چۆلەکە نەوتینە

Thursday, 22/08/2019, 8:48

5139 بینراوە


کاتێ بارانبارینێکی زۆر و بەلیزمە دائەبارێتە سەر زەوی، باڵنەدەکان هەر زوو فریای خۆیان ئەکەون وهەریەكە و پەناو پاساریك ئەگرێ تا بارانەکە خۆش ئەکاتەوە. هەندێ جار ڕێئەکەوێ ؛ چۆلەکەیەك لەوانی تر دائەبڕێ و جێگەیەك بۆ ئەو نامێنێ خۆی تیا مەڵاس بدا تا تاوەکە ئەوەستێ،بۆیە ئەکەوێتە بەر شاڵاوی ئەو تاوە زۆرە و پەڕو باڵی وەك ئەوەی لە سەتەڵێ ئاوت هەڵکێشابێ،ئاوا ئاوی لێ ئەچۆڕێ و پەل و پۆی لەفڕین ئەکەوێ.بۆیە لەو کاتانەدا توانای فڕینیان کەم ئەبێتەوە و لەشوێنی خۆیان ناتوانن بەئاسانی بجوڵێن.
ئەوانەی ئەمڕۆ لەباشوور خۆیان سەپاندوە و بە زەبری کلی داگیرکەران میلەتیان چەوساندۆتەوە و تاکی کوردیان هاڕڕاندوە، لە خیانەت و جاشێتیدا هیچ شوێنکیان نەماوە گەردی پاکی پێوە مابێ. جگە لە دوو بنەماڵەکەی تاڵەبانی و بارزانی،،،،زۆربەی زۆری ئەوانەی لەخوار ئەوانەوەن، کەم تا زۆر بۆڕ بۆڕیانە تا زیاتر خیانەت بکەن و ببنە گوێ مستی دوژمن و داگیرکەران. دەسەڵاتی داسەپیوی باشوور لەم پەڕی چەپ و ڕاستیەوە تا ئەگاتە ئیسلامی و نا ئیسلامیانەوە گەڕی خیانەتیانە و خەون بەوە ئەبینین کە هەرزوو ببنە جاشی ئەم داگیرکەر و ئەو دوژمن. ژمارەی ئیتلاعات و میتی تورکی تەنها وابەستەی مەسعود و جەلال و بنەماڵەکانیان نیە و بەس، بەڵکە نەوەکانیان و ئەوانەی لەگەڵیاندان هەنگاوی گەلێ خێرا ئەنێن تا دەستی دوژمنان و داگیرکەران ڕاموسێن و پەلیان بگرن و چاو ساغیان بۆ بکەن.
ئەمانە بۆنی نەوت و دۆلار تا سەرکونی لووتیان هاتوەو بەهەر کلۆجێك بێ خۆیان ئەگەیننە مەکۆی دۆژمنان و داگیراکەرانی نیشتمان. هیچ نەماوە سڵی لێبکەنەوە و شتێك نەماوە بەناوی شەرم و ڕۆمەتەوە. سەردەمێکیان دروست کردوە جاش و خۆفرۆش و خاین بۆتە مۆدێل و نایەڵن کەسی تر بیر لەو کارە بکاتەوە جگە لەخۆیان و نەوەکانیان،،سەد حەیف و مەخابن، ئەم مۆدێلە لامان بۆتە کلتوور و ڕۆژانە دەستیان ئەگووشین و سێڵفیان لەگەڵ ئەگرین. ئەوان بە تۆپەڵێك خیانەتەوە باسی کوردایەتی ئەکەن و چەپلەلێدەریان هەر ماوە.
دەسەڵاتی باشوور نمونەی دەسەڵاتی دز،چەتە،خۆفرۆش و دەست پانکەرەوە لەدوژمن و داگیرکەرانی کوردستان کەش وژینگەیەکی نامۆیان بۆ ڕۆڵەکانی نیشتمان دروست کردوە کە ڕەنگە بەعس گەر بێتەوە وانە لەمانەوە فێربیتەوە. ڕۆڵەی نیشتمان جگە لەڕزگاربوون لەم جۆرە ڤایرۆسە هیچ چارەسەرێکی تریان نیە و پێوستە دەستە وەستان نەوەستن و چیتر چارەنووسی خۆیان نەدەنە دەست نادیار،،، دوور کەوتنەوە لەکێشە بنەڕەتی و داهاتوەکانیان ئامانجی ئەم دەسەڵاتەیە و ئەبێ هۆشیار بن. خۆ ڕێكخستن، هەنگاونان بەرەو بیرکردنەوەیەك لەگەڵ بیرکردنەوەی سەردەم بگونجێ و ئامانجی بۆ داهاتوویەکی باش پێبێ،ئەرکە ، نەوەك پێوستی.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە