و گەڵا لە لایاندا پە‌یدا ببێت، تا لەڕێی ئە‌وانە‌وە‌ چەندان کرداری جۆراوجۆر ئەنجام بدەن، هەروەها بتوانن لەسەر وشکانییدا سوودێکی تە‌واو لە ‌ئاو وە‌ربگرن، خۆیانیش بپارێزن لە‌ وشکبوونە‌وە‌.
گوتمان کە کە‌وزە‌ کەسکە‌کان، بەتایبەتیش ئە‌وانە‌ی لە‌ ئاوی سازگاردا دە‌ژین بە‌ پێشینە‌ی ڕوە‌کە‌کان دادە‌نرێن، ئە‌مانەش‌ بەهۆی ڕوودانی چە‌ند جۆرە‌ پە‌رە‌سە‌ندنێک، بوونە‌ خاوە‌ن هەندێ تایبە‌تمە‌ندی وا بتوانن لە‌گە‌ڵ بارودۆخی جیاوازدا بسازێن. ئە‌و کە‌وزە‌ کەسکانە‌ی لە‌ زە‌لکاوە‌کاندا دە‌ژیان، بە‌ردە‌وام لە‌ وە‌رزی بە‌رزبوونە‌وە‌ی پلە‌ی گە‌رمی، تووشی کە‌م ئاوی و دووچاری گرفتی وشکبوونە‌وە‌ دە‌بوون. بۆیە ئەمانە بۆ سازانیان لە‌گە‌ڵ ژینگە‌ی وشکدا، پێویستییان بە جۆرە‌ پە‌رە‌سە‌ندنێک هە‌بوو‌ بۆ مانە‌وە‌یان، ئەمەش دەرەنجام بووە‌ هۆی هاتنەکایەی توێکۆکە‌یە‌ک کە شانە‌ی دە‌رە‌وە‌یان داپۆشێ و ڕێگر‌ بێت لە‌ لە‌دە‌ستدانی ئاو، لە هەمان کاتدا بتوانن بە‌بوونی کونیلە‌کان لە‌گە‌ڵ گازە‌کاندا کار لە‌یە‌ک بکە‌ن. جگە‌ لە پێویستییەکانی ژیانی وشکانیی وەک، ڕیشاڵ، گرێ و قە‌د، ئەوانەی لێکگرێدان و پتەوبوونیان بە ڕوەک بەخشی، لەڕووی زۆربوونیشەوە چە‌ند خۆسازانێکی گرینگ لە لایاندا پەیدا بوو‌، وەک سپۆڕە‌کان کە لە لایەک توێکێکی زبر و پتە‌ویان هە‌بێ‌ تا وشک نە‌بن، لە لایەکی دیکەوە ئەوەندە ورد و سووک بن، تا بتوانن بە‌ئاسانی لە‌ڕێی باوە‌ بڵاو ببنە‌وە.
چەندان بۆچوون و تێڕوانینی جیاواز هە‌ن‌ بۆ سەرهەڵدان و پە‌رە‌سە‌ندنی ڕوە‌کی وشکانیی. هەندێک دە‌ڵێن، تەنیا یە‌ک جۆرە‌ ڕوە‌کی ئاوی هاتووەتە‌ سە‌ر زە‌وی، پاشان ئە‌و هە‌موو ڕوە‌کانە‌ لێیەوە پە‌یدا بوونە، بەشێکیش وای بۆ دە‌چن کە چەندان جۆرە‌ ڕوە‌کی ئاوی بووبن. لەبارەی مێژووی ها‌تنە‌سە‌ر وشکانییش،‌ هەندێ دە‌بێژن، ئەمە یە‌ک جار و لە‌ چاخێکی دیارکراودا بووە،‌ هی واش هەیە‌ پێی وایە، چە‌ند جارێک و لە‌ چەندان چاخی جیاجیای مێژوودا ڕووی دابێت.

پێشە‌نگە‌کانی ڕوە‌کی وشکانیی


پاش جێگۆزی ڕوە‌کە‌کان بۆ سە‌ر وشکانیی، یە‌کێک لە‌و پە‌رە‌سە‌ندنە‌ گرینگانە‌ی ڕووی داوە‌، پە‌یدابوونی ئە‌ندامە‌کانی زاوزێی (زۆربوون) فرە‌خانە‌یییە،‌ واتە‌ هاتنەکایەی ئە‌ندامە‌کانی زاوزێی نێرینە‌ و مێیینە‌ (تۆو و هێلکۆکە)‌ و کرداری پیتاندن.
دوای ئە‌وە بە‌ ماوە‌یە‌کی کە‌م لەسەر وشکانیی، ڕوە‌کە‌کان بوون بە‌ دوو بە‌ش لە‌ ئاستی پە‌رە‌سە‌ندندا: بە‌شێکیان بووە‌ بنە‌چە‌ی ئە‌و کۆمە‌ڵە‌ ڕوە‌کانە‌ی بە‌ نالوولەیییەکان (Bryophytes) دە‌ناسرێن کە قە‌وزە‌کانیش دەگرێتەوە، بە‌شە‌کە‌ی دیکە بووە‌ بنە‌چە‌ی ئە‌و کۆمە‌ڵە‌یە‌ی کە ڕوە‌کە‌ لوولەیییەکان (Tracheophytes) بە‌شێکن لێی، ئەوانەی هە‌موو ڕوە‌کە‌ باڵاکانی سە‌ر ڕووی زە‌وی لەخۆ دەگرن. جیاوازی بنەڕەتی لە نێوانیاندا‌ ئە‌وە‌یە، ڕوە‌کی‌ لوولەیی کۆئە‌ندامێکی لوولەیی گەلێک پە‌رە‌سە‌ندووی هە‌یە کە لەڕێیە‌وە‌ خۆراک دە‌گوێزرێتەوە بۆ هە‌موو بە‌شە‌کانی لە‌شی، کەچی نالوولەیییەکان ئەو کۆئە‌ندامە‌یان نییە.‌‌
‌نالوولەیییەکان بریتین لە‌ زیندە‌وە‌ری زۆر سادە‌ و بچووک کە ڕە‌گیان نییە‌، بە‌ دە‌زوولە‌کان خۆیان دە‌نووسێنن بە‌و جێیەی‌ لێی دە‌ژین، زۆربە‌یان پێکهاتە‌یە‌کی وردیان هە‌یە‌ بۆ کرداری ڕۆشنە‌پێکهاتن. ئەمانە لە‌بە‌ر نە‌بوونی ڕە‌گ و تایبە‌تمە‌ندی گواستنە‌وە‌ی خۆراک، کرداری ‌مژینی ئاو لە‌ هە‌وادا ئەنجام دەدەن، ‌بۆیە‌ لە‌ ناوچە‌ شێدارە‌کان و زە‌لکاوە‌کاندا چاکتر گە‌شە‌ دە‌کەن، ئەمانەش بە‌گشتیی بە‌ دابە‌شبوون زۆر دە‌بن. دیسانەوە لوولەیییەکان وێڕای بوونی کۆئە‌ندامی گواستنە‌وە‌ی ئاو و خۆراک، چە‌ند پێکهاتەیەکی گرینگی دیکەیان هە‌یە، وەک لیگنین (هە‌ویری تە‌ختە)‌ کە ئاوێتە‌یە‌کی کیمیایییە،‌ پتە‌وی و ڕەقی دە‌داتە‌ ڕوە‌ک و کۆئە‌ندامی چێکردنی سپۆڕە‌کان. ئە‌مانە‌ بۆ چەندان ئاستی پە‌رسە‌ندنی جیاجیا‌ دابە‌ش دە‌بن، نموونەیان، ڕوەکی پێ گورگ (Lycopodium)، کلکە‌ ئە‌سپ (Equisetales) و سە‌رخە‌سییە‌کانن.
ڕوە‌کە‌ لوولەیییەکان بە‌ چەندان قۆناغی جۆراوجۆری پە‌رە‌سە‌ندن تێ پە‌ڕیوون لە بوارگەلی گەشەکردندا وەک:
١- چاککردنی ئامرازە‌کانی گواستنە‌وە، دە‌رکە‌وتنی گە‌ڵا وەک پە‌رە‌سە‌ندنێک بۆ‌ کرداری ڕۆشنە‌پێکهاتن، هەروەها ڕە‌گ وەک پێکهاتە‌یە‌ک بۆ هێنانی خۆراک، بۆیە گە‌یاندنی خۆراک بۆ گشت بە‌شە‌کانی ڕوە‌ک لای ئەمانە چاکتر بە‌ڕێوە‌ دە‌چێت. ئێستە‌ لە‌م ڕوە‌کانە‌دا ئە‌م گواستنە‌وە‌یە‌ بە دوو جۆر بەدەر دەکەون، یە‌کێکیان گواستنە‌وە‌ی ئاو و ئایۆنە‌کانە لە‌ ڕە‌گە‌وە‌ بۆ گە‌ڵاکان، دووەمیشیان‌ شە‌کری تواوە‌ و ئاوێتە‌کانی دیکەی ڕۆشنە‌پێکهاتنە کە لە‌ گە‌ڵاکانە‌وە‌ دە‌گوێزرێنەوە‌ بۆ‌ ئە‌و خانانە‌ی ناتوانن کرداری ڕۆشنە‌پێکهاتن بەڕێوە ببەن.‌
٢- بچووک کردنە‌وە‌ی قە‌باری ئە‌ندامە‌کانی زاوزێ و پێکهاتە‌ زایە‌ندییەتییەکان، ئەمە لە‌ هە‌موو ڕوە‌کە‌ لوولەیییەکانی ئێستە‌دا دەبینرێت.
٣- تۆوە‌کان، بوونی تۆوە‌کان یە‌کێکە‌ لە‌ گرینگترین پە‌رە‌سە‌ندنە‌کان بۆ کرداری چە‌کە‌رە‌ و زۆربوون لە‌و ڕوە‌کانەدا‌.

ڕوە‌کە‌ تۆودارە‌کان


تۆودارەکان (Spermatophytes)، بەشێکن لە کۆمەڵەیەکی یەکجار گەورە لەو ڕوەکانەی تۆو بەبەرهەم دێنن. تۆو بۆ کرداری زۆربوون و مانە‌وە‌ی ڕوە‌کەکان‌ گرینگییە‌کی زۆری هە‌یە، بۆیە دەبینین ئەمانە ڕوەکی گەلێک پەرەسەندوون، لە هەموو کۆمەڵە ڕوەکەکانی دیکە پتر و بەربڵاوترن لە جیهاندا. بەگشتی ڕوەکە تۆودارەکان دەکرێنە دوو بەشی سەرەکی، یەکێکیان بە تۆوداپۆشراوەکان (ڕوەکە گوڵدارەکان)، ئەوەی دیکە بە تۆوڕووتەکان دەناسرێن.
‌لە‌ کۆتاکانی چاخی کاربۆنی (خەڵووز)، بەتایبەتیش لە‌ چاخی پێرمیدا، چەندان گۆڕانکاری مە‌زن ڕوویان داوە لە‌ ئاووهە‌وا و ژینگە‌ی زیندە‌وە‌راندا. پاش ئەو کاتانەی وشکی کە‌ش زۆربە‌ی ناوچە‌کانی جیهانی گرتە‌وە‌، زیندە‌وە‌ران دووچاری فشارێکی تووندی هەڵبژاردنی سروشتی بوونە‌وە،‌ دەرەنجام تەنیا ئە‌و زیندە‌وە‌رانە‌ مانە‌وە‌ کە توانی خۆگونجانیان هە‌بوو لە‌و ژینگە‌ سە‌خت و ناهەموارەدا. پە‌رە‌سە‌ندن و پە‌یدابوونی تۆو وای لە‌و جۆرە‌ ڕوە‌کانە‌ کرد، بتوانن بەرگەی وشکی و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی بگرن، بەمەش گەشە بکەن و بمێننەوە، پاشان لە سەرانسەری جیهاندا تەشەنە بکەن.

تۆوڕووتە‌کان


تۆوڕووتەکان (Gymnosperms)، سەربە کۆمەڵەیەکن بە خاوەن گەڵا ڕاستەقینەکان دەناسرێن. لە‌ چاخی پێرمیدا ئە‌و ڕوە‌کانە‌ بڵاو بوونە‌وە و‌ چە‌ندان جۆر و بە‌شیان لێ پە‌یدا بوو، بە‌شە‌ سە‌رە‌کییە‌کە‌یان‌ بە‌ سنە‌وبە‌رییە‌کان (کاژەکان) دە‌ناسرێن، ‌جە‌ویدارە‌کان و چەندان دار و درە‌ختی جۆراوجۆریش نموونەی بەشەکانی دیکەن.
تۆوەکانی ئەمانە قووچەکی و ڕووتن، وەک ئەوەی لە داری جۆری کاژدا دەبینرێن، بەڵام پێکهاتەیەک نین، لە هێلکەیەکی داپۆشراو کە پاشان ببن بە بەر، وەک لە تۆوداپۆشراوەکاندا هەن. ژمارەیەکی زۆری ئەم تۆوڕووتانە داری هەمیشە سەوزن و گەڵای جۆراوجۆریان هەیە، هەروەها ئەم ڕوەکانە گوڵیان نییە، بەڵام قووچکە نێرینەکانیان سپۆڕ بەبەرهەم دێنن، پاشان لەڕێی باوە دەگوێزرێنەوە بۆ ئەو قووچەکە مێیینانەی کاتێک پێ دەگەن، لە دارەکانیانەوە دەکەونە سەر زەوی، دواجاریش بە پیتێنیان ڕوەکی نوێ پەیدا دەبێت.‌

تۆوداپۆشراوە‌کان


تۆوداپۆشراوەکان (Angiospermae)، ئەو ڕوەکانەن بەرەکانیان دەبنە بەرگێک بۆ داپۆشینی تۆوەکانیان کە دەبێتە هۆی پەیدابوونی ئەندامەکانی زۆربوون، لەنێو پێکهاتەیەکدا پێی دەگوترێت گوڵ. تۆوداپۆشراوەکان ڕوەکی کۆنی سەر زەوین، زۆربەیان داری بەرز و مەزنن، تەمەنیشیان گەلێک درێژە.
چۆنەتی دەرکەوتنی ئەمانە و دیارکردنی پێشینە هاوبەشەکانیان لە کۆتاکانی چاخی کریتاسیدا، بیروبۆچوونی جیاجیا لەخۆ دەگرن. چەندانێک پێیان وایە، ئەم تۆوداپۆشراوانە لە جۆرێکی نێوانەکی تۆوڕووتەکان و داپۆشراوەکان پەیدا بووبن، کەچی هەندێ زانای دیکە وای بۆ دەچن، ئە‌مانە‌ لە‌ کۆمە‌ڵە‌ی تۆوڕووتە‌کانی بنە‌بڕبوو پە‌رە‌یان سە‌ند بێت. ئە‌مڕۆ ژمارە‌ی ئە‌و‌ تۆوداپۆشراوانە پترن لە‌ تۆوڕووتە‌کان‌، ئە‌مە‌ش بە‌ڵگە‌ی سە‌رکە‌وتنی تۆوداپۆشراوە‌کانە‌ لە‌ ئاستی پە‌رە‌سە‌ندندا. ئە‌و سە‌رکە‌وتنە‌ لە‌ زۆر لایە‌ندا دەبینرێت وەک، کۆئە‌ندامی زاوزێکردنی نێرینە و مێیینە و کرداری پیتاندن، ئە‌و پیتاندنەش‌ دە‌شێ لە‌ یە‌ک ڕوە‌کدا ببێ (خۆپیتاندن)، لەوانەی هە‌ڵگری هە‌ردوو ئە‌ندامی نێرینە و مێیینەن، یانیش بە‌ڕێی‌ گواستنە‌وە‌ی جیاجیا ببێت وەک، با، ئاو، مێروو و... هتد.
سە‌رباری ئە‌وانە‌ دوو تایبە‌تمە‌ندی دی گرینگ لەمانەدا هەن و لە‌ ڕوە‌کە‌کانی دیکەدا‌ نین، ئە‌وانیش بە‌ر و گوڵن کە هە‌ردووکیان کرداری پیتاندن بە‌ڕێوە‌ دە‌بە‌ن. بە‌ر، ئاژەڵێک دە‌ی خوات پاشان بە‌ پاشە‌ڕۆکەکە‌ی تۆوە‌کان بڵاو دە‌کاتە‌وە،‌ گوڵیش بە‌بوونی جوانی و شیلە‌کەی مێرووە‌کان بۆ لای خۆی ڕادە‌کێشێت، لەڕێی ئە‌وانە‌وە‌ش هە‌ڵاڵە‌کانی بڵاو دە‌بنە‌وە. ئە‌م جۆرە‌ ڕوە‌کانە‌ ئەمڕۆکە ڕێژە‌ی لە‌ ٩٠% ڕوە‌کی وشکانیی پێک دەهێنن، ئە‌م ڕێژە‌یە‌ سە‌رباری ڕوە‌کە‌ گوڵدارە‌کان چەندان ڕوە‌کی دی دەگرێتەوە وەک، درە‌ختە‌ باڵاکان، سە‌وزە،‌ میوە‌ و دانە‌وێڵە‌کان، ئاشکرایە ئەمانەش سەرچاوەی‌ خۆراکی مرۆڤ و گەلێک زیندەوەری دیکەن.

زانستی هاوچە‌رخ و ڕوەک


گرینگی دان بە ڕوەکزانی و پۆلێنکردن بۆ سەرەتاکانی سەدەی چواردەیەم دەگەڕێتەوە، لەو کاتانەی ئەوروپا کیشوەر و وڵاتانی نوێی دەدۆزییەوە، شارەزایان چاویان بە چەندان جۆرە ڕوەکی نوێ دەکەوت کە دەبوایە پۆلێنیان بکەن. لە لایەکی دیکەوە بە زێدەبوونی بزافی بازرگانی، دواکارییەکان بۆ پتربوونی جۆرەکانی بەروبوومی ڕوەکی ڕوویان لە زیادبوون کرد، بەمەش زانیاری لەبارەی ڕوەکە ناسراوەکان گەلێک زۆر ببوون، زاناکان نەتوانن چی دیکە پشت ببەستن بە شێوازە کۆنەکانی پۆلاندنی ڕوەک.
ئەوەی لەم ڕووەوە شایەنی گوتنە، ئەریستۆ خاوەنی داهێنانی بیرۆکەی (درەختی ژیان)ە کە گشت بوونەوەرێک دەگرێتەوە بە زیندوو و نازیندووەکانەوە. ئەریستۆ نازیندووەکانی لە بەشی ژێرەوە دادەنا، پاشان ڕوەکەکان، ئاژەڵەکان، دواجار مرۆڤ. ئەم شێوازەی پۆلێنسازی لەو ساتانەدا، هیچ پێوەندییەکی بە پێشینە هاوبەشەکانیانەوە نەبوو، ئەوەی دەکرا بنچینە تەنیا بەشکردنێک بوو بۆ پلەی پەرەسەندن و پێگەیشتن، ئەویش لە لایەنی توانی گەشەکردن، جووڵە، هەستکردن و هۆشداریی.
لە سەدەی هەژدەیەمدا زانای ناوداری سوێدی، کاڕۆلۆس لینێیوس کە بە دامەزرێنەری ڕوەکزانیی نوێ دادەنرێت، شێوازە یاسایەکی بۆ ناونانی ڕوەکەکان دانا، بە جۆرێک زۆربەی زاناکان لەو سەردەمەوە هەتا ئەمڕۆ لەسەریدا هاودەنگ بن. لینێیۆس بەم شێوازەی پۆلاندن، هەر ڕوەکێک ناوێکی دوانەیی لێنا، بە شێوەیەک یەکەمیان ناوی ڕەگەز، دووەمیش ناوی جۆرەکەی بێت کە پشت ببەستێت بە چەندان لایەنی زانستییەوە. پاش ئەمە چەندان زانای دیکە لەڕێی تۆژینەوەکانیانەوە پەرەیان بەم شێوازە دا، لە گەلێک ڕووی جیاوازەوەش ئەم زانستەیان بەرەو پێشەوە برد، لە سەرووی هەموویانەوە زانای بەناوبانگ مێندل دێ، بەوەی توانی یاسا بنەڕەتییەکانی بۆماوەیی کە یاریدەرن بۆ پۆلاندن دابنێت.
لە کۆتاکانی سەدەی بیستەم و سەرەتای ئەم سەدەیەدا، زاناکان چەند تۆژینەوەیەکیان ئەنجام داوە لەبارەی پێکهاتە ناوەکییە بۆماوەیییەکان (دنا)، بەمەش گەلێک زانیاریان دەست کەوتووە، بۆ ناسینی وردتر و دیارکردنی پێوەندی نێوان جۆرەکان لە ڕوەکدا. بۆیە لەم سەردەمەدا زانایان هەوڵ دەدەن، بۆ پۆلێنسازیی زیندەوەران چەندان لایەنی وەک، پەرەسەندن و پێوەندیەکان و ئەو نێزیکایەتییە بۆماوەیییانەی لە نێوان زیندەوەراندا هەن، ڕەچاو بکەن.
تۆژینەوەکان لە بواری پێکهاتە ناوەکییەکانی ڕوەک و زیندەوەرانی دیکە، سوودێکی یەکجار زۆر بە مرۆڤ دەگەینن، وەک ئەوەی لەسەر گەنمەشامی کران، دەریان خست کە دەشێت چەند پێکهاتەیەکی ناوەکی دیارکراو لەناو خانەدا جێگۆڕکێیان پێ بکرێت. ئەم دۆزەوەیە (ساڵی ١٩٥١) بایەخێکی زۆری هەبوو، بۆ زانینی چۆنەتی گوێزانەوەی تایبەتمەندییەکان لەڕێی پێکهاتە بۆماوەیییەکانەوە، لە ڕوەک و گشت زیندەوەرانی دیکەدا. ئەمە وای کرد زاناکان بتوانن پلاستیدە کەسکەکان بەدەست بهێنن، بە جۆرێک کە لەدەرەوەی پێکهاتەی ڕوەکدا، ڕۆشنەپێکهاتن ئەنجام بدات. هەموو ئەمانەش بوونە هۆی ئەوەی بوار بسازێت، بە شێوەیەکی دەستکرد شەکر و ئاوێتەی دیکە بەبەرهەم بهێنرێ، تا مرۆڤ بتوانێت بۆ خۆراکی، بە ڕێژەیەکی کەمتر پشت بە ڕوەکەکان ببەستێت.
بە‌ دۆزە‌‌وە‌ زانستییە‌کانی ئەم دوایییانە، هە‌نگاوی مە‌زن نراوە لە‌ چاکسازی و گە‌شە‌پێدانی ڕوەک، بۆ ئەوەی ئە‌وپە‌ڕی سوودیان لێ وەربگیرێت. بۆ نموونە، کرداری هاتنەکایە‌ی جۆرێکی تایبە‌تی بە‌ تێکە‌ڵکردنی دوو جۆری جیاواز (دووڕە‌گاندن)، ئەوەی بووە‌تە‌ هۆی زێدە‌بوونی بە‌روبووم و پە‌یدابوونی چەندان جۆرە ڕوەکی نوێ. هەروەها ئێستە لە‌ ئە‌زموونگە‌کاندا زاناکان چە‌ند جۆرە‌ ڕێسایە‌کی زانستیی زۆر پێشکە‌وتوو پێڕەو دەکەن، بەوەی لەڕێی لەبەرگرتنەوە دە‌توانرێ لە‌ یە‌ک دانە‌ ڕوە‌ک، نێزیکە‌ی ملیۆنێکی یە‌کسان بەبەرهەم بهێنرێت!
جگە لەمانە شێوازێک هەیە لە دە‌سکاری کردنی هەندێ خانە‌ی تایبە‌تییەوە (نازایەندییەتییەکان) ئە‌نجام دە‌درێت، بۆ چێکردنی چەندان جۆری نوێ. نموونەیەکی باو لێرەدا، ئەو ڕوەکە بوو کاتی خۆی بە (Pomato) ناونرا کە ئاوێتەیەک، یاخۆ تێکە‌ڵە‌یە‌ک بوو لە‌ پە‌تاتە‌ و تە‌ماتە (پەماتە!). ئەم شێوازە نائاسایییە وای لە‌ مرۆڤ کرد بیر و ئە‌ندێشە‌ی بۆ چێکردن و داهێنانی چەندان جۆرە‌ ڕوە‌کی سە‌یر و سە‌مە‌رە‌ دیکە بچێت.
پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە ڕوەک ڕۆڵێکی بنچینەیی دەگێڕێت لە بوونی هاوسەنگی لە سروشتدا، بۆیە گرینگی دان بە ڕوەک و ژیانگەی ڕوەکی، ئەرکی سەرەکیی هەمووانە. بە کەمبوونەوەی ڕوەک، ڕێژەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە بەرگی کژەکی زۆر دەبێت، بەمەش ژیانی مرۆڤ و ئاژەڵان دەکەوێتە بەر مەترسی و هەڕەشەی خنکان.
........................
ئەمەی سەرەوە کورتکراوەی بابەتێکە لە کتێبی (دەروازەیەک بەرەو تیۆری پەرەسەندن)، بۆ خوێندنەوەی تەواوی بابەتەکان، چاوەڕێی دەرچوونی کتێبەکە بکەن بە (pdf) بڵاوی دەکەینەوە، دەتوانن لە کتێبخانەی کوردستانپۆست بیخوێننەوە. (دارا سلێمان)


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە