مرۆڤی ساپیان لە نێوان دوو بەردە ئاشی کۆبونەوە و دابڕانی (هەوەس و ئارەزو)‌دا

Monday, 09.02.2019, 9:35

1260 بینراوە


ئەگەر بتەوێت کە میوەکانی مالەوەت نەڕزێن ئەوا دور لەیەکتر لەسەر تەختەیەک دایانبنێ، دەنا زو ئەڕزێن، بەنزیکبونەوەیان لەیەکتری گۆرەپانێکی گونجاو بۆ ڤایرۆس دەڕەخسێنن، پاشان ئەمیان ڤایرۆسی خۆی ئەدات بەوی تریان. بۆ ئەوەی کە نەڵێین ؛ جەهەنم ئەوانی ترن . بۆنە و جەژنەکان، وەک پیویستیەک کراون ، نوێژی بە کۆمەڵ ، لای موسڵمانان هەمیشە بە کارێکی خێر و ئەرکێکی پیرۆز ناسراوە، ئەگەریش لە مزگەتەکاندا کەوشی یەکتر بدزنو هەندێک جار قسەی نابەجێش بکەن.
بەگوێرەی لێکۆڵینەوە، ئەوەی توانیویەتی مرۆڤی ساپیان زاڵبکات بەسەر ئەوانی تردا لەبەر ئەوەی کە ساپیان توانای کاری بە کۆمەڵیان هەیەو توانای ئۆرگانیزاسیۆنیان هەیە، بۆیە کۆبونەوە لەدەوری یەکتر خاسیەتی خۆیەتی. بەلام ئەگەرکۆبونەوە پێویستیەکە، لەهەمان کاتا بنەمای دروستبونی ڤایرۆسو نەخۆشیە، دروستبونی شەڕو ئاژاوە و ناکۆکیە، کەواتە چۆن کۆ ببینەوە ؟ هەتاوەکو ڤایرۆسی کوشندە بەرهەم نەهێنین ؟
لە کاتێکدا مرۆڤی ساپیان لەناو ئەشکەوتەکاندا بە کۆمەڵ لەیەکتری ترنجا بون. کەسانێک درکیان بەوەکردبو کە بۆ پێکەوە ژیان دەبێت هێزێک ناوبژیوانیان بێت، بۆیە لە بەشی هەرە قولایی ئەشکەوتەکاندا لەناو تاریکیدا، هەوڵی داوە پەیوەندی لەگەل رۆحێکی باڵا ببەستێت، هەتاوەکو ئەو ڕۆحە جۆرێک لە پیرۆزی بدات بە کۆبونەوەکانیان، روکەشی سەرەمۆنی بدات بە گردبونەوەکانیان، نەو ببێتە ئەو هێزەی کە بتوانێت ئەو ئێسپاسە بخولقێنێت لەنێوانیاندا، هەتاوەکو ڕۆحی تاریکی یەکێکیان کار نەکاتە سەر هەڵسوکەوتی ئەوانی تر، خۆ هەر لەکۆنەوە، شەڕو دەمبۆلە، جادو گەری، چاو پیسی و بەغیلی وەک کارێکی خراپ بینراوە لەنێوانماندا، کە منداڵ بوم مورویەکی شینیان بە ناوچەوانمەوە هەڵدەواسی.
بۆ خۆپاراستن لە هێزی تاریکی ئەوی تر، چەندەها ڕێگامان داهێناوە، جۆرەها هونەری کۆمۆنیکاسیۆنو هەڵسو کەوتی جۆراو جۆرو زمانی جیاوازمان داهێناوە، سەرەرای قانونێکی تۆکمە بۆ پێکەوە ژیان. هەر بۆیە دین وەک پیوسیتیەک بینراوە، لەبەر ئەوەی کە هەر لەدێرزەمانەوە ئەو ڕۆڵەی پێ سپێردراوە، بەلام دین چارەسەرێکی سەرەتایی ئەو پێوستیەیە، ئەو وەک هەموشتێکی تر لە ئێڤۆلیشندایە، ئەگەر مرۆڤ هەمیشە ویستویەتی ئەو پێویستیە بە شتێکی تر پڕ بکاتەوە، ئەگەر مرۆڤ هەمیشە دەگەرێتەوە بۆ دین ، بێ ئومێدیە لە داهاتو، نەک وەک چارەسەرێکی کاریگەرتر لەوەی کە پەرەسەندنو زانست پێشنیاری دەکەن، بەڵکو وەک پەنایەک، وەک ترسێک لە داهاتو، وەک کیسەڵێک کاتێ ناتوانێت لەگەڵ سروشتی وشکانیدا خۆی بگونجێنێتو دەگەڕێتەوە ناو ئاو، رەوایشی پێ دەدرێت چونکێ ئێڤۆلیشنی مرۆڤ کاولکارە، لەبەر ئەوەی کە کاری ئەنستاتی مرۆڤ، کە سەرەکیترینیان هەوەسو ئارەزوە، مرۆڤ بەرەو بەختیاری نابات بەڵکو بەرەو پێچەوانەکەی دەبات. بەتایبەتی کە لەم سەردەمەذا کە گۆڕانکاریەکان هەمیشە بێ وچانن. لەو روەوە فەیلەسوفی فەرەنسی، ئۆگوست کۆنت ( 1798-1857) دەڵێت ؛ کاتێک گۆڕانکاری یان ڕێفۆرم لە قانونە بنەڕەتیەکاندا ئەکەین، ئەو جیلەی خۆی لەو گۆڕانکاریەدا دەبینێتەوە، خۆی بە غەریب دەزانێت، بۆیە راستەو خۆ دژی دەوەستێتەوە.

دوای ئەوەی کۆبونەوەمان لەدەوری یەکتری ئۆپیۆمی ئاسودەییمان پێ دەبەخشیت، بۆ ئەوەی کە لێکنزیکبونەوەمان لەیەکتری وەک میوەکان نەمان ڕزێنێت، پیویستەیەکە، کە هەمومان پێکەوە بۆ خاڵێکی هاوبەش بڕوانین، بەو خاڵەش دەڵێن ؛ پیرسپێکتیڤ لە ئارشیتەکتوردا ،ئایدیال لەسیاسەتا و هونەری ژیان لە فەلەسەفەدا، خودا لە دینداریدا....تاد. خۆ ئەگەر کۆبونەوە و لێکنزیکبونەوەمان لە یەکتری، وەک تلیاککێشێکی ئۆپیۆم ئاسودەمان دەکات، ئەوا نزیک بونەوەمان لەیەکتریش دەبێتە هۆکاری رزاندنمان. دابڕانیشمان لەیەکتری وەک جۆرێک لە خۆپاراستنمان لەوانی تر، دەبێتە هۆی تەنیای و خەمباریمان، بەڵام هەر داىڕانیشە کەدەبێتە هەوێنی میکانیزمێک بۆ داهێنانو بەرەو پێش چونمان. کەواتە چۆن پێکەوە بینو یەکتری نەرزێنین، چۆنیش لەیەکتری دوربینو لە هەمان کاتا لە ژەهری تەنیایدا نەژین ؟

زانست بۆ چارەسەری چەمکی کۆبونەوە و دابڕان ، سیستەمی کۆمۆنیکاسیۆنی مۆدێرنی دۆزیەوە، کە لەسەر زانستی فیزیا بەندە. ئەنتەرنیتو تویتەرو فەیسبوک، وەک کونێکی ڕەش کەلەو دەروازەیەوە پەیوەندیمان بە جیهانێک ڤیرتوێلەوە هەیە، ئەو جیهانە ڤیرتوێلەش راستەوخۆ کاریگەری لەسەر ژیانی راستەقینەمان هەیە، کەدەرو بەرەکەمان ؛ ئەوانەی نزیکن لێمان، ئاگایان لەو پەیوەندیە نیە. هەر یەکەشمان کونی ڕەشی خۆی هەیە کەبە جیهانێکی ترەوە دەمان بەستنەوە. کەوەکان بۆ ئەوەی باشتر بخوێنن دوریان دەخەینەوە لە یەکتری، هەربۆیە دەڵیین ؛ تویتەر، هەمو سایتە کۆمەڵایەتیەکانی تریش دەوری کەوی ناو قەفەزی داوە بە ئێمە، چونکە کاتێک لەیەکتری نزیک دەبینەوە راستەخۆ دەنوک بەیەکدا دەکێشین، وەک میوەکان یەکتری دەڕزێنین، دەبینە هۆی خولقندنی نەخۆشی و ڤایرۆس. لەهەمان کاتا کە دورم لێت، لێت دانەبڕاوم. هەرچەندە هەندێ خەڵک هاواریان لێ هەستاوە کە گوایە ئەم جۆرە کۆمۆنیکاسیۆنە گەنجان دور دەخاتەوە لە پەیوەندی سێکسی. تۆ بڵێی ئەم جیلەی تویتەرو سناپ چات تەنها بۆ مندالبون سێکس بکەن ؟
دوای سەردەمێکی تریش کە تۆ ئیتر ناتوانیت بە بێ سایتە کۆمەلایەتیەکان بژیت، ئەو وەک پێویستیەک خۆی دەسەپێنێت ئەوا سیستەمی پێنج ئەستێرەت بۆ دائەنێت کە بڕیاری هەڵسوکوتەکانت ئەدات لەگەڵ ئەوانی تردا، ئەم سیستەمە ئێستاکە لە چین کاری پێ دەکرێت؛ کاتێک دەبیتە هاوڕیی کەسێک، ئەو کەسە سەیری ئاستی هەڵسوکەوتت دەکات بە گوێرەی ژمارەی کەمی و زۆری ئەستێرەکانت، بۆیە دەبێت هەمیشە ئاگات لەخۆت بێت کە چۆن ئەدوێیت لەگەل ئەوی تردا، ئەمەش یەکجۆر ( ئونی فۆرمیسم) ی دیالۆگو هەڵسوکوت بەدوای خۆیدا دەهێنێت . ئەی نور ئەلی ئیلاهی گەورەپیاوی یارسانەکان نالێت ؛ ئەبێت لەهەمو ئانو ساتێکدا ئاگات لەخۆت بێت کە چۆن ئەدوێیت، چۆن هەڵسوکەوت دەکەیت. هەمو سۆفیەکانیش ئەمە پەیڕەوی دەکەن. تەکنەلۆژی بەدی هێنانی خەوی مرۆڤەکانە .

هەوەسو لەزەت؛
خۆ ئەگەر مرۆڤی ساپیان ئارەزو و هەوەسی وەک غەریزەیەک پێ دراوە ئەوا لەدەرئەنجامی کۆبەنەوە لەدەوری یەکتری، هەوەسو لەزەت بە روالەتێکی ترەوە خۆی دەنوێنێت، هەوەس کە سەرچاوەی هەمو نەهامەتیەکانمانە بەرگی دیۆنیزۆس دەپۆشێت. بۆیە دوای ئەوەی تەکنەلۆژی فیزیایمان بۆ کۆمۆنیکاسیۆن و دابڕان بەکار هێنا وەک چارەسەرێک کە بەجۆرێک جێگای هێزێکی بالای گرتۆتەوە لە نێوانماندا، ئێستاکە نۆرەی چارەسەرو کۆنترۆڵی هەوەسە، بەڵام بۆ کۆنترۆڵ کردنی هەوەسو ئارەزو، فیزیا ناتوانێت ئەوە لە خۆی بگرێت، بۆ کۆنترۆل کردنی هەوەسو ئارەزو و چارەسەری بیلۆژیمان پێویستە لەبەر ئەوەی کە کۆبونەوە و دابڕان لەدەرەوەی لەشی مرۆڤدا روئەدەن، بە پێچەوانەی هەوەسەوە کە راستەو خۆ لەناخی مرۆڤدا دروست دەبنو لەدەروە خۆیان دەنوێنن، کە گردبونەوەش لەدەوری یەکتری ئەو غەریزەیە زیاتر دەهروژێنێت. چارەسەری بیۆلۆژیش بەمانای دەستکاری کردنی گەردیلەی خواییە، هەتاوەکو جێگای خواکان بگرینەوە.

هەمو فەیلەسوفو بیرمەندەکان لەگەڵ هەمو دینەکانیش، هەر لەکۆنەوە باسی ئەوەیان کردوە کە سەرچاوەی هەمو نەهامەتیەکانی مرۆڤ، هەوەسە، هەوەس سەرچاوەی ڕقو ئەشکەنجەو بێ هیواییە، بە پێچەوانەی لەزەت، ئەگەر هەندێک کەس مێدیتاسیۆن وەک دەوایەک بەکار دەهێنن، کەسانێکی تر دەرمانی ئەنتی دێپرێشن، پیاوانی دینی قانونێکی تەواو داخراویان داناوە بۆ کۆترۆلکردنی هەوەس. هەوەس دیۆنیزۆسە، هەمیشە بەدوای لەزەتی نوێدا دەگەڕێت، دیۆنیزۆس خوایەکی ڕۆژهەلاتی بو، وەک من داوای پەناهێندەیی کرد لە ولاتێکی تردا، جیگەی خۆی کردەوە لای خواوەندەکانی یۆنان. پێ دەچێت کە شاربەدەر کرابێت لە ڕۆژهەڵات، بۆ ئەوەی کە جارێکی تر ئیبراهیم کۆچ نەکاتەوە بۆ کەنعانو بڵێت ؛ خەڵكی ئەم ناوچەیە بەدن. دیۆنیزۆس بۆیە شاربەدەر کراوە لەبەر ئەوەی کە دژی خوا هەڵسو کەوتی کردوە، لەبەر ئەوەی کە وتویەتی ؛ ئەگەر من بێ مۆراڵ بم ئەوا خودا مەرج نیە داد پەروەر بێت.

چیاوازی نێوان لەزەتو هەوەس پەیوەندی هەیە بە شوتیەکەی پێنجوێنەوە، کە ئەم سەردەمە لە سایتە کۆمەڵایەتیەکاندا باس دەکرێت؛ کاتێک لاو بوین شوتیمان دەخوارد لەناو جێبێکی بێ سەردا، لەسەر ڕێگایەکی دلفڕینەری دەور و بەری پێنجوێندا، بەو شاخانەدا دەهاتینە خوارەوە، بە خۆشی و بە پێکەنینەوە قەپاڵمان دەگرت لە شوتیەکی شیرینو بەلەزەت، بە تایبەتی ناوەزێڵەکەی کە خۆشترین بەشی شوتی بو ؛ بە بێ ناوک. لە کاتێکدا هەمومان بە پێکەنینەوە لەو پەڕی هەوای گەنجی و خۆشیدا بوین، یەکێک لە ئێمە کە زۆر چوختی بو، قاشێک شوتی گەورەی گرتە پیاوێکی پیر کە بەتەنیشتمانەوە بەسەر کەرێکەوە بەرەو ماڵەوە دەڕۆشت، گۆچانەکەی بەسەر شانیەوە بو، بەدەم ڕیگاوە بەسواری کەرەکەوە گۆرانی دەوت، دەڕۆشتەوە بەرەو دێهاتەکەی، کابرای پیر جامانەکەی کەوتە خوارەوە و دەستی کرد بە جنێو دان بە ئێمە، نەی دەتوانی لەکەرەکەی دابەزێت هەتاوەکو جامانەکەی هەلگرێتەوە، ئێمەش بەدەم شوتی خواردنەوە بەو دیمەنە هێندەی تر پێ دەکەنین تا ئەو ئاستەی کە شوتیەکە لەلوتمانەوە دەهاتە دەرێ. شوتی خواردنەکە لەویادا لەزەت بو، توێکڵەکەی کە گرتمانە کابرا هەوەس بو.

مرۆڤی ساپیان پێکهاتەیەکی ئاڵۆزە، کۆدو هەڵسوکەتەکانی نەنوسراونەتەوە و جێگیر نین وەک ئەوەی هەن لەناو گەلەگورگێکدا، پەیوەستە بە و شوێنەی کە لییدا دێیتە دنیاوە کە پێی دەڵیین کەڵچەر، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت هەمو ڕۆژێک بیداتە بەر پرسیارو بە پێی ئاستی ڕۆشنبییری و شوێنو سەردەم هەڵسوکەوتی بگۆڕێت هەتاوەکو بتوانێت خۆی بگونجێنێت لەگەل دەورو بەریدا، راستە کاتێک مرۆڤ خۆشەویستیەکی گەورە بۆ مرۆڤایەتی لە ناخیدا جگیر دەبێتو هۆشمنەدە بەهەستی بەزەیی، ئەوا لەهەمو شوێنێکدا جێگەی دەبێتەوە، هەمو بەربەستێک دەبڕێت، بەلام ئەم خۆشەویستیەش لە کۆدی کۆمەڵگەی ئەمڕۆدا دەوری وەک جاران نەماوە و نیە. مەرج نیە کە تۆ کەسێکی باش بیت ئەوا کەسانی تر ئەتوانن ڕیز بۆ ئەو هەڵسوکەوتەی تۆ دابنێن، ئەبێت بزانیت کە چۆن کۆدی کۆمۆنیکاسیۆنی سەردەمەکەت بەکار دەهێنیت، بۆ نمونە پاپای ڤاتیاکان ؛ جۆن پۆل دو، کەسێکی رادیکالو کۆنسێراڤتەر بو، خەڵکی ڕیزیان زیاتر لێ دەگرت لە پاپای فرانسوای ئەمڕۆ کە کسێکە خۆی دائەنەوێنێتەوە و کەوشی کەسانێک ماچ دەکات لە پێناوی ئاشتیدا، بەو تەمەنەوە کەوشی پەناهێندەکان ماچ دەکات بۆ ڕێزگرتن لێیان، بەجۆرێک هەڵسوکەوت دەکات کە میدیاکانی ئەوروپا پێیان شەرمە پیشانی بدەن، چونکێ مرۆڤی مۆدێرنی ئەمڕۆ بەو هەڵسو کەوتە نامۆیە، ئەم هەڵسوکەوتەی فرانسوا هەڵسوکەوتێکی کۆنی مرۆڤە، کۆدێکی کۆنە کە عیسا بەکاری هێناوە؛ کاتێک هەمو گیانت دەبێتە خۆشەویستی، دەتوانیت لەگەڵ هەمو تەنێکدا ببێتە یەک، تەنانەت ئاژەلانیش هەستیارن بەو ڕۆحە. پاپای فرانسوا لەسەر ڕێبازی فرانسوا داسیسە، وشيی فرانسوا بەمانای فەرەنسی دێت، ئەمیش بەمانای ئازاو راستگۆیی دێت، بۆیە فرانسوا داسیس کە داهێنەری ئۆردەری فرانسیسکان بو، وەک کۆپی عیسا ناسراوبو، دەیویست وەک ئەو هەڵسوکەوت بکات، هەمو ژیانی تەرخانکردبو بۆ خزمەتی هەژارو داماوان. لەشەڕی خاچەکاناد ئەو بیابانەی گرتە بەر هەتا بگاتە بەردەم سوڵتانی میسر، سوڵتانی میسر برازای سەلاحەدینی ئەیوبی بو، بەگەیشتنی بەو بیابانە، پیاوانی سەلاحەدین دەیگرنو چەقۆ دەخەنە سەرملی و واخەریکە سەری دەبڕنو بیکەن بە قوربانی، فرانسوا دەکەوێتە هاوار هاوار کە گوایە ئەو لە عیساوە نێردراوە بۆ بینینی سوڵتان، ئەوانیش سەریان سوڕدەمێنێت لەو پیاوە بچوکە، بە خۆیی و دارێکەوە، بە تەنیا لەو بیابانەدا، لە نێوان دو لەشکری دژ بەیەکدا، بە بێ ترس ڕێگای گرتۆتە بەر. فرانسوایان برد بۆ لای سوڵتان، سوڵتان وەک پیاوەکانی سەدام، وەک جاسوسێک سەرنجی فرانسوای ئەدا، بە شکەوە پرسیاری لێ کرد کە کێ ناردویەتی ، فرانسوا وەڵامی دایەوە کە ئەو هیچ کەس لەسەروی خۆیەوە ناناسێت، تەنها عیسا نەبێت، وتی کە ئەو لە لایەن عیساوە هاتوە، بە هیوای ئەوەی کە بتوانێت خۆشەویستی عیسا بخاتە ڕۆحیانەوە........... مێشکی سوڵتانو دەوروبەرەکەی تەقەی دەهات لە وتی ئەو کابرایە کە دەی ویست ڕۆحی عیسایان بۆ بەیان کات، راستیەکەشی ئەوەیە کە عیسا ئەیتوانی تەنها کاریگەری لەسەر ئەو کەسانە بێت کە لە دەرەوەی یاریەکەن، بەلام سوڵتان بەو پێیەی کە بڕیاردەری شەڕی خاچەکان بو، لەگەرمەی یاریەکەدا بو، ئیتر چ پێویست بە وە دەکات بێتەوە ناو یاریەکە بە ڕۆحی عیساوە ؟ کە هیج قازانجی بۆ ئەو تیا نیە ؟ بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا فرانسوایان نە کوشت، هەروا ناردیانەوە، پێ دەچیت پارتیکولێکی ڕەحمو بەزەییان بەرکەوتبێت، بەڵام بەس نەبو هەتا بتوانێت لەو یاریە هەڵیان کێشێت.
بەڵام جۆن پۆل دو بە پێچەوانەی فرانسوا داسیسەوە کۆدی کۆمۆنیکاسیۆنی مۆدێرنی بەکار دەهێنا، ئەو هەمیشە جلی بریقە دارو نمایشی مۆدێرنی بەکار دەهێنا لەدەرکەوتنەکانیدا، لە هەڵسو کەوتیا، هەندێک جار وەک ئەوەی کە لەسەر شانۆی گۆرانی بێژێکی بەناوبانگ دەربکەوێت، کە جۆرێک بو لە کۆدی شاراوەی ئەم سەردەمە کە لە میدیاو هونەری کۆمۆنیکاسیۆندا پەیڕەوی دەکرێن، بۆیە خەڵکی زیاتر باسی ئەویان دەکرد، لە میدیاکاندا زیاتر گرنگیان پێ ئەدا. ئەمەیان وەک نمونەی دیاردەیەکی تێروانینی کۆمەڵگە بۆ تاکێک.
تێروانینو چارەسەری تاکێک بۆ کۆمەلگە؛
تاکەکان لە مێژواد وایان باوەڕ بوە کە مەسجێکیان پێیە بۆ چارەسەری مرۆڤایەتی و بەختیاری، بۆنمونە محەمەدی ئیسلام جۆرێک لەهەڵسو کەوتی نازی هەبوە بۆ بەدی هێنانی بەختیاری؛ بە کوشتنی ئەوی تر، بەدەست نیشانکردنی وەک سەرچاوەی خراپە، بەبێ ئەوەی کە بزانێت خۆی سەرچاوەکەیەتی، کە خۆی یەکێلە لەو سێوە بۆگەنانەی ئەوانی تر بۆگەن دەکات، هەر وەک گەنجێکی هەرزەکار لەتەمەنی بەهێزی لاویدا، کاتێک بەتەنیشت کەم ئەندامێکدا دەڕوات، بۆ ئەو، چارەسەر ئەوەیە، کە بکوژرێن، چونکێ ئەو کەمئەندامانە هیچ کەڵکێکیان نیە بۆ کپۆمەڵگە، لەبەر ئەوەی کە هێشتا هەستی بەزەیی تیایدا نە هروژاوە، لەبەر ئەوەی کە هێشتا چێژی ئەشکەنجەی نەچەشتوە. فەیلەسوفو نوسەرەکانیش بێ بەش نەبون لەم دیاردەیە کاتێک نیچە دەڵێت ؛ هەمو بەزەیەکانت بخەرە لاوە، خۆت بخەرە سەروی قانونی مۆراڵەوە، واز لە هەوەس بهێنە کەئەو بڕیار بدات. ئەم بیرۆکەیە بو کە بوە هاندانی نازیەکان. رامبۆش هەر بەو ئارەزویەوە دەڵیت، مۆراڵ بێ هێزی مێشکۆڵەیە، بەڵام ئەمانە وتی مرۆڤێکن کە لە ساتێکی ژیانیاندا گەشتونەتە ئەوپەڕی بروابون بەخۆیان، خۆ بایبون لە خۆیان، بۆیە ڕێگایان بەخۆیان داوە بە پێچەوانەی مرۆڤدۆستی خۆیانەوە بدوێن، بۆیە هەر رامبۆش لەسەردەمێکی تردا دەڵێت ؛ کاتیك ئێمە بەهێزین، کێ گەمژەیی دەنوێنێت ؟ . یان دەڵێت ؛ دڵم ببەن بۆ خۆتان، بەمەرجێک کە شۆراوە بێت. یان نێچە خۆی دەڵێت ؛ وادیارە کە شکسپیر لە ئەشکەنجەیەکی زۆر بە تیندا ژیابێت بۆیە وەک کلاونێک هەڵسو کەوتی کردوە. خۆ چیرۆکەکانی شکسپیر نەبونەتە هەوێنی نازیسم. هەر خۆشمان لە ژیانی ڕۆژانەدا هەمو ڕۆژێک دەگەینە خۆ بایی بون کاتێک زگمان پڕە و بێ خەمین، توێکڵە شوتیەک دەگرینە پیاوێکی پیر بە پێکەنینەوە. بۆیە کۆتایی هەر دەگەڕێینەوە بۆ لای بودا کە راستگۆیانە پێمان دەلیت ؛ مرۆڤ بە گێلی حوکم دراوە. بودا خەڵکی هەڵنەخەڵەتاند بە دروستکردنی خوایەک، ئەو بەدوای سەرچاوەی تەنگژیەکانی مرۆڤدا وێلبو.
جگە لەو نەخۆشیانەی کە هەتا ئێستاکە نەمان توانیوە دەوای بۆ بدۆزینەوە، زانستی بیۆلۆژی دەیەوێت هەمو دەردەکانی مرۆڤ چارەسەر بکات؛ ، لەهەمان کاتا کۆنترۆلی هەوەس و ئارەز و و ترس لە مردنو لە بون بکات، کە هەمو مرۆڤێکی هۆشمەند بە دەستیەوە دەناڵێنێت، بۆ ئەمەش دەبێت هەمومان ببەسترێینەوە بە کۆمپویەتەرێکەوە، هیچ چارەیەکیشت نیە لێی دەرباز بیت، لەبەر ئەوەی کە ئەو وەک پیویستیەک خۆی دەسەپێنێت، وەک چۆن ئیسپرینمان دۆزیەوە بۆ سەر ئێشە، بەهەمان شیوە.
کۆنترۆڵ کردنی هەمو ئەم غەریزانەی مرۆڤ بۆ ئەوە نیە کە بەڵکو مرۆڤ بە ئاراستەیەکی تردا بەرێت جگە لەو ئاراستە شاراوەیەی کە هەوەس گەرەکیەتی، واتە نابەختیاری و کاولکاری، بەڵکو بەپێجەوانەوە هەتاوەکو یارمەتی بدات لەوڕێگەیەدا کە پێی دەڵین قەدەری مرۆڤ، یان لە زانستا قەدەری ماتریاڵ، بەردەوام بێت بە بێ ئەوەی کە بتوانیت بە پێچەوانەیەوە هەڵسوکەوت بکات، بگەڕیتەوە بۆ سوجدەبردن بۆ خواکانی سەردەمی پێش زایینی. واتە ڕۆشتن بە ئاراستەی هەوەس بە بێ ترس لە داهاتو، هەوەسێکی کۆنترۆڵکراو، هەتاوەکو ئەو ڕۆژەی کە مرۆڤ خۆی لە بەردەم دیواری پلانکا دەبینێتەوە، دیواری پلانک ئەو دیوارەیە کە لە فیزیادا باسی دەکەن؛ کاتێک مرۆڤ دەگاتە ئەو ئاستەی کە زۆر لە نهێنی بونو کەون ئاشکرا دەکات، خۆی دەبینێتەوە بەرامبەر بە دیوارێک کە پێی دەڵێن دیواری پلانک، هەمو نهێنیەکان لە پشتی ئەو دیوارەوەن، بۆ ئەوەی لە دروست بونی خۆیو ئەم کەونە تێ بگات ئەبێت بچیتە ئەو دیوی ئەو دیوارەوە دەنا مەحالە، کاتێکیش دەچیتە ئەو دیو دیواری پلانکەوە ئیتر بونی نامێنێت وەک مرۆڤ لەبەر ئەوەی کە قانونی فیزیای جیاوازە، بۆیە مەحالە. من هەمو ڕۆژێک خۆم لەبەردەم دیواری پلانکا دەبینمەوە. بۆیە من چاوەڕوانی گۆدۆ ناکەم. سەرگزوشتەی ژیانی مرۆڤێک لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی، پرۆسەی مرۆڤە لە ئەبەدیدا، بۆیە هەندێک جار، دەست دەهێنم بەبەدەنما هەتاوەکو بە ڕاستی هەست بە بونی خۆم بکەم، پرسیار لەخۆم دەکەم کە ئایا من لەم جیهانەدا دەژیم ؟ بوادا دەلێت ؛ بە گوریسی هەندێ پرسیاردا مەچۆرە خوارێ چونکە بەهیچت ناگەیەنێت، پێ دەچێت کە کاریگەریەکی خراپیشی هەبێت لەسەر دەرونت.
***

هەوێنی ئەم نوسینە لەوەوە هات کە کاتێک لەلادێ بوم، لە خەزورم پرسی کە بۆچی سێوەکان بە شێوەیە دائەنێت.

.



(دەنگدراوە: 2 . زۆرباشە: 5/5)