ڕەجەب و پوتین، لە خیانەتی عەفرینەوە بۆ خیانەتی ئیدلیب!

Wednesday, 21/08/2019, 9:48

15678 بینراوە


جەنگی سووریا و هاتنی زلهێزەکانی دنیا بۆ ناوچەکە و بەستنی هاوپەیمانیەتی لەگەڵ هێز و گروپی فەرمی و نافەرمیەکانی ئەو دەڤەرە، بوونی ئەجێندای تایبەت و دارشتنی پلان و ستراتیژیەتی تایبەت بە بەرژەوەندییەکانی خۆیان، کەشوهەوایەکی سیاسی و سەربازی پڕ لە کۆسپوتەگەرە و ئاڵۆز خوڵقاند. هۆی سەرەکیی بوو لە ئاواڵابوونی سنوورەکانی نێوان وڵاتانی عیراق، ئیران، تورکیا و کوردستان. لە ئاکامدا تورکیا دەرکی بەوە کرد، کە ئەگەری ئەوە هەیە زلهێزەکانی دنیا ئەگەر بۆیان بچێتە سەر دەستکاری نەخشەی جیوگرافی سیاسی ناوچەکە بکەن. کە بە پلەی یەکەم دەبێتە هۆی تەسککردنەوەی دەسەڵاتی زلهێزە ناوچەیەکان، کاردانەوەی دەبێت لەسەر دووبارە کێشانی نەخشەی جوگرافیای تورکیا و بچووک بوونەوەی و سوودمەند بوونی دوژمنە سەرسەختەکەی لەم کەینوبەینەدا کە نەتەوەی کوردە.
لەم دۆخەدا تورکیا بەلای کەمی دەیەوێت وەک زلهێزێکی ناوچەیی پارێزگاری لە پێگەی خۆی بکات، وێرای ئەوەش لە ئەگەری دەستکاریکردنی نەخشەی جوگرافیای ناوچەکە لە لایەن زلهێزەکانی دنیاوە هەوڵدەدا بە فەرمی و نافەرمی پەلوپۆ بهاوێت و دەسەڵاتەکانی فرەوانتر بکات. بەو مەبەستە لەژێر باڵی ڕوسیادا بە فەرمی عەفرینی داگیر کرد.
ڕوسیا هەڵوێستێکی نامەردانەی لە عەفرین نواند. خەڵکی سیڤلی ئەو شارەی لەژێر ڕەحمەتی بۆمب، زریپپۆش، موشەک و فڕۆکەی سوپای درندەی تورکیا بەجێهێشت. ئەو گوێی خۆی خەواند لە دەربەدەربوونی میلیۆنان لە خەڵکی سیڤلی بێتاوان و داگیرکردنی ئەو شارە لەلایەن سوپای تورکیاوە. ئەم جۆرە هەڵوێستەی موسکۆ چەندێک کوردی لێ زەرەرمەند بوو دە هێندە بەرژەوەندییکانی ڕوسیاشی خستە مەترسیەوە. لە ئەنجامدا تورکیا بە ئارەزووی خۆی دەسەڵاتەکانی سەپاند، لە خۆیبای بوو و هەوڵیدا میلیشیای سەربەخۆی دروست بکات و پەلەوپۆ بۆ ئەدیلیبیش بهاوێت!
ساڵی پار ڕوسیا لەگەڵ تورکیا لە سوچی بۆ دۆخی ئەدلیب لەسەر چەند خاڵێک ڕێککەوتن کە گرنگرتینیان ئەمانە بوون:
یەکەم: ناوچەی بێ چەک، بە درێژای هێڵی ١٥کم تا ٢٠کم، لە ناوچەکانی نێوان سوپای سوریا و هێز و چەکدارە نافەرمییەکانی سوریا بە تایبەتی هێزی توندڕەوەی وەک نوسرە، تەحریری شام، دەبێت. لە ناوچەی بێ چەکدا هەرچی چەکی قورسی وەک موشەک، دەبابە و ڕاجیمە هەیە تا ١٥ی مانگی داهاتوو دەبێت تورکیا تەسلیمیان بکات بە هێزەکانی ڕوسیا.
دووەم: تورکیا بەڵێنی دا کە هەموو هێزە چەکدارەکان ڕازی بکات بە چەک دانان.
سێیەم: هێزی پۆلیسی تورکیی و ڕوسیی چاودێری ناوچەی بێ چەک دەبن.
چوارەم: کردنەوەی ڕێگەی نێوان حەلەب و حەما بە درێژایی ٢٠٠کم کە ناکەوێتە نێو چوارچێوەی سنووری ناوچەی بێ چەک، کە لەژێر کۆنتڕۆڵی تەواوی ئۆپۆزسیۆنی سوریا و میلیشیای دیکەن.

تورکیا تا ئیستا هیچ یەک لەو خاڵانەی جێبەجێ نەکردوە، هەنووکە لەژێر سێبەری ئەو ڕێککەوتنەدا لە ناوچەکە بە تایبەتی لە دەڤەری ئەدلیب تەقەلاکانی چڕ کردۆتەوە بۆ دامەزراندنی نواتی میلیشیای چەکداری نافەرمی سونی سەر بەخۆی. ستراتیژیەتی دامەزراندنی ئەو نواتە بۆ ئایندە تەنیا بۆ ئەوە نییە کە وەک گروپێکی بچوکی لاوەکی بمێنێت. ئەڵبەتە تورکیا دەیەوێت لەشکرێکی میلیشیای سونی داعش ئاسا لە ناوچەکەدا گەشە پێبدات. لە کۆتاییدا بۆ مەرام و بەرژەوەندیی خۆی و سەپاندنی دەسەڵاتەکانی لە ناوچەکەدا بەکاریانبهێنێت و بە پلەی یەکەم لە کوردیان بەربدات.
ئیدلیب لە ساڵی ٢٠١٥وە لەژێر دەسەڵاتی چەند گروپ و میلیشایی چەکداری دژ بە ئەسەدی هاورێی ڕوسیایە. کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەو شارە لەلایەن سوپای سوریاوە مانای دۆرانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا و ئەو گروپانەی سەر بە تورکیان دەگەیەنێت. "هەیئەت تەحریر ئەلشام" کۆنتڕۆڵی ئەدلیبی کردوە، بەڵام گروپەکانی دی وەک "حوراس ئەلدین" کە سەر با قاعیدەن لەو شارەدا هەن. پارتی "ئیسلامی تورکستانی ڕۆژئاوای چین" لەو شارەدا هەن کە بەشێکن لە "جیهادیونی یوگهوارەی" چین کە بە گروپی سونی تیرۆریستی ناسراون، لەلایەن ئەردوغانەوە یارمەتی دەدرێن، هەر لە سەرەتاوە تورکیا، تاکە ڕێگەی هاتوچۆی ئەو گروپە بووە لە چینەوە بۆ سوریا. گروپی "جەبهەی تەحریر ئەلوەتەنی" کە تورکیا یارمەتیان دەدات و تاکە ڕێگەی پەڕانەوەی چەکدارانی ئەو گروپە بووە بۆ سوریا.
ستراتیژیەتی تورکیا لەگەڵ ستراتیژیەتی ڕوسیا و ئەسەد لە سوریادا دوو هێڵی تەریبن هەرگیز بەیەک ناگەن. مۆسکۆ دەیەوێت لە ڕێگەی ئەسەدەوە دەسەڵاتداری یەکەم بێت، جومگە سەرەکییە ئابووریی و سەربازییەکانی ئەو وڵاتە کۆنتڕۆڵ بکات. ئەو دەیوێت لە ناوچەکەدا بەرامبەر بە زلهێزێکی وەک ئەمریکا هاوسەنگ بێت، کە ناتەبایی جەنگی ساردی نێوانیان ڕەگێکی مێژووی هەیە. دروستبوونی گروپ و میلیشیای توندڕەوی سونی سەر بە تورکیا و گەشەسەندیان بۆ بوون بە لەشکرێکی کاولکەر لە ناوچەکەدا، لە بەرژەوەندیی ئەسەد و ڕوسیا نییە و ئاسایشی ناوچەکە دەخاتە مەترسیەوە. لەدەرئەنجامدا ڕوسیا بیەوێت یان نەیەوێت، زوو یان دەرنگ دەبێت ڕێگری لەسەرکەوتنی ئەو جۆرە ئەجێندا و ستراتیژیەی تورکیا بکات یان بۆ ئەمریکای جێبهێڵێت.
هەنووکە ئەو ناتەبایەی تورکیا و ڕوسیا ئاگری چەخماخەی جەنگی نێوانیان لە "خانشیخونی" ئەدلیب بەدەرکەوتووە. لە پشتەوەی ڕوسیا، لەژێر سێبەری ڕێککەوتنی سوچی و کڕینی موشەکی ئێس ٤٠٠ ڕوسی، تورکیا لەبری چەککردنی میلیشایا نافەرمیەکانی ئەدلیب کەوتۆتە ناردنی چەک، تەقەمەنی، زریپۆش و موشەکێکی زۆر بۆ چەکدارانی سەربەخۆی لە گوندی "خانشیخونی" ئیدلیب، بە تایبەتی بۆ پارتی "ئیسلامی تورکستانی ڕۆژئاوای چین" کە بەشێکن لە "جیهادیونی یوگهوارەی" چین و گروپی "جەبهەی تەحریر ئەلوەتەنی". لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕوسیا بۆردومانی ئەو قافڵە سەربازیەی تورکیای کرد کە چەک و تەقەمەنی بۆ ئەو گروپە تیرۆریستانە گواستۆتەوە. دووبارە نائارامی باڵی کێشاوە بەسەر ناوچەکە. لە ئەنجامدا خەڵکێکی زۆری سیڤل کوژراون و ئاوارە و دەربەدەر بوون.
جەنگی ئەدلیب، جەنگی نێوان میلیشیای نافەرمی نییە، جەنگی نێوان ئەسەد و ئۆپۆزسیۆنی سوریا نییە، جەنگی نێوان ڕوسیا و تورکیایە. لە دەرئەنجامدا دەردەکەوێت کە ئەمڕۆ ڕوسیا، باجی پەیڕەوکردنی سیاسەتە هەڵەکانی لە ناوچەکەدا، جۆری مامەڵەکردنی لەگەڵ تورکیا و دانی متمانە و بەجێهێشتنی عەفرین دەدات. ڕوسیا دوێنی لە عەفرین خەیانەتی لە کورد کرد ئەمڕۆ تورکیا لە ئەدلیب و ناوچەکانی دی خەیانەت لەو دەکات!

تێبینی: لە ڕابردوودا ئەم پێشهاتەیە لەم وتارانەی خوارەوەدا پێشبینی کراوە
https://www.kurdistanpost.nu/?mod=news&id=85555
https://www.kurdistanpost.nu/?mod=news&id=84728






.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە