چەژن

Tuesday, 13/08/2019, 7:13

4337 بینراوە


بەیانی جەژنە ، جەژنی قوربانە 
پیرۆزیان نەبێ ئەو بەرپرسانە 

کە تەنها خەمیان دزی و گیرفانە
لە سەرو ژێری ئەو نیشتیمانە

ماڵ و سەروەتیان لە هەڵکشانە
بەدزی و فزی و ئەوەی تاوانە

لە ڕۆژدا خەمیان سەفاو سەیرانە
لە شەوانیشدا سەماو مەیخانە

بەگەورەو بچووك وەکو شێتانە
بە بەد ڕەوشتی کاری خۆیانە

هەموو شتێ لایان سووك و ئاسانە
شەڕەفیان بۆتە سەروەت و عانە

بۆ هەژارانیش هەردەم قەیرانە
جەژنیان بۆتە خەم و ئەفسانە

دڵیان هەمیشە پڕ لە گریانە
فرمێسکی چاویان وەکو بوڕکانە

لە ماڵێکی چۆڵ کە بێ میوانە
خوانەیان خاڵی بێ چێشت و نانە

مناڵ بێ بەرگی تازەی جەژنانە
بە نائومێدی لە ماڵ زیندانە

ماڵێکی تاریك وەک قەبرستانە
بێ زەردەخەنەو قسەو لێدووانە

هەروەکو بڵێ ی لە ماتەم دانە
بە ئاهێکی سارد کە بێ زمانە

خوایە هەڵ نەگری لە بەد وویژدانە
لە دزو لە چەتەی ئەو کوردستانە

بە ماڵ و موڵک و ئەوەی هەیانە
بە ئاگری بەی لەتەك خۆیانە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە