فەیسبووکەچیرۆك - ٢-

Saturday, 10/08/2019, 9:43

3962 بینراوە


بیری ( ماکس ) دەکەم

لەنزیك ماڵەوە لە پاس دابەزی، ئاگادارییەکی وێستگەی پاسەکە سەرنجی راکێشا:-

بیری ( ماکس ) دەکەم

لە دوێنیوە لە ماڵ هاتۆتە دەرەوەو نەگەڕاوەتەوە، هەرکەس دۆزییەوە،لەگەڵ سوپاسدا بیهێنێت بۆ ئەم ناونیشانە:

ناو ،،،،،،،

ناونیشان .....،

           .......

تەلەفون......

 تێبینی ،سەرباری پارەی هاتن و گەڕانەوەی پەجا دۆلاریشی خەڵات دەکەم.

لەژێر نوسینەکەدا کچێك وێنەی خۆیو سەگەکەی دانابوو، بەشیوەیەک باوەشی پیاداکردبوو، هەرکەس بیبینیایە هەستی دەکرد، کە چەندی خۆشدەوێت.

بەبینینی وێنەی کچەکە، زۆر جوووو بەدڵیدا،ژمارەی تەلەفون و ناونیشانی کچەکەی لە مۆبایلەکەیدا گێمکرد.

کوڕە بەبینینی وێنەکە،کچەکەی زۆربەدڵدا جوو  کچەکەی زۆر چوو بە دڵد، ناوی کچەکەو ناونیشان و ژمارە تەلەفونەکەی لە مۆبایلەکەیدا گێم کرد.

هەر ئەو رۆژە بوو بە خولیای چی بکات و چۆن ( ماکس ) ، بدۆزێتەوە، بەگەیشتنەوەی بەماڵەوە، چووەسەر کۆمپیوتەرەکەی و لە ( گوگل ) دا نووسی :-

دەمەوێت سەگێك بکڕم، چەندەها وێنەی سەگ و چەندین شوێنی سەگ فرۆشتن هاتە سەر مۆنیتەری کۆمپیوتەرەکەی، سەگێکی بینی زۆر لە ( ماکس ) دەچوو.

بۆ سبەینێ چوو سەگەکەی کڕی و بە تەلەفون پەیوەندی کرد بە کچەکەوە.

کچەکە لە خۆشیدا نەیدەزانی چۆن وەڵامی تەلەفونەکە بداتەوە، باشە بۆ نا، هەرئێستا وەرن.

لە دەرگای ماڵی کچەکەی دا، کە کردییەوە، پاش ماوەیەك رامان و سەرنجدان، بە گومانێکەوە، سەگەکەی لێوەرگرت و سێ سەد کرۆنەکەی بە سوپاسەوە دا بە کوڕەکە،

خواحافیزی لێکردو لە دەرگاکە ئاودیو بوو.

لە شوقەکەیدا، دەهات و دەچوو، سەگەکەش لە حەپە نەدەکەوت، هەرچۆنێك بوو ئەو شەوەی بەڕێکرد، بۆ بەیانی لەسەر ئیشەکەی زۆر بیری لە کوڕەکە و سەگەکە دەکردەوە،

چەندەها پرسیار و گومانی لا دروست بوو. کە گەڕایەوە ماڵەوە، یەك دوو جار تەلەفونی لە کوڕەکەوە بۆ کرا، وەڵامی نەدایەوە، بۆ رۆژی دواتر لەسەر ئیشەکەی تەلەفونێکی بۆ کرد، دوای چاکو چۆنی، کوڕەکە وتی بۆت دەکرێت، رۆژی شەمە، لە قاوەخانەی سەرسوچەکە، قاوەیەك پێکەوە بخۆینەوە ؟

کچەکە رەزامەندی دەربڕی، پاش سێ قاوەخواردنەوەی تر، کچەکە شەمەیەك کوڕەکەی داوەتکرد، بۆ ماڵەکەی خۆی، لەسەر مێزی نانخواردن،کوڕە راستی بەسەرهاتەکەی بۆ گێڕایەوە، پاشان کچەکە وتی :-

ئەرێ بە راست، پێتنەوتم ناوی خۆت چییە ( عادەتەن لە ئەوروپا مرۆڤ بە ناوی باپیری، کەدەبێتە ناوی خێزانیی دەناسرێتەوە ).

کوڕەکە، سەری داخست و بەشەرمێکەوە وتی ( ماکس ) لەوکاتەدا سەگەکە حەپەیەکی بۆکرد.

 کچەش قاقایەکی بۆکردو، وتی کەواتە ئێستا دوو ( ماکس ) ، لەم هۆڵەدان.

............. 

نەورەس

کردوومە بە پیشە، ئەو رۆژانەی خۆرەتاو بێت، جلی وەرزش لەبەردەکەم و دەچمە چێشتخانەکەم، چی سەمون و نان و هەویرەمەنیی زیادەیە دەیکەمە عەلاگەیەک و روودەکەمە دەریاچەیەك کە نزیکەی دوو کیلۆمەتر لە ماڵەکەمەوە دوورە، دوای ئەوەی خواردن دەدەم بە باڵندە و گیانەوەرە ئاوییەکانی دەریاچەکە، دەست دەکەم بە وەرزش، دەستم کرد بە عەلاگەکەدا پارچەیەك کێك هات بەدەستمەوە، خستمە سەر زەوییەکە، سێ چوار نەورەس  بە جیکە جیك لەدەورم کۆبونەوە.

لەناکاو دەستێك خرایە سەر شانم، کە ئاوڕم دایەوە، ژنێکی بەتەمەنی دانیمارکی بوو :

- کارێکی باش ناکەیت

+ برۆم لێکناو بەسەرسوڕمانێکەوە وتم بۆ .. ؟!

 - ئێستاوەرزی زاوزێ یە، ئەو کێکە چەورە کاریگەری دەبێت لەسەر زاوزێکەیان. دانەوییەوەو هەندێکی خستە زبڵدانەکەی تەنیشتمانەوە،

 منیش بەدوایدا هەرچی مابوو، خستمە هەمان زبڵدانەوە و دەستمکرد بە وەرزشەکەی خۆم.

..............

تێبینی :-  بۆ زیاتر ئاشنابوون بە تایبەتمەندییەکانی فەیسبووکەچیرۆك، دەتوانن بابەتێك لەم سایتەدا بخوێننەوە بە ناونیشانی ( فەیسبووکەچیرۆك ).

فەیسبووکەچیرۆکەکانم بەزۆری زادەی کۆمەڵگەی دانیمارکیین .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە