ڕۆژئاوا سورانەی کڕینی سیستەمی (S – 400)

Monday, 12/08/2019, 23:01

6405 بینراوە


لەسەروبەندی هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا کە ئەو کات دۆناڵد ترەمپ و هیلاری کلینتۆن ڕکابەری یەکتر بوون بۆ بۆ گەیشتن بە کۆشکی سپی ،جا لە یەکێک لە دیباتەکاندا پرسیارێ لە هەردووکیان کرا ، کە ئایا چۆن لە کورد دەڕوانن؟
دۆناڵد ترەمپ لە وەڵامدا ووتی : کورد شەڕکەرێکی باشن.
لە جیهانی سیاسەتدا قسەی سیاسەتمەدار زۆر دەخرێتە ژێر چاویلکەی ڕاڤەکردنەوە ، چونکە گوزارشت کردنی تێدایە، کە زۆربەی کات گوزارشت کردنی شاراوە و ئاییندەیی تێدایە. لێرەوەیە گەر ڕاڤەی ئەو ڕستەیەی دۆناڵد ترەمپی کاندیی ئەوکاتەی سەرۆکایەتی ئەمریکا بکەین، ئەوا زۆڕ ڕوون دەردەکەوێت ، کە لە دیدی ئەودا كورد تەنها شەڕکەرێکی باشن و سیاسی نین، هاوکات مانای ئەوە دەبەخشێت، کە کەی پێویستت بە کورد هەبوو، یان کەی ویستت شەڕت بۆ بکەن، ئەوا ئەوان ئامادە و لەسەرپێن بۆت، خۆ کە کارت پێیان نەما، ئەوا دەتوانیت پشتیان تێبکەیت. گەر بڕوانینە سیاسەتی دۆناڵد ترەمپ لەو کاتەوەی وەک سەرۆکی ئەمریکا دەست بەکار بووە، ئەوا کتومت ئەو سیاسەتەی پیادە کردووە. باشترین بەڵگە نەویستی ئەو لێکدانەوەیە، کاتی هێرشی ئەو کاتەی حەشدی شەعبی بوو بۆ سەر کەرکوک، کە پشت کرایە کورد، ئەمە دوای ئەوەی کە شەڕی داعشیان پێکرد و کاری تەواو بوو. لە ڕۆژئاواش هەروا دەرچوو، لەگەڵ ڕزگار کردنی دوا مۆڵگەی داعش لە ڕەققە، یەکسەر فەرمانی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا هاتە گۆڕێ. هەر لەوکاتەدا و پیشتریش مقۆ مقۆی دروست کردنی ناوچەی ئارام لە سوریا هاتە پێشەوە کە تا ئەمڕۆش هەر مژاری ڕۆژە.

دەوڵەتی تورک وەک سەرسەختترین دوژمنی کورد بەردەوام لە بۆسەدایە، تا هەرچ هەنگاوێک کە بەرژەوەندییەک ، دان پیانان و ناساندنی کوردی تیا بێت، ئەوا ئەو بێ سێ و دوو دژایەتی ئاشکرای خۆی نەک هەر دەبڕێت، بەڵکە هەنگاوی کرداری پلان داڕێژراویشی بۆ دەنێت.وەک بیرخستەنەوەیەک کۆمپانیای گۆگڵی ڕازی کرد کە نەخشەی کوردستان و ناوی کوردستان لەسەر نەخشەی جیهان کە کۆمپانیای گۆگڵ خستبوویە بەردەم خوێنەرانی تۆڕی ئەلەکترۆنی ، لاببات. ئەمە بەبێ ئەوەی یەک تاکە کورد لەسەرتاسەری جیهاندا وورتە و فزەیەکەی لێوە بێت و ناڕەزاییەک دەرببرێت.نموونەیەکی تر ئەوەتا لە تازەترین هەواڵدا و لە وەرگێڕانی ڕۆمانی یازدە خولەکدا ووشەی کوردستانی گۆڕیوە بە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. لێرەوەیە دەوڵەتی تورک چۆن بۆی بکرێت ، ئاوا دژایەتی خۆی پیشاندەدات . ئەوەتا چاوی بە سەرکەوتنی کوردانی ڕۆژئاوا هەڵنایەت و چی لەدەست بێت درێغی ناکات، تا شکست بکاتە چارەنووسیان. هەربۆیە لەو کاتەوەی پرسی دروست کردنی ناوچەی ئارام بۆتە مژار ، دەوڵەتی تورک بەردەوام باس لەوە دەکات کە دەبێت، ئەو ناوچەیە لە ژێر کۆنترۆڵی ئەودا بێت.

ماوەی زیاد لە نیو ساڵێک دەبێت، کە قسە و باسی کڕینی سیستەمی بەرگری موشەکی ڕوسی ناسراو بە ئێس ٤٠٠ هاتۆتە گۆڕێ.
گەرچی دەوڵەتی تورک لە ٦ ی ئایاری ساڵی ١٩٥٥ وە یەکێکە لە ئەندامانی ناتۆ. یەکەم و دوا ئەندامی ناتۆ کە دژایەتی خۆی بۆ کڕینی ئەو سیستەمە دەربڕی ئەمریکا بوو، بەوەی گوایە سزا دەسەپێنێت بەسەر دەوڵەتی تورکدا ، گەر بێت و ئەو کارە بکات، چونکە ئەوە لەگەڵ پرەنسیپەکانی هاوپەیمانی ناتۆدا ناگونجێت. لێرەدا دەبێت ئەوەش بوترێت، کە یەک ووڵاتی تری ئەندامی ناتۆ فزەی لێوە نەهات. لێرەدا نابێت ئەوە لە یاد بکەین، بەو پێیەی ئەڵمانیا ڕۆڵی لە ناو یەکێتی ئەوروپادا هەیە و بە و پێیەی کە ڕاوێژکاری ئەڵمانیا چاوبەرەژێری ئەردوگانە، بەوەی کە هەمیشە هەڕەشەی ئەوەی لێدەکات، کە سنوور دەکاتەوە بۆ بە لێشاو ناردنی ئاوارە بۆ ئەوروپا، ئیتر ئەڵمانیا خۆی کردووە بە کەڕەی شەربەت لە ئاست کڕینی ئەو سیستەمە موشەکییە ڕوسییە.شتێکی شاراوەش نییە کەی ئەڵمانیا لە ئەوروپادا چاو لە کارێک بنووقێنێت، ئیتر ووڵاتانی تری ئەندامانی یەکێتی ئەوروپاش دەست بە چاویانەوە دەگرن.
بیرمان نەچێت، کە دەوڵەتی تورک بە تایبەتی لە ژێر دەسەڵاتی ئۆردوگاندا سیاسەتی کەڵەگایی پیادە دەکات. ئەوە بوو بەردەوام بوو لە هەوڵدانی بەدەست هێنانی ئەو سیستەمە موشەکەییە ڕوسییە، سەرباری ووردە هەڕەشەکانی ئەمریکا. دیارە کە لە یابان و لە دووتوێی کۆبوونەوەی لوتکەی جی ٢٠ چاوی بە دۆناڵد ترەمپ کەوت و دڵنیا بوو لەوەی کە سزای بەسەردا ناسەپێنرێت، ئەوەتا ئاکام لەم هەفتەیەدا ئەو سیستەمە موشەکییە ڕوسییەی چنگ کەوت.

لە ئێستا باس لەوە دەکرێت کە هەفتەی داهاتوو ، کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگری ئەمریکا و تورکیا ساز دەکرێت، کەتیایدا بڕیار لەسەر شێوازی بەڕێوەچونی ناوچە ئارامەکەی سوریا دەدرێت. جا بەو پێیەی هەر ئەم هەفتەیە دەوڵەتی تورک ئەو سیستەمە موشەکییەی چنگ کەوت و ئەوەی باسی نەکرا سەپاندنی سزا بوو، هەر بۆیە لەم کاتەدا دەوڵەتی تورک دەخوازێت ئەو کۆبوونەوەیە ساز بکرێت. دیارە ڕازی بوونی ئەمریکا لەسەروبەندی بەدەست هێنانی ئەو سیستە مەموشەکییە ڕوسییە نیشانەی ئەوەیە کە ڕۆژئاوای کوردستان وەک سورانەی دەست خۆشی کڕینی ئەو سیستەمە پێشکەش بە دەوڵەتی تورک دەکرێت و ئەو ناوچەیە دەکەوێت ژێر کۆنتڕۆلێ دەوڵەتی تورکەوە. زەققترین ئامانجی شاراوەت دەوڵەتی تورک لە درووست کردنی ناوچەی ئارام ، تا لەژێر ڕکێفی خۆیدا بێت، بریتییە لە تەعریب کردنی ئەو ناوچەیە، بەوەی کە چەکدارە توندڕەوەکانی سەربەخۆی بە ناوی ئاوارەوە و بەناوی گەرانەوەی ئاوارە بۆ ووڵاتی خۆیان لەو سنوورە جێگیر بکات، بۆ ئەوەی کەی ویستی ، ئەوا پەلاماری ڕۆژیاوا بدەن. ئامانجێکی تر ، ڕەنگە کارکردن بێت، تاوەکو دۆخەکە وا بشێوێنێت، تا ئەو جێگەیەی دیلەکانی داعشی لێیە پەلامار بدرێت و هانیان بدات تاوەکو هەڵبێن و دواتر بکەونە گیانی کورد ، جائیتر کوشت و بڕی پیاوان و بە کەنیزە گرتنی ئافرەتەکان بێت. ئەو هەنگاوەی ئەمریکا لەسایەی دۆناڵد ترەمپدا، سەلمێنەری ئەو ووتەیەی خۆیەتی کە ووتی کورد شەڕکەرێکی با شن. ئەنجا لەو ساتە بەدواوە دەتوانین فاتیحەت ڕەحمەت بۆ بەڕێوەبەری خۆسەری ڕۆژئاوا بخوێنین.
سەرنج : ئەو نووسینە لەکاتی خۆیدا لە پیش کۆبونەوەی وەفدی ئەمریکی و تورکی دەربارەی ناوچەی ئارام، نێردرا بۆ سایتی
( سبەی ) ئەلەکترۆنی. بەڵام بڵاویان نەکردەوە، جا ئیتر نازانم لەبەر خاتری کام خاتران بوو؟ دیارە نەیان ویستووە دڵی دەوڵەتی تورک زویر بکەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە