ڕەگ و ڕیشەی ئەقڵێکی کۆیلەکراو

Saturday, 07/09/2019, 8:26

4617 بینراوە


یەکێک لە عادەتە ھەرە باش و ناخۆشەکانی من ئەوەیە کاتێ بیر لەشتێک دەکەمەوە، ئەو بیرکردنەوەیە نەگاتە ڕەگ و ڕیشەی دڵم ئاو ناخواتەوە. وەکو تاکێکی خەمخۆری کوردیش کاتێ سەیری چواردەورم دەکەم لە دەرەوە و ماڵەوەش جگە لە کۆیلەبوون ھیچی تر نابینم، تەنھا کۆمەڵە مرۆڤێکی ڕۆبۆتی کۆیلەکراو بە ئەقڵ و ھیچی تر!
باشە، گەر منیش لەھەموو شوێنێ ھەر ئەوە ببینم ئیتر بەدەستخۆم نییە لەھەموو ساتێ ھەر بیر لەوە دەکەمەوە. مرۆڤ چی ببینێت و ببیستێت و بڵێت تەنھا ھۆشی لای ئەمەیە، لە ژیانی ئەم کۆمەڵگا نەفام و نەزانەی ئێمەشدا جگە لە کۆیلە ھیچی تر نابینیت و نابیستیت و ناڵێیت. کەسێک بیت وەکو من خەمخۆربیت و دوای ڕەگ و ڕیشەی دەرەنجامەکانی خۆی کەوتبیت، ئەو بیرکردنەوەیە دەیگەیەنێتە ئەو ئەنجامەی کە ئیتر ببێتە هێزێکی گەورەی هاوبەش و لە  کۆیلەبوون کۆمەڵگا رزگار دەکات،  بۆیە منیش لەخۆم دەپرسم، ھۆکاری ئەم ھەموو کۆیلایەتییە چییە؟!
با سەرەتا پێت بڵێم چۆن ئەقڵی کەسێک کۆیلە دەکەیت. ئەقڵ شتێکی ماددی نییە بڵێیت چوار دیوار لە دەوری دادەنێم و ئیتر بەندی منە، شتێکی وەکو دەست و قاچ نییە بڵێیت زنجیر و کەلەپچەیەکی لێدەبەستم و ئیتر کۆیلە و عەبدی منە، بەخێر. سەرەتا بزانە ئەقڵ چی دەکات؟ بیردەکاتەوە. کەوابێت تۆش دەبێت دەست بەسەر شێوازی بیرکردنەوەیدا بگریت گەر بێتوو بتەوێت ئەقڵەکە کۆیلە بکەیت و بیکەیتە ھی خۆت. باشە ئەی چۆن دەست بەسەر شێوازی بیرکردنەوەدا دەگریت؟!
سەرەتا دەبێت بزانیت سنووری ئەو بیرکردنەوەیە چەندە فراوانە. فراوانی بیریش سێ ئاستی سەرەکی ھەیە بەشێوەیەکی گشتی: یەکەمیان و نزمترین بیریان ئەوەیە کە ئەقڵی تەنھا شتی ماددی دەوروبەری ڕەچاودەکات، ئەمە ڕێژەی زۆرینەی مرۆڤایەتی دەگرێتەوە. دووەمیان ئەو ئەقڵەیە کە شتە خەیاڵاویی و ناماددییەکانی دروستکراوی بیر و خەیاڵی خۆشی ڕەچاودەکات، ئەمە زانا و داھێنەر و لێلۆڵەران دەگرێتەوە. سێیەمین و فراوانترین بیریان ئەو ئەقڵەیە کە ھەتا شتە ڕۆحییەکانیش ڕەچاودەکات لەگەڵ ھەموو ئەوانەی پێشووتردا، ئەمە ژیر و فەیلەسوف و وێڵبووەکانی نھێنی ژیان و گەردوون دەگرێتەوە. ڕێژەی زۆرینەی ھەرە زۆری مرۆڤەکانی ئەمڕۆ سنوری فراوانی ئەقڵیان تەنھا لە ئاستی یەکەمدایە لەکاتی بیرکردنەوەیە لە ھەموو شتێکی ژیانی ڕۆژانەیان، ھەر لە لەخەوھەستان و نانخواردن و ئیشکردن و کات بەسەربردن و سەیرکردنی تەلەفزیۆن و خواردن و خواردنەوە و ھەتا خەوتنەوەیان دووبارە. کەوابێت تۆش لەئاستێکی ماددیدا ئەو شتانە کۆنتڕۆڵ بکە کە دەیبینن و دەیبیستن و دەیڵێن، ئیتر دەستت بەسەر شێوازی بیرکردنەوەی زۆرینەی ھەرە زۆری تاکەکانی مرۆڤی ئەمڕۆدا گرتووە...!
بڕۆ بزانە تاکەکان لەژیانی ڕۆژانەیاندا زۆربەی کاتیان بە سەیرکردنی چییەوە بەسەردەبەن؟ تەلەفزیۆن و سۆشیاڵ میدیا، ھەر لە مناڵە بچووکە تازە ئاڵودەبووەکانەوە ھەتا کۆتا گەنج و پیریشمان! ڕۆژێکیان کە بە ھاوڕێیەکم وت من ھیچ سەیری تەلەفزیۆن ناکەم وتی ئەمە موعجیزەیە! ڕاستە ئیتر، موعجیزەیە کەسێ ئاڵودەی سەیرکردنی تەلەفزیۆن نەبووبێت. ئێستا، تۆ وەرە تەنھا ناوی یەک کەناڵێکم پێبڵێ سەربەخۆ بێت و ناحکومی بێت؟! چ کەناڵێک بۆی ھەیە شتێک پێشکەش بکات گەر لەدەرەوەی ئەو شتانە بێت کە پارتی و یەکێتی ڕێگەی پێدەدات؟! کێ بۆی ھەیە بڵێت من کەناڵێک دادەمەزرێنم و حکومەتیش بۆی نییە دەست لە کارەکانی کەناڵەکەمەوە وەربدات؟!... ئەی سۆشیاڵ میدیا؟! من دوو خولەک سەیری سۆشیاڵ میدیا بکەم دڵم دەتەقێت، بەس بڕۆ سەیری ئەو گەنجانە بکە بیست و چوار سەعات ئاخ و ئۆفیانە و جگە لە کات کوشتن و ڕابواردن خەریکی ھیچی تر نین! وەرە لە سۆشیاڵ میدیا پەیجێکی ھۆشیاری و پەروەردەیی و ڕۆشنبیریم بۆ بدۆزەوە لە تەنھا یەک پەیجی کات کوژ و بێمانا و کۆمیدی و ناڕەوشتی شوێنکەوتەی زیاتر بێت؟!... ئا بەم شێوەیە پارتی و یەکێتی ھەموو کەناڵەکانی تەلەفزیۆن کۆنتڕۆڵ کردووە و ھەموو ژیانی ئەم گەنجانەیان تێکداوە بە سۆشیاڵ میدیا، بەوەش زۆربەی ئەو شتانەیان کۆنتڕۆڵ کردووە کە تاکەکان دەیبین لەژیانی ڕۆژانەیان و بە ویستی خۆیان مێشکیان تێکداون.
ئینجا بیستن، ناوی یەک دەزگایەکی ڕاگەیاندنم پێبڵێ کە ناحکومی بێت؟! نە لە کەناڵەکانی تەلەفزیۆن، نە لە سۆشیاڵ میدیا، وە نە لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانیش، ھیچ تاکە ھۆکارێکی ڕاگەیاندنی سەربەخۆی ناحکومیمان نییە! دەکەوابێت ئەوان بیانەوێت تۆ چی ببیستیت ئەوە بڵاودەکەنەوە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن ئینجا ڕاست بێت یان درۆ گوێی پێنادەن چونکە بەرژەوەندی خۆیان لەپێش ژیانی تاک بە تاکی ھەموومانەوەیە. بەم شێوەیەش، ھەموو شتێک کۆنتڕۆڵ دەکەن کە ھەر تاکێک لەژیانی ڕۆژانەی دەیبیستێت.
لە کۆتاییشدا، وتن. ئادەی وەرە کەسێکم پێمبڵێ بوێری ئەوەی ھەبێت بەئازادی بتوانێت قسە بکات و باسی ڕاستییەکانی ژیانی کۆمەڵگا و تاکەکانی بکات؟! گەر کەسێکی لەم شێوەیە ھەبوایە چ پێویستی بەوە دەکرد من بەم شێوەیە ئەم وتارە بە خوازناوێک بڵاوبکەمەوە بە نھێنی لەجیاتی ئەوەی بڕۆمە سەر شەقام و بەئازادی قسە بۆ ئەو خەڵکە بکەم؟! بۆ پارتی و یەکێتی نامکوژن؟! نامگرن؟! بێ سەروشوێنم ناکەن؟! گەر ھەر کەسێ بیتوانیایە بەئارەزووی خۆی ئەوە بڵێت کە ھەیەتی، ئینجا ڕەخنە بێت یا ستایش، حاڵی من و ھەموو ئەوانەی تر کە دەیانەوێت کۆمەڵگا ھۆشیار بکەنەوە بەم شێوەیە دەبوو؟! ئاوا لەژێر سێبەر و پشتی و پەردە و بە ڕاکە ڕاک دەبوو؟! نەخێر ھاوڕێ، پارتی و یەکێتی ڕێگای دەمبەستنیان زۆر زۆرە بۆ بێدەنگکردنی من و تۆ و کۆتا کەسیش کە بیەوێت قسە بکات.
ئێستا کە پارتی و یەکێتی ھەموو شتیکیان کۆنتڕۆڵ کردبێت کە تاکەکانی کۆمەڵگا دەیبینن و دەیبیستن و دەیڵێن، واتە ئەوان ھەموو سنورێکی ماددی بیرکردنەوەیان کۆنتڕۆڵ کردووە بۆ تاکەکانی کۆمەڵگا! کەوابێت ئەوە ئەوانن بڕیار لەسەر شێوازی بیرکەدنەوەی تاک بە تاکی کۆمەڵگا دەدەن... تەواو!
ئەمە بریتوو لەوەی چۆن پارتی و یەکێتی ئەقڵی ئەم خەڵکەیان کۆیلەکردووە، بەڵام ئێستا با پێت بڵێم ڕەگ و ڕیشەی ئەم کۆیلایەتییە چییە. سەیرکە، گەر پارتی و یەکێتی ھەموو سنورەکانی ماددی بیرکردنەوەیان کۆنتڕۆڵ کردبێت، دەبێت واشبکەن تاکەکانی کۆمەڵگە بەھیچ شێوازێک لەم سنوری بیرکردنەوە نزم و لاوازە دەرنەچن تاوەکو بتوانن کۆنتڕۆڵیان بکەن و بەردەوام بن لە کۆیلەکردنیان. واتە بەزمانێکی تر، گەمژە و نەفام و نەزانیان بکەن، تا نەوەکو ئەقڵیان بەوە نەشکێت کە کۆیلەن، بەڵکو واشبزانن ھەر بەڕاستی ئازادن لەبیرکردنەوە لەکاتێکدا ھیچ وانین...! ئەمەیە خاڵی کلیلی و ڕەگ و ڕیشەی ھەموو جۆرە کۆیلایەتییەکی ئەقڵی! ئینجا ئێستا چۆنیش ئەقڵی کەسێک نەزان و نەفام و گەمژە دەکەیت؟ بە کۆنتڕۆڵکردنی ئەو ڕێگایەی ئەقڵی گەورە دەکات و پێی گەشەدەکات!... لەجیاتی ئەوەی ڕێگە بدەیت ئەم ئەقڵە خوێندەوار و ھۆشیار و ڕۆشنبیر گەورەبێت و گەشەبکات، دەبێت وابکەیت ئەو ئەقڵە نەخوێندەوار و ناھۆشیار و ناڕۆشنبیر گەشەبکات، تاوەکو بتوانیت فراوانی بیری لەو سنورە نزمەدا بھێڵیتەوە کە تۆ دەتوانیت کۆنتڕۆڵی بکەیت بەو دەسەڵاتەی تۆ بەسەر ژیانی تاکەکانی کۆمەڵگاوە ھەتە. جا ئێستا ئەقڵی کەسێک بە چ ڕێگایەک گەورە دەبێت و گەشەدەکات؟! بە پەروەردەکردن... کەوابێت پەروەردە ڕەگ و ڕیشەی ئەقڵێکی کۆیلە کراوە...!
سێ جۆری پەروەردەکردن ھەیە بەشێوەیەکی گشتی: پەروەردەی دایک و باوک، پەروەردەی قوتابخانە، لەگەڵ خۆپەروەردەکردن. پەروەردەی دایک و باوکت ھەرگیز واتلێناکات ببیت بەکەسێکی خوێندەوار ھۆشیار و ڕۆشنبیر، دەزانیت بۆچی؟! چونکە گەر باوانمان بەو شێوەیەبان ئەمڕۆ نەوەی ئێمە لەم حاڵەدا نەدەبوو. پەروەردەی قوتابخانەش بە سیستمی پەروەدە و فێرکردن... ببورن گێژکردن، ھەتا خوا دەڵێت بەسە گەمژە و نەخوێندەوار و خەوتووت دەکات! خۆی سیستمێکە پارتی و یەکێتی دەستیان بەسەردا گرتووە ئیتر چۆن ڕێگە دەدەن تۆ ھۆشیار و ڕۆشنبیر بیت بەھۆیەوە؟! نەخێر، بەڵکو تەنانەت بەکاریدەھێنن بۆ گەمژەکردن و خەواندنت!... چەندەھا ساڵە لە سەرانسەری جیھان سیستمی پەروەردە و فێرکردن بۆ خەواندن و گەمژەکردنی تاکەکانی نەوەی داھاتوو بەکاردەھێنرێت.
ئەوەی دەمێنێتەوە خۆپەروەردەکردنە، لیۆناردۆ دا ڤینچی دەڵێت "باشترین شێوازی پەروەردە خۆپەروەردەکردنە." کەسێک کە لەلایەن کەسێکی ترەوە پەروەردە بکرێت، ئینجا دایک و باوکی بێت یا پارتی و یەکێتی بە سیسیمی پەروەردە و گێژکردن، ئەوا فراوانی سنوری بیری لەلایەن ئەو کەسەوە دیاری دەکرێت کە پەروەردەی دەکات و ئەقڵی دەبیتە ھی ئەو کەسە! بەڵام تۆ کاتێ خۆت خۆت پەروەردە دەکەیت، ئەوە واتە خۆت فراوانی سنوری بیرت دیاری دەکەیت و ئەقڵت دەبێتە ھی خۆت...!
دەزانیت جیاوازی نێوان ئەم دوو سنوری بیرکردنەوەیە چییە؟ ئەوەیە کەوا کاتێ کەسێک کە لەلایەن دایک و باوکی یاخود قوتابخانە پەروەردەکراوە، تەنھا ئەوە دەبینێت و دەبیستێت و دەڵێت کە سیستمەکانی کۆنتڕۆڵکردنی پارتی و یەکێتی دیاریانکردووە چونکە ھەموویان خەوێنراو و گەمژەکراو و کۆیلەکراون بەو سیستمانەوە. بەڵام کاتێ کەسێک کە لەلایەن خودی خۆیەوە پەروەردە بووە دوور لە سیسیمەکانی کۆنتڕۆڵکردنی پارتی و یەکێتی، جگە لە کۆیلە ھیچی تر نابینێت و نابیستێت و ناڵێت لە ژیانی ئەم کۆمەڵگا نەفام و نەزانەی ئێمەدا. ھەرچەندە ئەمیش لەسەرەتادا ھەر کۆیلەیە و خەوێنراوە، بەڵام تاکە ڕێگە بۆ دەرچوون لەم کۆیلایەتییە خۆپەروەردەکردنە! ئینجا کە بە خۆپەروەردەکردن بەخەبەر ھاتەوە جگە لە کۆیلە ھیچتر نابینێت و نابیستێت و ناڵێت.
کەوایە ئیتر گەر تۆش کەسێکیت داوای گۆڕان دەکەیت و بۆ داھاتوویەکی باشتر لێرەیت بۆ ئەم کۆمەڵگە خەوتوو و دواکەتووەی ئێمە، کەسێکیت دەتەوێت خۆت بەخەبەر بێیتەوە و ئەوانی تریش بەخەبەر بھێنیتەوە لەم کۆیلایەتییە، وە تەبعەن کەسێکیشیت بۆ ھەڵوەشاندنی ھەموو سیستمەکانی کۆنتڕۆڵکردنی پارتی و یەکێتی لێرەیت، بڕۆ لەخۆتەوە دەستپێبکە و خۆت خۆت پەروەردەبکە تا خۆت بەئاگا دێیتەوە و وەکو من جگە لە کۆیلە ھیچیتر نابینیت لەچواردەورت لەدەرەوە و ماڵەوەش، ئینجا بڕۆ تۆش دەستبکە بە ھۆشیارکردنەوەی ئەم میللەتە حیللەتە خەوتووە وەکو من... جگە لەم ڕێگایە تەنھا یەک ڕێگای تر ھەیە بۆ جەنگی ھۆشیارکردنەوەی تاکە کۆیلەکراوەکان دژی پارتی و یەکێتی، ئەویش بە چەک و گولە و خوێنە! پێشم وانییە کۆمەڵگایەک بین بوێری شۆڕشێکی خوێناویمان ھەبێت ئەگینا تا ئەمڕۆ دەبێت ھەزار جار کرابا، کەوایە تۆش وەرە وەکو من پەناببە بەر شۆڕشێکی ھۆشیاری لەڕێگای پێنووس و تێنووسەوە ھاوڕێ، با چیتر کات بەفیڕۆ نەدەین و بوار نەڕەخسێنین بۆ ئەو دوژمنەی کە لە بێگانە خراپتر ھەوڵی لەناوبردنمان دەدات... تکایە، ئیتر ئێوەش شتێک بکەن ئینجا ھەرچییەک بێت. ھەرچەندە من ھەتا یەک دڵۆپە خوێن لە دڵما مابێت دەستبارداری خاک و گەلم نابم بۆ ئەو دوو بنەماڵە بەکرێگیراوەی تورکیا و ئێران، بەڵام منیش بەتەنیا تەنھا داشێکی خوراوم، بەڵام ھەتا داشە خوراوەکانیش بە کۆمەڵ دەتوانن شا کش و مت بکەن...!.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە