بۆچی نەمانتوانی لە تۆڵەی ئەو هەموو تاوانەدا "زەعیم سدیق " بکوژینەوە

Saturday, 07/09/2019, 15:53

7696 بینراوە


ئۆریانا ڤالاچی: لە ڕۆمانە خنجیلانەکەیدا بە ناوی (نامەیەک بۆ ئەو کۆرپەیەی کە هەر لەدایک نەبوو)، دەڵێت: جیهان دەگۆڕێت، بەڵام هەموو شتێک وەک خۆی دەمێنێتەوە.
--------------------------
دەڵێن : یادەوەری دەستی خۆی دەوەشێنێت گەر مرۆڤ نەشیەوێت ، ناوی ئەو پیاوەی دوژمنم لە خوشکە گەورەکەمەوە بیست ، چونکە ئێمە ماڵمان لە "حەوشی گەورە " بوو خوشکەکەم لاشەی کوژراوی چایچێکەی دیبوو ، کەناوی نامدار ببوو ، لەو کاتانەدا خوشکەکەم منداڵی گەورەی ماڵ ببوو ، هەربۆیە زۆربەی بەیانیان ناردبویان بۆ کڕینی نان و ماست لای مزگەوتی گەورە ، ئاوا چیرۆکی ئەو بەیانی یەو لاشە ساردبوەکەی بەدەستی "زەعیم سدیق " دەگێڕایەوە ، خوشکەکەم چیرۆکێکی دەگێڕایەوە کە زەمەن قوتی دابوو ، زۆر کاری لێکردبوو ، چیرۆکی قەدەکردنی هاتوچۆ "منع التجول" لەناو لاشەیەکدا وێنە کرابوو بۆ کچێکی منداڵ ، کە جگە لەپەپولەو ڕێحانەو گوڵ و چۆلەکە پاساری هیچی تری نەناسیبوو تائەو بەیانی یە ، بەڵام دوای شکانی چەند دەم ژمێرێکی قەدەغەکردنی هاتوچۆ ، ئەو وەک زۆری بەیانیان بەنیازی کڕینی ماست دەچێتە سەر شەقامەکە ، لەوێ لاشەی چایچیکە دەبینێت " نامدار" لەو دەمەدا ژنێک دەبینێت کە سەرپۆشەکەی سەری دادەگرێ و دەیدات بەسەر لاشەکە ی" نامدار"دا وعەبا ڕەشە زەرد باوەکە لە دەموچاوی دەئاڵێنێت و بەخێرایی هەنگاو دەنێت . کەژنەکە دوور دەکەوێتەوە سەرپۆشە سپێکەی سەر لاشەکە هێواش هێواش ڕەنگی سور دەبێت ، ئەم چیرۆکە کورتەم دەیان جار لەدەمی خوشکەکەمەوە بیستوە. خوشکەکەم بێئەوەی بەخۆی بزانێت فۆڕمێکی نوێ بۆ گێڕانەوەی تراژیدیای شار دەهێنایە سەر زمان .
دوای گەورەبوون زانیم کە چیرۆکی شکۆو بوێری لەناو گەلی ئێمەدا غایبە ، بۆیە هەموو ئەو کەسە داگیرکەرو خائینانەی ناوخۆمان وەک بەرزەکی بانان بۆی دەر دەچن ، دوایش لەسەر جێگە ماڵئاوای لە ژیان دەکەن ، وەک پاڵەوان مێژوو لێیان دەڕوانێت و خۆشیان هیچ هەست بەئازارو شەرم و دوندڕی ناکەن ، لەو ژیانەی بەسەری دەبەن لەدوای ئەو هەموو تاوانەدا کە ئەنجامیان داوە .
یەکێک لەو هۆکارانەی کە ئێمە ی بەئازادی و سەرفرازی نەگەیاندوە ، لێبووردن بووە لەخائینەکانمان یان دوژمنەکانمان کە سەرچاوەکەی لە میهرەوە نی یە، بەڵکو لەترسنۆکیەوەیە و وەک نەریتێک نەوە دوای نەوە بەمیرات بۆمان ماوەتەوە. ، جارێک کتێبێکم لەسەر "مۆساد" خوێندەوە لەوێدا هەستم بە شتێک کرد کە ئێمە نیمانە وەک گەل ، لەو کتێبەدا ئاماژە بەخاڵێک کراوە کە هەرکەسێک جولەکە یان بێگانەیەک لەهەر تیرەو نەتەوەبێت ، بیەوێت یان بخوازێت زیان لە ئیسرائیل بدات ، ئەوان لێی نابورن . واتە ئیسرائیلێکان لە خەیاڵی کەسێکیش نابورن کە زیانیان پێبگەیەنێت . چجای دوژمنایەتیان بکەیت ؟ بەڵام ئێمە گەورەترین تاوان بار ، فڕۆکەوانی جەنگی ، بەعسی، ئیتڵاعات ،میت ، ساواک ، لەڕێگەی ئێمەوە دەڕۆن و وەک بەردەباز بەکارمان دەهێنن . هەر لەم ساڵانەی دوای ڕاپەڕینەوە سەدان نمونەی قێزەون و چیرۆکی مەهزەلە ئامێز سەرگەردانی کردین ، تاریق ڕەمەزان ، تەها محێدین مەعروف ، نزار خەجرەجی، شیخ جەعفەر ، خەزورەکەی قوسەی ، جبورێکان ، ئەو هەموو مستەشارە سوکە کە هەڵگری سەدان تاوانن ، تەوارێکان ، جاش شەعبێکان ، فایلدارەکان ، سیخوڕەکان ، هتد ئەرێ ئێمە چ گەلێکین ....؟ لەسەر میراتیەک ، لەسەر دەمەبۆڵێیەک ، لەسەر ترافیک لایتێک ، لەسەر نیگایەکی خوشکێکمان ، لەسەر مۆڕەکردن لەیەکتری ، لەسەر خۆڵڕشتن و شەڕی منداڵان . دەیان کەسمان کوشتوەو خەڵتانی خوێنمان کردوون ، کە چی هەرگیز ئازایەتی ئەوەمان نەبوە تاوانبارێک لەسەر خاک و نەتەوەکەمەکان بەسزا یان دادگای بگەیەنین .
مۆنیکا هانز ئێرتل ، کچی ئەو دەرهێنەرە ئەڵمانیە لەمێژە دەڵێت باسم من وانەی تۆڵەکردنەوەم ،چونکە مۆنیکا گیڤارای خۆشدەوێت ئەو بڕوای بەو میتۆدەیە کە گیڤارا خەباتی بۆکردبوو ، کاتێک گیڤارا شەهید دەکرێت ، مۆنیکا لەو دکتۆرە نابورێت کە هەردوو دەستی گیڤارا دەبڕێتەوە " ڕۆبێرتۆ کینتانیلیا بیریز" ئەو دکتۆرە فاشلەی دەستی تەرمێک دەبڕێتەوە و بیری دەچێت ئەو دکتۆرە نەک قەساب ، مۆنیکا خۆی دەکاتە ڕۆژنامەنوس و دەچێت بەگولەیەک گیانی دومەڵێکی پیس هەڵدەکێشێت و مۆنیکا مێژوو دەنوسێتەوە ، کە تۆڵەکردنەوە مانای ڕاگرتن و سنور دانانە بۆ تاوان . بەر لەچەند ساڵێک سەیری دۆکۆمێنێکم دەکرد لەسەر دوای ٣٠ساڵ لە کوشتنی گیڤارا کە دوو ڕۆژنامە نوسی سوئیدی بەرهەمیان هێنابوو ، لەپۆلیڤیا ئەو ئەفسەرە خانە نشینەیان دۆزێوە کە بەشداری کردوە لە گولە بارانکردی گیڤارادا، یان لەنزیکەوە ئاگای لێبوە ڕۆژنامە نوسەکان مامەڵەی لەگەڵ دەکەن کە بەچەند هەزار دۆلارێک قسەیان بۆ بکات ئەفسەرە خانەنشینەکە نایەڵێت کامێرا بکەنەوە دەڵێت گەر خەڵک بزانێت من بەشداری کارێکی وام کردوە نەوە دوای نەوە لەم ووڵاتەدا لەناومان دەبەن ، تەنها دەنگی کابرا یە دەڵێت: من بەنیازم کتێبێک بنوسم ئەو پارەیە کەمە کە ئێوە دەم دەنێ من زیاتر بەکتێبەکە پەیدا دەکەم ، بەڵام کەی پیرە مەڕەکە کتێبەکەی دەنوسێت ؟ ئەوە مۆنیکابوو خەڵکی فێرکرد تەنانەت ئازایەتی باسکردنی تاوانیشیان نەبێت .
لەم شەوانەدا لە نێتفلێکس سەیری دۆکۆمێنتێکم کرد لەسەر "ڤیکتۆر غارا" یان ڤیکتۆرگارا دایک و ژنەکەیم دی دوای ٤٠ساڵ چۆن تاوان بارانیان دا بەدادگاو ٨ سەرباز لە پیاوەپوتەکانی "پینۆشێت " ئەو دیکتاتۆرە ی کە شێلی کردبۆ گۆمی خوێن بە١٥ ساڵ زیندانی حوکم دران . لەو دۆکۆمێنتەدا بەدڕەوشتی سیستەمی ئەمەریکیت بۆ دەر دەکەوێت ، کە چۆن یەکێک لەتاوانبارەکان بەناوی "پێدرۆ بەرێنتۆس" کە بۆتە هەڵگری ناسنامەی ئەمەریکی نەدرایە دادگا ،ئەوە دیمکراسی نی یە بەڵکو ئەوە ئەو پاسەوانەیە دژ بە ڤیکتۆر گارا کە پەیامێکی دادپەروەری و سۆسیالیزمی هەبوو کە دژ بە سیستەمە پوچەکەی سەرمایەداری بوو ، پێدرۆ ئەمەریکا بۆتە داڵدە بۆی ، بەڵام بەمەیتیش بۆی نی یە بگەڕێتەوە نیشتمان ، ئەو ئیتر زۆڵێکە بێخاک ..
ئەم نمونانەم بۆیە هێنایەوە تائێمە فێربین سنورێت بۆ دەستدرێژی و تاوانکاری خیانەت دابنێین ، ئێمە گەلێکین تەنها لەسەر کڕوزانەوە و لەڕێگەی کڕوزانەوەوە دەمانەوێت باس لە تراژیدیاکانمان بکەین ، ئاخر ئێمە مەڕنین ؟
نازم حیکمەت دەڵێت:
تۆوەک مەڕی براکەم
کاتێک کابرای جەڵەبچی دارەکەی هەڵدەبڕێ
خێرا دەستو برد دێیتەوە ناو مێگەل
تاڕادەیەک بەشکۆوە بەرەو قەسابخانە
هەنگاو دەنێی....
من زۆر بە وریایەوە هەرسێ بەرگەکەی شایەتحاڵەکانی ئەنفالم خوێندەوە و دەیان چیرۆکی لە تۆپزاوە نونگرە سەلمانم گوێلێگرت ، سەدان جار ناوی "حەجاجم " هاتەوە گوێ و بەرچاوانم، بەڵام کەسم نەدی بڵێت با ئیتر سنورێک بۆحەجاجەکان دانێین ....! گەر ئێمە بەدرێژای مێژوو بمان توانیایە یەکێک لەو یەکانانەی کە خوێنی دەڕێشتین بەسزا بگەیەنین ، ئەوە بەم ڕۆژە نەدەگەشتین .
ئاخر چ شەرمەزاریەکە کە نزار خەدرەجی تاریق هاشمی چەندانی تر سەرکردەو سیاسێکانت شکوایان بۆ بکات لەدادگاکانداو بەئەسترەی گەشاوەیان بشوبهێنن ، پێچەوانەکەی کە ئەوانەی دادگایان لێگرتوون درۆدەکەن و بوختانیان بۆ هەڵدەپێچن .
جارێک بیرمە لە بەرگەڵو لە کاک نەوشیروانم پرسی: داخۆ هیچ دەربارەی زەعیم سدیق دەزانێت ؟
ئەو ووتی : کاتێک حاجی عەبدولڕەزاق سەید مەحمود پارێزگاری سلێمانی بوو گڵۆپی سەوزی بۆ زەعیم سدیق و چەند جەلادێکی تر هەڵکرد ، وەک "عەقید جاسم ، موقەدەم فەیسەڵ ، محەد عەلی حسێن ، چەند کەسی تر کە دەستیان ئاوەڵابوو لە کوشتنی خەڵکی سڤیلدا ، خەڵکانی زۆریشیان لە سلێمانی و کۆیە و جێگەکانی تر گولەبارانکرد .
کاک نەوشیروان ووتی: ڕاستی ئێمە نازانین ئەوانە لەکوێن ؟ ڕەنگە نەش مابن ، پاشان عێراق و بەعس ئەڵێ دەواجنیان هەیە ڕۆژانە نەقیب و عەمیدو ئەفسەر دەخەنە بازاڕەوە.
جاران ئێمە کیانێکمان نەبوو ، بەڵام ڕێخراوی ئازادی ئەرمەنێکان لەتۆڵەی قوربانێکانیان دەیان جەنەڕالی تورکیان لە ئەڵمانیا بەسزای خۆیان گەیاند ، ئێستا ئەرمەنێکان کیانیان هەیە بەڵام کاتێک نەشیان بوو توانیان سنورێک بۆ دەستدرێژی جەنەڕاڵە تورکەکان دانێن و ڕایانگرن ، ئێمە ٢٨ساڵە کیانێکمان هەیە هەرێمێک کە هەرچۆنێک بێت ، دوو دەزگای سیخوڕیمان هەیە کە جگە لەسیخوڕی بەسەر گەلە کەیەوە هیچ ناکات ، دەیان مەخفەرو ئاسایش و دەزگای ترمان هەیە سەدان قولەو جێگەی شاراوەمان هەیە کە چەک و نیگابانی تێدایە ، کەچی نەئەنفال چیەک نە زەعیم سدیقێک نە تاریق هاشمیەک نەموستەشارێک یان سیخوڕێک فایلدارێک نەڕووشاوە لەو جێگایانە دا ، بەڵکو بەپێچەوانەوە دیوەخانیان بۆ کردونەتەوە ، دادگاکانمان جێگەی ساغکردنەوەی خانو بەرەو تەڵاق و چەقۆکێشانە ، نەک کەیسی هەڵەبجەو گۆپتەپەو چیمەن و کەرکوک و شەنگال و جێگەکانی تر . لەم دنیا دیگیتاڵەدا خەڵکی هێندەی بە دوای گەعدەو نێرگەلەو هەواڵی ئەولادەکانی کەریمەوەن ، یەک جارێک چی یە باسی تاوانبارێک ناکەن، چونکە دەڵێ هەموو گەلەکە تاوان بارن . من زۆر منداڵ بوو لەگەڵ یەک دوو هاوڕێما ڕێخراوێکمان دروستکرد ناومان نا "چەقۆی ڕەش" ناوی ئەو خەڵکانەمان لەدەفتەرێکی ٣٠ پەڕەیدا دەنوسی کە دەچون بۆ کۆبونەوەی قاتعی بەعسێکان باوکم ووتەنی ئەو پیاوانەی لەناپیاویدا حەبە سەوزەکەیان قوتدابوو ، ئەو پیاوانەی کە ببونە جەیشی شەعبی و عەسران بەپاس دەچون بۆ ڕاهێنان بەخۆیان کڵاسیکۆفەکانیانەوە .
ئێمە تاکەی گەلێک بین تاوانەکانی زەعیم سدیق و حەجاج و، مولازم محسین و خۆفرۆش و فایلدارەکانمان بەدامێنمان هەڵگرین؟ دواجار کۆرێکان دەڵێن : "پیاو نابێت لەشەڕدا تەنها پشت بە تیژی شمشێرەکەی ببەستێت" .

ئەمانەی خوارەوەش لیستی چەند قوربانییەکی ئەو کاتەن،  کە زەعیم سدیق ئەنجامی داوە لەگەڵ سوپای عێراقیدا 
عوسمان جۆڵا لەگەڕەكی چوارباخ كە بۆ حەمام دەچوو تەقەیان لێكرد، برینداریان كردبوون، رایكردبووە ماڵی حاجی رەزایەكی پیری ریش سپی، هەرچەندە پاڕابوونەوە وازیان لێنەهێنابوو بەبرینداری لەسەربانی ماڵەكە شەهیدیان كردو تەرمەكەیان فڕێدایە كۆڵان.
*شەهیدكردنی نامدار، چایچی بوو لەنزیك مزگەوتی گەورە
*شەهیدكردنی لاوێك بەناوی عومەر مینەمیتو لەبەردەرگای خۆیان.
*پەلاماردانی ماڵان‌و هێنانە دەرەوەی هەزاران كوردی بێچەك‌و بێتاوان بەجلی نووستن‌و بیجامەوە راپێچكران بۆ ئەستەبڵەكانی حامیەی سلێمانی كە شوێنی وڵاخ بوو، بەبەنگەڵەكانی حامیە ناودەبران، چەند رۆژێك نان‌و ئاویان لێبڕین لەبرسا ناچاری خواردنیكی پاشماوەی وڵاخەكان ببوون، لەبەرئەوەی هیچ خواردنێكیان نەدەدانێ.
*لەسەرچنار شەهیدكردنی لاوێك بەناوی رەحیمی عەینە، جگەرخانەی لەوێ هەبوو لەسەربانی دووكانەكەی دەنووست، خەبەریان كردبۆوەو داوایان لێكردبوو تف لەوێنەی ئەو پێشمەركانە بكات كە هەڵیواسیبوون، جوێنی نەداو تفی لێنەكردبوون، بەقامچی شەهیدیان كردو تەرمەكەیان بەست بەدوای تانكیكداو لەحامیەی سلێمانی فڕێیاندا.
*شەهیدكردنی نوری عەریزەنووس لەسەرئەوەی جوێنی بەبارزانی‌و سەركردەكانی كورد نەدابوو.
*شەهیدكردن‌و زیندەبەچاڵكردنی كەمالی حەمەی فەرەج ئەفەندی هەر بەزیندوێتی بەشۆفڵ گڵیان كرد بەسەریدا.
*دەسگیركردنی چوار مامۆستا كە خۆیان هەموو یاریزانی تۆپی پێ‌و باسكەو بالەو گۆڕەپان‌و مەیدان بوون‌و چوار ئەندامی چالاكی پارتی‌و یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بوون، ئەوانیش شەهیدان:
ماموستا یاسین حەمە ساڵح كە باشترین یاریزانی كوردستان بوو، مامۆستا محەمەد حاجی ساڵح ناسراو بەحەمەبۆر – یاریزانی باسكە. مامۆستا ئەنوەر سەعید دارتاش برای كاك فەرەیدون دارتاش، لێپرسراوی لقی سلێمانی (پ.د.ك)و پیاویكی نیشتمانپەروەرو ناسراوی ناو پارتی بوو، مامۆستا ئیسماعیل ئیبراهیمی بەلوعەچی بەقۆڵبەستراوی لەیاریگای سلێمانیەوە بردبوونیان بۆ حامیەی سلێمانی، لەڕێگە لەناو زیلی سەربازیدا سروودی (ئەی ڕەقیب) یان وتبوو، هەر لەوێدا پێكەوە گوللـەبارانیان كردن، مامۆستا یاسین ویستبووی دەربازببێ، بەدۆشكەی دەبابە شەهیدكرا، هەرچوار شەهید پێكەوە خرابوونە چاڵیكەوە، لەگفتوگۆی شوباتی 1964دا، لەگەڵ شەهیدانی تری (شیووی مەرگ - وادی الموت) تەرمەكەكانیان دۆزرانەوە.
*شەهیدكردنی مامۆستا حاجی باقی لەسەرئەوەی دووربینە شكاوێكیان لەماڵەكەیدا دۆزیبووەوە كە دەبوو ماڵەكەی پڕبوایە لەئامێری فەلەكی، ناوبراو ئەندامی حزبی شیوعیی عیراق بوو.
*شەهیدكردنی پیاوی ناسراوی شارو نیشتمانپەروەر نامیق مستەفا ئاغا لەلایەن عەریف حەمید ناوێكەوە لەحامیەی سلێمانی.
*شەهیدكردنی عەلی ئاسنگەر لەماڵی خۆیدا لەكاتێكدا منداڵە ساواكەی لەباوەشدابوو.
*دووبرا بەناوی عەبدوڵڵاو محەمەدی حاجی عەبدولڕەحمان لەئیبراهیم پاشا لەبەردەمی دایكە پیرەكەیاندا شەهیدیان كردن، دواتر لەحەوشەی ماڵەكەیاندا ناشتیانن.
*شەهیدكردنی دووبرا بەناوی محەمەدو وەهاب كە هەر لەمزگەوتی جولەكان نێژران.
*لەبەرخانەقا (حەمەڕەشیدی لەگوڵان) بەقەمە شەهیدكرا، چونكە نەیتوانیبوو سواری زیلە عەسكەرییەكە بێت، بەقەمە سەریان خستبوو لەناو زیلەكەدا شەهیدبوو.
*شەهیدكردنی شێخ عەبدولی بابەگورون‌و شەریكەكەی عومەری حاجی یونس، چایخانەیان هەبوو لەكانێسكان. هەروەها منداڵێك بەناوی بابەعەلی خزمی مامۆستا شێخ فاتیح لەحامیە شەهیدكرا.
*گوللـەبارانكردنی حەمە دەمە لەبەرچاوی كۆمەڵێك كەسدا لەوانە، مامۆستای كیمیا كاك فایەق عارف، چونكە جنێوی نەدابوو بەسەركردەكانی شۆڕش.
*شەهیدكردنی ڕەفیق كونجرینی گوایە پردی عەلیاغای رووخاندووە، تەرمەكەیان لەحامیەی سلێمانی فڕێدابوو.
*شەهیدكردنی ئەحمەد كەریم (ئەحە نەوتە) لەدێی قڕگە لەگەڵ مەلا رەشید ناوێك كە تەمەنی (٩٠) ساڵ بوو، لەماڵەكەی خۆیداو خانووەكەیان بەسەرا سوتاندن.
*لەسەر رێگای سلێمانی-دوكان تیپێكی سەربازی بەسەركردایەتی ئەفسەر نەجیب كشمولە ناوێك، دێهاتەكانیان سووتاندو منداڵێك لەناو بێشكەداو لەژوورێكدا دەبێ، سەربازێك دەیەوێت رزگاری بكات، ئەفسەرەكە ناهێڵێت رزگاری بكات‌و هەر لەناو بێشكەكەدا دەبێ بەزووخاڵ‌و ئەفسەرەكە دەڵێ ئەمە توولە مارە! با بسووتێ...(فرخ الحیە).
*شەهیدكردنی شۆفێرێكی ماڵی حەمەی ئەوڕەحمان ئاغا، كە بەداخەوە وەك زۆر شەهیدی تر ناوەكەی نەزانراوە.
*چەند فەقێیەكیان لەمزگەوتی حاجی حان شەهید كرد، كە ئەوانیش تائێستا گومناون.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە