پەیامی "بەرەی خەڵك" بۆ یادی شەهید "وەدات حسێن"

Thursday, 15/08/2019, 18:20

4631 بینراوە


کوردانی ئازیز و خەون زیندەبەچاڵکراوی سایەی دەسەڵاتی تاڵان و تاوانی دوودیوی دێگەڵە، وا لە بەروارێکی تری خیانەتی دەسەڵاتە بەکرێگیراوەکەی ئەم کووچەیە لە خاکی کوردەوار... ناچارین لەبری بەهادان بۆ تەمەن و کار و خەیاڵەکانی گەنجەکانمان... ماتەمی تیرۆرکردنیان بگێڕین، هەر بوونی ئەم چەشنە بۆنە و مەراسیمانە... دزێوی دەسەڵاتێکی دەڵاڵ و دژ بە کۆمەڵگای کوردییمان نیشان دەدا... کە بێئابڕوویی لە ناوچەوانی یەک بە یەکی سەرانی ئەمەی ناویان ناوە "دەسەڵاتی کوردیی" دەتکێ! ئەگەر وا نییە بۆ دەبێ ئێمە لەبری "وەداد"ێکی خەمخۆر و داهێنەر و ئازاد... یادی "وەدات"ێکی ڕفێنراو و کوژراو و بێدەنگکراو بکەینەوە؟

     "بەرەی خەڵک" ئاستی زمان بە ڕووی ئەم جۆرە لە دەسەڵاتدا، بە قەبارەی گڵاویی خۆی و ئەسڵی ناخە خۆفرۆش و چەتەییەکەی بەکاردەبا. بۆ دەبوو ئەم دەسەڵاتە وا بێ گەر ئەسڵزادە و کوردی ڕەسەن بوونایە! چ مێژوویەکیان بۆ خەڵک خولقاندووە، ئەوە نەبێ تاڵان و تاوان و شەڕ و قەیران و گرفت بۆ مرۆڤی کورد و کۆمەڵگا بکاتە دیاری؟ چ ئاسوودەیی و ئارامییەکی دڵنیا بەدیهاتووە بۆ کۆمەڵگای کوردی، ئەوە نەبێت دەرفەت بۆ تاڵانی خاک و قۆرخی دەسەڵات بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن و کۆمەڵگاش بە بخۆریی و کەیفبازیی و ڕاکەڕاکەی ژیانەوە سەرقاڵ بکەن... تا ئەوەی دواجار کورد و کوردەوارەکەی بەرەو قڕکردن ئاراستە بکەن.

     ئەمە گوزارەی ڕاستەقینەیە لەم دەسەڵاتە، کە پێڕێکی پێ بووەتە "دزە ملیاردلێر" و کەچی گەر کەسانێک قسەیەک لەسەر ئەم دزی و چەوسانەوەیە بکەن، کوشتن و ڕفاندن و تۆقاندن و ئاوارەکردن بۆیان ئامادەیە! لێرەوە وەک هەمیشە "بەرەی خەڵک" چەندبارەی دەکاتەوە: "ڕەواییدان" بەم دەسەڵاتە بەشدارییە لە کوشتن و تیرۆرەکانی، برابەشییە لە دزییەکانی، واژۆی ڕەزامەندییە لە بەردەوامی خیانەتەکانی! جا ئەمە تاک بیکات بە دەنگدان بە سیماکانی ئەم دەسەڵاتە یان حزبەکان بیکەن بە ڕێکەوتن و تەواوکردنی گەمەی قومارەکە... کە هەردەم خەڵکی تیا دۆڕاوە و چەتەکانی تیا براوەیە. درود بۆ گیانی "وەدات"ەکان، ڕیسوان سەرانی تاوانبار و تاڵانچی ئەم دەسەڵاتە... کە دادگای گەل، لە ڕۆژی خۆیدا دەبێ باجی هەموو خوێن و خیانەتێکیان پێ بدا.   

بەرەی خەڵک ١٥ ئابی ٢٠١٩


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە