ئەگەر ئەم چوار ڕاستیەمان بە هەند وەرگرت، و گەڕاینەوە بۆ ئەو كولتورانە، کە هەبوون پێش ئیسلام لە ڕۆژئاوای ئاسیا و میسر، بەتایبەت ئاینەکان، و پاشان چاومان خشاند به بیروباوەڕ(عقیدە) و ڕێوڕەسمەکان(الشعائر) و شەریعەت و ڕەفتاری ئیسلام، دەبینین کە ئیسلام لە ناوەڕۆكدا پێكهاتێكی كولتورییە، كه ژێرخانە كولتۆرییەكەی عەرەبییە و بیروباوەڕ و ڕێوڕەسم و شەریعەی ئاینەکانی یەهودی و زەردەشتی و مەسیحی و ماندائی و مانویی، خراوەتە سەری، بەڵام كولتورى عەرەبی زاڵە بە سەریەوە، کە ئەمیش داڕشتراوە لەسەر داگیرکاری و تاڵانکاری (غەزو)، داگیرکاری و تاڵانکردن بە هەموو ڕوە وەحشیەکانیەوە.
لە ئاینی ئیسلامدا، ڕەگ و ڕیشەی بتپەرستی عەرەبی لە ڕێوڕەسمی حەج و عەمرە وقوربانیداندا بەدیاردەکەوێت. ئەم ڕێوڕەسمانەش لە دەوری ئەو بیروباوەڕەدا دەخولێنەوە، کە بتپەرستی عەرەبی قورەیش (بەردە ڕەشەکە – الحجر الأسود) ناوەندیيەتى. لە دینی ئیسلامیدا، ڕیشەی كولتورى داگیرکاری و تاڵانکاریى عەرەبی لە تەشریعەکانی دەسکەوت(الغنائم) و ئەنفالدا، دەردەكەوێت، وەك فەرهودکردن و بردنی ژنان وەك سەبایا و منداڵان وەك کۆیلە، هەروەها تەشریعەکانی جیهاد، كە لەسەر توندوتیژی و تۆقاندن بونیاتنراوە.
محەمەد، چیرۆکی دروستكردنی جیهان و مرۆڤ و لافاوە مەزنەکە و چیرۆکی پێغەمبەران و شەریعەتەکانی بەردبارانکردنی زیناکەرانی نێر و مێ و یاسای چاو لەجێـی چاو و دان لە جێـی دان (العَين بالعَين والسِّنّ بالسِّنّ) لە ئاینی جولەکەکانەوە، دزی. هەروەها بابەتەکانی شەیتان و فریشتەکان و ڕۆژی قیامەت و ڕۆژی لێکۆڵینەوە و پاداشت و سزا و خۆشیەکانـی بەهەشت و ئازارەکانی دۆزەخی لە زەردەشتیەوە دزی. هەر وەها هەندێك ڕێ وڕەسمی دەستنوێژگرتن و نوێژ و ڕۆژوگرتنـی لە مەندائـی و مانییەوە دزی، و خۆشەویستی و کۆنترۆڵکردنی ئارەزو و دونیا نەویستی، لە مەسیحیەوە دزی.
بەڵێ، ئیسلام تێكەڵكراوێكی داگیرکاری و تاڵانکردنه، لە کاتێكدا کە دەکرا ئەم تێکەڵە كولتورييه ببوایە به پرۆژەیەکی كولتورى شارستانیى بۆ میللەتانی ڕۆژئاوای ئاسیا و داوای چەسپاندنی ڕاستی ودادپەروەری بکردایە و بەدیهێنەری ژیانێكی باشتر بوایە بۆ خەڵك، و جیهانێکی پڕ لە ئاسودەتر و ئاوەدانتر دروست بکردایە، بەڵام تەنها شتێك تێکەڵەکەی بۆگەن کرد و پرۆژەکەی تێكدا و کردیە کارەسات بۆ گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین، و پاشان بازنەی کارەساتەکە بڵاوەی كرد و هەموو گەلانی داپۆشی، لە سنوری چین لە ڕۆژهەڵاتەوە هەتا چیای بێرینە لە ڕوژئاواوە. ئەو شتەش جينى كولتورى داگیرکاری و تاڵانکاری و تۆقاندنه (الغزو والإرهاب)، کە ڕەگ و ڕیشەیەکی قوڵی هەیە لە كولتورى عەرەبی بەدوودا.