بۆچی دێموکڕاتەکان دژایەتی پ.ک.ک دەکەن؟

Wednesday, 11/09/2019, 21:48

8273 بینراوە


لە نێو هەمو ئەو حیزبانەی کە لە چوار پارچەی کوردستان بە دێموکڕات ناسراون، قین، بوغز و دژایەتیەکی قووڵ و بەرین بەرانبەر بە پ.ک.ک دەبیندرێ.
دێموکڕاتەکان سەرەڕای هەمو ناکۆکی، دوژمنایەتی و ڕابردوی خوێناوی کە لە بەینی خۆیان هەیانبوە، بەرانبەر بە فکر و بزوتنەوەی ئاپۆیی تەواو کۆک و یەکدەنگن.

مێژوو و پاشخانی فکری
ئەگەر کۆنە قینی شەڕی ناوخۆیی حیزبەکان بە پێوەر بگرین، جیا لە شەڕی پ.د.ک (پارتی دێموکڕاتی کوردستانی عێراق) و پ.ک.ک لە نەوەدەکانی سەدەی بیست، شتێکی بەرچاو لە شەڕی پ.ک.ک و دێموکڕاتەکان نابیندرێ. بە پێچەوانەوە زۆرترین خوێن لە بەینی پ.د.ک و حیزبە دێموکڕاتەکانی کوردستانی ئێران ڕژاوە. شەش کەس لە سەرکردە و ڕێبەرانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران ڕاستەوخۆ بە دەستوری مەلا مستەفا شەهید کراون (کاک سلێمانی موعینی، سەدیقی ئەنجیری، مەلا ڕەحیمی وێردی، ئەسعەدی خودایاری، خەلیل شەوباش، قادر شەریف). دەیان کەسی دیکەشیانی بە زیندوویی تەحویلی ساواکی شای دایەوە کە زۆربەیان ئیعدام کران . بۆ نمونە جەماعەتی ساڵە لاجانی ١٠ کەس بون کە شانبەشانی پێشمەرگەی باشور دژی سپای عێراق دەجەنگین، لە لایەن پاراستنی پارتی دەستبە سەر کران و لە سنوری حاجی ئۆمەران ڕادەستی حکومەتی شای ئێران کرانەوە(١٩٦٨) . کە تەنیا یەک کەسیان بەناوی پیرۆتی گردێنە لە مردن ڕزگاری بو .
سەدان کادر و پێشمەرگەی دیکەی دێموکڕات لە دەورەی مەلامستەفا و مەسعودی کوری بۆ ڕازی کردنی شا و کۆماری ئیسلامی کوژراون. دیموکڕاتەکانی ئێرانیش لەشەڕەکانی داسەپاوی پ.د.ک ژمارەیێکی زۆریان قیادە موەقەت کوشتوە. هەر ئەم دو دێموکڕاتە لە شەڕی ناوخۆیی ساڵەکانی ١٩٨٨ تا ١٩٩١ دەیان پێشمەرگەی یەکتریان خەڵتانی خوێن کردوە.
دو ڕێبەری پارتی دێموکڕاتی کوردستانی تورکیا (دوکتور شوان و سەعید ئاڵچی) بە دەستوری مەلامستەفا شەهید کران. دەیان شۆڕشگێڕی دیکەی ئەم پارتە بە دەست بارزانیەکان لە ناو چون.
ئێستا دەبینین کە هەر دو دێموکڕاتەکانی ئێران، پاشماوەکانی پارتی دێموکڕاتی کوردستانی سوریە(ئە.ن.ک.س) و پارتی دێموکڕاتی کوردستانی تورکیا لە بن چەتری حیزبی بنەماڵەی بارزانی(پ.د.ک) دا دوژمنایەتی بیر و بزوتنەوەی پ.ک.ک دەکەن. بە دەرەجەیێکی کەمتر کۆمەڵەی لقی مۆهتەدی،ئیلخانی‌زادە، حیزبی سوسیالیستی کوردستانی ئێراق، بەشێکی سەرکردایەتی یەکیەتی و گۆڕانیش کە گیرۆدەی ڕانتخۆری، پارە و دەسەڵات بون، کەوتونەتە ئەم ڕێچکەیە.
لەم ڕێگایە دا هەمو سنورەکانی ئەخلاقیان بەزاندوە. لە درۆ، بوختان، شڵتاغ، فتۆشاپ، تاکتیکەکانی ماکیاولی و سەفسەتە بۆ ڕەش کردنی پ.ک.ک کەڵک وەردەگرن. لە ناو ١٧ جۆر سەفسەتەی ناسراو، ئاسانترین جۆری دەکار دێنن کە بە فارسی پێی دەکوترێ«تخریب و تخطئه» یانی ڕەپالخستنی خراپی و خەتا بۆ ڕەش کردنی لایەنی بەرانبەر . لەم نێوە دا خۆراکی تەبلیغاتی ئامادە کراوی شەڕی تایبەتی میتی تورک لە دژی پ.ک.ک زۆرترین بەکارهێنەری دێموکڕاتی هەیە!!!
بەشێک لە پرۆپاگاندای دەزگای میتی تورک ئەمانەی خوارەوەن: عەبدولا ئۆجەلان شیعەیە، پ.ک.ک تیرۆریستە، بەکرێکیراوی ئێرانە، سەر بە بەشار ئەسەدە، مناڵان فریو دەدەن و دەیانڕفێنن، کوڕان و کچانی گەریلا کاری بێناموسی پێکەوە دەکەن، قەندیل پڕ لە حەبی پێشگیری و کاندۆمە، پ.ک.ک کافر و دژی ئیسلامن، ترانزیتی مەوادی هۆشبەر دەکەن، تیرۆریستن، دیکتاتۆرن و ....
تەنیا بە ڕشانەوەی خۆراکی میتی تورک قەناعەت ناکەن، بەرماوی دەسگای پاراستنی پارتیش(پ.د.ک) کاوێژ دەکەن. دەڵێن پ.ک.ک دژی سەربەخۆیی کوردستانە، ئاڵای کوردستانی قەبوڵ نیە.( جێگای سرنجە کە ئەم ئاڵایەی باشور ئاڵای قازی محەمەد نیە. ئاڵای قازی قەڵەم و گوڵە گەنمی تێدا بو). دەڵێن قەندیلیان بە ئێران فرۆشت. (لە ساڵی٢٠١١ دا ئەم بەشەی قەندیل لە شەڕێکی نابەرابەر دا دوای ٢ مانگ بەرگری بێ وێنە داگیر کرا، بەڵام لە٣ی ئابی ٢٠١٤ دا ١٥٠٠٠ پێشمەرگەی بنەماڵەی بارزانی بە بێ هیچ بەرگریەک شەنگالیان بۆ ٧٠٠ چەکداری داعش بەجێ هێشت و دانیشتوانەکەی توشی گەورەترین کارەسات و کۆمەڵکوژی بونەوە. دێموکڕاتەکان قەت نەیانکوت بارزانی شەنگالی فرۆشت، وتیان ئەمە تاکتیک بۆ کە سەرۆک بارزانی دەکاری هێنا!!!.
ئەم جۆرە تەبلیغاتە نیشانی دەدات کە موخاتەبی دێموکڕاتەکان خەڵکانی ساویلکە، ناوشیار، گەمژە، سادەلەوح، گەوج، کۆڵەوار لە تێگەییشتن و مەعریفەن.

لۆمپەن دێموکڕاتەکان
لۆمپەن پڕۆڵتاریا دەستەواژەیێکە کە بۆ یەکەمین جار مارکس و ئینگلس لە کتێبی هاوبەشی خۆیان (ئیدئۆلۆژی ئاڵمانی) دەکاریان هێنا. ئەوان ئەم توێژەیان وەک وردتکە چینێکی کۆمەڵ ناساند کە بە پێچەوانەی سەرمایەدار و کارگەر لە بەرهەمهێنانی کاڵا دا دەورێکیان نیە و لە حاشیەی کۆمەڵگا دا لە ڕێگاکانی گوماناوی وەک سواڵکەری، دەڵاڵی، کڵاوبەرداری، زۆرگیری، شایەری و خۆفرۆشی بژیوی ژیانیان دابین دەکەن.
توێژێک كە پێگەی كۆمەڵایەتی چینەكانی خوارەوەی كۆمەلگای هەبوو، بەڵام لەبری هاوڕێیی وهاوكاری چینی هاوچەوساوەی خۆی مەیلی لە مقاشبوون بوو بۆ چین وهێزە کۆنەپەرەست و توتالیتەرو سەركوتكارەكانی كۆمەڵگا.
لە مێژووی دێموکڕاتەکان دا توێژێکی نەفس نزم، بێعار، شایەر، هەلپەرەست، نۆکەرسفەت، بەرماوخۆر، قەڵەم فرۆش، پیس خۆر، گەل و وڵاتفرۆش، درۆزن، ئاژاوەچی و زوڕناژەن دەبیندرێن کە ئەرکیان دزێو و ناحەز نیشاندانی هێز و حیزبەکانی دیکەی کوردستان و جوانکاری دێموکڕاتەکان بە تایبەت بارزانی بوە و هەیە. وەک گەوادی سیاسی بە کاوێژی خۆراکی تەبلیێاتی میتی تورک و دەسگای پاراستی پارتی لە ژێر ناوی کوردایەتی ژەهر و نەزانی ڕەپاڵ مێشکی عەوام، کاڵفام و ساویلکەی کورد دەخەن. لە بەرماوخۆری دا دەسکەوتی ماڵی باشیان هەبوە.
کەسانی وەک عەلی جەوانمەردی، عەلی عەونی، ڕێبوار کەریم وەلی، سەرۆ قادر، برایم برۆ، بەشار حەکیم، بەشێکی کارمەندانی تەلێویزیۆنەکانی ڕووداو و کاناڵ٢٤ سەرقافڵە و مەرجەعی تەقلیدیانن. ئەمانە پاشماوەی خۆراکی تەبلیغاتی میتی تورک و پاراستنی پارتی دێموکڕات دەڕشێنەوە و کەسانی نەزان، دەروێش، شوێنکەوتە، هاوبیر و هاوشێوەی خۆیان کاوێژی دەکەنەوە.
لۆمپەن‌دێموکڕات جنێو، بوختان، تۆهمەت، نێو و ناتۆرە نیە، بەڵکە دەستەواژەیێکە پڕ بە پێستی ئەم توێژەی کوردەواری بۆ ناسینیان.

سەرچاوەی یەکیەتی و کۆدەنگی دێموکڕاتەکان دژی پ.ک.ک
گەرچی زۆرترین خوێن لە بەینی دێموکڕاتەکان ڕژاوە و پارتی دێموکڕاتی کوردستان ئێراق لە غەدر،خیانەت و کوشتاری دێموکڕاتەکانی دیکە دا پشکی شێری بەرکەوتوە، بەڵام هەمویان لە ژێر سێبەری بارزانی دا دژایەتی هەر شتێک دەکەن کە ڕەنگ و بۆنی پ.ک.کەی پێوە بێ. بە لەبەر چاو گرتنی یاسای هۆکار و ئەنجام( قانونی علت و معلول) ناکرێ ئەم فۆبیایە(عوقدە و گرێی دەرونی) هۆکارێکی نەبێت. لێرە دا بۆ دۆزینەوەی هۆکارەکە دو بیرۆکە دەخەمە بەر باس و لێکۆڵینەوە

بیرۆکەی ماهیەت و بەرژوەندی چینایەتی
کوردستان وڵاتێکە لە لایەن دەوڵەت نەتەوەکانی حاکم(تورکیا، ئێران، ئێراق و سوریە) وەک کلۆنیەکی(مستعمرە) ناوخۆیی کەڵکی لێوەردەگرێ.
بە ڕواڵەت کوردەکان یەک دەردیان هەیە( بندەستی دەوڵەت-نەتەوەکانی دراوسێ) و یەک ئامانجیان هەیە(بونە خاوەنی دەوڵەت-نەتەوە یان هەرێمێکی فیدڕاڵی کوردی) و یەک ڕێگایان(ستڕاتژی) هەیە( خەبات لە چوار چێوەی یەکیەتی نەتەوەیی)
بەڵام ئەگەر بە قوڵایی کۆمەڵگا و مێژووی کوردستان دا ڕۆبچینە خوار، دەبینین زۆرینەی کورد تا ئێستا تەنیا ڕووکەشی پرسی خۆی بینیوە. بۆ دەست نیشانکردنی ستڕاتیژ و ئامانجەکانی خوێندنەوەیێکی دروستی نەکردوە. لە ئاکام دا دەیان هەزار مرۆڤی دڵسۆز، ئازادیخواز و نیشتمانپەروەری لە دەست داوە و جیا لە دەوڵەمەند کردنی هێندێک مافیا، چەتە و بازەرگانی کوردایەتی دەسکەوتێکی نەبوە.
لەم جوگڕافیایە دا چین و توێژی جۆراوجۆر دەژین کە خاوەن بەرژوەندی جیاوازن. دەکرێ بە گشتی کۆمەڵگا بە دو چینی گەورە دابەش بکەین: ژێردەست و سەردەست (بە فارسی؛ فرودەست و فرادەست). هەردو چین لە دەوڵەت-نەتەوەی حاکم ناڕازین. بەڵام ئەگەر بە پێوەری بەرژوەندی لێکدانەوەی بۆ بکەین، ناتوانن یەک ئامانج و یەک ستراتژیان هەبێت.
بازەرگانێکی ڕۆژهەڵاتی کە کاڵای تاران هاوردەی شارەکەی دەکا، یان بەروبومی سەر زەوی و بن زەوی کوردستان هەناردەی تاران و ئیسفەهان دەکا، کیشەی لە گەڵ دەوڵەت-نەتەوەی ئێران زۆر قوڵ نیە، چونکە بەرژوەندی ئابوری هاوبەشی لە گەڵ تاران هەیە. هۆی ناڕەزایەتی ئەو دورەپەرێز کراوی و شارومەندی دەرەجە دو بونە. ویستی ئەو شەریک کردنیەتی لە دەسەڵاتی ناوەندی بو دابینکردنی قازانجی زیاتر. نە تەنیا لە گەڵ چوارچێوەی سیستم کێشەی نیە، بەڵکو ژیان بێ سیستمێکی وەها بە مردن دەزانێت. ئەم سیستمە دەکرێ لە قالبی دەوڵەتی شاهەنشاهی، کۆماری، ئیسلامی یان هەر ناوێکی دیکە بونی هەبێت. بنەماکانی بریتیە لە هیرارشی (سلسله مراتب قدرت)، دابەشکاری چینایەتی، ئیمتیازاتی تایبەت بۆ چین و توێژی تایبەت.
توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگا کە وەک ئەم بازەرگانە قازانجیان لە مانەوە و بەشداری سیستمی پلەداریە ئەمانەن: سەوداگەران، دەڵاڵان، کارمەندانی خاوەن پلەی بەرز، پزیشکان، قازی و وەکیلە دەست ڕۆییشتوەکان، ئەندازیار و بەڵێندەران، ئاغاکان و خاوەن زەوی و مڵکدارەکان، توێژی مەلای دەوڵەمەند و دەست ڕۆییشتوو، شێخ،سەرۆک عەشیرە و خێڵ،بنەماڵە دەوڵەمەندەکان و بە کورتی هەمو ئەو کەسانەی کە بێ ئارەق ڕشتن باش دەژین.
لۆمپەناکانیش وەک توێژێکی گرینگی کۆمەڵگای کوردی ڕۆڵی کلک، شاخ،چەنگ و نینۆکی ئەم چینە دەگێڕن. بە تایبەت زەمانێک کە بۆن و مەزەی دەسەڵات و سەروەتیان پێ دەگات. بۆ نمونە دوای سەرهەڵدانی ١٩٩١ی باشور زۆربەی جاش و بەکرێگیراوانی دەوڵەتی بەعس لە رێزی پ.د.ک دا جێیان گرت. ئەمانە هیچ گۆڕانێکیان تێدا نەکرا، تەنیا ئاخوڕەکەیان گۆڕی.
چینی سەردەستی کوردی دو دوشمنی هەیە، ١- دەوڵەتی داگیرکەری ئەم پارچەی کوردستان کە تێی دا دەژی. ٢- هێز، حیزب و ڕێکخراوەکانی کوردی کە لە بەرەی بەرژوەندی چینی ژێردەستی کۆمەڵگا دا تێکۆشان دەکەن.
دژایەتی چینی سەردەستی کورد بەرانبەر بە دەوڵەت- نەتەوەی داگیرکەر لە چوارچێوەیێکی کورت دا جێ دەگرێ ، بەڵام بەرانبەر بە فکر و هێزی پارێزەری چینی ژێردەستی کوردستان سیستماتیک و بێسنورە.
کاتێک سیستمی پلەداری سەروەت و دەسەڵات، مفتەخۆری و ڕانتخۆری لە لایەن چینی ژێردەستی کوردستان بکەوێتە مەترسی، ئیتر دژایەتی چینی سەردەستی کورد بەرانبەر بە دەوڵەت-نەتەوەی داگیرکەری کوردستان کاڵ دەبێتەوە و لە بەرانبەر دوشمنی هاوبەش( چینی ژێردەستی کورد) لە گەڵ دەوڵەت یان دەوڵەتانی داگیرکەر یەک دەگرێت. لێرە دا چەند نمونەیێک لە یەکیەتی چینی سەردەستی کۆمەڵگای داگیرکراو لە گەڵ داگیرکەران لە بەرانبەری هێزە شۆڕشگێڕ و چەپیەکان دەخەینە ڕوو.
١- مە لا مستەفا بە هاوکاری دەوڵەتی شای ئێران ١٤ ساڵ حکومەتێکی کۆنەپەرەست، دیکتاتۆر و دژە ڕوناکبیری بە نێوی کوردایەتی بە سەر ئەم بەشەی کوردستان دا سەپاند. لە سەرکوتی خوێناوی شۆڕشگێڕانی ڕۆژهەڵات و باکور هاوکاری تەواوی بۆ دەوڵەتانی ئێران و تورکیا کرد. بۆ ئاگاداری زیاتر کتێبی قاچاغکراوی(لە لایەن حیزبە دێموکڕاتەکان) دوکتور قاسملو و مەلا عەبدولای حەسەنزادە خەیانەتەکانی قیادە موەقەت بە نەتەوەی کورد بخوێننەوە.
٢- مەسعود بارزانی ڕێبەری قیادە موەقەتی کورستانی ئێراق بۆ سەرکوتی شۆڕشی کوردی ڕۆژهەڵات هەمو هێز و توانای خۆی خستە خزمەت دەوڵەتی تازە دامەزراوی کۆماری ئیسلامی ئێران(١٩٨٥-١٩٧٩). سەدان پێشمەرگەی دێموکڕات و کۆمەڵەیان کوشت. لە ورمێ ڕا تا شنۆ و خانێ و سەردەشت و مەریوان بە دەستی ئەوان پاکسازی کرا.
٣-كۆمیته‌ی ساخكه‌ره‌وەی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران‌
له‌ پایزی ساڵی 1963 له‌ گوندی زینۆی شێخی له‌ دانیشتنێكی سێ قۆڵی (قادر شه‌ریف و حوسێنی مه‌ده‌نی و سه‌عیدكاوه‌) بناغه‌ی كۆمیته‌ی ساخكه‌ره‌وه‌یان داڕشت. هه‌ڵوێستێكی سه‌ربه‌خۆخوازانەیان‌ هەبو. دەیانهەویست حیزبی دێموکڕات کە لە بندەستی ئەحمەد تۆفیق و مەلا مسفەفا دا لەت و کوت کرابو، زیندو کەنەوە.
ئەحمەد تۆفیق بە به‌ئه‌ندام و هه‌واداری خۆی ڕاگه‌یاندبوو، بیانگرن و بیان به‌نه‌وه‌ بۆ دیوی گه‌رمێن (باشوری بن دەستی بارزانی). ته‌نانه‌ت پێی گوتبوون: «هه‌ر نه‌بێ ڕاپۆرتیان لێ بده‌ن و به‌ عه‌جه‌میان به‌ گرتن بده‌ن»...
٤- ئەنجومەنی نیشتمانی کوردستانی سوریە (ئە ن ک س) کە پێکهاتەیێکن لە پاشماوەکانی پارتی دێموکڕاتی سوریە و کەسانی هەلپەرەست و مفتەخۆری ئەم دەڤەرە، لە ساڵی ٢٠١١ وە تا ئێستا دوژمنایەتی بزوتنەوەی ئاپۆیی لە ڕۆژئاوا دەکەن، لەم ڕێبازە دا هاوکاری دەوڵەتی تورکیا، ئۆپۆزیسیۆنی کۆنەپەرەستی سوریە و بارزانیان کردوە و دەیکەن.
٥- پارتی دێموکڕاتی کوردستانی ئێراق لە شەڕەکانی ناوخۆیی دژی پ ک ک و یەکیەتی نیشتمانی کوردستان(١٩٩٨-١٩٩٤) ساڵی یەکەم ئێران پشتیوانی دەکرد. ساڵی دواتر پشتیوانی تورکیای وەرگرت، ساڵی سێهەم سەدام هاتە ناو ئەم کایەوە.
قازانجی هاوبەشی پارتی دێموکڕات و سێ دەوڵەتی ناوچەکە بەم شێوەیە دەستەبەر کرا: باڵانسی هێز لە باشور بە قازانجی پارتی گۆڕا و توانی دەسەڵاتی ٨٥٪ی باشوری کوردستان بۆ خۆی قۆرغ بکات. هەر سێ دەوڵەتی داگیرکەر لە ڕێگای بەهێزکرنی بارزانی بەم چەشنەی خوارەوە بەرژوەندی خۆیان وەدی هێنا:
ا- ئێران چەکدارەکانی پارتی لە سنورەکانی حاجئ ئۆمەران، سەردەشت، بانە و مەریوان بە پشتیوانی ئاوری تۆپخانە ڕەوانەی ناوچەکانی ژێردەستی یەکیەتی دەکرد (دوایە ئیسلامیەکانیشی پێوەزیاد کرد و یەکەمین ئیمارەتی ئیسلامی سونە لە تەوێڵە، بیارە و بەشێکی گرینگی هەورامان دامەزرا).
یەکیەتی نیشتمانی لە پێناو مانەوەی خۆی تەنازولی زۆری کرد. لە بەرابەر ڕاگرتنی پشتیوانی ئێران بۆ پ.د.ک ئەم مەرجانەی ئێرانی قەبوڵ کرد: ١- ڕادیۆی دێموکڕاتی داخست. ٢-پێشگیری کرد لە هاتنە ناوەوەی حیزبە کوردیەکان بۆ چالاکی لە ڕۆژهەڵات. دیاردەی کەمپنشینی لەو زەمانەوە دەستی پێکردوە و تا ئێستاش درێژەی هەیە.
ب- تورکیا توانی بە هاوکاری ڕاستەوخۆی پارتی زەربەی قورس لە پ.ک.ک بوەشێنی کە زیاتر لە ١٠٠٠ گەریلا لە هێرشی هاوبەشی تورکیا و بارزانیەکان گیانیان لە دەست دا. تەنیا لە ناو هەولێر ٨٠ کەسی پ.ک.ک کە زۆربەیان ڕۆژنامەوان، کادری پزشکی و گریلای بریندار بون، کۆمەڵکوژ کران.(١٩٩٧)
ج- سەدام حوسێن لە ڕێگای گۆڕینی باڵانسی دەسەڵات لە یەکیەتی نیشتمانی بۆ پارتی توانی ئاساییشی سنورەکانی لە گەڵ کوردی باشور مسۆگەر بکات و کەرکوک لە مەترسی هێرشی یەکیەتی دور بخاتەوە.
٦- کاتێک کە دوکتور قاسملو لە ساڵی ١٩٨٩ لە سەر مێزی وتووێژ لە گەڵ نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی دا تیرۆر کرا، دو شەڕی ناوخۆیی(براکوژی) لە سەر دەست مابون( شەڕی کۆمەڵە و حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران- ڕێبەڕایەتی شۆڕشگێڕ. سەرەڕای حەول و تێکۆشانی دڵسۆزانی کورد لە پێناو ئاشتی دا، دوکتور قاسملو نە بە ئاگربەست و نە بە وتووێژ لە گەڵ ئەمانە ڕازی نەدەبو!!!. بەڵام بەرانبەر بە نوێنەرانی دەوڵەتی ناوەندی تەنازولی بێشەرت و بێسنور بو...
٧- لە ساڵەکانی (١٩٤٥- ١٩٣٧) بەشێکی زۆری خاکی چین لە لایەن ژاپۆن داگیر کرابو. بۆ بەرەنگاربونەوەی داگیرکەر یەکیەتیەکی ناچاری لە نێوان حیزبی کومونیست و حیزبی میللی کۆمینتانگی دەسەڵاتدار پێک هات. کومۆنیستەکان زەربەی گەورەیان لە ئەرتەشی ژاپۆن دەدا، بەڵام هێزەکانی کۆمینتانگ بە خاتری گەندەڵی ماڵی و ئیداری کە لە ناویان دا بو، نەیاندەتوانی ئاکامێکی باش بە دەست بێنن. دەستوریان پێدرا کە لە شەڕی هاوبەشی دژی ژاپۆن لە پشتەوە ڕا بە نەهێنی کومونیستەکان بکەنە ئامانج و بیانکوژن...

بیرۆکەی پاشخانی فکری (جیهانبینی ڕاست و چەپ)
لە دابەشکاری فکری دا دێموکڕاتەکان لە بەرەی ڕاستی سونەتی جێ دەگرن. هەرچەند کە لە مێژوویان دا دروشمی بریقەداری وەک سوسیالیسم و دێموکڕاسی دەبیندرێ، بەڵام ئەم وشانە بە هۆی ماهیەتی چینایەتی و پاشخانی فکریان قەت لە باوەڕ، کەلتور و ڕێ و ڕەسمیان دا جێی نەبۆتەوە. ئیمتیازاتی ئاغاواتی پێشو بۆ خۆیان بە ڕەوا دەزانن. خەڵک بە ڕەعیەت دەناسن نەک شارومەند. کێشەیان لە گەڵ دەوڵەت-نەتەوەی حاکم ئەوەیە کە پۆست و مەقاماتی ئیداری و ماڵی ناوچە کوردیەکان بە مافی خۆیان دەزانن نەک کەسانی غەیرە کورد کە لە لایەن دەوڵەتەوە ئەم پۆستانەیان پێدراوە.
بە زمانێکی ڕوونتر دێموکڕاتەکان لە گەڵ سیستمێک کە لە سەر بنەماکانی دابەشکاری چینایەتی، قۆرغکاری، بێعەداڵەتی و کۆنەپەرەستی بونیاد نراوە کێشەیان نیە. کێشەی ئەوان ئەوەیە کە لەم سیستمە دا بەشی زیاتریان دەوێ. پارێزگار، فەرماندار، شارەدار، ڕەئیس ئیدارەکان، ڕانتخۆری بازەرگانی و بەرهەمهێنان، کارمەندانی گشت دەسگاکان کورد بن و دێموکڕات!
ئەڵبەتا کە ئاسۆی فکریان لەمانە زیاتر بڕ دەکا. خەون بە هاتنە پێشی هەلێکی زێڕین وەک باشوری ١٩٩١ و ٢٠٠٣ دەبینن کە جۆرج بوشێک پەیدا بێ، دەوڵەتی ناوەندی شڕ و سڕ بکا یان لەناوی بەرێ، فیدڕاڵیەت و تەنانەت سەربەخۆییش ڕابگەیێنن. قەیدی ناکات ئەگەر قەبارەی دەوڵەتەکەیان وەک باشور لە نیوەی پارچە کوردستانەکەشیان کەمتر بێت. گرینگ ئەوەیە پۆست، مەقام و ڕانت و خۆشی زیاتر بۆ خۆیان و بنەماڵەکانیان دەستەبەر بکەن. لەم خەونانە دا جێگای زۆر شت نابێتەوە و بە کفر و ئیلحاد دەژمێردرێت. وەک: ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی لە سیستمی کۆمەڵایەتی، هەڵوەشانەوەی چەوسانەوەی چینایەتی و پلەداری دەسەڵات، دابینکردنی یەکسانی ژن و پیاو، دێموکڕاسی ڕاستەوخۆ(شوڕایی، کۆمۆنی و...)
بۆ بەتاڵ نەبونی عەریزەیان دەڵێن جارێ با دەوڵەتێکی سەربەخۆ دامەزرێنین، بەرابەری و دادپەروەری و... کاتیان دێت. بەڵام مێژوی گشت گەلانی دونیا نیشانی داوە کە چینی سەردەستی کۆمەڵگا هیچکات ڕێگا بە ئاڵ و گۆڕی بنەڕەتی لە سیستمی چینایەتی و پلەداری دا نادات. چونکە بە قیمەتی لەناوچونی خۆی تەواو دەبێت.

پێناسە و ماهیەتی پارتی دێموکڕاتی کوردستانی ئێراق
لە مێژووی دێموکڕاتەکان بینراوە کە تەنانەت لە دەوڵەت-نەتەوەی سەردەست دواکەوتوتر، کۆنەپارێزتر و زاڵمتر بون.
مەلا مستەفا بارزانی لە پێناو ئاغایەتی باشوری کوردستان دا شۆڕشی ئەیلولی ١٩٦١ی ساز کرد. بو بە ڕێبەری ئاغاوات و مڵکدارەکانی کوردی ناڕازی لە ئیسلاحی زیراعی عەبدولکەریم قاسم. لە ماوەی ١٤ ساڵ فەرمانڕەوایی باشوری کوردستان پێشگیری کرد لە پڕۆژەی گەورەی چاکسازی کۆمەڵایەتی، ئابوری عەبدولکەریم قاسم لە کوردستان. ئەگەر چاکسازیەکان بە تایبەت ئیسلاحی زیراعی بە سەرکەوتویی بەرەو پێش چوبایەن، پێشکەوتنێکی مێژوویی بێوێنە بۆ گەلانی ئێراق تۆمار دەکرا. سیستمی دەرەبەگی، عەشیرەیی لە ناو دەچو، ڕەعیەت دەبو بە شارومەند. کرانەوەیێکی گەورە لە باری ئابوری، کۆمەڵایەتی و گەشەی فکری دەهاتە ئاراوە.
مەلا مستەفا بە دەستوری شای ئێران و موسادی ئیسڕائیل شەڕی دژی قاسم بەرپا کرد. قاسم لە کوردستان خەریکی کوژانەوەی ئاوری دژە شۆڕشی ئەیلول بو، کە بەعسیەکان و نەتەوە پەرەستانی عەرەب لە بەغدا زەفەریان پێ برد، کودتایان بە سەر دا کرد و خۆی و چاکسازی و هەمو خەونەکانیان خستە گۆڕ. لەو زەمانەوە ئێراق و باشوری کوردستان لە جیاتی پێشکەوتن ، ئاوەدانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی، هەر کارەسات، جەهل و ماڵوێرانیان تەجروبە کردوە.
مەلا مستەفا ڕێگای لە هەر پێشکەوتنێکی کۆمەڵگا گرت و تەنانەت سەدان ساڵ بەرەو پشتەوەی گێڕاوە. بۆ نمونە داب و نەریتی وەک شایی ڕەشبەڵەکی کوردی قاچاغ کرد. ئەم ڕەسمە لە دەورەی دایکسالاری بۆ کورد مابۆوە. مەلاکان لە ماوەی ١٣٠٠ ساڵ دا نەیانتوانیبو لەناوی بەرن، بەڵام مەلا مستەفا لە شار و دێهاتی بندەستی خۆی قاچاغی کردبو.
ڕەدوکەوتن و ژن‌هەڵگرتن ڕەسمێک بو کە لە کۆمەڵگای کوردەواری وەک دەرگایەکی بچوکی ناڕەسمی کچ و کوڕانی ئازاد دەکرد بۆ هەڵبژارتنی هاوسەر. مەلا ئەم دەگایەشی بەست و بە پێی قانون کەسانێک ئەم یاسایەیان پێشێل کردبایە مەحکوم بە کوژران دەبون. هەرچەند حکومەتی عەشایەری مەلا مستەفا ساڵی ١٩٧٥ ڕوخا، بەڵام ئەم یاسایە لە زەین و کەلتوری کۆمەڵگا دا ڕیشەی داکوتا. دوایە خەڵک بۆخۆیان (باب- برا- ئامۆزا، مێرد و ...) ئەم یاسایەیان بە کوشتنی کچ و ژنەکانیان بە جێدەگەیاند. لە ١٩٩١ کە نیمچە حکومەتی کوردی لە باشوری کوردستان دامەزراوە تا ئێستا(٢٠١٩) زیاتر لە بیست هەزار کچ و ئافرەت لە بە دەستی کەس و کاریان کوژراون.
بەرچاوترین نمونەی دێموکڕاتەکان کارنامەی ٢٩ ساڵەی پارتی دێموکڕاتی کوردستانی ئێراقە(٢٠١٩-١٩٩١). لە ئاکامی دەسەڵاتی پارتی جیاوازی چینایەتی، هەڵاواردنی کۆمەڵایەتی، ڕانتخۆری و گەندەڵی زۆر زیاتر بوە لە دەورەی سەدام. ژنان بە تایبەت ژنانی بارزانی لە ژنانی عەرەبستان داپۆشراوتر و بێ مافترن.
مەیدانی کۆنەپەرەستی بەرینتر بوە، بازەرگانی دینی کۆمەڵگای لە زانست مەعریفە بە تاڵ کردوە. گەلی باشور کە زەمانێک خاوەن رۆئیای گەورە بو، ئێستا ئاواتی لە موچەی مفتی، پارەی بێ زەحمەت، نێرگەلە(قلیان) ئیسلامی سەلەفی، ئیخوانی و داعشی، شایەری مناڵەکانی بنەماڵەی بارزانی و تەنانەت نۆکەرایەتی نۆکەرەکانیان سەرتر ناڕوا.
ئەمڕۆ دێموکڕاتەکانی چوار پارچەی کوردستان لە ژێر سێبەری پ.د.ک ڕزق و ڕۆزی خۆیان دۆزیوەتەوە. تەنانەت دێموکڕاتەکانی کوردستانی ئێران کە حیزبی دایک بون، مێژوو، ئاڵا، قازی محەمەد، دوکتور قاسملو و خوێنی بە ناهەق ڕژاوی سەدان شەهیدی دەستی بارزانیان کردە قوربانی دیوەخانی هەولێر و سەری ڕەش.
مەسعود بارزانی- جەعفەر سەحراڕودی

پێناسە و ماهیەتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران:
لە ٨٠ ساڵی ڕابردوو دا ئەگەر چینی ژێردەست و مامناوەند ڕێکخراو و حیزبیان دروست کردبێت ئەوە زۆری نەخایاندوە کە چینی سەردەست توانیویانە ڕەخنە بکەنە ناویان و کورسی سەرۆکایەتی داگیر بکەن. بۆ نمونە لە ساڵی ١٩٤٢ کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد لە مەهاباد دامەزرا کە لە توێژی مامناوەند و فەفیر پێک هاتبون. کۆمەڵە نێوەرۆکی چەپی هەبو. سور بو لە سەر گۆڕینی بنەڕەتی سیستمی کۆمەڵگا و لە پێش هەمویاندا لابردنی دەرەبەگایەتی، بە جۆرێک ئاغا و سەرۆک خێڵەکان دژایەتیان دەکرد و بە بێ دینیان دەناساند. بناغە دانەرانی کۆمەڵەی ژ.ک هەر لە سەرەتاوە دەرکیان بە مەترسی چینی سەردەستی کورد کردبو. هەر بۆیە بە یاسا پێشگیریان کرد لە قەبوڵ کردنی ئەم چینە لە ئەندامبونی کۆمەڵەدا. ( مڵکدار، ئاغا، سەرۆک عەشیرە و شێخ ڕێگا پێدراو نەبوون)
لە بەهاری ١٩٤٥ دا ڕەحمانی زەبیحی( کەسی یەکەمی کۆمەڵە) لە گەڵ دو هاوڕێی لە باڵانیشی ورمێ بە شێوەیێکی گوماناوی لە لایەن دەوڵەتی ناوەندی ئێران گیران. ئەم ٣ کەسە تا دوای ڕاگەیاندنی کۆماری مەهاباد لە زیندان دا مانەوە. لە بۆشایی نەبونی ئەمانە دا دەرگا بۆ هاتنە ناوەوەی کەسانی چینی سەردەست کرایەوە. قازی محەمەد، حاجی بابا شێخ و سەدان کەسی چینی سەردەست هاتنە ناو کۆمەڵە. کۆمەڵەیان خنکاند و لە سەر جەستەی بەجێماوی دا حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران بە ڕێبەرایەتی قازی محەمەد پێک هات. دامەزرێنەرانی کۆمەڵە پەراوێز خران و دوای دروست کردنی بە پەلەی کۆماری مەهاباد جیا لە یەک کەس هیچ کامیان پۆستی وەزاڕەتیان پێ نەدرا.
جیاوازی دو لیستی بناغەدانەرانی کۆمەڵە و کابینەی حکومەتی کورستان ڕازێکی گرینگ ئاشکرا دەکات:
بناغە دانەرانی کۆمەڵەی ژ.ک:
١- حسین فروهر
٢- عبدالرحمن ذبیحی
٣- عبدالرحمن امامی
٤- عبدالقادر مدرسی
٥- نجم الدین توحیدی
٦- محمد نانوا زاده
٧- علی محمودی
8- محمد اصحابی
٩- عبدالرحمن کیانی
10- صدیق حیدری
11- قاسم قادری.


لە ناو لیسی کابینەی کۆماری کوردستان تەنیا ناوی یەک کەس لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵە دەبینرێ(سەدیقی حەیدەری). سەرۆک و زۆرینەی لێژنەی وەزیران لە مڵکدار، شێخ، ئاغا، بازەرگان و دەوڵەمەندی ئەو زەمان (چینی سەردەست) پێکهاتوە.
دوای جوانەمەرگ بونی کۆماری مەهاباد، کوردایەتی نە نەتیا پۆست و وەزارەتی تێدا نەبو، بەڵکە گیران، شکەنجە، زیندان و... چاوەڕوانی هەڵسوڕاوانی سیاسی دەکرد. دەوری کەسانی خاوەن دیوەخان و نۆکەر و کڵفەت بۆ کاری سیاسی دژی دەوڵەت بەسەر چو. لە ئاکامدا چینی سەردەست لە کوردایەتی دەستیان هەڵگرت و بە خشکە خۆیان خزاندە داییرەکانی حکومی و کارمەندی، پۆست و مەقامیان وەرگرت. بۆ جارێکی دیکە ڕێگا بۆ چینی ژێردەست و توێژی ڕوناکبیری شار کرایەوە تا حیزبە دزراوەکەیان وەرگرنەوە. حیزب بوژایەوە و لە بەهاری ئازادی موسەدیق(١٩٥٣-١٩٥٠) دا گەشەی زۆری سەند.
لە دەیەی شەستی زایینی دا بەشێکی زۆری هەڵسوڕاوانی دێموکڕات کە لە زەربەی ڕاوەدونانی ساواک دەرباز ببون لە باشوری کوردستان گیرسابونەوە، بون بە دو بەرە:
١- بەرەی ڕاست بە ڕێبەرایەتی ئەحمەد تۆفیق کە لە خزمەت مەلا مستەفا دا بون، مەلاش لەخزمەت شای ئێران! ( بە وتەی مامۆستا هێمن ببونە جاشی جاشەکەی)
٢- بەرەی چەپ کە هەڵسوڕاوانی سەرەکیان بریتی بون لە:سەدیقی ئەنجیری، ئەسعەد خودایاری، سلێمان موعینی، قادر شەریف، دوکتور قاسملو، کەریم حیسامی و حەمەدەمینی سیڕاجی و سەعید کوێستانی.
لەم ٨ کەسە چواریان لە لایەن مەلامستەفا بە شێوازی جۆراوجۆر شەهید کران. ساڵی ١٩٧٣ چوار کەسەکەی دیکە توانیان لە نەمانی ئەحمەد تۆفیق دا ڕێبەڕایەتی حیزب بگرنەوە دەست خۆیان. کاتێک کە لە پڕ دەوڵەتی شای ئێران ڕوخا و بۆشایی دەسەڵات ساز بو(١٩٧٩)، توانیان بێنەوە ئێران. حیزبی دێموکڕات بە کەڵک وەرگرتن لە نۆستالۆژی کۆمەڵەی ژ.ک، کۆماری مەهاباد و فیداکاری ڕێبەرانی کومیتەی شۆڕشگێڕی حیزبی دێموکڕات بە تایبەت کاک سلێمان موعینی، سماییل شەریفزادە و... بو بە گەورەترین هێزی کوردی لە ڕۆژهەڵات.
ئیتر حیزبایەتی خەتەری جارانی نەمابو، نان و ئاو و ...ی تێدا بو. پڕ بو لە ئاغا،کوێخا، بازەرگان،شایەر،لات، لۆمپەن و شەڕکەر. هەرچەند بەشی زۆرتری سەرکردایەتی حیزب لە مەکتەبی چەپ دا پەروەردە ببون، بەڵام چەپیەکەیان کەمڕەنگ ببۆوە بە ڕەنگی جەماوەرەکەیان دەرهاتن و بونەوە نوێنەری چینی سەردەستی کوردی ڕۆژهەڵات.
هزر و بیری ڕاستی سوننەتی بو بە ماهیەتی فکریان. دیسان مێژوو دوپات بۆوە. جاری یەکەمیان کۆمەڵەی ژ.ک سەری لە حیزبی دێموکڕات دەرهێنا(١٩٤٥). جاری دوهەم پاشماوە و هاوبیرانی کۆمیتەی شۆڕشێڕی حیزبی دێموکڕات کە هەڵقوڵاوی خەڵکی هەژار و ڕوناکبیری چەپ بون، بەرەو بیری ڕاستی سونەتی ڕۆییشتن وبونە نوێنەری چینی سەردەستی کۆمەڵگای کوردی. هەرچەند کە تا ئێستا دروشمی "ئامانجی دواڕۆژمان سوسیالیسمە" لە ئەساسنامەکەیان نەسڕاوەتەوە، بەڵام دوکتور قاسملو بە کورتەباسەکەی لە سەر سوسیالیزم دا (١٩٨٣) ئەم پینە نەچەسپەشی لە کۆڵ کردنەوە.

دێموکڕاتەکان لە تەرازوی دێموکڕاسی و مافی مرۆڤ دا
دێموکڕات بونی دێموکڕاتەکان تەنانەت نەتەوەیی بونیشیان پرسیاری زۆر هەڵدەگرێ. کوشتنی دیل لە کۆنوانسیۆنی ژنێڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بە ڕونی ڕێگای لێ گیراوە. هەمو ئازادیخوازان و تەنانەت بەشێکی زۆری دەوڵەتان پێی پابەندن. بەڵام مێژوی دێموکڕاتەکان پڕە لە ئەسیر کوشتن. بۆ نمونە ساڵی ١٩٧٨ کە قیادە موەقەت بە هاوکاری میتی تورک و عەشیرە کوردەکانی باکور ٧٠٠ پێشمەرگەی یەکیەتیان لە ناو برد، بەشێکی یەکیەتیەکان دوای تەسلیم بون ئیعدام کران. بە تایبەت فەرماندەکانی یەکیەتی(عەلی عەسکەری، دوکتور خالید و حوسێن باباشێخی ئیزەدی).
مەلامستەفا کە لە ئامریکا بە خاتری نەخۆشی سەرەتان چاوەڕوانی مەرگ بو، بەتەلێفون پێوەندی پێوە کرا بۆ دیاری کردنی چارەنوسییان. دوای ئەوەی مەلا فەرموی پیاوێ مەزن دەبێ بە چەکێ مەزن بکوژرێ، بە (ئارپیجی) کوژران.
هەڵمەت گۆران یەکێک لە پێشمەرگەکانی پێشوی پارتی دێموکڕاتی کوردستانی ئێراق لە پەڕەی تایبەتی فەیسبوکی خۆی باسی دەسدرێژی سێکسی پیشمەرگەکان دەکات بۆ سەر جەنازەی کچانی گەریلا لە شەڕەکانی هاوبەشی ئەرتەشی تورک و بارزانی دژی پ.ک.ک لە نەوەدەکانی سەدەی ٢٠ دا.
لە شەڕی مەرگەوەڕی ورمێ(١٩٨٥) ١٢ پێشمەرگەی کۆمەڵە کە بە برینداری ئەسیری دێموکڕاتەکانی ئێران دەبن ئیعدام دەکرێن و دەسدرێژی سیسی دەکرێتە جەنازەی پێشمەرگە کچەکان

پێناسە و ماهیەتی چینی سەردەستی کۆمەڵگای کوردی
ئابوری چینی سەردەستی کورد بەستراوە بە سیاسەت و ئابوری دەوڵەت-نەتەوەی حاکم و تا ڕادەیێکیش سنورەکان و دەوڵەت-نەتەوەکانی دراوسێ.
بورژوازی(سەرمایەدار) کورد ژینگەیێکی لەباری نەبوە و نیە بۆ گەشەی سروشتی. بە ناچار بۆتە درێژکراوەی بۆرژوازی دەوڵەت-نەتەوەی ناوەندی. ستڕاتژی گرینگی ئەم چینە سەوداگەریە لە گەڵ دەوڵەت-نەتەوەی حاکم، لە گەڵ دەوڵەت-نەتەوەکانی دراوسێ، لە گەڵ پاشماوەی خێڵ،ئاغاوات و مڵکدارەکان و.... نەخۆشێ خۆ بە کەمزانینی هەیە. هەر بۆیە لە جیاتی ڕێبەڕایەتی گەلی کورد دەبێتە شەریکێکی زەلیلی هەر هێزێک لە لە ناوچە دا شک بەرێت، تەنانەت ئەگەر ئەو هێزە خێڵێکی کۆنەپەرەست، مەقاشی دەستی داگیرکەران و نیشتمانفرۆشی وەک بنەماڵەی بارزانیش بێت. توێژەکانی دیکەی چینی سەردەستی کورد حاڵیان لە بورژوازی باشتر نیە. نەتیجە دەگرین ئەم حیزب و هێزە سیاسیەکانەی کە نوێنەری فکری چینی سەردەستی کۆمەڵگان، ناتوانن سەربەخۆ، نیشتمانپەروەر، پێشکەوتنخواز و بن.
زانستی بونەوەرناسی (زیست‌شناسی- ئێکۆلۆژی) سەلماندویەتی کە ڕەفتاری هەر بونەوەرێک لە ماهیەت(چیەتی) و بەرژوەندی ئەو سەرچاوە دەگرێ. بە پێی ئەم یاسا سروشتیە، مێروولە وەکوو مێروولە رەفتار دەکات و ڕێوی وەک ڕێوی. پڵینگ،شێر، مەڕ، مانگا، کرم، قالۆچە و هەر دەعبایەک لە سەر بنەمای ژێنەکانیان لە پێناو درێژە‌دان بە مانەوەیان هەڵس و کەوت دەکەن.
چینی سەردەستی کۆمەڵگای کوردی تەنیا دەتوانێ وەک ئەنگەل درێژە بە ژیانی خۆی بدات.
لە تەبیعەت دا سێ جۆر هاوژیانی (Symbiosis) هەیە: ****
١- هاویاری (Mutualism) کە هەر دو لایەن قازانج دەکەن (وەک مێرولە و شەتە)
٢- ئەنگەلی (Parasitism) کە لایەک قازانج دەکات و لایەک زەرەر (وەک مرۆڤ و مێشولە یان مرۆڤ و کرمی ئاسکاریس)
٣- هاوسفرە بون کە لایەک قازانج ئەکات ولایەکیش نە قازانج ئەکات و نە زەرەر. ( وەک داڵاش و شێر). کە شێر ڕاو دەکات و تێر دەخوات و دوایەش بەرماوەکەی داڵاش دەیخوات.
ڕابیتەی چینی سەردەستی کورد و دەوڵەتانی داگیرکەر پێکەوە لە بەرانبەر خەڵکی ژێردەستی کورد، لە نەوعی شمارە دویە( ئەنگەلی) هەردوک لایەن وەک میشولە و کرمی ئاسکاریس خوێنی خەڵکی کورد دەمژن ونەخۆش و لاوازیان دەکەن.

پێناسە و ماهیەتی پ.ک.ک
کۆمەڵێک لاوی چەپ لە ساڵی ١٩٧٨ ئەم ڕێکخراوەیان دامەزراند کە هەڵقوڵاوی چینی خوارەوەی کۆمەڵگا بون. هیچکامیان پاشخانی بنەماڵەی دەوڵەمەند و دەستڕۆییشتوی نەبوە. نە‌تەنیا وەک زۆرینەی سیاسەتوانەکانی تری کورد حیزبایەتیان نەکردۆتە ئامرازی سەروەت و دەسەڵات، بەڵکە تا ئێستاش کە بەفری پیری لە سەریان نیشتوە، خۆیان بێبەش کردوە لە هاوسەر،منداڵ و ماڵ.
ئەندامگیری لە ناو چینی بندەستی کۆمەڵگایان بە بنەما گرتوە.
ئەم حیزبە بە پێچەوانەی زۆربەی هێزە چەپەکانی دەورەی شەڕی سارد دوای هەرەسی سۆڤیەت و بلوکی ڕۆژهەڵات نە تەنیا لە ناو نەچو، بەڵکە بە خوێندنەوەیێکی قووڵ و نوێ لە کۆمەڵگا و جیهانی تازە توانی لە دوگماکانی چەپی سونەتی خۆی دەرباز کات و جیهانبینی چەپی مۆدێڕن(سەردەم) بکاتە ڕێنوێن. ئانارشیسم و دێموکڕاسی ڕاستەوخۆی لە سەر درەختی سوسیالیسم و بزوتنەوەی نەتەوایەتی پێوەند دا. لە جیاتی خۆ بەستنەوە بە دروشمی دەوڵەت-نەتەوەی کوردی، تیۆری شارستانیەتی دێموکڕاتیکی هێنایە مەیدان.
تا ڕادەیێکی زۆر ڕووح و ئامانجەکانی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد(١٩٤٥-١٩٢٢)،کۆمیتەی شۆڕشگێڕی حیزبی دێموکڕات(١٩٦٨-١٩٦٧)، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی کوردستانی ئێرانی دەورەی کاک فواد( ١٩٧٩- ١٩٦٩) لە ناو پ.ک.ک دا دەبیندرێ.
دوای چل ساڵ دەبینین کە پ.ک.ک حیزبێک نیە تەنیا لە چوارچێوەی شەڕی چریکی و ڕزگاری نەتەوەیی پارچەیێکی کوردستان دا پێناسە بکرێ، بەڵکو بۆتە بزوتنەوەیێکی فکری، فەرهەنگی و کەلتوری کە سنورەکانی چوار پارچەی کوردستانی تێپەڕاندوە و بۆتە مەکتەبێکی تازە و لە ناو گەلانی دونیا ڕێشەی داکوتاوە. لە جیاتی هەرجۆرە دەوڵەتێکی چینایەتی یان حیزبی، ژیان لە سەر بنەمای خۆبەڕێوەبەری دێموکڕاتیک، ژینگەپارێزی و بەرابەری ژن و پیاوی کردۆتە ئامانج.
سیستمی هیڕارشی( پلەداری دەسەڵات) وەک گەورەترین دوژمنی مرۆڤ پێناسە کردوە و ژیانی کۆمۆناڵ و شوڕایی وەک ئالترناتیو( بەدیل، جێنشین) ڕاگەیاندوە سەرەڕای دوژمنایەتی دەوڵەتی تورکیا و کۆنەپارێزان لە ڕۆژئاوا و باکوری سوریە خستویەتە بواری جێبەجێ کردن و سەرکەوتنی وەها گەورەی وەدەست هێناوە کە تەنانەت ئەگەر وەک شۆڕشی فەڕانسە(١٧٨٩) و کۆمۆنی پاریس(١٨٧١) بە خاتری شەڕ و هێرشی دەوڵەتانی دەرەوەش لە ناو بچێ، بۆ هەمیشە لە ناو بیر و هزری مرۆڤایەتی دا وەک هەوێنی شۆڕش و بەرەوپێش بردنی کۆمەڵگا دەمێنێتەوە. بەشداری چالاکانەی شۆڕشگێڕانی ئینترناسیۆناڵی جیهان لە ناو ڕیزەکانیان دا ڕاستی ئەم قسانە دەسەلمێنێ.

ئاکام
جوابی پرسیاری سەردێڕی ئەم وتارە: «بۆچی دێموکڕاتەکان دژایەتی پ.ک.ک دەکەن؟»
تا ئێرە بۆمان ڕوون بۆوە کە دێموکڕاتەکان و پ.ک.ک دو جەمجسەری تەواو جیاوازن. سەر بە دو چینی سەردەست و ژێردەستی کۆمەڵگان. خاوەنی دو خەونی دژ بە یەکن. ئامانجی پ.ک.ک هەڵوەشاندنەوەی سیستمی دابەشکاری چینایەتی، نەتەوەیی، ڕەگەزی، قۆرغکاری دەسەڵات و ڕانتە. بەڵام چیەتی(ماهیەت) و بەرژوەندی دێموکڕاتەکان لە گەڵ هێشتنەوەی ئەو سیستمە‌دایە بە تام و ڕەنگ و مەزەی کوردی. وەک دەوڵەتی هەرێمی کوردستان بە ڕێبەرایەتی پیاوەکانی بنەماڵەی بارزنی.
ئاغای کوردی، ڕەییسی کوردی، وەزیری کوردی، ئاساییشی کوردی، شەپی کوردی، زیندانی کوردی، چەوسانەوەی کوردی، گەندەڵی کوردی، دەنگ‌دانی کوردی، تەزویری کوردی، مافیای نەوتی کوردی، مافیای زەوی‌خواردنی کوردی، مۆڵی کوردی، ویلا و ژیلای کوردی. هەموی لە خزمەت چینی سەردەستی کوردی. لۆمپەن، چەقوکێش و شایەرانی دیوەخانیش لە بەرماوی ئەم سفرەیە بەهرەمەندن.
ئەگەر ڕئالیستی( واقعگرایانە) بیر بکەینەوە، ناچارین حەقیقەتێکی تاڵ قەبوڵ بکەین. یەکیەتی نەتەوەیی لە دەیەی هەشتای زایینی لە لایەن پ.ک.ک دا تیۆریزە کرا و کار و خەباتێکی زۆری بۆ تەرخان کراوە، بنەمایەکی زانستی کۆمەڵایەتی نەبوە و تەنیا باوەڕێکی خۆشبینانەی ئیرادەگەرایانە بوە. چینی سەردەستی کۆمەڵگا کاتێک ڕازی بە یەکیەتی نەتەوەیی دەبێت کە گشت بەرژوەندیەکانی پارێزراو بن و خۆێ ڕابەری ئەم یەکیەتیە بێت. دەبینین کە بە تێپەڕبوونی زیاتر لە ٢٠ ساڵ پەیمانی ستڕاتژیکی یەکیەتی نیشتمانی و پ.د.ک لە گەندەڵی ڕێبەرایەتی ی.ن.ک و پاشکۆیەتی ئەم هێزەی بۆ پارتی شتێکی زیاتری لێ سەوز نەبوە. تەنانەت بەشداری هێزێکی ئۆپۆزسیۆنی وەک گۆڕان لە حکومەتی هەرێم، بە قیمەتی بەتاڵ بون لە بیری گۆڕانکاری و بونە بەشێک لە سیستمی خێڵەکی و دواکەوتوی ئاغاکانی باشور تەواو بو.
٩٠٪ی جەماوەری دێموکڕاتەکان و باقی حیزبەکانی چینی سەردەستی کۆمەڵگا (بە تایبەت شەڕکەرەکان و سەربازانی پیادە) خەڵکانی چینی ژێردەستی کۆمەڵگان کە بە خاتری ساویلکەیی و نزمبونی ئاستی وشیاری و خۆبەخێو کردن خەریکی ئەم جۆرە کوردایەتیەن.
هەر ئەم ڕاستیەش دەبێتە هۆکار کە حیزبەکانی چینی بندەستی کورد تا دەتوانن لە شەڕی چەکداری دژی ئەم هێزانە خۆ بپارێزن و توانای خۆیان لە مەیدانەکانی دیکە دا وەک بڵاو کردنەوەی تۆوی ئاگاهی و وشیاری ، پەروەردەی کۆمەڵگا بە ئەقڵیەتی بەرابەری و یەکسانی ژیان، مافی ژنان و منداڵان، ژینگەپارێزی و مرۆڤ‌دۆستی دەکار بێنن.


سەرچاوە و ژێرنوسەکان
[1] - خیانەتەکانی قیادە مووقەتە بە نەتەوەی کورد

[2] - پژمان. عیسا- در دامگە حادثه


[4] - مێژووی قورسترین جیابوونه‌وه‌ی حیزبی دیموكرات‌

[5] - بە خراپ و خەتاکار ناساندن


[7] - جێگای سرنجە کە شەڕی حیماسی قەندیل گەورەترین بەرخۆدانی مێژووی ڕۆژهەڵاتە. لە ساڵی ٢٠١١ دەوڵەتی ئێران دوای ٢ مانگ شەڕ و لە دەست دانی ٥ لە گەورەترین فەرماندەکان و سەدان کۆماندۆ و هیزی تایبەت و کەڵک وەرگرتن لە هێزی ئاسمانی و زەوینی و موشەک بەشی ڕۆژهەڵاتی قەندیل داگیر بکات. شەڕێکی نابەرابەر بوو. فەرماندەی بلێمەت بە ناوی سمکۆ بانە و دەیان گەریلا گیانیان لە دەست دا. بە نێوەنجیگەری پارتی و یەکیەتی نیشتمانی بۆ پشگیری لە خەسارەتی زیاتر شەڕ وەستێندرا و بەشی زۆرتری ئەم هێزە ناردرا بۆ ڕۆژئاوا، کە موسا قەناسە بەناوبانگەکەی حیماسەی کۆبانێ (٢٠١٥-٢٠١٤)کۆبانێ یەکێک لەوان بو.

[8] - ئەوەی لەشەنگال ڕوویدا بەزین و شکست نەبوو، خیانەت بوو. بەواتایەکی تر، پاشەکشەی ھێزەکانی پارتی لەشەنگال ئاشبەتاڵ نەبوو، واتە دەرەنجامی شکانی ھێزێک و باڵا دەستی ھێزەکەی تر لە بەرەکانی جەنگدا نەبوو، بەڵکو زیاتر دەورو تەسلیمی ھێزەکان بوو. پارتی ھێزەکانی لەشەنگال پاشەکشە کرد و دەیان ھەزار کەسی لەشیرین خەودا تەسلیم بە داعش کرد. لەخیانەتی شەنگالدا لێپرسینەوە لە یەک تاکە فەرماندە و بەرپرسی لۆکاڵی، واتە ئەو فەرماندانەی ئەرکی پاراستنی شەنگالییان پێ سپێردرابوو، نەکراوە. پارتیەکان کەمترین سۆز و ئینتیمایان بۆ نەتەوە و نیشتیمان نەبووە. ئەگینا ماقوڵ نییە لە دەیان فەرماندەی سریە و فەوج و لیواکانی ئەو دەڤەرە، دوو دانە فەرماندە ھێندە ھەستی نەتەوەیی و نیشتیمانییان تێدا نەبوو ھێندە بەرگری بکەن تا خەڵکەکە خۆی دەرباز دەکات. 
ئەوانەی فەرمانییان داوە بە تەسلیمکردنی شەنگالەکانییان و ئەوانەش فەرمانەکەیان جێبەجێ کردووە لەگەڵ داعشدا شەریکە تاوانن.( لاپەڕەی فەیسبوکی ئارام ڕەفعەت)




[12] - قاسملو. دوکتور ڕەحمان -چل ساڵ خەبات لە پێناوی ئازادی

[13] - قاسملو. دوکتور ڕەحمان -چل ساڵ خەبات لە پێناوی ئازادی

[14] - بیرەوەریەکانی نەوشیروان مستەفا- پەنجەکان یەکتر دەشکێنن.


خاطرات یک سوسیالیست آذربایجانی در کردستان  
اسامی زخمیهایی که حزب دمکرات آنها را اعدام کرده بود عبارت بودند از : مولود جوانمردی   (علی درمان آوا – ایسی سو)، علی ایراندوست، منیره مدرسی، نسرین حسنخالی،  خلیل فتاحی، اشرف حسین پناهی، عادل باقری، لقمان همتیان، شهرام علایی برزنجی، عتیق شیری، سلیمان (جلالی) و منصور شوکتی و ابراهیم پورمند.**********  اسامی دخترانی که بعد ازاعدام مورد تجاوز جنسی واقع شده بودند: نسرین حسنخالی- منیره مدرسی- خدیجه احمدی   .   

[16] - بە پێی کەلتوری خێڵەکی، دەرەبەگایەتی بنەماڵەی بارزانی  نابێ خەڵک ژنەکانیان بناسن و بیانبینن. مەلا مستەفا سەبارەت بە مافی ژن دەڵێ:  {ژن دەبێ شێوێ خۆ لێنێ، قاپێ خۆ بشوا، نانێ خۆ بکا و گانێ خۆ بدا)

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە