تارماییەکانی ۳۱ ی ئاب

Thursday, 08.29.2019, 19:42

3129 بینراوە


۳۱ ی ئاب تەنیا ڕابردویەک نییە کە ئێمە یادی بکەینەوە،بەڵکو داھاتوشە دەبێت ڕێی لێبگرین،ئێستایە دەبێت لەگەڵی بجەنگین. ۳۱ی ئاب تەنیا ھێمایەک نییە بۆ ناسینەوەی ھێزێکی سیاسی "پارتی" بەڵکو تارماییەکیشە بەسەر ھەرێمی کوردستانەوە.
ئەم خیانەتە نیشتیمانییە چرکەساتێک نییە تێپەڕی بێت، بەڵکو لەگەڵمان دەژیت و لە پێشمانەوەیە،نەک بە گوتەی ئێمە بەڵکو پارتی خۆی پێمان دەڵێت "ھەر کات فشارمان لەسەر بێت پەنا بۆ خیانەتێکی نیشتیمانی دەبەین"
بۆیە ھەر ھەوڵێک بۆ چەسپاندنی بنەماکانی دیموکراتی ،ھەرقسەیەک ،نوسینێک ،چالاکییەک ،داواکارییەک بۆ چاکساری و گۆڕینی سیستەمی سیاسی جۆرێکە لەفشار بۆ سەر پارتی،یاخود پارتی بەفشاری دەزانێت لەسەرخۆی لە بەر ئەوە پارتی دژە کردەوە نیشان دەدات بەرامبەر ھەر چالاکییەک و ھەر ھەوڵێک بۆ گۆڕینی ئەو واقیعەی ۳۱ی ئاب دروستی کردووە. پارتی تائێستا ھێزی خۆی لە و خیانەتە وەردەگرێت . جوگرافیای پارتی جوگرافیای سی و یەکی ئابە
بۆ ھەر مرۆڤێک کە پارتی بناسێت دەزانێت ئەم مێژووە ڕابردوو نییە ئێستاو داھاتووە،لەدوامانەوە نییە،لەگەڵمانە و لەپێشمانە ھەموو چرکەساتێکە.
چونکە پارتی بەردەوام بەرژەوەندی وڵاتانی تر دەپارێزێت لەسەر حیسابی بەرژەوەندی نیشتیمانی و نەتەوەیی خۆی قەڵەوە دەکات لەسەر حیسابی بەرژەوەندی نیشتیمانی . بۆیە سی و یەکی ئاب تەنیا ھێنانی سوپای داگیرکەر نییە بۆ سەر خاکی کوردستان،بەڵکو پاراستنی بەرژەوەندی دەوڵەتانی داگیرکەر ە لەسەر حیسابی بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکان تاڵانی ئابورییە، ڕێگە نەدانە بە دامەزراندنی حکومەتێکی نیشتیمانی و ناحیزبی و قۆرخکردنی سەرچاوەکانی ئابوری ، پەک خستنی پەرلەمان، ڕیفراندۆمی حیزبی ،چونکە دواجار ھەموو ڕەفتارەکانی پارتی دەبنە ھۆی لاوازی ھەرێمی کوردستان لە ئاستی ناوخۆیی و دەرەکی.
ئێمە ناتوانین بڵێین ئەم خیانەتەمان تێپەڕکردووە،تا ئەو کاتەی ترسمان لە شەڕی ناوخۆ و دیکتاتۆریەتی پارتی ھەبێت ،تائێستاش پارتی دەستی لەم عەقلییەتە ھەڵنەگرتووە،بەڵکو ئەوە تێزێکی نەگۆڕە کە پارتی ھەرکات فشاری لەسەربێت خیانەت دەکات.ئیتر ئەمە وەک یاسایەکی فیزیایی سادە ی لێھاتووە و گومان ھەڵناگرێت.
ئێمە چۆن دەزانین کە ئاسن بەگەرم بوون دەکشێت،ئاواش دەزانین کە پارتی فشاری لەسەربێت خیانەتی نیشتیمانی ئەنجامدەدات بەشێوەیەک لەشێوەکان.
بۆیە ئەم بەروارە سەر چاوەی بێ ھیواییەکی گەورەی ھێزە دیموکراتییە کان و سەرجەم ھاوڵاتیانە .بۆچونی ھاوڵاتییە کی سادە ئەوەیە" ھیچ ناکرێت،گۆڕانکاری ڕونادات دەست بۆ ھەر شتێک بەریت پارتی کەتنێک دەکات ،پشت بە داگیرکەران دەبەستێت،شەڕی ناوخۆ ھەڵدەگیرسێنێت و ..."بۆ یە تێکۆشان لە بەرامبەر ئەو واقیعە لابرد نی ۳۱ی ئابی لەمپەرە لەبەردەم گۆڕانکاری سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی .
پارتی بەھۆی ئەم تاوانەوە قەڵەو بوو لە بەرئەوە لای پارتی پیرۆزە و بەرگری لێدەکات و دەست و پەنجەی لەگەڵ نەرم دەکات دەیژیێنێت چونکە پ ئەم ھێزە مەرگی خۆی لەناو ئاوێنەی دیموکراتی دەبینێتەوە ،ئیتر نەک لێی ڕاناکات ،بەڵکو بەرەو پیری دەچێت و خەڵک و ھێزە دیموکرات خوازەکانی پێ دەترسێنێت ،بەجۆرێک پارتی وەک بۆمبێکی تەوقیتکراوی لێھاتووە کەس ناوێرێت دەستی بۆ بەرێت نەک بتەقێتەوە و کارەساتێکی ترماا ن بەسەر بێنێت!ئەمەیە ئەو ھێزەی بانگەشەیڕیفراندۆ م و سەربەخۆیی و دەوڵەت دەکات،لەکاتێکدا تارماییەکانی سیویەکی ئاب بەسەر ھەرێمی کوردستانەوە .
ئیتر پارتی ناچار نییە فەچیلەتی سیاسی ھەبێت،مادام بەھۆی خیانەتێکی نیشتیمانییەوە گەیشتبێتە لوتکە .ئەم ھێزە بەردەوام ھەوڵی جوانکردنی ئەم خیانەتە ئەدات بەجۆرێک باوەڕی بەلا یەنگرانی خۆی ھێناوە کە پێویستییەکی نیشتیمانی بوو! کەواتا کارەساتەکە ئەوەیە ئەم ھێزە کادیرانێک پەروەردە دەکات کە خیانەتی نیشتیمانی بە فەزیلەتی سیاسی بزانن.ئەمەیە تارماییەکانی سی و یەکی ئاب ،کە پارتی کردویەتی بەوانەیەک لەپەروەردەی سیاسی دا .ئیتر چۆن ئەم ڕوداوە کۆتایی دێت و تارماییەکانی دەڕەوێتەوە.
ئەگەر ئەوان دەڵێن باسکردنی دەبێتە ھۆی کولانەوەی برینەکان،ئەوا ئێمە پێمان وایە لەپێناو ساڕێژ بونی برینەکان پێویستە تاوان باران بدرێنە دادگا،لەبەر ھیچ نا لەبەر ئەوەی یاسا سەروەر بێت و کەس نەوێرێت جارێکی دیکە ھێڵە سورەکان بشکێنێت،یاخود لەبەر ئەوەی دوبارە نەبێتەوە ، و تارماییەکانی بڕەوێتەوە، ئەم چەقبەستنە سیاسیەی ھەیە یەکێک لەدەرەنجامەکانی سی ویەکی ئابە. بەھیچ شێوەیەک تاوانبارکردنی ھێزی تر بە ناچارکردنی پارتی بۆ ئەنجامدانی خیانەتی سی و یەکی ئاب شەفاعەت بۆ پارتی ناکات .

مەحمود عەبدولا



(دەنگدراوە: 2 . زۆرباشە: 5/5)