بەڵێ ... بارزانى مەرجەعە

Thursday, 29/08/2019, 20:47

6606 بینراوە


بۆ بەرزانى مەرجەع نەبێت .. کاتى خۆى مەسعود و کۆمەڵێک چەکدارى پاسدار ئاسا لە کەرەج گیریانخواردبوو.
حیزبە کوردستانیەکان مەسعود ئەکەن بەسەرۆکى بەرەى کوردستانى لە سنور و لە قاسمەڕەش خانویەکى بۆ دروست ئەکەن هەتا لەوێوە هونەرى سەرکردایەتى خۆی بنوێنێت. مەسعود قومێ ماستاویشى لەو خانوەدا هەڵنەقوڕان .. بەڵام هەر بەسەرۆک مایەوە .
بە هەموو ڕۆژانى ڕاپەڕین و کۆڕەو، بۆ دەرمانیش پارتییەکتان نەدەبینى تەقەیەکى خۆشیش بکات، وا ئێستا بوونەتە خاوەنى ڕاستەقینەى ڕاپەڕین و مەرجەعیش جارجارە باسى ڕاپەڕینە مەزنەکەى گەلە مەزنەکەى ئەکات .
پاش ڕاپەرین و پاش ئەوەى بەعس و دامودەزگاکانى لە کوردستاندا لەسەر دەستى خەڵکى داخ لەدڵ و تینوى ئازادى ئاسەوارى نەما و کوردستان بە ئاسانى کەوتە دەست ئەو هێزانەى، کە خەویان بە مفاوەزاتێک لەگەڵ بەعسدا ئەبینى .. مەسعود پاش پێنج رۆژ بە یاوەرى برایەکى بەڕێزى خۆى و کوڕى بەرزانى کۆنە جاشى ڕیسوا عەباسی بایزى باڵو خۆى ئەکاتەوە بە کوردستاندا.... ئیتر بۆ مەرجەع نەبێت کە یەکەم پەیامى ڕووسورکردنى جاشایەتى بێت..

بۆ بەرزانى مەرجەعی جاشایەتی نەبێت!
هەرچى جاش و کۆنە بەعسى و تەوارى وەک مێرولە تێی ئاڵاون و زۆر زوو فەرمانى عافواتى بۆ دەرکردن بە یاوەرى حیزبە چەپەلوسەکانى هاوپیشەى، ئەوانە هەمویان پلەى حیزبى و پۆستى حکومەتیان بە سوپاسەوە پێدرا و ئەوانەشى، کە کەڵبەى قەپگرتن و زارى وەڕینیان نەمابوو، خانەنشینکران و دیوەخانانەیان بۆ بڕدرایەوە ئەم مەرحەمەتە بۆ نەوەکانیشیان درێژەی کێشا .

مەسعود هێشتا تەپوتۆزى ئێرانى پێوەبوو هەرچى کەرەستە و ئامێرى بەنداوى ستراتیژى بێخمە و هەرچى موڵک و ماڵى گشتى هەبوو تاڵانفرۆشى ئێرانی کرد،  بوو بە مەرجەعى تاڵانفرۆشانى حیزبە کوردستانیەکان و چەکدارەکانیان ..

مەسعود بە داوەتکردنى سوپاى داگیرکەرى بەعس و داگیرکردنى هەولێر و هەتکردنى پەڕلەمان لە ژێر پۆستاڵى بەعس لە کەڵە خیانەتى ٣١ى ئابدا، هێشتا شوێن زنجیرى تانکەکانى بەعس بە جەستەى پەڕلەمانەوە بوو، مەسعود هەموو حیزبەکانى بانگکردەوە پەڕلەمان و سەرشۆڕانە پارو پارو خیانەتى ئەکرد بە قوڕگیاندا ، هەمویان قبوڵیان کرد و لەژێر دروشمى یەکڕیزیدا .. ئیتر بۆ مەرجەع نەبێت ؟

بۆ مەسعود مەر جەع نەبێت ؟ ..
مەسعود لە باوکیەوە پیشەى کوشتنى بۆ ماوەتەوە، بکوژێت و نەوەى قوربانى تفێک لە خوێنى ڕژاو بکات و بگەڕێتەوە بۆ بن هەنگڵى بکوژەکە ...
کاتى خۆى مەلا مستەفا هێرشى کردە سەر ناوچەى برادۆست و دێهاتەکانى سوتاندن لە دەشتى بەرازگر و هێرت هەتا سیدەکان و گەلى لۆلان بەتەکیەى شێخ ڕەشیدى لۆلانەوە و خەڵکەکەى ئاوارەى ئێران و تورکیا کرد، بەوەش برادۆستیەکان کۆمەڵکوژی کران، پاش چەند ساڵ هەوڵیاندا بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵیان ئەمجارە لە دەشتى دیانە خڕبونەوە و لە ساڵى ١٩٦٣دا مەلا مستەفا و کوڕانى جارێکی تر ئەو خەڵکە لانە لێشێوا و کەسوکار کوژراوەیان لە دەشتى دیانە هاوەنباران کردەوە .
شێخ ڕەشیدى لۆلانى شێخى برادۆستیەکان وتەیەکى مەشهورى هەیە و ئەڵێت : (هەتا بنەماڵەى بەرزانى مابێت کورد هیچى بە هیچ نابێت ..) ئەوەتا ئێستا و پاش ئەو هەموو نەهامەتیە بە ئێستاشەوە، کە بەردەوامە ، نەوەکانى ئەم شێخ رەشیدى لۆلانیە بوون بەدەبڵ جاشى مەسعود و چاوساغى سوپاى داگیرکەرى فاشیزمى تورک .
بەرزانى بە باوک کوڕانیەوە بنەماڵەى حەمەد ئاغاى مێرگە سوریان دڕندانە و نامەردانە کۆمەڵکوژکرد ئەوەتا نەوەى فاخیر مێرگەسورى ئەچێتەوە لاى ئەو مەسعودەى کە ڕۆژى سەد جار پێستى بگوروى لەسەر ئەو تاوانە هێشتا کەمە .
مەسعود شێخ محەمەدى هەرسین مارکوژ ئەکات و دواتر گۆڕ ونى ئەکات، ئەوە ئارى کوڕى ئەو پیاوە کوژراوە ڕۆژ هەتا ئێوارە لە بەر پێی مەسعوددا وەک توتەڵە سەگ قروسکەیەتى . 

جەلال تاڵەبانى بەناوى شۆڕشى نۆێ دژایەتى بنەماڵەى بەرزانى هەزارەها گەنجى بەکوشتدا و چەندەهاى توشى ماڵویرانى و سەرگەرانی کرد و دواتر ئەچێتە سەر (گۆڕى) مەلا مستەفا و سەرشۆڕانە پەشیمان ئەبێتەوە .. بەتەمەنى ئەم پیاوە نەیتوانیوە هەنگاوێک لەپێش مەسعودەوە بڕوات و لە کۆتا نامەیدا بۆ مەسعود ئەڵێت : (لە دەرگاوە دەرم بکەیت لەپەنجەرەوە دێمە ژورەوە) .. کەواتە بە پێى ڕێبازەکەى مام، ئیتر ڕێبازى دەرگا و پەنجەرە ، مەسعود مەرجەعە .. ئەبێت بگەڕێنەوە بۆلاى، ئەو جەلالە قەبەیە لەپەنجەرەشەوە بێت هەر بۆلاى ئەگەڕێتەوە .
ئەم خۆ بچوکردن و خۆ بەمێشولەکردنە سۆشیال دیموکراتیانەى جەلال تاڵەبانى شۆڕبۆتەوە بۆناو حیزبەکەى ، یەکێکیان قسەى مەسعودى ئەوەندە لە لا پیرۆزە بە قورئان ئەیچوینێت و یەکێک بە براگەورە ناوى ئەبات .... و یەکێک لە دێگەڵە بەگى پێدائەنێن، بەڵام ئەو دڵە لەرزۆکەى لە مەسعود ناڕەنجێت و یەکێک فلیمى ڕوتى ئەگرن بەڵام بە سپۆنسەرى سەرۆ قادر پرۆژە ئەوەشێنێت.
ئەوەندەى لە ڕێگەى سەرى ڕەش یەکترى ئەبینن لە مەکتەبى سیاسى حیزبەکەیان چاویان بەیەک ناکەوێت .. بەڵکو مەسعود بەو دڵ نەرمییەى خۆى، وەک مەلاى دابڕان ووتى بە براگەورەیى خۆی ڕۆژى کۆنگرەیان بۆ دیاری بکات .. براگەورەش داهێنانێکى شەرمنانەى یەکێتیانەیە لە برى مەرجەع .

بۆ مەسعود مەرجەع نەبێت ؟
مەسعود کاتى خۆى حەمەى حاجى مەحمودى لە سلێمانى بە کۆڵێک جامانەوە چنگ لەسەر شان هەڵبڕى و ئەگەر فەرماندەیەکى یەکێتى بەهانایەوە نەچوایە ئەوا قەمسەڵە چوار وەرزیەکەى و تۆپەڵە جامانەکەى لە مۆزەخانەى لقى چوار... حەمە ڕۆى ئەوت.
ئەگەر مەسعود لەسەرى ڕەشەوە پژمەیەک بکات ئەوا حەمە تەلدز و ئیسعاف دزەکان ئەخاتە ئینزارى پلە ( ج) بۆ مانۆڕى سەربازى .
بیرمانە نەوشیروان مستەفا بەو هەموو دروشمە ڕەنگین و بریقەدارانەوە،  بەو هەموو مۆمە داگیرساوەوە، سیستەمى ئەگۆڕى و مەسعودى لەسەر عەرش ئەهێنایە خوارەوە، بەڵام تا و نا تاوێ لەسەرى ڕەشەوە بەسەرى سپیەوە لەگەڵ مەسعودا دەرئەکەوت، مەسعود و کوڕەکەى پەڕلەمانیان بێگیان کرد و وەزیر و ئەندام پەڕلەمانەکانى شاربەدەرکرد و فەرمانی گرتنیان بۆ نەوشیروان دەرکرد ، بەڵام بەهۆى ئەوەى بزوتنەوەى گۆڕان لە هەموو ئەخلاقێکى سیاسى داماڵراون و سەرشۆڕانە بۆ کۆشى گەرمى پارتى گەڕانەوە هەموو ئەو یاسایانەیان دەرکرد، کە مەسعود خەوى مەرگى پێوە ئەبینى، پاش فشە هەڵبژاردنەکەى پەڕلەمان ئەمجارەشیان لەگردەکەى چیا و نما بوو بە هەرا و قەپگرتن لە پۆست و پارە و سامانى گشتى و گەڕانەوە بۆ کۆشى حیزبەکەى مەرجەع .
بۆ مەسعود مەرجەع نەبێت .. 
پاراستنى پارتى سەرپەرشتى هەموو جومگەکانى ئەم حیزبە و هەردوو خەڵوەتگاى گردى پیرۆز ئەکات و چیاو نمایەک کە هیچ شتێک لەگەڵ سیاسەتدا کۆیان ناکاتەوە، بەڵام لەگەڵ برازاکەى کاک مەرجەعدا پارە و بازرگانى کۆیان ئەکاتەوە .
ئەگەر مەسعود مەرجەع نەبێت، چۆن بەفیکەیەکى فشە ڕیفراندۆمێک ئەم هەموو حیزب و حیزبۆکە و دوکاندارە سیاسیانەى شوێن کەوت لە ڕاست و چەپ و ئیسلامى و کۆمۆنیست .. ئەویش هەندۆکە حسابى بۆکەس نەئەکرد.

ملپانێک لەوپەڕى گەرمیانەوە ئەڵێت ماڵەکەى مەسعود وەکو خەڵکیتر وایە،  ملپانێکى تری هەورامیش لە هەولێرەوە ئەڵێت ماڵەکەى بچوکە و لە چەژندا خۆى بە پێوە ئەوەستێت، ئەم درۆیانە ئەوەندە زەبەلاح و ڕەشە بە قەدەر سەرى ڕەش، کەواتە مەسعود مەرجەعى ملپان و درۆزنەکانیشە .

جەماعەتى مۆم و گردەکە وەها ڕویان شکاوە بەلێزمە و شەستەبارانى چلەى زستانیش تەڕنابن و بەچکە هەنگاوێکى ماوە بەیداخى زەرد هەڵبکەن ، سوکایەتى و ملشۆڕیەک نەماوە بۆ پارتى نەکەن و بە مەرجەع بونى مەسعودیان لە زەمانى شەق و شاربەدەر کردن و ڕیفراندۆمەکەوە هەزم کردووە. واوەتر چوون و نەبادا ئەم بەند و باوەى مەرجەع و مەرجەعى باڵایایە گوێى عومەرى سەید عەلى کەڕبێت سەری نەگرت و قۆرتى تێکەوت،  ئەوا گۆڕان هەمیشە پرۆژەى تازەى هەیە ئەویش (ئەنجومەنى دانایانە) هەڵبەت لە مەسعود داناتر نیە بۆ سەرۆکایەتى. ئاى لەو ماستاو و پانکردنەوەیە ئەمەشیانکرد بەبەزمى پێکێهێنانى حوکمەتەکەى مەسرور هەریەکەى لەلایەکەوە ماستاوی ئەکرد خەریکبوو گردەکە ببێتە گردە ماستاو . 

ئەگەر ئەم مەرجەعە نەبێت، کەس هەیە ببێتە ڕیکلامى ئەردۆغانێکى فاشى و کە ڕۆڵەکەى تەواو بو گاڵتە بەجامانەکەى بکات و بەسەرۆک خێڵێک لە شیمالى عێراق ناوى ببات، لە ژێر سایەى ئەم مەرجەعە ڕۆژ بە ڕۆژ سوپاى فاشیزمى تورک هەرێمى کوردستان داگیر ئەکات و شار و دێهات بۆردومان ئەکات و ئەمیش درێخ لەهیچ هاوکاریکردنێکیان ناکات، بە ئابڵوقەى ڕۆژئاوا و کەمپى ئاوارەکانى مەخمور .. ئەمە مەرجەعى خیانەتە .
لەژێر سایەى ئەم گردە مەرجەعە، ڕۆژانە نەوت و سامانى سەرزەوى و ژێر زەوى بەتاڵان ئەبرێت ، کەواتە ئەمە مەرجەعى دزو تاڵانچیانە .

ئەگەر ئەم مەرجەعە نەبێت کێ ئەم هەموو هێزە دەمامکدار و بێناسنامە و زیندانە نهێنیانە ئەشارێتەوە .
ئەگەر ئەم مەرجەعە نەبێت کێ ئەم هەموو شکەنجەگەر و بکوژو و ڕۆحکێش و ئازادى کوژ و رۆژنامە کوژە کۆئەکاتەوە .
بەڵێ .. بەڵێ .. مەسعود مەرجەعە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە