باوکم گریانی بە میرات بۆ جێهێشتووم

Wednesday, 04/09/2019, 1:05

7659 بینراوە


دەزانم ڕۆژێک دێت کەوەک باوکم ئەم جیهانە جێدەهێڵم و منیش وەک سوتووی جگەرەکەی باوکم دەبمە خۆڵەمێش و سەفەردەکەم .
ماوەیە کە لە بیری ئەوەدام و دەمەوێت باوکم بێنمەوە ناو یادەوەرییەکانم، چونکە باوکم بۆمن زۆر تایبەتمەند بوو، باوکم لە حیکایەتێکی جیاوازەوە هاتبووە لامان، باوکم هەمیشە لەفیلمێکی بێدەنگ دەچوو، لە چیرۆکێک دەچوو بێ کۆتایی لە بیابانێکدا ڕێبکات و بەدوای سەرابدا وێڵ بێت، ئەو هیچی نەدەووت و بەردەوام ڕادەما و جگەرەی دەکێشا، جگەرە باشترین هاوڕێ باوکم بوو، هەمیشە خۆی بە دوکەڵ قاندەدا و لەناو تاڵی جگەرەیەکدا شیرینی ژیانی دەچنییەوە، سوتووی جگەرەی بە ژیان دەشوبهان، ئەو دەیووت ئەها ڕۆژێک دێت ئێمەش دەبین بە سوتوو، قەد گوێم لێنەبووە پێبکەنێت، واتە قەت دەنگی پێکەنینی باوکمم نایەتە گوێ، بەڵام هەمیشە خەندەیەک تاڵ لەسەر دەمووچاوی بوو، ئەو پیاوی کارەساتێک بوو کە ڕووی نەدابوو.
گەربمتوانیایە کات بوەستێنم، ئەو دەم کاتم ڕادەگرت، کە باوکم بەدوو زەرفی پڕمیوەوە ئێواران دەهاتەوە لامان، کە دەهاتەوە حەوشی ماڵەوەمان پڕدەبوو لە بۆنی خۆشی میوە و باوکم،
ئای لەو ئێوارانەی کە باوکم میوەی دەهێنایەوە بۆمان...! ئێستاکە بیر لەو ڕۆژانە دەکەمەوە، دەڵێ هەردووکمان لەسەرلوتکەی شاخێکی تەماوی وەستاوین و لەیەک وونبووین، نەدەنگ و بانگی دەبیستم نەبۆنی خۆی و میوەکەی دەکەم، باوکم هەمیشە لە وشکە ساڵ دەترسا، کە باران دەباری، گویی لەدەنگی باران دەگرت و جگەرەی بەجگەرە ئاور دەدا و لە دڵۆپی بارانەکانی دەڕوانی، دڵشاد دەبوو ئەوت باران بەتایبەت لە زەویە خەیاڵیە پڕگەنمەکەی باوکم دەدات .
بیرکردنەوە لەشتێکی جودا سەیرە ...! نامەیەک لەباوکمەوە کە خوێندەواری نەبوو گەیشتە دەستم لەخەو دەچوو، کە تێدا نووسیبووی من کاتێکی دیارکراوم هەیە، ئیتر دەڕۆم و جێتان دەهێڵم، دەڕۆم بۆ گەشتێک زۆر دوور، بۆ سەرزەمینێک کە خۆشم نازانم ناوی چییە ؟
سەختە باسی باوکت بکەیت کە سەردەمێک وەک سپارتاکۆس تێوڕوانیبێت، لایەنە بەهێزەکەی باوکم، لایەنە لاوازەکەی باوکمی تێک دەشکان، هەموو کاتێک باوکم دەدی بە ئەسپایی دەگریا، یەکەمین جار کە دەرکم بەگریانی باوکم کرد لە ئاشبەتاڵەکەدا بوو، لام سەیربوو، من زۆرجاران دایکم دیبوو کە دەگریا، بەڵام باوکم نا، ئەوجارە دیم کە فرمێسک لەچاوانی دێتە خوارێ، من هەرەسم هێنا نەم دەزانی باوکانیش دەگرین! ئەوسا کە منداڵ بووم وام دەزانی باوکم دۆڕاوە بۆیە دەگری ...! پاش ئەوەی، کە ئاشبەتاڵ بوو باوکم وا دڵی ناسک ببۆوە، کە گوێ لەگۆرانی ناو ڕادوێکەمان دەگرت، فرمێسک بەچاوانیا دەهاتە خوارەوە، باوکم لە مەتەڵی غەمگین دەچوو . هەمیشە ماتەمینیەکی قوڵ دەوری دابوو، باوکم کاتێک ڕووی لەئاسمان دەکرد، هەستت دەکرد زەوی پەکی خستوە، ئای لەباوکم چەنێک گومانی لە ئاسمان بوو ...!؟ باوکم یەک ووشەی تاگوری نەبیستبوو، کەچی هەمیشە ئارەزووی دەکرد لە جێگەیەک بێت کە سەری دانەپۆشرابیت، ئەو دڵتەنگ دەبوو لەژوورەوە، تا بارانی پەڵە لێی نەدایە لەسەربان نەدەهاتە خوارەوە، لە ڕوانینی ئەستێرە تێری نەدەخوارد، دوو دار هەنار لەحەوشی ماڵەکەمەن بوو، باوکم زۆری خۆش دەویستن، هەمیشە بەدیاریانەوە ڕادەما و جگەرەی دەکێشا و دوکەڵی بە با دەکرد، ئەیووت کوڕم تۆ دەزانی "هەنار میوەی بەهەشتە ".؟
منیش بەگاڵتە کردنەوە دەم ووت: دەڵێن هەنجیریش هەر میوەی بەهەشتە، خەیاڵە سادەکەی باوکمم تێک دەشکان، هیچی نەدەوت بەڵام نەفەسێکی قوڵ و دوژمنانەی لە جگەرەکەی دەدا، زەردەخەنەکە دەچووە سەر دەموچاوە هیلاکەکەی، چەند گەڵایەکی زەردبووی دارهەنارەکەی لێدەکردەوە و بۆنی دەکرد لەناو دەستەکانیدا هەڵی دەگڵۆفت، وەک شتێکی زۆر بەنرخ .
کەسە بەهێزەکان کات بۆ شتی بێنرخ تەرخان ناکەن، ئەوەی لەیادمە باوکم قەت ڕێگەی نەداوە چیرۆکە پوچەکان لە ماڵەوە بجونەوە، ئەو چیرۆکانەی باسی خەڵکی تێدابوایە، شەڕ شۆڕ هەرچی بوایە کەس ئازایەتی نەبوو باسی بکات، خولیایەکی تری باوکم بۆنکردن بوو، هەمیشە دەم دی نانێک میوەیەک خۆراکێک بەر لەوەی بیخستایە دەمێوە بۆنی دەکرد، ئێستەشی لەگەڵ بێت کە پاکەتی جگەرە دەبینم باوکم دێتە بەرچاو، کە نایلۆنە تەنکەکەی پاکەتی جگەرەکانی دەکردەوە پڕ بەهەموو سیەکانی هەڵی دەمژی و بۆنی دەکرد و چاوی دەنوقان، ئەوت مۆسیکێک تێکستێکی جوان مەستی کردوە.
باوکم سامانی لەدوای خۆی جێنەهێشت : دەیووت "من هیچتان بۆ جێناهێڵم بە پشتی گوێدرێژێک پێی بچن بۆ قڕگە" هیچتان بۆ جێناهێلم سبەی شەڕەشۆق بکەن و جوێن بە گۆڕم بدەن . بەڵام نائاگا گریانی بۆ جێهێشتم، ئێستا کە سەیری فیلیمێک دەکەم، کە هۆنراوەیەکی جوان دەخوێنمەوە، گوێم لە ناسۆری یەکێک دەبێت، کە دادەنیشم و لە دارستانە سوتاوەکەی ئەمەزۆن دەڕوانم، کە دیمەنی لافاوێک، هەژاریەک، نزا و کڕوزانەوەیەک، مۆسیکێکی غەمگین دەشنەوم، بێئاگا فرمێسک بەچاومدا دێتە خوارێ، منداڵەکانم دەڵێن، "بابە بۆ دەگری " ؟ منیش دەڵێم کوا ناگریم... چاوم ژان دەکات، دوایی دەڵێم کچم ... کوڕم ئەوە میراتی باپیرەتانە ئەوە لوتکەی مرۆڤ بوونە کە باوکم بەمنی بەخشیوە .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە