مەسرور بارزانی لە مەحەکدایە..!

Sunday, 25/08/2019, 20:08

7171 بینراوە


شوان محەمەدیش، یەکێکە لەو میدیاکارانەی سەر بە دەسەڵاتی دز و خائینی کوردیی، وەکو کەمال رەئوف و ئەحمەد میرە و چەندین کەسی تر، کە بەناوی میدیای ئازاد و ئەهلیی لە پڕ هەڵتۆقان، ئەمانە بۆ ماوەیەک خۆیان لە خەڵکی وەکو کەسانی ئازاد و سەربەخۆ ئاشنا کرد، گوایە  دوور لە دەسەڵاتی دز و خائینانی کوردن، راستیی  دەڵێن و راستی دەردەخەن و دەنووسن، هێندەی نەبرد رووی راستەقینەی خۆیان، بە هەڵوێستی نانەتەوەیی و نانیشتیمانی دەرخست، هەر یەکەیان  لە پارەی دزراویی دەستی بەرپرسەکان گیرفانی خۆیان پڕکرد.
 شوان محەمەد چونکە وەکو رێبین هەردیی و نووسەرە دەربار و ساختەچییەکانی سەر بە دەسەڵات لەسەر یەک سفرە دانیشتوون، بۆیە وەکو یەک هێڵنج دەدەن و دەڕشێنەوە. لەو نووسینەی خوارەوەدا ئەمیش هەروەک رێبین هەردی بە زمانێکی دیکە هەمان قسە دەکات و دەیەوێت بڵێت، جارێ ئێمە جەنابی کاک مەسرور ناناسین، با تاقیبکەینەوە، ئەوەتا دەڵێت :( مەسرور بارزانی کەوتۆتە بەرخۆر)، واتا تا ئیستا مەسرور لە تاریکیدا بووە و لەو رۆژەوە کە بووە بە سەرۆکی حکومەت هەر عەیبێکی هەبێت ئیتر دەردەکەوێت. شوان محەمەد هێشتا گومانی لە سەر مەسرور هەیە وەکو سەرۆکی دەزگای پاراستن رەنگە کەسێکی خراپ نەبووبێت، بۆیە لەو نووسینەدا پێشنیار دەخاتە بەردەمی و رێگای پێشان دەدات، بە شان و باڵی مەلا مستەفای باپیرییدا هەڵدەدات، ئەو مەلا مستەفایەی کە بە پێی قسەکانی د. مەحمود عوسمان پارەی دوای ئاشبەتاڵی دزیی.
هەڵبەت جگە لە خیانەتی نەتەوەیی و گرتن و کوشتن، ئەوەی لەشاخ دەکەوتە بەردەستی  مەلا مستەفا و کوڕەکانی، بۆ خۆیان دەبرد، هەرچەندە کەمیکی دەدا بەشۆڕش بەلام گەورەترین دزی ئاشبەتالی ساڵی ١٩٧٥ بوو، تەنانەت باس لەوە دەکرێ کە نزیکەی ١٠٠ ملیون دۆلاری ئەو سەردەمەی برد ، کەچی شوان محمەد ئاوا لەسەر مەلا مستەفا  دەنووسێت:
(با مەسرور ببێ بەو سومبلەی کە باپیری گەورەتر بکات، ئەوەی من لەسەر باپیری ئەو خوێندومەتەوە و لە خەڵکانێکم پرسیووە، کەسێکی زاهیدبووە و موڵک و ماڵی ئەوتۆی نەبووە عەیب داری بکات، تۆ ئەو دەرفەتەت لە بەردەمدایە کە وەک کوڕی بەرپرسەکانی تری نێو حیزب و بنەماڵەکەت و بەرپرسانی یەکێتی و گۆڕان مەبە کە زۆربەیان باوک و باپیریان لەبەر سەروەت و سامان و دەسەڵات بچووک کردۆتەوە.. فەرموو تۆ باپیرت گەورە بکە..!)
کوردستانپۆست ئەم نووسینەی شوان محەمەد دەخاتە نێو ئەرشیفی تایبەت بەم کەسە و بۆ رۆژی خۆی هەڵدەگرێت.

------------------------------
شوان محەمەد: مەسرور بارزانی لە مەحەکدایە..!
زۆرجار دەڵێن کە مرۆڤ دەکەوێتە بەرخۆر، ئەگەر عەیب و عارێکی هەبێت، یان خاڵی بەهێز و جوانیشی هەبێت دەردەکەوێت، ئێستا مەسرور بارزانی کەوتۆتە بەرخۆر.


ئەمڕۆ ٢٢ی ئابی ٢٠١٩ میدیاکان بڵاویان کردەوە کە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت داوای لە وەزیرەکانی کابینەکەی کردووە سەروەت و سامانیان بۆ دەستەی دەستپاکی ئاشکرا بکەن، ئەم هەنگاوە سەرۆکی حکومەت دەخاتە بەردەم مەحەک.

پرسی گەندەڵی و نەبوونی شەفافیەتێکی راستەقینە یەکێکە لە پرسە هەرە گرنگ و هەنوکیەکانی هەرێم، ئەمەش لەو روانگەیەوە ئەگەر دەزگا رەقابییەکانی نێو هەرێم و چالاکوانانی کۆمەڵگاو بەرپرسانی هەرێم، ئەوانەی  ئاهێکی خێریان تیا مابێت، بیر لە چارەسەرێکی جدی ئەم کێشەیە نەکەنەوە، ئەم دەسەڵاتەی ئێستای هەرێم هیچ ئایندەیەکی نابێت.

کاتێک دەستەی نەزاهە فۆرمی ئاشکراکردن دەخاتە بەردەم بەرپرسانی باڵای حکومی، ئەوان خۆیان زۆر باش دەزانن لەم دۆخە سیاسی و ئابوری و داراییە داخراوەی هەرێم ناگەنە حەقیقەتی سەروەت و سامانی بەرپرسان، چونکە تەنها تۆ کاتێک دەگەیتە ئەو راستەیە کە بەلایەنی کەمەوە سیستەمێکی بانکی پێشکەوتووهەبێت و سەروەت و سامانی بەرپرسان و حیزب و کۆمپانیان بەتەواوی شەفافبن، ئەوا ئەو دەمە کارەکانی دەستەی نەزاهەو هەموو دەزگا رەقابییەکانی دی زۆر ئاسان بەڕێوە دەچن.

جگە لە دۆخی دیموکراسی و شەفاف و هەبوونی سیستەمێکی ئەلکترۆنی بانکی، بۆ وڵات گەلێکی وەک ئێمە فاکتەرێکی تر هەیە، ئەویش مۆراڵی نیشتمانی ( ئەخلاقی نیشتمانی )، لەم دۆخەدا بەرپرسانی حکومەت دەتوانن بەمۆراڵێکی بەرزی نەتەوەی و نیشتمانی خۆنەویستەوە هەنگاو لەم بوارەدا بنێن، ئەویش یەکەم هەنگاو دەبێت لە خۆیانەوە دەستپیێبکەن.

ئەو هەنگاوەش ئەو ساتە دەستپێدەکات کە سەرۆکی حکومەت مەسرور بارزانی لەو مۆراڵە نیشتمانی و خۆنەویستییەوە تێکڕای سەروەت و سامانی خۆی ئاشکرا بکات، ئەزموونی گەلانیش زۆرن کە بەرپرسێکی نیشتمانی بۆتە خاڵی وەرچەرخان لە کۆمەڵگاکانیاندا، هەروەک " بارک تشونگهی " سەرۆکی کوریای باشور کە لەساڵی ١٩٦١دا،  وڵاتی لە دواکەوترین دۆخەوە گۆڕی و، سەرەتایەکی دانا بۆ بنیاتنانی وڵاتێکی بەهێزی ئابوری و، ئێستا ئەو وڵاتە یەکێکە لە وڵاتە بەهێزە ئابوریەکان و خاوەنی دیموکراسیەتێکی پێشکەوتووە، یان سەرۆکی سەنگاپوورە " کی کوان یو " کە لەساڵی ١٩٦٥ دا بەردی بناغەی وڵاتێکی فرە کەلتوری و ئابوریەکی بەهێزی داڕشت، یان سەرۆکی بەرازیل "لولا داسیڤا" کە لەساڵی ٢٠٠٢دا بەرازیلی لە وڵاتێکی هەژارەوە وردە وردە کردە ولاتێکی بە‌هێزو، جیاوازی نێوان هەژاران و دەوڵەمەندانی بەشێوەیەکی بەرچاو کەمکردەوە. 
هەڵبەتە ئەگەر بمانەوێت هەرێم بەرەو پێش بچێت و لەم بازنە داخراوە رزگاری بێت، دەبێت خالێک بێتە پێشەوەو ئەم وەرچەرخانە رووبدات، ئیستاش ئەوەی دەبێت مەسرور بارزانی  بیکات، تا ببێتە سەرەتای ئەو خاڵەی ئەو وەرچەرخانەی تیا روودەدات، فەرموو ئێوە وەک بەرپرسێکی ئەو وڵاتە زۆر راستگۆیانە سەروەت و سامانی خۆتان ئاشکرا بکەن، ئەوە نا کە بەرپرسانی پێشوو لە فۆرمی دەستەی نەزاهەدا ئیعلانیان دەکرد، بەڵکو سەروەت و سامانی راستەقینەی خۆت، با هەندێک نموونەی سەروەت و سامانەکەتان کە چەند نموونەیەکی کەمە و هەموو کەس دەیزانێت ئاشکرای بکەین، کە ئەویش کەناڵی کوردستان ٢٤ و رۆژنامەو ماڵپەڕی باسە، دەتوانن بۆ دەستەی نەزاهەو پەرلەمان و رای گشتی ئاشکرا بکەن کە ئەو پارە زۆرەی بۆ ئەو دوو میدیایەی خەرجی دەکەن لە کوێتان بووە و چەندە..؟ ئەگەر ئەمەتان ئاشکرا کرد، ئەوا ئەو موڵک و ماڵەی هەتانە  یەک لە دوای ئاشکرای بکەن و، ببنە هەڵگری درووشمی شەفافیەت لەهەرێمدا.

مەسرور بارزانی کە کوڕەزای مەلا مەستەفایە، با ئەو خاڵە لەسەری دێڕ دابنێت و لە خۆیەوە دەستپێبکات و، چی سەروەت و سامان هەیە ئاشکرای بکات، ئەو با ببێ بەو سومبلەی کە باپیری گەورەتر بکات، ئەوەی من لەسەر باپیری ئەو خوێندومەتەوەو لەخەڵکانێکم پرسیووە، کەسێکی زاهیدبووەو موڵک و ماڵی ئەوتۆی نەبووە عەیب داری بکات، تۆ ئەو دەرفەتەت لەبەردەمدایە کە وەک کوڕی بەرپرسەکانی تری نێو حیزب و بنەماڵەکەت و بەرپرسانی یەکێتی  و گۆڕان مەبە کە زۆربەیان باوک و باپیریان لەبەر سەروەت و سامان و دەسەڵات بچووک کردۆتەوە.. فەرموو تۆ باپیرت گەورە  بکە..! (واتا بچوکە گەورەی بکە هاهاها)

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە