نەفرەتی شۆڕش

Wednesday, 11/09/2019, 23:06

4373 بینراوە


(گەلانی شۆڕشگێڕ تا ئێستەش باجی شۆڕشەکانیان دەدەنەوە)
(لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا شۆڕش و کودەتا و ڕاپەڕین کۆتایی بەیەکتر دێنن)
----------------------------------
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا شۆڕشگێڕەکان کە دێنە سەر دەسەڵات هەمان کۆپی دەسەڵاتەکەی پێش خۆیانن، خۆش بەختی ئەو شۆڕشگێڕانە لەوەدایە ئەو نەوە نوێیەی کە چەپڵە بۆ ئەمان لیدەدات و ئاگاداری کار و کرداری دەسەڵاتەکەی پێش ئەمان نیە، بەڵام کاتێک تێدەگات کە لە خشتە براوە، ئیتر کار لە کار ترازاوە و ئەوان جێ پێی خۆیان قایمکردوە و ئیتر ئیشیان بە جەماوەر نەماوە، پاش ئەوەی کە جەماوەر لە مەبەستە ناپاکەکەیان تێگەیشت، دووبارە و چەند بارە هەوڵی هەڵگیرسانی شۆڕشێکیتردێتە ئاراوە، ئەو کارەکتەرە نوێیانەش بە هەمان ڕۆحیەت و مەبەست سەرقاڵی کۆڕی خەبات دەبن، ئەمانیش کۆمەڵێک لاوی خوێنگەرم لە خشتە دەبەن و دەیانکەنە سوتەمەنی شۆڕشە نوێکە، سەرکردەکانی شۆڕشە نوێکەش لە تەڕ دەخۆن و لە وشک دەخەون، چونکە ئەزمونیان وەرگرتوە لە سەرانی شۆڕشە یەک لە دوای یەکەکانی پێش خۆیان، لە درێژەی هەمو ئەو شۆڕشانەدا گەل بەدبەختر و سەرانی شۆڕشەکان خۆشبەختتر و لاوانیش باجی قورس و سوتەمەنی شۆڕشەکان بون، سەرکردەی شۆڕشەکان زەنگین و گەلانیش هەژارتر بون، شۆڕشکێڕەکان لە پاش دەیان ساڵ لە بە ئەنجام گەیشتنی شۆڕشەکانیان و گەشتنیان بە کورسی دەسەڵات، سەری زمان و بنی زمانیان هەر باسی فیداکاریەکانی سەردەمی شۆڕشە، زۆربەیان سەروەریەکانی سەردەمی شۆرش یاداشت دەکەن و دەیدەدەنەوە بە نێوچاوی مێژوی میللەتەکەیاندا. با بپرسین ئاخۆ ئێستە چەند کەس لەوانەی بەشداری کارایان هەبوە لە هەڵگیرسانی شۆڕشەکاندا پەشیمانبن لەو هەوڵ و ماندوبونەی لەو پێناوەدا دایان و ئەو خوێن و فرمێسکەی لەو پێناوەدا ڕشتیان؟؟؟
ئەو گەلانەی کە تاکە سەروەریان شۆرشەکانیان بوە تا ئەمڕۆشی لەگەڵدابێت باجی شۆڕشەکانیان دەدەنەوە، تا ئەمڕۆش شۆڕشەکانیان درێژەی هەیە، تا ئەمڕۆش بە شۆڕشێک  یان کودەتایەک کۆتای بە دەسەڵاتی شۆڕشێکیتر دەهێنن.
سەرانی شۆڕشەکان سەرەتا نمونەی کەسانی خۆنەویست و قارەمان و گیان فیداکاربون، بەڵام کە دەستیان گەشتە دەسەڵات ئیتر هەمو پێوەرەکان پێچەوانە دەبنەوە، ئەو قارەمانانە دەبنە گەورەترین خوێنڕێژ و دکتاتۆر و مافیا، ئەو شۆڕشگێڕانە کامانەن کە بە شێوەیەکى ئاشتیانە و لە پرۆسەیەکى دیموکراسیدا ئاڵوگۆڕى دەسەڵاتیانکردوە؟
هەر دەسەڵاتێک بە کودەتا یان بە شۆڕش گەشتبێتە دەسەڵات، تەنها بە کودەتا یان ڕاپەڕین یان شۆڕشێکیتر دورخراوەتەوە لە دەسەڵات.
هەموجارێکیش گەڕاوینەتەوە بۆ بازنەى یەکەمى گەمەکە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە