KURDISTANPOST
کەمال جەمال موختار
نه‌خشه‌ی کوردستان!
Sunday, 18/08/2019, 16:26
11082
بینراوە
کاتێک رۆژنامەنووس، نووسه‌ر، یان هەر قەڵەمبەدەستێکی تری کورد، بۆ تیشکخستنه سه‌ر بابه‌تی نووسینێک، یان ڕازاندنه‌وه‌ی ناوەرۆکی وتارێک، وەک ئامرازی روونکردنەوە، هانا دەباتە به‌ر وێنه و نه‌خشه‌یه‌کی شێواوی دیمۆگرافی و سیاسی و ئیداری کوردستان، بێ ئەوەی پێبزانن، کە بەسەر هەڵەیەکدا دەکەون، نزیکبوونەوەیە لە خیانەتی نەتەوەیی و نیشتیمانی کە پارتە کوردییەکانی باشوور پیادەی دەکەن. چونکە پیشاندانی ئەو نەخشەیە، ددان پێدانان و رازیی بوونە بەوەی گوایه وڵاتی کورد بریتییه له‌و نه‌خشه‌یه و کورد لەو شوێنانەدا نیشتەجێیە.
من لێره‌دا نامه‌وێ به‌و چه‌ند دێره‌ی سه‌ره‌وه مه‌به‌ستێکی خراپ یان گومانێک بخه‌مه سه‌ر ئه‌و کەسانەی لە ناوشیارییاندا ئەو نەخشانە دادەنێن، هەرچەندە ئه‌گه‌ر به وردی له‌و نه‌خشانه بڕوانین، هه‌ست ده‌که‌ین چ ناته‌واویی و خیانەتێکی مێژوویی دەگرێتە خۆی و، بە چ مه‌به‌ستێک هەندێک لایەن ئەو نەخشانەیان داناوە، کە بە دڵی داگیرکەرەکانیش کێشراوان، جگە لەوە ئەوانەی به‌م کاره هه‌ڵساون که‌سانی شاره‌زا و پسپۆری ئه‌و بواره نین، تا وەک مێژوونووس، جیوگرافیناس ناسرابن، تەنانەت رەنگە کەسانێکیش بن خۆیان ئەو ناوچانەشیان نەدیبێت و هاتوچۆیان تێدا نەکردبێت، تا له ڕووی زانستیی و مێژووییه‌وه متمانه‌یان پێبکرابێت و کاره‌کانیان بۆ وەک بەڵگە کرابێتە سەرچاوەی باس و لێکۆڵینه‌وه. وەک من هەستی پێدەکەم ئەو نەخشانە، سەرلێشاواندن و مه‌رامێکی سیاسیی پێوە دیارە.
بۆ نمونه له هه‌ر شار و ناوچه‌یه‌کی کوردستاندا، گه‌ر که‌مایه‌تییه‌کی وه‌ک (عه‌ره‌ب)، (تورک) و (فارس) هه‌بن، یان ئه‌و شوێنانه‌ی کوردی تێداپاکتاو کراونه‌ته‌وه، له لایه‌ن داگیرکه‌ران به کوردستان دانه‌نراون، دیسان ئه‌و ناوچانه‌ی کوردی (ئێزیدی) و (لوڕڕی) یان گروپێکی کوردیی دیکه‌ی تێدا هه‌بێت، داگیرکه‌ران به کوردیان دانه‌ناون، له ناو ئه‌و نه‌خشانه‌دا نەماون و سڕاونه‌ته‌وه! مادەی 140 کە بۆ چارەسەری ناوچە داگیرکراوەکان، یان وازلێهێنراوەکان دانرا، دەسەڵاتی پارتەکانی کورد و حکومەتی عێراقیش کاریان لەسەری کرد و لەسەری رێککەوتوون، ئەمڕۆ بەناوچەی جێناکۆک ناویان دەبەن، ئەوانەیش له لایه‌ن دەسەڵاتی پارتەکانی باشوورەوە، لە ناو زۆری ئەو نەخشانەدا نەماوە، ئەمەش بە پلانی پارتە دەستڕۆیشتووەکانی کورد لە باشوور کاری لەسەر کراوە، کە من ناوی ئەوانەم ناوە دەسەڵاتی دوژمن، ئەوانیش وه‌ک ڕاستییه‌ک پیشانی ده‌دەن.
ئەوەی راستیشە کورد له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تا ئیستا ده‌سه‌ڵاتێکی سیاسی و ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆی نییه، ئێمه نا‌توانیین به‌بێ شاره‌زاییه‌کی ئه‌وتۆ، بێگه‌ڕانه‌وه بۆ مێژووی دێرینی خۆمان، نه‌خشه‌یه‌کی راستیی کوردستان بکێشین و دیاری بکەین، تەنانەت سه‌رژمارکردنی دانیشتوانی کوردیش هەڵەیە، کە لەوێدا خۆشمان بۆ نزیکەی نیو سەدەیە هەر دەڵێن کورد لە سەرو 40 ملیۆنە. ئەو زانیاریی و سەرژماردنە بۆ شاردنه‌وه‌ی ڕاستیی و خواستی داگیرکه‌رانە.
بەڕیزێک کاتی خۆی بۆی نووسیبووم، کە ئه‌و نه‌خشه نوێیانه‌ی کوردستان له ڕێگای ئینته‌رنێته‌وه ده‌خرێنه به‌رچاو، دەستی میتی تورک و ئێران و موخابه‌راتی سوری تێدایە، ئەوان ئاگاداریین، به‌شێکیان له ژێر چاودێری ئه‌واندا بڵاوده‌کرێنه‌وه. ئه‌م قسه‌یه تا چه‌ندێک ڕێی تێده‌چێت، ئه‌وه شایانی به‌دوواداچوون و لێکۆڵینه‌وه‌یە. من بۆ خۆم گومانم له‌وه‌دا نییه، کە هه‌ر کارێکی دزێوی وا به خراپه بەسەر هزر و تێگەیشتنی کورددا بکرێت بۆ شێواندنی ناسنامە و مێژووی کوردە، تەنیا بە مەبەستی سڕینەوەی دیمۆگرافیای خاک و سڕینه‌وه‌ی ناسنامه‌ی نهتهوهییمانە، ده‌شێت ده‌ستی ناحه‌زێکی کوردی تێدا بێت. که‌ناڵی جه‌زیره‌ی شۆڤێنیستی عه‌ره‌بیش، کاتی خۆی له کاتی بڵاوکردنه‌وه‌ی هه‌واڵێکدا نه‌خشه‌یه‌کی کوردستانی باشوری کێشابوو، وه‌ک قه‌راغه کولێره ته‌نیا سنووری ڕۆژهه‌ڵاتی سه‌ره‌وه‌ی عێراقی به ناوچه‌ی کوردنشین دانابوو. حیزبه کوردییه‌کانی خۆشمان که زاراوه‌ی (هه‌رێمی کوردستان)یان بۆ خستوینه‌ته ناو فه‌رهه‌نگی سیاسی و جوگرافیای کوردییه‌وه، به‌م کاره‌یان هێنده‌ی دیکه کوردستانیان بچوکتر کردۆته‌وه. ئه‌مڕۆ له زۆربه‌ی شوێینکار و دائیره‌کانی باشووردا، نه‌خشه‌ی ئەو ناوچانەی ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیان به ناوی نه‌خشه‌ی کوردستان هه‌ڵواسیوه.
له ساڵی شه‌سته‌کانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا، حافیز ئه‌سه‌دی به‌عسیی و سه‌ره‌ککۆماری سوریا به ناوی (پشتێنی سه‌وز)، زۆر شوێنی له کوردستانی ڕۆژئاوا له کورد پاکتاوکرد. ئه‌مڕۆ له نه‌خشه‌کاندا ته‌نها نیسکێک وه‌ک ناوچه‌ی کوردنشین له سوریا نیشان ده‌درێت. ئه‌مه نموونه‌یه‌کی بچوکی ئه‌و نه‌خشه شێواوه‌ی کوردستانه که له زۆر شوێنی سایتە کوردییه‌کانیشدا ده‌بینرێن، یان له ڕۆژنامه و کتێب و گۆڤاره کوردییه‌کانیشدا ده‌خرێنه‌ڕوو.
دوژمنان و داگیرکه‌ران، کوردستانیان زۆر بچوک و ته‌سک کردۆته‌وه، به جۆرێک ئه‌مڕۆ (موسڵ، که‌رکوک، خانه‌قین، کرمانشان، ورمێ، قامیشلۆ، ئه‌سکه‌نده‌رونه و شوێنی دیکه‌ش له ناو نه‌خشه‌ی کوردستاندا سڕاونه‌ته‌وه و نه‌ماون. ناوی کوردی‌یان لێکردوونەتەوە. دەسەڵاتی پارتەکانی باشوور لە خۆڕا پێیان ناگوترێت دەسەڵاتی دوژمن، چونکە بە پلان و نەخشەی داگیرکەران، نیشتیمانی کورد لە باشوور بەڕیوە دەبەن، تا ئیستا هیچ پارت و حیزبێک جوگرافیا و سنوری باشووری کوردستانی نەکردۆتە خاڵی دەستپێک بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ دەسەڵاتدارانی مەرکەزیی عێراقدا، تەنانەت لە هیچ بەندێکی بەرنامە و پرۆگرامێکی خۆیاندا ئاماژەیان پێ نەداوە. بۆیە ئەو عەقڵەی ئەوان مادەی 140ی لێ‌دروست دەبێت، کە نیشتیمانی کورد هەراج بکەن، تەنیا ئەو شوێنە بە نیشتیمان و موڵکی کورد دەزانن، کە تێیدا سامانەکەی بەرن و خەڵکەکەی بکەنە کوێلە و پاسەوانی خۆیان.
کەمال جەمال موختار
© 2019- Kurdistanpost