چەند سەرنجێک لە سەربیرەوەریەکانی د. فایق گوڵپی

Sunday, 25/08/2019, 19:22

6669 بینراوە


(کە لێڕەوە سەیری ژیانی خۆم ئەکەم) ناوی کتێبێکی بەریز گوڵپیە کە وەک بیرەوەریەکانی ژیانی خۆی کەوتۆتە بەردەستی خوێنەری کورد.گومانم لەوەدانییە بەرێزیان کەسایەتیەکی دڵسۆز وخۆشناوی باشوری کوردستانە کە لەوەتی خۆی ناسیوە ویستوویە خزمەت بە کورد و خاکی پیرۆزی کوردستان بکا. واوێدەچێ کە لەماوەی تەمەنیدا وێنەی هەزاران تاکی کورد لە ژیانیدا چەرمەسەریەکی زۆری دیوە.هیوادارم تەمەنی دریژ بێ وبەئاواتەکانی بگا.
لەو کتێبەدا چەند خاڵیک سرنجی منی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە کە بەکورتی ئاماژەی پێدەدەم.دەبێ بڵێم سرنج و رەخنەکانی هیچ لە تەمەنیی پڕ لە تێکۆشانی ئەو بەرێزە کەم ناکاتەوە. چوون ئەوەی کە ئەو کردوویە بە من نەکراوە.

پزیشک و پێشمەرگە
بەریز فایق لەو کتێبەدا زۆر جارخۆی وەک پزیشکێکی پێشمەرگە بە خوێنەر دەداتە ناسین.هەروەها شآنازیی بە پێشمەرگایەتی خۆی دەکا. ئەوەش مافی خۆیەتی. بەڵام پزیشک بون وراپەراندنی ئەرکی پزیشکیی زۆر جیاوازە لە پێشمەرگایەتی و ڕاپەرآندنی ئەرکی کەسێکی پێشمەرگە. پزیشکێک دەتوانێ پێشمەرگەیەک کە لە شەڕدا بریندار بووە لە مردن رزگار بکا، بەڵام پێشمەرگەیە ناتوانێ وەک پزیشک، پزیشکێکی بریندارلە شەڕدا لە مردن رزگار بکا، چون کارەکانیان زۆر جیاوازە. دووپات کردنەوەی دەستەواژەی پێشمەرگە بۆ خۆی ، لە لایان بەرێزیان بۆ من جێگای سرنج و رەخنەیە.

چەکداری حیزبیی
بە باوەڕی من لە باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان رێکاریی پێشمەرگایەتی وەرگەراوەتە چەکداریی حیزبی و بنەماڵەیی. پێشمەرگە دەبێ دژی شەڕی ناوخۆیی بێ ، پێشمەرگە دەبێ لە ژیانی خۆی و بەرپرسانی حیزبیی بکۆلێتەوە و بڵێ: بۆ ئەوان وەک شا دەژین و پێشمەرگەیش دەبێ فەقیرانە بژی!
بەرێز گوڵپی، برایەکی لە سەر شەڕی نێوان چەکدارەکانی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی لە دەست داوە، ئەو چەکدارەی کە گیانی براکەی هەستاندوە، چەکداری جەلال تاڵەبانی بووە. من نازانم بە پێی کام پڕنسیبی ئەخلاقی و سیاسیی بەرێز گوڵپی رێک بۆتە پزیشک یان ئەوەی بۆ خۆی دەیڵێ پێشمەرگەی لایەنێک کە براکەی فیدای هەواهەوسی سەرکردەکانی ئەو دووبنەماڵەیە بووە! بەڕاستی بۆمن جێگای سەرسوڕمانە!

ئەو دوکتور فایقە
جەلال تاڵەبانی هیچکات بە زمانی کەسایەتیەکی ئاکادیما و سیاسەتمەدار نەئاخفیوە. داییم وێنەی کەسێکی شارلاتان دەگەڵ بەرانبەرەکەی هەڵسوکەوتی کردەوە و ئاخفیوە. لە پەڕتووکی: کە لێڕەوە سەیری... لە لاپەرەی ٣٥٦ دا بەرێز فایق ئاوای نووسیوە:
لە سەر رووداوەکەی سورداش، ماوەی سێ ساڵ لە مام جەلال دور کەوتبوومەوە. کاتی خۆشی وتبوی ئەبێ ئەو دوکتور فایقە ١٠٠ کیلۆمیتر لە منەوە دوور پێت! بەڵام من گرینگیم بەوە نەدا، وامدەزانی مام جەلالیش لە بیری چۆتەوە! کاتێک دوای سێ ساڵ گەیشتینە ماڵی مامجەلال، بە ساردی پێشووازیی لێ کردم، هەستم کرد رقی خۆ پێشاندانەکەی سوورداشی لە دڵدا ماوە! لە دڵی خۆمدا وتم: دەبوا نەهاتمایە! بم گوتبا نەخۆشم.
من لە بەرێز فایق دەپرسم، حیزبێک کە بەرپرسیی یەکەمی بەو شیوەیە دوای سێ ساڵ ئاوا رەفتار دەگەڵ دوکتورێک یان پزیشکێکی پێشمەرگە بکا، کوا ئەو پزیشکە یان پێشمەرگەی پزیشک جێگای شانازیە کە لە کتێبەکەتدا پەیتا پەیتا ئەو دەستەواژانە دووپات دەکەیەوە؟ من باش دەزانم بەڕێزتان دەتوانی وەک تەواوی پزیشکەکانی دیکەی کورد خاوەنی ژیانێکی خۆش و خەریکی پارە کۆکردنەوە بن، بەڵام حەیف و مخابن ئەوەیە ئەو رێکخراوەی کە تۆ رووت تێكردبوو تا خزمەت بە گەلەکەت بکەی، ئەوە نەبووە کە خاوەنیی ئیرادەیەکی سیاسیی و نیشتمانی بووبێ، ئەوە نییە ٢٨ ساڵە چی نەماوە بە سەر خەڵكی هەژاریدا نەهێنن.!

خاڵێکی رەش لە خەباتی بەرێز فایق گوڵپی
ئەگەر دەڵێم پزیشک و پێشمەرگە دوو بابەتی جیاوازن خراپم نەگووتوە. هیچکات پێشمەرگەیەک ناتوانێ سوێندی پزیشکی بخوا، پزشکێکیش ئەرکی پێشمەرگایەتیی ناتوانێ بەڕێوە بەرێ. دەکرێ دوکتورێک ڕۆڵی چەکداریش وەئەستۆ بگرێ بەڵام زۆر بڕیاری سەربازیی و پێشمەرگایەتی هەیە کە پزیشکێک مافی نییە بڕێاریی لە سەربدا.
لە لاپەريی ٣٠٤ پاڕاگڕآفی کۆتایی بابەتێکم لە کتێىەکەی بەرێز گوڵپی خوێندەوە، خۆزگە هیچکات چاوم بەو بابەتە نەدەکەوت.! لە راستیدا پێی دڵگران بوم، لە خۆم دەپرسی دوکتورێکی دڵسۆزیی کورد بڕێاری بەو شیوەیە دەدا؟ دەبێ کوڕە زەحمەت کێشیکی کورد ئاوا دڵرەق بێ؟ هەرکەس بە پیلانی دوژمن بخوازێ خەیانەت بە نەتەوەکەی بکا بێ گومان دەبێ سزا بدرێ. سزادانیش لە هەموو بار و دۆخێکدا دەبێ بە پێی یاسا و رێسای ئەو بارودۆخە بێ. فایقی کوڕە رەنجدەرو بڕێاری بەو جۆرە؟

دەقی رووداوەکە وەک خۆی
لاپەڕەی ٣٠٤:

... ڕۆژێک دوای لێکۆڵینەوە، بەرپرسانی مەڵبەند هاتنە گوندی سێوسێنان، بڕیار درا هەر ئەو ڕۆژە تاوانبارەکان بکوژین من پێشنیارم کرد لەو شوێنە بکوژرێن کە مانگێک لەوەی پێش دوو سارۆخی ئاڕاستە کراویان بە گوندی سێوەسێنان و نەخۆشخانەوە نابوو، بەرپرسەکان بە / پێشنیارەکەم / رازی بوون، هەردوو تاوانبار کە برانە شوێنی تەقاندنەوەی سارۆخەکان، بە چەکی / کەی، بی، سی / ڕەمی کران وکۆتایی بە ژیانیان هات!
بێ گومان نابێ خاکی کوردستان بکرێتە کۆڵگەی سیخۆر و بەکرێگیراوی کورد. لێرەدا کەسایەتیی پزیشکێک نەدەبوایە ڕێگای بدایە کە پێ لە سەر سوێندی پزیشکیی بنێ. ئەو کارە کاری کەسانی بەرپرس و چەک بەدەستی ئەو رێکخراوەیە کە خەباتی بۆ دەکەن. پزیشکێک ناتوانێ بە بیانووی ئەوەی کە هەم دوکتورە و هەمیش پێشمەرگە بەو جۆرە هەڵسوکەوت بکا. من حورمەتم بۆ بەرێز فایق هەیە وخۆشم دەوێ، بەڵام خۆزگە هیچکات ئەو کتێبەیەمم نەخوێندبایەوە. کتێىەکەی سەرجەم خاڵی گرینگیی ئەرێنی تیدایە، بەڵام ئەو کردەوەی بەرێزیان خاڵێکی ڕەشە لە ژیانیی تێکۆشانی چەند ساڵەی خۆی.
ئێستێ بەرێزیان لە رابوردووی خۆی پەشیمانە و بە جۆرێکی دیکە رێگای خەبات و رزگاریی گرتۆتە پێش. ئەوەش مافی خۆیەتی چون هەر مرۆڤێک لە ژیانیدا وەرچەرخانی فکری و سیاسی وکۆمەڵایەتی بە سەر دێ. من لە خاڵە لاوازەکانی دیکەی کتیىەکەی نادوێم، هەر چەند بۆ خۆشی ناڕاستەو خۆ ئاماژەی بە کەموکورتیەکانی سەردەمی شاخ کردوە. بەڵام لە کۆتاییدا ئەوەندە دەڵێم: خۆی لە زۆر بابەت لاداوە وباسی نەکردوە. دەکرا لەوە زیاترو بەڕاشکاوی باسی رابوردووی ئەو دوو بنەماڵەیە کردبایە کە ٢٨ ساڵە رووی سەددامیان سپی کردۆتەوە. هیوادارم لە داهاتوودا دەست داتە پێنووس و لە خەسار ناسیی دیرۆکمان بۆ منداڵانی داهاتوومان بنووسێ، با داهاتوان وەک ئیمە نەسووتێن.

ئەوانە چەتەبون یان رزگاریکار؟
لە گەڵ فەرەیدون عەبدولقادر:
شەوی دەستپێکردنی شەڕی رزگاری لە گەڵ مام ڕۆستەم میوانی فەرەیدون عەبدولقادر بوین. فەرەیدون زۆر دڵێ بەو شەڕە خۆشبوو دەیوت: بۆ سبەی لەم ناوەدا فڕکان فڕکانێک دەبێت! سەگ خاوەنی خۆی ناناسێتەوە. دواتر وتی: کاتیک سوپای پاسداران لەم ناوچەیە نزیک دەبێتەوە، پێشمەرگەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ڕادەکەن! فریا ناکەون سەیارەکانیان لە گەڵ خۆیاندا ببەن! هەر شتێکیان هەیە بۆ خۆمان بە جێ دەمێنێت! سەیارەی جوان ومۆدێل بەرزمان دەست دەکەوێت!
سەرچاوە" کتێبی، بیرەوەریەکانی فایق گوڵپی، لاپەڕەی ٣٤٨.

من نازانم چۆن بەرێز فایق شانازیی بەو جۆرە پێشمەرگایەتیی خۆی دەکا کە هەم پزیشک بووە وهەمیش پزیشکی پێشمەرگە!؟ سەرهەڵدانێک چاوی لەوە بێ کە سپای پاسداران بگاتە جێگای خۆی تا پێشمەرگەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ڕابکەن، بەڵام بەرپرس و پێشمەرگەکانی باشووری کوردستان کەلوپەل وسەیارەکانیان ڕاورووت بکەن! ئەرێ باشووری کوردستان رزگار بووە؟

کۆتایی:
لەو کتێبەی بەرێز فایق دا بە وردی باسی کیمیابارانی شاری هەڵەبچە کراوە. باسی ئەو نەهامەتیە کە بە سەر خەڵكی ئەو شارە هاتوە کراوە. بەڵام بۆ یەک وشەش من نەمدیت کە باس لەو ڕووداوە دڵتەزێنە بکا کە بۆ سەددام بڕیاریدا بەو چەکە کۆمەڵکوژە شار و گوندی وڵات وێران بکا وهەزاران مرۆڤی بێتاوان شەهید بکا. جەلال تاڵەبانی ئاواتیی دەخواست کە هەڵەبجەی دیکەش پێک بێ و پێی وا بوو کێشەی کورد زیاتر دەنگ دەداتەوە! لە لایەکی دیکەش قاسملوو، حەولی دەدا کە ئەو کیمیابارانەی سەددام بخاتە ئەستۆی کۆماری ئیسلامی! بەرێز فایق دەیزانی ئەو رووداوانە لە بەر چاوی خۆی ڕوودەدەن بەڵام بێدەنگیی هەڵبژارد! پزیشکێک کە سوێندیی پزیشکیی خواردبێ لە ئاست جینایەتکاری کورد و جینایەتکاری دوژمن بێ دەبێ هەڵویست وەربگرێ.

تێبینی
وادیارە بیرەوەریەکانی بەرێز فایق بەرگی ٢و٣ێ شی هەیە. من نازانم بەتەواوی ئەو بەرگانەش لە چاپ دراون یان نا؟ بەڵام ئەگەر نووسینی بیرەوەیەکانی درێژەی هەیە هیوادارم بە کەموکورتیەکانی جڵدی یەکەمدا بچێتەوە. من وا هەست دەکەم کە زۆر بابەتی دیکەی گرینگ هەیە کە نە نووسراون. بەسەرهات و دیرۆک دەبێ وەک خۆی تۆمار بکرێن.

جەعفەر کەریمی
سندووقی: کوردستانپۆست.
٢٣/٨/٢٠١٩

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە