زمانی ئەکادیمی و وتاری سەرۆک

Tuesday, 13/08/2019, 8:00

6734 بینراوە


زمانی ئەکادیمی بریتیە لە زمانێکی زانستی دانپێدانراو، زانستیس شتێک نیە لە ئاسمانەوە هاتبێتە خوارێ بۆمان لە دو تویی کتێبێکی پیرۆزی جێگیردا. زمانی ئەکادیمی ستایلێکی بەربڵاو و قبوڵ کراوە، چەقبەستوە، وەک ئەوەی کاتێک تۆ دەچیتە کەنیسەیەک یان مزگەوتێکەوە دەبێت کۆدی ئەوان قبوڵ بکەیت. بێ شك ئێمە هەمیشە پێوسیتمان بەوەیە کاتێک باسێک دەهروژێنین ئاگاداری مێژوی ئەو باسە بین هەتاوەکو لە خاڵی سفرەوە دەست پێ نەکەینەوە، ئەزمونو بۆچونو کاری ئەوانەی پێش خۆمان بزانینن، تەنها رادەربڕین لە وتارەکانماندا بەس نیە ئەگەر دەولەمەندی نەکەین بە زانستی ئەوانی تر، هەتاوەکو بۆچونەکانمان هەمیشە لە شکدا بمێننەوە، نەک وەک وتاری سەرۆک، کە هەمو رستەو وشەو بۆچونەکانی جێگیرو چەقبەستوبن، وتارو بۆچونی پڕ لە شک باشترە. شکیش لەدەرئەنجامی ئاشنابونە بە رای جیاواز لە هەمو بوارێکدا، شک ؛ ئەو ئاستە بەرزەی کە مرۆڤی ئۆمۆساپیان پێی گەشتوە.

چەندە فکر ئاڵۆز بێت هێندەش زمان زەلیل دەبێت بۆ دەربڕینی ئەو هەستە، بۆیە کاتێک گوێ لەهەندێک بیرمەندو دکتۆری شیکاری دەرونی دەگرین، هێندە وشەو رستەکانیان ئاڵۆزن، هێندە وشەکانیان ئەشکەنجە ئەدەن، بەهەمو بارێکدا دەیهێننو دەیبەن بەشکم ببێتە ئاوێنەی ئەو فکرە قەتیسماوەی کە لە هزری بیرکاردایە. بە بیستن یان بە خوێندنەوەی هەندێک وتار بە بیرماندا دێت کە بڵیین؛ باشتر وایە سڵاواتی لێ بدەین، سۆفیەکی کوردوستان بە دو دێر باشتر، بەجۆرێکی تر دەتوانێت گوزارش لەو باسە بکات .

هەر بۆیەش چەندەها جۆری دەربڕینی هەستمان داهێناوە، کە فەرەنسیەکان لەو بوارەدا سەرکردەن، بەچەندەها جۆر هەستی خۆیان دەردەبڕنو هەست بەکەمی ناکەن لەوبوارەدا، کاتێک لە بەناوبانگ ترین گۆڤاری سینەمایی فەرەنسیدا، ڕۆژنامەوانەکە باسی فلیمێک دەکاتو دەلێت ؛ ئەم فلیمە گوە، ناوەرۆکەکەشی گوە و کۆتایەکەشی بە ئاوابونی هەتاوێکی گواویەوە کۆتایی دێت . خۆ هەمو رۆژێک ئەم ڕۆژنامەگەرە ئاوا نادوێت لەسەر فیلمێک، بەتایبەتی بۆ فیلمێک کەدەرهێنەرێکی گەنج بێتو ئەزمونی کەم بێت لە سینەمادا، نەخێر بۆ دەرهێنەرێکی بەناوبانگی فەرەنسی، لەبەر ئەوەی دەیەوێت بەو جۆری دوانەی تێمان بگەیەنێت کە ئەو دەرهێنەرەی ئێمە ئاوا گرنگیمان کردوە، ئەو وەها نزمی دەکاتەوە و هیچ بەهایەکی بۆ دانانێت، خۆی لەگەڵدا هیلاک ناکات بە هۆنینەوەی رستەو وشەی جوان، خۆ ڕێگە بەهەمو کەسێکیش نادەن ئاوا بدوێت لەسەر فلیمێک. بەلام ئەگەر دەرهێنەرێک بە پارەیەکی زۆر فلیمێکی ئاوا بێ نرخ بکات ئەوا ئەو رۆژنامەوانەش نەک ئازادە بەڵکو مافی ئەوەی هەیە زمانێکی ئەکادیمی بەکار نەهێنێت بۆ ڕەخنەگرتن لە فلیمێکی بێ ئاست .
ئەم جۆرە دەربڕینەش نابێت ناوبنرێت زمانی ڕەق، زیاتر زمانێکە کەدورە لە دوڕویەوە و راستەوخۆیە بە بێ پێچو پەنا. کەسیش هەڕەشەی لێ نەکردوە کە ئەو زمانی ناشرینی بەکار هێناوە. کاتێکیش چەند وتارێکم نوسی لەسەر هونەرمەندەکانی کوردوستان کەدور بون لە زمانی ناشرینو زیاتر زمانێکی هونەریم بەکار هێناوە، راستەو خۆ دژی کارێکی هونەری قسەم کردوە بە پێی شارەزایی و بۆچونی خۆم لەو بوارەدا، هەر خێرا هونەرمەندەکە دەرگای لەسەر داخستومو پێی وتوم کە من لەماڵی خۆمو ئەو لەماڵی خۆی، لەبری ئەوەی وەلامی ڕەخنەکام بداتەوە دەڵێت کە من لەئاستی کارەکەی ئەودا نیمو ناتوانم لێی تێ بگەم ، یان وتویەتی کە گوایە من موشکیلەی شەخسیم لەگەل ئەو کەسەدا هەبوە بەمەرجێک نە ناسیومە و نە زانیومە لە کوێ دەژی تەنها کارە هونەریەکەیم بینوە. ئەوان وەک سەرۆکەکانیان تەنها دەستخۆشیو چەپلە ڕیزان قبول دەکەن .

زمانی دیبلۆماسیشمان هەیە کە قسەکەر هەمیشە ئاگای لەخۆیەتی کە وشەی زبرو ڕەق بەکار نەهێنێت هەتاوەکو پەیوەندی نەبچڕێنێت لەگەل ئەوەی بەرامبەری و مەجالی دیالۆگ بمێێتەوە، هەرچەندە هونەرێکە بەلام ئەتوانینن هەتا ئاستێک بە زمانێکی دوڕویی بی چوێننین کە فەرەنسیەکان پێی دەڵێن زمانی دار، بە مانای زمانی دورویی کە فەرهاد پیر بال تەرجومەی کردوە بۆ زمانی حەیزەران وەک زمانێکی ڕەق . جگە لەمانە زمانی سیاسەتو زمانی گاڵتەجاڕی و زۆر جۆری زمانی ترمان هەیە، زۆر لە ڕۆژنامەکانیش ستایلێکی نوسینو وتاریان هەیە کەلەگەڵ زەمەندا نوسەرو ڕژۆنامەوانەکان کە تیایدا دەنوسن ڕەنگی ستایلی رۆژنامەکە دەگرنە خۆیان. بەلام ئەوەی سەرنجم داوە لە کوردوستان تەنها باسی زمانی ئەکادیمی دەکرێت لەبەر ئەوەی وەک هەمو گەلێکی ژێر دەسەتە هەست بەکەمی دەکەن لەبەردەم زانستا، وەک چۆن کاتێک گەنجێکی پێست ڕەشی ئەفریقی دەبینیت کە بەفەرنسی ئەدوێت وەک ئەوەی ڕۆژنامەیەکی لومۆندی فەرەنسی بخوێنیتەوە، هەتاوەکو پیشانی بدات کە ئەو لەئاستی تاکێکی فەرەنسیدایە، هەندێک جار جیی کۆمێدیاو پێ کەنینە،.

خۆ ناڵێم دەبێت هەمو کەسێک وەک من بدوێت ئەگەر نا دەبێتە شەڕی جیهانی سێیەم، لەگەڵ ئەوەشدا من بە هەمو زمانێک ئەدوێم، وەک ستایلێک بۆ تاقیکردنەوەی و نوسینەکانم کەهەر یەکەیان پێویستی بە بەکارهێنانی زمانێکە. کاتێکیش لە سەر پەیجێکی فەیسبوک کۆمێنێکم نوسیوە کە گوایە سەلاحەدین بێ شەرەفە لەبەر ئەوەی کە زانایەکی کوشتوە، پێیان راگەیاندم کە ئەو کۆمێنە دەسڕنەوە چونکە دەبێت بە زمانی ئەکادیمی بدوێم . لێرەدا باسەکە ئەوە نیە کە ئایا سەلاحەدین زانایەکی کوشتبێت یان نە، بەلام وەک چۆن ناتوانم نامەیەک بنوسم بۆ سەرۆکی پەرلەمان یان سەرۆکی کوردوستانو بنوسم ؛ بەڕێز سەرۆکی هەرێم..یان ڕیزدار سەرۆکی پەرلەمان.....من ناتوانم ئەو زاراوانە بەکار بهێنم بۆ کەسانێک کە جێگای ڕیز نین واتە زمانی دورویی یان دیبلۆماسی، بۆیە مافم هەیە نەک ئازادم، کە بڵێم سەلاحەدین ؛ ئەو بێ شەرەفەی کە زانایەکی کوشت، پێویستم نە بە زمانی دیپلۆماسیە نە ئەکادیمی . یان لە بری ئەوەی کە بنوسم فەرەج، بۆ سێکسی ئافرەت، دەنوسم ؛ کوز، هەندێک کەس وایان باوەڕە ئەگەر تۆ وشەی بێگانە بەکار بهێنیت ئەوا جۆرێکە لەزمانی ئەکادیمی.

هەمو ئەوتابلۆیانەی کە ئەمڕۆ سەرەیان بۆ دەگیرێت لە مۆزەخانەکاندا، لەسەردەمی خۆیاندا لە ساڵۆنەکاندا رەفزکراون بە ئارگیومەنتی ئەوەی کە گوایە بە زمانی ئەکادیمی نەکراونو ناچنە ناو ستایلی ئەکادیمیەوە، بۆیە ئەکادیمی وەک کەڵچەر وایە شتێکی نەگۆڕ نیە . هیچ شتێک نەگۆر نیە تەنها خوا نەبێت، بۆیە خوا بونی نیە چونکە بە لۆژیک پێکهاتەیەکی نەگۆڕ ناتوانێت جیهانێک دروستبکات کە لەگۆڕاندا بێت .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە