پەتاى سوپاس و پێزانین

Tuesday, 13/08/2019, 7:01

12757 بینراوە


ئەم سیاسیانەى کورد چەند زۆڵن لەلایەک دەمیان لە ئاخوڕدایە و لەلایەک جوتە ئەوەشێنن ، لەلایەک لەپاڵ سیاسەتدا کەڵەدزى خۆیان ئەکەن و لەلایەکیتر خەریکى چاوبەستن لە دەست و دایرە و ڕەعیتە حیزبیەکانیان ، یەکێک لەم گەمەیەیى ئێستایان ئەوەیە :
بەڕاست و چەپدا ( سوپاس و پێزانین ) ئەبەخشنەوە ، یەکێک ڕێکخستنى شارە و ئەویتر هى شارۆچکە یەکێک پێشمەرگەى سەنگەر و ئەویتر ئەو دیو سەنگەر و یەکێکیتر خەباتگێرى ماندوو نەناس و ئەویتر زوماندوو ئەبێت وهەناسە بڕکێیەتى ، یەکێک جاشە لێمببورن لەم زمانە زبر و بڕبەنیە ئەمویست بڵێم پێشمەرگەى حکومەت و ئەویتر کۆنە مەفرەزەى تەوارى بووە و بەڵام کاتى خۆى دڵى لیوانڕێژى سوراحیەک ژەنگاو و ڕەنگاوى سەوز یان زەردى تێدابووە .... لیستەکە زۆر درێژە و هێشتا نە سەرەى پێزانین و نۆرەى سوپاس بۆ ئەو تاقمە نەهاتووە کە ٢٢ هێلیکۆپتەرەکەیان بە ئاسماندا هەڵبڕى مەگەر نۆرەبڕییان بۆبکەین . بەم سوپاس و پێزانینە بەبێ باڵانس و بێخەرجیە لە فەیسبوک و پەیجى حیزبى کردویانە بە چوار ناڵەو هەرایەک وەک ئاشبەتاڵەکە ، مەسعود ساحێبى خۆى نەئەناسیەوە .
ئەم پەتایە وەها گشتگیرە بووە چۆتە بوارى هونەر و مۆسیقا و تەلە فیزۆن و شانۆ و ڕیکخراوەکانى کۆمەڵى مەدەنى ... وابڕوات پترتر ئەبن وژمارەکان ئەبن بە ژمارەى فەلەکى .
بۆ فەرمانگەیەکى حکومەتی لەجێگەى خۆیدایە سوپاس نامە و پێزانینێک بۆ کارگوزارێکى ماندوو بکرێت لەپاى ئەو ڕاژە زۆر و موچەکەمەى خێزانێکى چەند کەسى پێبەڕێوە بردبێت لەلایەنى مەعنەویشەوە کارێکى پەسەندە . ئەگەر ئەم سوپاس و پێزانینە لەکاتی خۆیدا بدرێت بۆ ئەو فەرمانبەرە یان کارگوزارە کەڵکێکى وەزیفى ئەگەیەنێت .
حیزب پاساوى خۆى بۆ ئەم لێشاوە ڕژاوە لە سوپاس و پیزانینە هەبێت یان نەبێت ئەو کارى مەیسەرە , فەرمانگەکانیش ئەوە نەریتێکى دێرینە و هەرهەبووە و بەیاسا ڕێکخراوە ، بەڵام ئیستا مۆدێلێکى نامۆ و غەریب هاتۆتە مەیدانى جریتبازى ، غەریب بەشێوەیەکى وەها نەڕێگەى ماڵەوە ئەزانێت نە ڕێگەى تیرمیناڵى شارەزور ، نازانم ئەمە لەکوێوە شیتەڵ بکەمەوە و دەماغم شەحنى تیانەما و بۆم لیکنادرێتەوە :
کاک حاکم ڕزگار محمد ئەمین سوپاس و پێزانین بەتەرازویەکى بەتاڵەوە بە کاک عوسمان ژاژلەیى ئەدات کە بەڕێوەبەرى گەنجینەکانى هەرێمە بەهۆى خانەنشینى بەڕێزیان ، بالەوە گەڕێین لە سلێمانى هەرچى فەرمانگەى گەنجینە و بانک و باج و گروپى کۆمپانیاکانى (نۆکان )ەکەى یەکێتى لە ژاژڵەییەکاندا ئینتەلایانکردووە ، باشە ئەبێت لەدادگا و قانوندا ئەم کارەى ئەم حاکمە ئەیکات ڕێکخرابێت و شتى ئاوەها هەبێت پەیم پێنەبردبێت منێک سەرقاڵى بەدواداچون و پەیجوریم ، بۆ دڵنییایى لە پارێزەرێکى بەئەزمونم پرسى لەسەرەتادا باوەڕینەئەکرد و دوایى کە بەپەیجى سەندیکاى ژمێریاراندا گەڕا ، بڕوابکەن لە پێکەنیندا خەریکبو گورجکى ببڕێ و قاقایەکى وەهاى لێدا لەسەر ئەزمرە بچکۆلەوە گوێبیستى ئەبوى ، ووتى : ئەوە گاڵتە کردنە بە دەسەڵاتى دادوەرى و پێشتر بەخۆى و کەى ئەوە ئیشى حاکمە بەناوى وەزیفەوە کارێکى وەها بکات با وشەى حاکم و تەرازوو لە خۆى دابماڵێت حەزئەکات ببێتەوە بەعەریف حەفلەى جافەکان.
سلێمانى بەوە خۆشە کەقسەى نەستەق و بەتوێکڵى زۆرە و لەوانە : شوتى وپلایس هیچ پەیوەندیەک نیە و ئەوەى کاک حاکمیش بەو شێوەیەیە ، بەکرە ( شێت – وەها ناسراوە ) کە بەداخەوە ئێستا لەبەردەم ئۆرۆزدى باکى کۆنى سلێمانى سواڵ ئەکات ، لەسەردەمى گەنجیتیدا سەرقاڵى کاسبیکردن بوو جارێکێان لەلاى حەوزە وشکەکەى سلێمانى هاوارى ئەکرد ئەوە فەریکە نۆک و ڕەسمى ئیمامى عەلى ، ئەوەى کاک حاکمیش وەکو ئەوەى کاک بەکرە بەهیچ شتێک لەحیم ناکرێت ، بەڕێز کاک حاکم وەکو جافێک خۆى نمایش ئەکات دور لەهەموو ئەتەکێتێکى پیشەکەى ئەگەر جافێک لە ئاوایی ڕەشو بۆرى نزگەرەیەک بدات بەڕێزیان لە هەولێرەوە هاوار ئەکات ئاوى فریا بخەن ، ئەبوایە مەسعودیش سوپاس و پێرانینى ئەم برا جافەى بکردایە لەساى ئەوەى کە کردبوى بەتەتەرى ڕیفراندۆم بۆلاى سەرۆک عەشیرەتەکانى چەمچەماڵ .

فەرمانبەرێکى ژمێریارى بەڕێزى بەتەمەن بۆیگێرامەوە و ووتى :
حەزمئەکرد لەپاى ئەم سوپاس و پێزانینە ڕق و بێز لێبونەوەش بهاتایە ، بۆ ئەوەى منیش ئەوەم پێشکەشى ئەم حاکمەم بکردایە ، بەڕێزیان لە سلێمانى حاکم بوو بۆ کێشەیەکى فەرمانگەکەمان من نێردرا بووم ، بڕوابکەن ئەم کاک حاکمە وەها لێمتوڕە بوو لەناو ئەو خەڵکەدا وەها شکاندومى مەگەر مەرگ لەبیرم بباتەوە .
ئەم ( سوپاس و پێزانین )ە کەئێستا هەرێمى کوردستانى گرتۆتەوە ، کڵێشەکەى بە شێوە و دیکۆرى جوان و ڕەنگین ئەڕازێننەوە ، یادى بەخێر ئەگەر کاک عومەر کڵۆڵى خۆشەویست ئاوا بە بێ تەقە مەیدانى چۆڵنەکردایە ، ئەبوایە سوپاس و پێزانینەکەى بەڕێزیان چەندى بەر جوتە بدایە ، ئەبوایە سەرۆک کڵۆڵ لە وڵاتى چینەوە بە پاپۆڕى زەبەلاح ئەم سوپاس و پێزانینەى بهێنایە لەبەر ئەوەى ژمارەکە هێجگار زۆرە ...
ماڵئاوا لە خوێنەران بەدوربن لە هەڵامەتى سوپاس و پێزانین .



پەیجى سەندیکاى ژمێریاران و وردبینانى کوردستان

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە