زانست و چیرۆکی ئادەم و حەوا

Thursday, 08.22.2019, 8:10

4530 بینراوە


ئەبرەهام لینکۆڵن: دەتوانیت هەندێک کەس هەموو کات فریو بدەیت، یان هەموو کەس هەندێک کات، بەڵام هەرگیز ناتوانێت هەموو کەس هەموو کات فریو بدەیت!
------------------------------------
چیرۆکی دروستکردنی یەکەمین مرۆڤ و ناساندنی ئادەم و حەوا وەک بنەچەیەک بۆ سەرلەبەری مرۆڤایەتیی، یەکێکە لە بەربڵاوترین ئەو چیرۆکانەی لە گەلێک شارستانییەتەکانی مێژووی دێریندا بوونی هەیە. سەرچاوەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سۆمەرییەکان کە بە کۆنترینی ئەو شارستانییەتانە دەمژێردێت لە جیهاندا، پاشان لە لای بابلییەکاندا دبیندرێ، دواجار لەمانەوە بە دەستکارییەکی کەمەوە دەگواسترێتەوە بۆ سێ ئاینەکەی جوو و کرستییان و ئیسلام. ئەم چیرۆکە و ئەوانەی دیکە، لای ئاینداران بە چیرۆکێکی ڕاستەقینە دەزاندرێت، بەبێ بوونی هیچ گومانێک، لەبەرئەوەی لایەنگرانی گشت ئاینەکان، هەرچییەک لە ئاینەکەی خۆیاندا هاتبێت، باوەڕی پێ دەکەن و پێویستیان بە لێکۆڵینەوە و بەڵگە نییە.
بەڵام لەم چەرخەی پێشکەوتنی زانستەکاندا، زانیاریی لەسەر سەرجەم بابەتەکان لەبەردەستی هەموو زانستخوازێکە، بۆیە ئەمڕۆکە هیچ بیروڕا و بۆچوونێک ناتوانێت جێی خۆی لە زانستدا بکاتەوە، ئەگەر بە کۆمەڵێک ئەزموونی زانستییانەی ورد تێنەپەڕێت، چونکە زانست هەمیشە پشت بە‌ بە‌ڵگە‌ و ئە‌زموونی سە‌لمێندراو دە‌بە‌ستێت، بۆ زانینی چییەتی و ڕاڤەکردنی هەر ڕووداو و دیاردەیەک.
هەوڵ دەدەین لە چەند ڕووێکەوە بڕوانینە ئەوانەی لە ئاینی ئیسلامدا هاتوون دەربارەی بوونی ئادەم و حەوا، دروستبوونی ئادەم و باڵا و تەمەنە دەرئاساکەی، بۆ ئەوەی بەراوردیان بکەین لەگەڵ بنەما و یاساکانی بوارە تایبەتییەکانی خۆیان، تا بزانین ئەم جۆرە بیروڕایانەی لەم چیرۆکانەدا هەن، چەندە لەگەڵ زانست هاوکۆکن، ئایە لێکۆڵینەوە زانستییەکان پاڵپشتییان لێ دەکەن؟
هەر لەسەرەتاوە پێویستە ئاماژە بەوە بدەین، ئەگەر چیرۆکێک، یان دەقێک لەگەڵ زانستدا یەکی نەگرتەوە، تاکە چارەسەر ئەوەیە دەبێ، یان هاوشێوەی ئاینی کرستییانەکان وەک چیرۆکێکی هێمایی (ڕەمزیی) لێی بڕواندرێت، یانیش بدرێتە پاڵ بابەتە زانستییەکانی دیکەی کە بە پیلانی جوولەکە، زایۆنیزمی جیهانیی و خۆرئاوای خوانەناس داندراون، ئەوانەی مەبەستیان دوورخستنەوەی موسڵمانانە لە ئاین و دابونەریتی کۆمەڵایەتییان! ئاشکرایە هەموو ئەو بۆچوونە چەوت و بانگەشە نابەجێیانە، دواجار وا دەکات موسڵمانان خۆیان زیانیان پێ بگات و پتر لەڕەوتی پێشکەوتن دوا بکەون.

هاتنی مرۆڤەکان لە دایک و باوکێکەوە
-- بۆماوەزانیی ئەمڕۆکە گەیشتۆتە ئاستێکی وا بتوانێت گەلێک زانیاری گرینگمان بداتێ دەربارەی زۆر لایەنی جیاجیای مێژووی زیندەوەران، بەتایبەتیش ئەوی پێی دەگوترێت، بازدانە جینەکییەکان (Genetic Mutation) کە بایەخێکی یەکجار مەزنی هەیە لەم بوارەدا. چونکە بازدانەکان بەبەردەوامی لەناو ترشە ناوەکییەکەماندا (DNA) گل دەدرێنەوە، تا ئەو دەمەی دەگوێزرێنەوە بۆ نەوەی داهاتوو. واتە (دنا) هەموو ئەو زانیارییە مێژووییانە لەخۆ دەگرێت کە زاناکانی بۆماوەزانی پێویستیانە بۆ بەراوردکردنی (دنا) جیاوازەکان و گەیشتن بە مێژووی پەرسەندنی زیندەوەران. ئەو بەراوردکرنانەی زنجیرەکانی (دنا)ی نێو هەمان جۆر لە کۆمەڵە مرۆییەکان، زاناکان بەرەو ئەوە دەبات بکارن مێژووی گەل و نەتەوەکان دیار بکەن، بە زانینی ماوەی نێوان بازدانە جینەکییەکانیش، سەردەمی جیابوونەوەی ئەو جۆرانە لە پێشینە هاوبەشەکانیان دەستنیشان بکەن. بەمانە و بە شارەزابوون لەو گۆڕانکارییانەی بەسەر ژینگەکاندا هاتوون، زۆر بەوردی لەو هۆکارانە تێبگەن کە مرۆڤیان گەیاندە ئەوەی، ئەو شێوەیەی ئێستەی وەربگرێت. 
-- یەکێک لە تۆژینەوە هاوچەرخەکان لە بواری بۆماوەیی، زاناکان تێیدا بە پشتبەستن بە شیکردنەوەی تەواوی ڕیزبەندی جینەکی و ڕێژەی ڕوودانی بازدانە جینەکییەکان، ئەزموونێکیان بەئەنجام گەیاند لە لای ٦ کەس (٢ ئەوروپایی، ٢ ئەفریکایی، ١ کۆریایی، ١ چینیی). ئەو زانایانە هەڵسان بە بەراوردکردنی گشت جینەکانی ئەو ٦ کەسە لەگەڵ یەکدی، بۆ زانینی دوا پێشینەی هاوبەشیان و دەستنیشانکردنی ژمارەی کۆمەڵەی ئەو مرۆڤانەی بە ڕەگەزی نێر و مێ کە توانای نەوەنانەوەیان هەبووە، واتە مرۆڤە چالاکەکان (Effective population size)، بێگومان ئەمانەش ژمارەیان زۆر کەمترە لە ژمارەی گشتی نیشتەجێبووانی کۆمەڵە مرۆییەکان لە سەردەمە جیاجیاکاندا. تۆژینەوەکە هەوڵێک بوو بۆ دیارکردنی ژمارەی ئەو مرۆڤە چالاکانەی کە ژیاون لە ١.٢ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر هەتا ئەمڕۆکە. دەرەنجامی ئەو تۆژینەوەیە دەری خست کە مرۆڤایەتی دوو جار، کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتووانی بەخۆوە بینیووە: یەکێکیان نێزیکەی ١ ملیۆن ساڵ پێش ئێستە بوو، ژمارەی مرۆڤەکانی ئەو سەردەمە کەم بووەوە بۆ ١٠ هەزار کەس، پاشان بەرەبەرە پتر بوونەوە، تا ژمارەیان گەیشەوە ٢٩.٦٠٠ کەس (١٣٥٠٠ لە ئاسیاییەکان و ئەوروپاییەکان، ١٦.١٠٠ لە ئەفریکاییەکان). جاری دووەمیان بەر لە ٥٠ هەزار ساڵێک ڕووی داوە، لەمەشیاندا ئاسیاییەکان و ئەوروپاییەکان پێکەوە ژمارەیان دابەزی بۆ تەنیا ١٢٠٠ و ئەفریکاییەکان بۆ ٥٧٠٠ کەس. با بزانین ئەم تۆژینەوەیە چیمان پێ دەڵێت؟ ئەمە بۆمان دەیسەلمێنێت ژمارەی دانیشتوانی جیهان، بەدرێژاییەکی ١.٢ ملیۆن ساڵ لە هیچ سەردەم و شوێنێکدا هەرگیز نەبووە نەک تەنیا بە دوو، بگرە ٢٠٠ کەسیش. واتاکەی ئەوەیە کە گەلێک پێش هاتنی مرۆڤی نوێ، یان ژیر (Homosapien)، ئەوەی تەمەنەکەی بۆ بەرلە ٢٠٠ – ٣٠٠ هەزار ساڵ دەگەرێتەوە، ژمارەی مرۆڤەکان تا ئەو ئاستە یەکجار نزمانە دانەبەزیووە، چونکە ئەو جۆراوجۆرە جینەکییەی لە جینۆمی مرۆڤەکاندا هەیە، زۆر زیاترە لەوەی لە دوو کەسەوە هاتبێت.
ئەوەی شایەنی ئاماژەپێکردنە ئێستە زانست بە پشکنینی (دنا)، ئەو بوارەی بۆ هەموومان ڕەخساندووە، بتوانین هێڵی کۆچکردنی پێشینان و باوباپیرانمان دیار بکەین، هەر لە کۆچکردنیانەوە بۆ دەرەوەی ئەفریکا هەتا دەگاتە ئەمڕۆ. ئەمەش بە بەرواردکردنی (دنا)کەمان دەکرێ، لەگەڵ ١٥ هەزار نموونە (پێیان دەگوترێت بەڵگەکان)، لە ساڵی ٢٠٠٥ دەست کراوە بە کۆکردنەوەیان تا ئەم ساتەمان، لەسەر ئەو هۆز و گروپانەی لە ئەفریکاوە پێش ٦٠ هەزار ساڵ دەرچوون و بە گشت لایەکی جیهاندا بڵاو بوونەوە. بەمە دەکارین زانیارییمان هەبێ دەربارەی ئەوەی ئێمە کێین و لە کوێوە هاتووین؟ هەموو ئەو پشکنین و شیکردنەوانەش تەواو زانستیین و بە چاودێریی ڕێکخراوی جیهانیی بۆ بنەچە جینەکییەکان بەڕێوە دەچن.
لەپاڵ ئەمەدا چەندین تۆژینەوەی دیکە هەن پێمان ڕادەگەیێنن، ترشە ناوەکییەکەی مایتۆکۆندریاییمان لە ژنێکی ئەفریکایی (حە‌وای مایتۆکۆندریایی) وەرگرتووە کە پێش نێزیکەی ١٥٠ هەزار ساڵ ژیاوە. ئەم ژنە گریمانەکییە بە‌ نوێترین پێشینە‌ی هاوبە‌شی لە‌ دایکە‌وەی‌ گشت مرۆڤە‌کانی ئە‌مڕۆ دادە‌نرێت،‌ مایتۆکۆندریاش، یاخۆ (خانە‌وزە) پێکهاتە‌یە‌کە تە‌نیا لەڕێی دایکە‌وە دەگواسترێتە‌وە. بەرانبەر بەمە پیاوێک (ئادە‌می کڕۆمۆسۆمی Y) هەیە، ئەم پیاوە بەر لە نێزیکەی ٢٥٠ هەزار ساڵ هەبووە، ئەمەشیان بە نوێترین پێشینە‌ی هاوبە‌شی لە‌ باوکە‌وەی‌ گشت مرۆڤەکانی ئەمڕۆ دەناسرێت. ئەگەر زاناکان لە ساڵی پەیدابوونی ئەم دووانە بەتەواوی هاوڕاش نەبن، بەڵام هەرچۆنێکی بۆی بچین، جیاوازی سەرهەڵدانیان لە دەیان هەزار ساڵ کەمتر نییە. وا دابنێین لە یەک سەردەمدا ژیاون، دیسانەوە نابنە بەڵگە بۆ بیروڕا ئاینییەکان، چونکە زانست دەڵێت، ئەگەر ئەمانە لە دوو کەسەوەش هاتبن، ئەوە ناگەینێت تەنیا یەک ژن و یەک پیاو هەبووبن لەو سەردەمانەدا کە هەڵگری ئەم پێکهاتانە بن. ئەوەی جێی سەرنجە ئەم ژن و پیاوە دوو کەسی گریمانەکین و بوونێکی ڕاستەقینەیان نەبووە، هیچ ئێسکەپەیکەرێکیشیان نەدۆزراوەتەوە، بەڵام لەبەرئەوەی ناوەکانیان لە ئاینەکانەوە وەرگیراون، هەندێک لە ئاینداران هەوڵ دەدەن بیانگێڕنەوە بۆ یەک سەردەم، بۆ ئەوەی وەک بەڵگەیەک بەکاری بهێنن، بۆ سەلماندنی ڕاستییەتی بوونی ئادەم و حەوا!
دۆزەوە هاوچەرخەکانی سەبارەت بە شیکارە جینەکییەکان، بەڵگەی ئەوەمان پێ دەدەن کە هاتنی هەموو مرۆڤەکان لە دوو کەسەوە، پاشان زاوزێکردنی ڕاستەوخۆی نەوەکان لەگەڵ یەکدیدا، بە هیچ شێوەیەک ناچنە چوارچێوەی بنەما زانستییەکان. ئەو تۆژینەوانە ئەوە دەردەخەن، ئەگەر مرۆڤەکان گشتیان نەوەی دوو کەس بوونایە، ئەوا لەبەر نێزیکبوونی ژن و پیاو لەڕووی جینەکییەوە ڕێژەی شێوان، کەمبوونەوەی بەرگریی و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لە منداڵەکانیاندا هێندە زۆر دەبوو، بوونیان بە کۆمەڵەی جۆرێک لە زیندەوەران و بەردەوامبوونیان لە ژیاندا کارێکی مەحاڵ بێت. لێرەدا ئەگەر هاتنی مرۆڤ لە دوو کەسی خاوەن جینی جیاواز ئەستەم بێت، هاوکات حەوا لە بەشێکی لەشی ئادەم دروستکرابێ، ئەوا بێگومان بابەتەکە زیاتر ئاڵۆز دەکات، چونکە دروستبوونی حەوا ئەو دەمە دەبێتە لەبەرگرەوەیەکی تەواوی جینەکانی (جینۆم) ئادەم. لەبەر بوونی ئەو ڕێژە زۆرەی شێوانی کۆرپەکانیشە، لە مێژوودا نەریتی هاوسەرگیریی لە یەک خێزان بە کردارێکی چاک و شیاو دانەنراوە، قەدەغەکردنیشیان گەلێک بەتووندی لەلایەن زۆربەی ئاین و کۆمەڵگەکان هەر لەمەوە سەرچاوەی گرتووە!
هۆکاری سەرهەڵدانی ئەو کێشە و نەخۆشییانە لە نەوەکاندا، بەندە بە بابەتێک پێی دەگوترێت، جۆراوجۆری جینەکیی (Genetic diversity)، ئەوەی ئامرازێکە کە گرینگییەکی یەکجار زۆری هەیە بۆ پەیدابوون و مانەوەی زیندەوەران. هەر کاتێک ڕێژەیەکی زۆر لە پێکهاتە بۆماوەییە جیاوازەکان، واتە ئەلیلەکان (Allele) بوونیان هەبێ، کۆمەڵەی جۆرەکانی زیندەوەران پتر دەتوانن خۆیان بگونجێنن لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی ژینگە، کەمبوونەوەی ئەو جۆراوجۆرییەش وا لە گشت جۆرەکانی وردە زیندەوەران و ڕوەک و ئاژەلەکان دەکات، لە لایەک توانای سازانیان نەبێت، لە لایەکی دیکەشەوە تووشی گەلێک گرفتی مەزن بن لەوانەی پێشتر ئاماژەمان پێیان دا.
لە زیندەوەرزانیدا بنەمایەکی ناسراو هەیە دەڵێت، ئێمە هەرگیز ناتوانین نەک لە دوو زیندەوەر، بگرە لە ١٠ دانەش ژمارەی تاکی جۆرەکەی ئەو زیندەوەرانە زیاد بکرێت. ئەم بابەتە پێی دەگوترێت، باری ملەبوتڵی کۆمەڵەی جۆرەکان (Bottleneck of population)، بەوەی کەمبوونەوەی تاکەکان سنوورێکی دیارکراوی هەیە، هەتا ڕادەیەک کە مانەوەی چەند تاکێک، بۆ زۆربوونی ژمارەی ئەو جۆرە جارێکی دیکە زۆر سەخت و ئەستەم دەبێت. ئەمە کاتێک پەیدا دەبێ کە ژمارەی تاکەکانی جۆرە زیندەوەرێک هێندە کەم دەبێتەوە، دەرەنجام ئەم بڕە کەمە لە جۆراوجۆری جینەکیی، ئەو تاکانەی ماونەتەوە دووچاری مەترسییەکی گەورەیان بکات و بەرەو بنەبڕیی بچن. کاتێک جۆرە ئاژەڵێک دەگاتە لێواری بنەبڕبوون و هەوڵ دەدرێت لەسەر دەستی زاناکان، ژمارەی تاکەکانیان جارێکی دی پتر بکرێتەوە، دەبینین هەرچەندە زاناکان لە هەوڵەکانیاندا سەرکەوتووش بن، بەڵام لەبەرئەوەی ئەو جۆرە جیاجیاییە جینەکییەکەی لەدەست داوە، زێدە هەستیار دەبێ، بە بڵاوبوونەوەی هەر نەخۆشییەک، یاخۆ گۆڕانێکی ژینگەیی ئەگەر بچووکیش بێ، ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی بنەبڕبوونیان. بۆیەش ڕزگارکردنی ئەو ئاژەڵانەی لەژێر هەڕەشەی لەناوچوونن کارێکی یەکجار سەختە، هەتا ئەگەر ژمارەشیان تا ئاستێک پتر بکرێتەوە. نموونەش لەو پەرەسەندنە دەستکردانەی ئەو سەگانە بەدەردەکەوێت کە لە ئەوروپادا زۆر پەسند و جوانن، زاوزێ پێکردنی چەند دانەیەک بەبەردەوامی، وا دەکات دووچاری کۆمەڵێک کێشەی ترسناک ببنەوە، لە شێوەی نەخۆشییەکانی دڵ، گرفتی چاو و کوێربوون، بڵاوبوونەوەی چەندین جۆرە شێرپەنجە و ... هتد. ئەمانە لەژێر چاودێری مرۆڤدا تووشی ئەو گرفتە مەزنانە دەبنەوە، خۆ ئەگەر بابەتەکە لە جۆرێک ئاژەڵدا بێت لە سروشتدا، ئەوا هیچ گومانێک پەیدا نابێت لە لەناوچوونییان بەیەکجارەکیی. لە ڕوکەکانیشدا کەمبوونەوەی جۆراوجۆری جینەکی، زۆر جار بووەتە هۆی لەناوچوونی گەلێک جۆرە بەروبووم، بەمەش ببنە هەڕەشەیەکی ڕاستەخۆ لەسەر ئاسیشی خۆراکی جیهانیی.

-- بەلگەیەکی دیکە لەم بابەتەدا تۆژینەوەیەک بوو پزیشکی ناودار پیتەر ئەدامۆ (Peter D’Adamo) ئەنجامی دا، لەسەر ئەو پێوەندییانەی هەن لە نێوان گروپ، یان جۆرەکانی خوێن و هەندێک لە خۆراکەکانی مرۆڤ. ئەم پزیشکە وای بۆ دەچێت، خوێنی جۆری O لە گشت جۆرەکانی دی کۆنترە و بۆ سەردەمانێکی بەر لە ٥٠ هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە، ئەو مرۆڤانەی بۆ خۆراکیان پشتیان بە ڕاوە ئاژەڵ و بەر و گەڵای هەندێک ڕوەک دەبەست، هەڵگری ئەم جۆرە خوێنە بوون. بەڵام گروپی A لە ئاسیا بەدەر کەوت نێزیکەی ١٥ تا ٢٥ هەزار ساڵ لەمەوبەر، لەو مرۆڤانەی خەریکی کشتوکاڵ بوون، بەمەش بە ڕێژەیەکی یەکجار زۆر خۆراکیان بەروبوومی ڕوەکەکان بێت. خوێنی جۆری B لە نزیک چیای هیمالایا پەیدا بوو بەر لە ١٠ تا ١٥ هەزار ساڵێک، خۆراکی ئەمانە تێکەڵەیەک بوو لە گروپی O و A لەگەڵ بەرهەمە شیرەمەنییەکان. پاش هەموو ئەوانە گروپی AB سەری هەڵدا پێش نێزیکەی ٣ هەزار ساڵ، ئەمەیان گروپێکی زۆر ناوازەیە، دەرنجام و بەرهەمی دوو کەسی هەڵگری A و B بووە.
هاتنی ئەم یاسا و ڕێسایەی گروپەکانی خوێن "ABO" لە سەردەم و شوێنە جیاجیاکان و پێوەندییان بە شێوازی ژیان و چییەتی خۆراکیان، بواری هاتنیان لە دوو کەسەوە بەتەواوی ناهێڵێت. لەبەرئەوەی ئەگەر وا دابنێین مرۆڤەکانی هەڵگری جۆری خوێنی O کە کۆنترین جۆرە، نەوەی ئادەم و حەوان، بەرەو ئەوەمان دەبات بڵێین، جۆرەکانی دی نەوەی ئەو دووانە نین! چونکە ژنێکی خاوەن O و پیاوێکی O هەرگیز نەوەیەک نانێنەوە هەڵگری جۆرەکانی دیکە بێت (A,B,AB). لێرەدا لەوانەیە کەسێک بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە ببێژێت، ئەگەر ئادەم و حەوا خاوەنی A دووڕەگیی (هەجین) و B دوورەگیی بن، ئەوا دەشێت هەموو جۆرەکانییان لێ بێتە بەرهەم. بەڵام ئەو کەسە دەبێ بزانێت کە بەمە نەک هەر گرفتەکە چارەسەر نەبوو، بگرە ئالۆزتر بوو، ئەو دەمە دەبێ هەڵگرانی (A,B,O) بە هەزاران ساڵ پێش ئادەم و حەوا ژیابن! ئەمەش دژی بنچینەی باوەڕی ئایندارانە و دەبێتە دانپیانان بە بنەماکانی پەرەسەندن. چونکە هەڵگرانی A و B لە یەک کاتی دیارکراودا سەریان هەڵ نەداوە و سەربە گروپە سەرەتاییەکان نین. لێرەدا دەبێ ئەوە بڵێین کە ئێمە تەنیا لە چوار گروپە ئەرێنییەکان +Rh دواین، ئەگەر چوار جۆرە نەرینییەکانیش -Rh بهێنینە ناو ئەم باسە، ئەو کاتە بابەتەکە گەلێک سەختتر و تێک هەڵکێشتر دەبێت. پێویستە ئاماژە بەوە بدەین، دەرەنجامی ئەم تۆژینەوەیە لە بوونی پێوەندی لە نێوان گروپەکانی خوێن و جۆری خۆراک بەتەواوەیش یەکلایی نەبووبێتەوە، دیسانەوە هیچ لە بابەتی سەرهەڵدانیان لە سەردەمە جیاجیاکاندا ناگۆڕێت.

ئادەمی لە قوڕ دروستکراو و باڵا و تەمەنە دەرئاساکەی
 

-- سومەرییەکان لەمەشدا پێش هەموو شارستانییەکان دەکەون، لە بیرۆکەی دروستکردنی مرۆڤ لە خۆڵ و قوڕەوە، ئەوەی کەسەی کە سەرەتا لە بەهەشتێک دەژیا لەگەڵ ئاژەلەکاندا. ئەم ئەفسانەیە جگە لە لای سۆمەرییەکان کە خوا (ئینکی) مرۆڤی لە قوڕ دروست کردووە، لە کۆندا لە گەلێک شوێنی جیهان، خواوەندەکانی شارستانییەتەکانی دی هاوشێوەی ئەمیان کردووە وەک: برۆمیسیۆسی یۆنانییەکان، نووای چینییەکان، خەنوومی میسرییەکان، لە ئەفسانەکانی ئەنکا و لاوسییەکان، هەتا لە بیروڕا و داستانەکانی هیندییە ئەمریکاییەکانیشدا دەبیندرێت. 
بەر لەوەی بچینە سەر درێژیی و تەمەنی ئادەم، زۆر بەکورتیی ئاماژە بەوە دەدەین، ئادەم دروستبوونەکەشی لە خۆڵ و قوڕ و گڵ، هەروەک بابەتەکانی دی بە هیچ شێوەیەک لە زانستدا جێی نابێتەوە. چونکە سیلیکا (بەعەرەبی صلصال)، یان ئاوێتەی ئەلەمینیۆم سیلیکات (Aluminium silicate)، ڕێژەکەی لە گشت ماددە کیمیاییەکانی دیکە زیاترە لە خۆڵ و توێکڵی زەوی (٦٠٪)، کەچی پێکهاتەی لەشی مرۆڤ ئەم ئاوێتەیەی تێدا نییە!
ئەوەی شایەنی گوتنە، کاتێک پرسیار لەسەر بوونی جیاوازی لە مرۆڤەکاندا دەکرێت، بە نموونەی ڕەنگی پێستە و کورتیی و درێژیی باڵا و... هتد. وەڵامەکەی لەلای ئاینداران بەوە دەرێتەوە، گوایە خوا لە گەلێک شوێنی جیاجیا و لە چەندین خۆڵی جۆراوجۆر چەنگێکی هەڵبژاردووە تا مرۆڤی لێ دروست بکات، ئەمەش پاشان بووە هۆکاری بوونی ئەو جیاوازییانەی کە لە نێوان مرۆڤەکانی جیهاندا هەن! دەبێ چی پێوەندیەک هەبێت لە نێوان ڕەنگی پێستە، یان درێژیی باڵا لەگەڵ توخمە کیمیاییەکانی پێکهێنەری لەشی مرۆڤ، کامە زانستە لەم بوارە دەکۆڵێتەوە، تا بزاندرێت ئەم بیروڕایانە دەکرێ بە زانست دابندرێن؟

-- ئادەم بە درێژییەکی نێزیکەی ٣٠ مەتری، تا چی ئاستێک لەگەڵ یاسا و ڕێساکانی زانستدا یەک دەگرنەوە؟ هەرچەندە دەشزانین کە ئەم درێژییە و تەمەنەی ئادەم لە قورئاندا ڕاستەوخۆ ئاماژەی پێنەکراوە، بەڵام چۆن لێی بڕوانین دەبینین، لە گوتەکانی پەیامبەر و بیروڕای موسڵمانان بابەتێکی باو و ناسراوە، زۆریش داکۆکییان لێ دەکرێن.
درێژی ئادەم بە ٦٠ باڵ، یان ٢٨ مەتر، لە گەلێک ڕووی جیاجیای زانستیی وەک، هەڵکۆلدراوەکان و فیسیۆلۆژیی و ماتماتیکیی دژکاریی پەیدا دەکات.
مەزنترین ئەو ئاژەڵەی لە مێژووی زیندەوەراندا لەسەر زەویدا ژیاوە، جۆرێکە لە دایناسۆرە گیاخۆرەکانی ناسراو بە ساورۆپۆداکان (Sauropoda). ئەمانە کێشیان ١٠٠ تۆن دەبوو، درێژیان نێزیکەی ٣٥ مەتر و بەرزیشیان ١٤ مەتر بوو. کەواتە بەم زەبەلاحییەوەش نەدەگیشتنە نیوەی درێژیی باڵای ئادەم. ئەگەر سەرنج بدەینە سەرەتاکانی مێژووی پەیدابوونی مرۆڤ، بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە هیچ یەکێک لەو هەزاران هەڵکۆڵدراوانەی کە دۆزراونەتەوە، گەلێک کەمتریش لەم درێژییەی ئادەم پشتڕاست ناکەنەوە. ئەوە کۆمەڵە مرۆییانەی پێیان دەگوترێت هۆمۆ، ئەگەر لە مرۆڤی کارامەوە (Homo habilis) دەستپێ بکەین، درێژییان خۆی لە ١٣٥ سانتیمەتر دەدا، پاشان پێدابچینەوە بە‌ مرۆڤی دەریاچەی ڕودۆلف (Homo rudolfensis)، مرۆڤی باڵا ڕاست (Homo erectus)، مرۆڤی کارکەر (Homo ergaster)و گەلێکی دیکە، تا دەگاتە مرۆڤی هاوچەرخ (Homo sapiens)، دەبینین هیچ یەکێکیان ئەگەر کورتتر نەبن، ئەوا درێژتر نەبوونە لە مرۆڤی ئەم سەردەمەمان.
ئەگەر چاویش بپۆشین لە تۆمارگەی چینگەلەکانی زەوی و هەڵکۆڵدراوەکان، لەسەر بنچینەی چەند یاسایەکەوە لە لایەنی توێکاریی پێکهاتەکانی لەش پشکنینێک بکەین، دەتوانین وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینە: ئایە مرۆڤێک بەم باڵایە دەشێت بوونی هەبێت و لە ژیاندا بمێنێتەوە؟
یاسای چوارگۆشە و شەشپاڵوو: ئەمیان لەو پێوەندییە دەدوێت کە لەنێوان قەبارەی تەنێک و ڕووبەری ڕووەکانیدا هەیە، لە کاتیکدا لایەکانی بگۆڕدرێن. بەگوێرەی ئەم بنەمایە، درێژکردنی لایەکانی تەنێک وا دەکات، ڕێژەی قەبارەکەی پتر بێت لە ڕووبەرە گشتییەکەی. واتە ئەگەر شەشپاڵوویەک درێژیی لایەکەی ١ مەتر بێت، کۆی ڕووبەرەکەی کە دەکاتە ڕووبەری ٦ ڕووەکەی، یەکسان دەبێت بە ٦ م٢ (شەش مەتر دووجا) و قەبارەکەی دەبێتە ١ م٣، هەر دەمێکیش درێژی لایەکانی بوو بە ٢ مەتر، ئەوا کۆی ڕووبەرەکەی دەبێتە ٢٤ م٢ و قەبارەشی دەبێتە ٨ م٣ (٢X٢X٢)، کەواتە درێژکردنەوەی لایەکەی یەک هێندە، وا دەکات قەبارەکەی ٨ هێندە مەزنتر ببێت. بێگومان ئەمەش ئەو واتایەمان پێ دەبەخشێت کە گەورەبوونی قەبارەی هەر زیندەوەرێک، ڕاستەوخۆ بێهێزیی ماسوولکەکانی دەردەخات، لەبەرئەوەی ڕووبەری ڕووی ماسوولکەکان هاوشێوەی شەشپاڵوو بە دوو هێندەیی زیاد دەبن، کەچی بارستایی، یان قەبارە بە سێجایی گەورەتر دەبێت، دواجار وای لێدێت ماسوولکەکان (ئێسکەکانیش)، نەتوانن ئەو بارە یەکجار قورسە و زلییەی لەش هەڵ بگرن. چونکە پترکردنی درێژییەکی نێزیکەی ١٧٥ سانتیمەتری مرۆڤێکی ئاسایی ١٦ هێندە جار، کێشەکەی ٤٠٩٦ جاران زیاد دەکات، بەمەش کێشێکی ٧٥ کیلۆگرامی دەبێتە ٢٨٥ تۆن! کەچی ڕووبەری ڕووی ئێسکەکانی ٢٥٦ جاران پتر دەبێ، بۆیە هەرگیز ڕێی تێناچیت، ئێسکەکانی ئادەم بەرگەی قەبارەیەکی وا بگرن و وردوخاش نەبن. ئەم دیاردەیە زۆر ناسراوە لای ئەوانەی لە خەڵکانی ئاسایی زۆر درێژترن، وەک زەبەلاحی ناودار ڕۆبەرت وادلۆ، لەبەر درێژییەکەی کە ٢.٧ مەتر بوو (١٠ جاران کەمتر لە درێژیی ئادەم)، نەی دەتوانی بەئاسانیی و بەبێ یارمەیی دار و گۆچان هەنگاو بنێت.
ئەگەر وای دابنێین ئیسکەکانی ئادەم لە پۆڵاش بووبن، دیسانەوە لەبەر کێشە یەکجار مەزنەکەی لەشی، وای دەکرد ڕووبەرە بچووکەکەی ڕووی قاچەکانی، پەستانێکی لە ڕادەبەدەر بخەنە سەر ئەو خاکەی پێدا هاتوچۆی کردووە، بەمە جگە ڕۆیشتن لەسەر بەرد و چیاکان، هیچ خاکێک نادۆزرێتەوە کە پێیەکانی تێدا نەچەقن و گیر نەبن. پاش هەموو ئەوانەش هێزی بەکێشکردنی زەوی، دەبووە هۆکاری ئەوەی ئادەم ببێتە یەکێک لە خاوترین و لەسەرخۆترین بوونەوەرانی سەر ڕووی زەوی. لێرەدا خاڵێکی گرینگ هەیە نابێت لەبیری بکەین، لەوانەیە یەکێک بڵێت، ئەی خۆ نەهەنگی شین کە بەگەورەترین بوونەوەر دادەندرێت لە مێژووی زیندەوەراندا (درێژیی ٣٠ مه‌تر، ١٣٠ بۆ ١٤٠ تۆن)، چۆن دەتوانێت بژیت؟ وەڵامەکەی زۆر بەئاسانی ئەوەیە، نەهەنگ لەناو ئاودا دەژیت، گشت ئەو کێشانەی لێیان دواین، لەسەر نەهەنگ پێڕەو ناکرێن، چونکە ئاو لە هەموو لایەکەوە یارمەتیدەرە بۆ جووڵە و گشت کار و فەرمانێک.
لە لایەنی هۆشەکیی و زیندەکردارەکانیشەوە، ئەم درێژییە دەبووە هۆی خاوکردنێکی تەواوی چالاکییەکانی هۆش و خێرایی بیرکردنەوە، لەبەرئەوەی درێژبوونی ئادەم ١٦ جاران، پەیوەندی نییە بە خێراییە نەگۆڕەکەی گواستنەوەی نیشانە کارەباییەکانی کۆئەندامی هەستەکیی (١٢٠ م/ چرکە). کەواتە بەرکار و وەڵامدانەوەی هەستەکانی ئادەم بۆ ڕووداو و هاندەرە دەرەکییەکان، ١٦ هێندەی مرۆڤی ئاسایی خاوتر بووە، ئادەم ٤ چرکەی ویستووە بۆ وەڵامدانەوەی هەر فەرمان هاندەرێک، بیگومان ئەمەش کاریگەری هەیە لەسەر گشت چالاکییەکانی هۆش و ئاستی ژیریی و زیرەکیی.
ئەگەر لە بەکاربردنی خۆراک بدوێین، دەبینین زلبوونی زیندەوەران یەک جاران، پێویستیی بوونیان بە خۆراک سێجا دەکاتەوە. لەمەوەش دەبووایە ئادەم ٥١٢ هێندەی مرۆڤێکی ئاسایی خۆراک بخوات، ئەمە دەکاتە نێزیکەی ١.٣ تۆن لە ڕۆژێکدا! واتە ئادەم لەبەر خواردن و خواردنەوە هیچی دیکەی بۆ نەدەکرا. ئەو هەموو وزە بەکاربردن و خەریک بوونە، وای لێ دەکرد ڕێژەی پیتدارییەتیشی بۆ نەوەنانەوە یەکجار کەم ببێتەوە، هاوکات ماوەی ئاوسبوون و سکپریی مێینەش گەلێک درێژتر دەبوونەوە، ئەمانەش چەند بنەمایەکی ناسراون لە زیندەوەرزانیدا، لە ئاژەڵە زلەکانی وەک فیل و نەهەنگەکاندا بە دیار دەکەون. ئەگەر ئادەم و حەوا بەو شێوەیە بووبن، ئەی چۆن توانییان ئەو هەموو مرۆڤە بەبەرهەم بهێنن!؟
ئەوەی پێوەندی بەم بابەتەوە هەیە دەبینین، لەبارەی بنەبڕبوونی دایناسۆرە‌کان، جگە لەوانەی خۆپێدادانی تەنێکی ئاسمانی گەورە بە هۆکاری لەناوچوونیان دادەنێن، هەندێک لەو باوەڕەن کە ئە‌مانە‌ قە‌بارە‌یان زۆر گەورە‌ ببوو، بە‌مە‌ش بڕی خۆراکی پێویستییان چنگ نە‌دە‌کە‌وت، نە‌شیان دە‌توانی بە‌ئاسانی زاوزێ بکە‌ن. وێڕای ئەمانە، کەمی چالاکیی مێشکیان بە‌ بە‌راوردکردن لە‌گە‌ڵ زلی لە‌شیان، وای لێیان کرد توانێکی چاکیان نە‌بێت، بۆ گرتنە‌بە‌ری ڕێیەکی لەبار و گونجاو، بۆ دەربازبوون و بەرەوڕووبوونە‌وە‌ لە‌ بەرانبەر ڕووداو و دوژمنە‌ سروشتییە‌کانیاندا.
دواجار ئەو بەڵگانە بەرەو ئەوەمان دەبات ببێژین، ئەم جۆرە مرۆڤانە (هەتا ئەگەر مرۆڤیش نەبن)، بەم قەبارە و زلییە، لە هیچ کاتێک و شوێنێک ئەستەمە بوونیان هەبێت.

-- ئادەم تەمەنەکەشی وەک تەمەنی چەندان پەیامبەرانی دیکەی وەک نوح، گوایە نێزیکەی هەزار ساڵێک بووە، ناچێتە چوارچێوەی هیچ بنەماو یاسایەکی زانستیی.
لە زانستدا تەمەنی مرۆڤەکانی ڕابردوو زۆر بەوردیی دیار کراوە، ئەو تۆژینەوانەی لە بوارە جینەکییەکان ئەنجام دراون، وا لە زاناکان دەکەن هۆکارە بۆماوەییەکانی پیربوون و لەناوچوونی خانەکانی لەش، بەچاکی دەستنیشان بکەن. لێکۆڵینەوە و پشکنینەکان پێمان دەڵێن، بۆ نموونە لە چەرخی بەردینییەوە پێدا بچینەوە هەتا ئەمرۆکە، تەمەنی مرۆڤەکان بە بەرزبوونەوەیەکی لەسەرەخۆ لە نێوان ٢٠ – ٦٧ ساڵان بووە. ئەو زانایانە بەوە گەیشتوون، تەمەنی مرۆڤ لە مێژوویەکی هەرە کۆنینەوە لە هیچ کاتێک و شوێنێکدا لە پڕێکدا و بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو، نە کورتبوونەوە، نە درێژبوونەوەیەکی زۆری بەخۆوە بینیووە. درێژبوونی تەمەن کاریگەرییەکی دوولایەنەی هەبوو، لە لایەنی نەرێیی تەمەنی درێژ، وای لە مرۆڤ کرد لە بە ساڵاچوونیدا، تووشی گەلێک نەخۆشی جۆراوجۆر ببێتەوە کە پێشتر نەیان بووە، لە لایەنی ئەرێییەوەش مرۆڤ توانی نەوەی پتر بنێتەوە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی پتەوتر بکات، هەروەها بکارێت کۆمەڵگەیەکی فرەوانتر پێکەوە بنێت و دواجار ببێتە هۆکاری دامەزراندنی شارستانییەتە مەزنەکان.
لەم چەند ساڵانەی دواییدا بەهۆی پێشکەوتنی زانست، مرۆڤ توانیویەتی تەمەنی درێژتر بکاتەوە، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەش، زۆر کەمن ئەوانەی بکارن بگەنە تەمەنی سەد ساڵیی. ئەمە بەڵگەیەکی ئاشکرایە، ئەگەر تەندروستی پێشینانمان لەوەی ئێمە باشتر بووایە، ئەو زێدەییەی ژمارەی دانیشتووان گەلێک لەمێژ بوو بەرزتر دەبووەوە، بەڵام هەموومان دەزانین ئەم زۆربوونە مەزن و خێرایە، هی ماوەیەکی کەمی پێش ئەمڕۆکەیە، هۆکارەکانیشی چاودێریی پزیشکیی، چاکبوونی بواری پیشەسازی و بەبەرهەمهێنانی بەروبوومی خۆراکی چاک و سوودبەخشەکانە.
لە زیندەوەرزانی و زانستی پەرەسەندندا هاتووە، هەندێک تایبەتمەندی هەن تەنیا بۆ ئەو کات و ماوەیە پێویستن کە بۆ مانەوەی جۆر گرینگن، نەک بۆ مانەوەی تاک، چونکە سوودی تاکی هەر زیندەوەرێک تا ئەو کاتەیە زاوزێ دەکات. بەو واتایەی ئەگەر پاش نەوەنانەوە ئەو زیندەوەرە بمرێت، زیانێکی وای بۆ جۆرەکەی نابێت، لەبەر ئەوەی جۆرەکەی هەر دەمێنێت و بەردەوام دەبێت لە ژیاندا، بۆیەش دەبینین لە پەرەسەندندا هیچ شتێک نییە، وا لە بوونەوەرێکی زیندوو بکات تەمەنەکەی یەکجار درێژ بێت. درێژی تەمەن و نانەوەی نەوەی زۆر، گەلێک کێشەی مەزنی لەدواوەیە و لە سروشتدا کارێکی سادە و ئاسان نییە، لەبەر بوونی ململانێی بەردەوام و سنووردارییەتی خۆراک و ژینگەی لەبار.
بۆ نموونە، ئەگەر تەنیا مێیەی یەک فیل کە نێزیکەی ١٠٠ساڵێک دەژی ٦ بێچوو بهێنێت لە ژیانیدا، وا دابنێین ئەمانەش هیچیان لەناو نەچن و هەریەکەیان دیسانەوە ٦ بێچوو بهێنن، داروین خۆی شیکاری کردووە بە نێزیکەی ٧٥٠ ساڵ ژمارەیەیان دەبێتە ١٩ ملیۆن. ئەی کاتێک تەمەنی فیلەکان ٢ هێندە بکەینەوە، دەبێ چی ڕوو بدات؟ ئینجا با سەیری هەندێ ماسی و مەگز بکەین، ئەوانەی بە سەدان ملیۆن هێلکە و گەرا دادەنێن، ئەگەر تەمەنیان چەند جار درێژتر بکرێنەوە، بێگومان پاش ماوەیەکی کەم وای لێدێت، جێیان نەبێتەوە لەسەر گۆی زەوی.
سەبارەت بە گشت ئەو خاڵانە پرسیارێکی زانستی دێتە ئاراوە کە نەکارین خۆمانی لێ لابدەین ئەویش: ئەگەر ئادەم و حەوا بوونێکی ڕاستەقینەیان هەبووە، لەبەرچی باڵا و تەمەن، نیشانە و تایبەتمەندییە سەیروسەمەرەکانیان لە ڕێی پێکهاتە بۆماوەییەکانەوە بۆ مرۆڤەکانی دوای خۆیان و ئێمە نەگواستراونەتەوە؟

پەیدابوونی مرۆڤ لە ڕوانگەیەکی زانستییەوە
لە پەرەسەندندا ئەستەمە دایکێک و باوکێک هەبێ بۆ گشت مرۆڤەکان، ئەوانەی بە گوێرەی زانست، لە مێژووی پەیدابوونی مرۆڤەوە تا ئەمڕۆکە، ژمارەیان نێزیکەی ١٠٠ ملیار دەبێ کە لەسەر زەویدا ژیاون. مرۆڤ پاش جیابوونەوەی لە پێشینە کۆنەکانی لەگەڵ مەیموونە باڵاکان و پەرسەندنیان، بوونە چەندین کۆمەڵە مرۆڤی سەرەتایی جۆراوجۆر. لەبەرئەوەی پەرەسەندن پڕۆسەیەکە لە لای ئاژەڵە مەزنەکاندا گەلێک لەسەرەخۆیە و پێویستی بە ملیۆنان ساڵە، گۆڕان و جیاوازیی لە نێوان نەوەکاندا هێندە کەمن، بۆیە بوونەوەرێک، یاخۆ پیاوێک لەو زنجیرەیەی پەرەسەندن و کۆمەڵە جیاجیایانە، بە هیچ شێوەیەک نادۆزرێتەوە. پەیدابوونی مرۆڤ هەرگیز بەو شێوەیە نەبووە لە پرێکدا و ڕاستەخۆ ماسی بووبێتە مرۆڤ، بگرە لەنێوان ئەو دووانەدا بە ملیۆنان ساڵ و بەهەزاران جۆر لە زیندەوەران هەن بە بنەبڕبووەکان و ئەوانەی ئەمڕۆکە. دیارکردنی کەسێک هاوشێوەی ئەوەیە لە پیاوێک بپرسیت، کەی بووی بە خاوەن سمێڵ؟ یانیش بە ژنێک بڵێیت، چی کاتێک بوویتە خاوەنی مەمکەکانت؟ ئەمانە ئەو پرسیارانەن کە ناتواندرێت وەڵام بدرێنەوە، هۆیەکەی ئەوەیە کە دەستنیشان کردنی ڕۆژێک یان کاتێک بەتەواوەتی ئەستەمە، هەرچەندە ئەم گەشەکردنانە لەچاو پەرەسەندن، ماوەیەکی یەکجار کورتیشیان پێچووە. پەرەسەندن لە جۆردا ڕوو دەدات، بۆیە هەر کاتێک لە پەیدابوونی زیندەوەرانی نوێ دەدوێین، مەبەستمان هەمیشە جۆری زیندەوەرانە، داروینیش کتێبە بەناوبانگەکەی ناونابوو بە بنەچەی جۆرەکان (The Origin Of Species)، نەک تاکەکان. ئەو دەمەی ناوی یەکەمین بڕبڕەدار، شیردەر، یان مرۆڤ دێنین، گەرەکمان ئاماژەکردنە بە جۆرەکانیان، چونکە لە پەرەسەندندا شتێک نییە، پێی بگوترێ یەکەمین ماسی، یەکەمین مشک، یاخۆ یەکەمین شێر کە باوکی هەموو شێرەکان بێت. ژیان هەر لە یەکەمین ساتی پەیدابوونی بوونەوەری زیندووەوە هەتا ئەم چرکەساتە، وەک شانەیەکە لەو زیندەوەرانەی بەرەبەرە و پلە بەپلە پەرە دەسێنن.
زانست دەڵێت پاش پەیدابوونی خانە، میکانیزمەکانی پەرەسەندن کەوتنە کار و لەسەرەخۆ جۆرێک لە یەکێکی دیکە پەیدا بووە، ئەمە هەموو جۆرەکان بە مرۆڤیشەوە دەگرێتەوە. کەواتە هەرچۆنێک بە هۆکار و میکانیزمەکانی پەرسەندندا بچینەوە و ڕێکیان بخەین، ناگونجێن لەگەڵ بیروبڕوا ئاینییەکان، لەبەرئەوەی پەرەسەندن هەردەم لە پلەپلەیی گۆڕانی جۆرێک بۆ یەکێکی نوێ دەدوێت، ئەمەش بێگومان لەگەڵ ئافڕاندن و دروستکردنی ڕاستەوخۆ یەک ناگرێتەوە.
پە‌رە‌سە‌ندن (Evolution) لە‌ زیندە‌وە‌رزانیدا بە پێناسەیەکی کورت بریتییە لە: گۆڕانێک لە ئاستی جینەکی کۆمەڵەی جۆرێکی دیارکراو کە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی کۆمەڵە نیشانە و تایبەتمەندییەکی نوێ، پاشان لەڕێی یەکە بۆماوەیییەکانەوە نەوە لە دوای نەوە دەگوێزرێنەوە، دەرەنجام بە ‌بە‌ردە‌وامبوون و کە‌ڵە‌کە‌بوونیان بە‌ ماوە‌یە‌کی دوورودرێژ،‌‌ جۆرێک چێ دە‌بێت کە لە‌ جۆرە‌کە‌ی پێشووی جیاواز بێت. ئەمە ئەو واتایە دەگەیێنێت، هە‌موو جۆرێکی نوێ لە‌ جۆرێکی پێش خۆی هاتووەتە‌ کایە‌وە، هە‌ر جۆرێکیان پێشینە‌یەکی هە‌یە جیاوازە‌ لە‌گە‌ڵ جۆرەکانی دی، ‌پێشینە‌ی هاوبە‌شی جۆرێک لە‌گە‌ڵ جۆرێکی نێزیک خۆی، لە‌ ماوە‌ و ڕابردووێکی دوورتردا ‌هە‌بووە. مەبەست ئەوەیە هەتا جۆرە‌کان لە یەکدی دوور بن (لە ڕووی جینەکییەوە)، پێشینە‌ی ها‌وبە‌شیان بۆ سەردەمێکی کۆنتر دەگەڕێتەوە، بەمەش دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە تێکڕای زیندە‌وە‌ران لە یەک پێشینە‌ی گشتیدا هاوبە‌شن‌.
ئاکامەکانی گەلێک تۆژینەوە ئەوە دەردەخەن، کۆمەڵە مرۆیییەکان لە‌گە‌ڵ مە‌یموونە باڵاکانی ئە‌فریکا خاوەن پێشینە‌یە‌کی هاوبە‌شن، جێماو و هە‌ڵکۆڵدراوە تایبە‌تییەکانی مرۆڤی کۆنیش، وایان کردووە بەڵگەی پەرەسەندن و گۆڕانی پلە‌پلە‌یی ئەو پێشینانە بەرەو مرۆڤ لە زۆربە‌ی لایە‌نە‌کانیدا جێگر و چەسپاو بێت. نیوچە‌مرۆیییەکان و مەیموونە باڵاکان نێزیکەی ٨ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر لە پێشینەکانیانەوە پە‌رەیان سە‌ندووە، ئێستە بە پێشینەی ئەو مە‌یموونە باڵایانە و مرۆڤ پێکەوە دەگوترێ، سە‌رەکییە‌کان (Primates). بەر لە نێزیکەی ٦ ملیۆن ساڵ، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و وشکبوونەوەی ژمارەیەکی زۆر لە چڕە دارستانەکانی ئەفریکا، هەندێک لە پێشینەی سەربە کۆمەڵەی مرۆییەکان(Homininae) ، ئەوانەی مرۆڤ و گۆریلا و شیمپانزی لێوە هاتوون، هەستیان بە هەڕەشەی بەبیابانبوون کرد. بەرەنجامی ئەمە و چەندان هۆکاری دیکە، یەکەمین ڕەگەزی نوێ لە کۆمەڵەی جۆری مرۆیییەکان (Homo) سەری هەڵدا. ئەو گۆڕانکارییانەی ژینگە کە دووچاری کۆمەڵەکانی مرۆڤ دەبوون، لە جێیە جیاجیاکانی ئەفریکا، پاشانیش لە دەڤەڕەکانی جیهاندا وەک یەک نەبوون، بگرە جیاواز بوون بە جیاوازی ناوچەکانیان، هەر بۆیە پەرەسەندنیان هاوشێوە نەبووە، ئەمەش وای کردووە چەندان کۆمەڵەی مرۆیی جۆراوجۆر، لە گەلێک شوێنی جیهاندا سەرهەڵ بدات.
بە‌ڵگە‌کان‌ لە ‌سە‌ردە‌می دارویندا، تە‌نیا شێوە و ئە‌و لێکچوونانە‌ بوون بە‌چاو دە‌بینران، وەک بوونی هاوشێوەیی لە ئەندامەکانی لەشی ئاژەڵان و بوونی باڵ لای باڵندە‌ (گە‌رچی هەندێکیان توانی فڕینیان نییە)‌. ئێستە ئەمانە بۆ ئێمە بەس نین، چونکە زۆربەمان دەزانین کە بینین بە‌تە‌نیا، هە‌رگیز نابێتە‌ بە‌ڵگە‌ بۆ سە‌لماندنی هیچ جۆرە‌ تیۆرێکی زانستی. ئە‌مڕۆ زاناکان لەڕێی زانستە جیاجیاکانەوە، بەتایبەتیش‌ لە بۆماوە‌زانی و ترشەناوەکییەکانەوە، چەندان بە‌ڵگە‌ی بەهێز و پتە‌ویان بەدەست کەوتووە وەک: هەڵکۆڵدراوەکان، پۆلێنسازی و پێشینە هاوبەشەکان، توێکارە بەراوردکارییەکان، شوێنەواری چەند پێکهاتەیەک لە لەشی زیندەوەراندا، دابەشینی جوگرافیایی، بوونی هاوشێوەیی لە پێکهاتەی ناوکی و زیندەکردارەکاندا، ئاوەلەمەی ئاژەڵەکان. بوونەوەرە زیندووەکان وێڕای بوونی هاویەکی لە پێکهاتەیاندا، لە کردارە زیندەکییەکانیشدا چوونیەکن، بۆیە دەبینین لێکچوونێکی پڕاوپڕ لە کۆئەندامەکانی جووڵەکی، هەرسکردن، سوڕی خوێن، هەناسەدان، دەمارەکی، زاوزێکردن و چەندان لایەنی دیکەیاندا هەیە. هەروەها زیندەوەران لە پێکهاتە کیمیایییەکانی خانە، فرمانەکانی وەبەرهێنان، بەکاربردنی وزە و هەنگاوەکانی دابەشبوونی خانەدا هاوشێوەن، ئەم دابەشبوونانەش کە لەڕێی یەکە بۆماوەیییەکانەوە (دنا) ڕوو دەدەن، لە گشت زیندەوەرەکاندا وەک یەکن.
زۆربەی زاناکان دەڵێن، ئەگەر ئێمە گشت بەڵگەکانی پەرسەندنیش بەلاوە بنێین، پێکهاتە بۆماوەییەکان لە بۆماوەزانییدا بەسن، بۆ سەلماندنی ڕاستییەتی پەرەسەندن. بۆیەش تۆژەری ناوداری ئەم چەرخە، جێیمس واتسن، داروین بە یەکێک لە مەزنترین ئەو زانایانە دادەنێت کە مێژووی مرۆڤایەتی بەخۆیەوە بینیووە. ئەم زانایە و هاوەڵەکەی، فڕانسیس کریک، لە ساڵی ١٩٥٣ ترشی ناوەکییان (دنا) دۆزییەوە، لە ئاکامی ئەمەشدا خەڵاتی (نۆبڵ)یان پێ بەخشرا. ئەم دوو زانایە پاش ئەنجامدانی چەندان تۆژینەوە، گەیشتنە ئەو ڕایەی کە پێکهاتە بۆماوەیییەکان بەڵگەی پتەوی بوونی پەرەسەندنن.
لە کۆتاییدا بۆ ڕاستبوونی تیۆری پەرەسەندن، گوتەی مەزنترین ڕێکخراوەی زانستیی دەکەینە بەڵگەیەکی ڕوون و یەکلاییکەرەوە. کۆمەڵەی زانایانی ئەمریکا بۆ پێشکەوتنی زانستەکان (AAAS)، بە کۆنترین و گرینگترین ڕێکخراوەی زانستیی دادەنرێت لە سەرتاسەری جیهان، ٢٧٥ دامەزراوەی زانستیی وڵاتانی جیهان لەخۆ دەگرێت، زانا و لێتۆژە زانستییەکانی کە تێدا ئەندامن، ژمارەیان خۆی لە یەک ملیۆن دەدات، گۆڤاری ناسراوی (Science) بڵاو دەکاتەوە کە بەناوبانگترین و متمانەدارترین گۆڤاری زانستییە لە جیهاندا.
ئەمەیان دەربارەی تیۆری پەرەسەندن دەڵێت: پەرەسەندن یەکێکە لە بایەخدارترین و بەهێزترین بنەما کە لە زانستی هاوچەرخدا چەسپاوە، بە بنچینەی زۆربەی تۆژینەوەکان دادەندرێت، بۆیەش بووەتە ئامرازێکی سەرەکیی بۆ گەلێک لە خوێندنە زانستییەکان. هیچ کێشە و مشتومڕییەک لەسەر تیۆری پەرەسەندن نەماوە لە نێوەندە زانستییەکاندا، ئەو گرفتانەشی کە هەن ئەکادیمیی نین و لە دەرەوەی کۆمەڵگە زانستییەکانن، چونکە زاناکان هاوڕان لە ڕاستییەتی بوونی پەرەسەندن.
------------------
ئەمەی سەرەوە بەشێکە لە بابەتێک بەناوی (زانست و چەند پرسێکی ئاینیی)
دارا سلێمان
سەرچاوەکان:





(دەنگدراوە: 5 . زۆرباشە: 3/5)