دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کوردستان لە ٢٠٢٠دا


له قاسپه قاسپی کەوەکان تا قاژەقاژی قەلەڕەشەکان

Thursday, 08.15.2019, 15:59

4017 بینراوە


چەند ڕۆژێک لەمەو پێش گۆرانیبیژی دەنگ خۆش ماریا هەورامی ، ئەو تەلەسم و بەربەستە کۆنەپەرەست و رجعییانە کە کۆمەڵگا و بیروباوەڕی ئاینی و پیاوسالاری لە کوردستان تا بە ئیمڕۆ لە بەردەم ژناندا دایان نا بوو تێکیشکاند و بە ئەوپەری جورئەت و لەخۆبردوویی لە یەکێک لە شەقامەکانی سلێمانی بە دەنگە خۆشەکەی خۆی دەستی بە گۆرانی خویندن کرد و دڵی هەزاران گەنج و خەڵکی شاری بەلای خۆدا ڕاکێشا.
ماریا یەکەمین ژنەکە لە ساحەی کوردستان دا بەم شێوەیە بێتە مەیدان و ئەو بەربەستە کۆنە پەرەستانەتێک بشکێنێت و بڵێت ژن و پیاو لە مەیدانە جۆراوجۆرەکانی ژیاندا هیچ جیاوازییەکی ئەوتۆیان لە نێواندا نییه.
لە موقابیلی قاسپەقاسپەی ئەم کەوە جوانە، قەڵەڕەشەکان نەیاتوانی بێدەنگ ببن و دەستیان دایە قاژەقاژی ڕەشەکوژی شەخسی و شەخسێەتی، چونکە قەلەڕەشەکان رەنگی جوان، دەنگی خۆش ، وتار و نووسینی بەپێز نیگەرانیان دەکات. دەترسن لەوەی کۆمەڵگا و ئاگابێتەوە و مەنبەر و تەکێە و سەکۆی جەهالەت و فڕوفێل و مەوقعییەتی بەڵاشخۆری ئەوان لەگۆڕ بنێت. 
حەز و ئارەزووی قەلەڕەشەکان ئەوەیە، کە خەڵکی بەگشتی و ژنان بەخاس هەمیشە لە جەڵوبەرگی جوان و ڕەنگا و رەنگ خۆیان بە دوور بگرن و قوماشێکی ڕەش و داپۆشراو لە خۆ بئاڵێنن . دەنگی خۆش و گۆرانی ژنان قەلەڕەشەکان زۆر بێزار و توڕە دەکات ، ئەوان ئەیانهەوێت، کە ژنان جگە لە گریان و فرمێسک ڕشتن بۆ ئازیزەکانیان و زەیان لێوەنەیەیت. قەلەڕەشەکان بە پێی باوەڕ و ئایدئۆلوژی و سایکۆلۆژیای خۆیان دژی هەر چەشنەخۆشی و شادی و ئاهەنگ گێڕانێکی خەڵک و کۆمەڵگای بەشەرین. ئەوان پێیان کفرەکە ژنێک بێتە ناو شەقامێکەوە و بەدەنگ و هەڵپەرکێی خۆی دڵی هەزاران ئینسان خۆش بکات. هەر بۆیە قەلەڕەشێکی وەک مەلا "هەڵۆ" زۆر بەتوندی هێرش دەکاتە سەر گۆرانیبێژی دەنگ خۆش ماریا هەورامی و ئەو پەڕی بێ حورمەتی پێ دەکات. 
من بۆ خۆم رەخنەیەکی ئەوتۆم لەم داعش و ئرە قەلەڕەشە نییە، چونکە چاک دەزانم کە سەرچاوەی هەموو ئەم سوکایەتییە دەگرێتەوە یەکەم: بۆ ئەو باوەڕ و ئایدئولۆژیا چەوت و بێ بنەمایە، کە ملیون ها ئینسانی مفت خۆر و ئیشنەکەر و درێژ دادڕێ وەک مەلا هەڵۆی پەروەردە کردووه. دووم: ئەم سوکایەتییە، ڕاستەوخۆ دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سێستەم و نیزامە کە ئەمە٢٨ ساڵی تەواوە، جگە لە پەرەپێدان بەخۆرافە و سووکایەتی و شەق وەشاندن لە مامۆستا و قوتابی و تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس و روناکبیر و بیرمند و گەندەڵی و دزینی سەروەتی گشتی هیچی دیکەی فێری خەڵکی کوردستان نەکردووه. لە ژێر سێبەر و حکومەتی مافیایی (پارتی و یەکێتی) لە کوردستاندا ژومارەی مزگەوت و خانەقا و حوسەینییەکان زۆر زۆرترەلەژومارەی قوتابخانەو زانکۆکان. لەژێر چەتری ئەم حزبەمافیانە، دەیان گروپ و رێکخراوە سیاسی و ئینسانکوژ کە هەڵگری فیکر و باوەڕی رەجعی و کۆنەپەرەستانن سەری هەڵداوه. سۆفی و دەرویش و جادوگەر و زکر و تەلیلە و شێخ و مەلا لە هەموو کۆلان و لاکۆڵانێک دا مەوجودێتی هەیە و شەو و ڕۆژ خەریکن مێشکی ئینسانەکان بە قسەی پڕ و پوچ و درۆ و دەلەسە دەشۆرنەوە و نۆتفەی ئازادیخوازی و پێشکەتووی لە ئینسانەکاندا دەکوژن. 
٢٨ ساڵە ئەم حزبە مافیانە لەبەر مەسڵەحەت و بەرژەوەندی بنەماڵەیی و حیزبی خۆیان، نەخاوەنی دەستور و مەحکەمەیەکەن و نەتا بە ئێستاش توانیویانە خاوەنی حکومەت و پەرلەمان و جەیشێکی بێ لاین و خەڵکی بن. 
مەینەت و بێ چارەنووسی خەڵکی کوردستان بەتێکرا لێرەوە سەر چاوەدەگرێت، نەک ئەوەی کە قەلەڕەشێکی جاهیل و نەزان وەک مەلا "هەڵۆ" بەر هەڵستکاری و سووکایەتی بەژنێکی گۆرانیبێژی وەک ماریا هەورامی دەکات. خودی حکومەتەکە، بێ یاسا و رێسایه، بێ قانون و دەستورە، شەق وەشێنە، تیرۆریستە، گەندەڵە، دزه، بێ فەرهەنگە، ئیتر چۆنا و چۆن هەزاران کەسی وەک مەلا داعش "هەڵۆ" تیدا پەروەردە نابێت؟ 
هەر بۆیە خەڵکی کوردستان بەگشتی و گەنجانی بەتایبەت پێش ئەوەی رووی دەمیان بکەنە مەلا "هەڵۆ" و ئەو دەم و دەزگا جەهل و خۆرافە کە ئەوی پەروردەکردووە، دەبێت رەخنە و رووی دەمیان لە دەسەڵاتداران و حوکمرانانی کوردستان بکەن. هەر وەک چۆنا و چۆن مەلا هەڵۆ و هەزاران مفتخۆری وەک ئەو ، بە پێی ئایدئولۆژیا و باوەڕی ئاینی خۆیان دژی خۆشی و شادی خەڵکن ، هەر وەهاش دەسەڵاتدارانی کوردستان (یەکێتی و پارتی) یش دژی هەر چەشنەدامەزراوەیەکی قانونی و دەستورین. پێشینیان وتوویانە لە گۆمی لێڵ دا ماسی باشتر ڕاو دەکرێت. لەوەڵاتێکی بێ قانون و بی یاسا و دەستوریش دا ، لەلایەکەوەدەسەلاتدارانی زاڵم و میلیشیا و سەرۆک خێڵ بەباشترین شێوە ئەتوانن دەست بەسەر تەواوی جومگە و شارەگەحەیاتێکانی ئەو میللەتەدا بگرن و بی خنکێنن، و لەلایەکیشەوە زەمینەی پەروەردەکردنی فیکری رجعی و کۆنەپەرەستانش تیدا بە باشترین شیوە چرۆ دەکات. لە سێبەری ئەم دەسەڵاتدارانەدا، ماریا نە یەکەم کەسەکە بێ حورمەتی پێ بکرێت و نە ئاخرین کەسیش دەبێت.





(دەنگدراوە: 6 . زۆرباشە: 5/5)