سێپتێمبەر ئیلێڤنی ئەمریکییەکان و ٣١ئاب و ١٦ی ئۆکتۆبەری باشوورییەکان

Wednesday, 11/09/2019, 23:35

7827 بینراوە


هەر کارەساتێک کە لە مێژوودا بەسەر گەلان و نەتەوەکانی دنیادا هاتووە، دواتر ماکی لەسەر هەستی ئەو گەلانەدا بەجێهێشتووە. بۆتە هەوێنی گۆڕینی مامەڵەکردنی سیاسی لە گۆڕەپانی پڕ کێشمەکیشمی دنیادا و داڕشتنی تاکتیک و ستراتیژیەتی تازە لە لایەن سەران و غەمخۆڕانی ئەو گەلانەوە. نمونە دوای هۆلاکۆس ئەوانەی کە پێشڕەوی جوڵانەوەی جویان دەکرد لە دنیادا، جۆری ئارستەکردنی کارکردنیان گۆڕی، تاکتیک و ستراتیژەیتی گونجاو تایبەتیان بۆ پرسی جو داڕشت.

سێپتێمبەر ئیلێڤن، کارەساتێکی چاوەڕوان نەکراو بوو بۆ ئەو خەڵکە بێتاوانەی کە بوون بە قوربانی، وێرای ئەوەش بە بەراوردکردن بە قەوارە و ئەندازەی کارەساتی دیکەی وەک ئەنفال و کیمیابارانی هەڵبجە، قەتلوعامی شەنگاڵ جیاوازییەکەیان بەقەد دووری ئاسمان و زەوی بوو. لەگەڵ ئەوەشدا سێپتیمبەر ئیلێڤن کاردانەوەی سەرەکیی و ڕاستەوخۆی هەبوو لەسەر سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ناوەوە و لە دەرەوەی وڵاتەکەی بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

ئەمریکا دوای ئەو ڕووداوە یەکەم هەنگاوی ڕاگەیاندنی جەنگ بوو دژ بە تیرۆریستان بە تایبەتی بەرامبەر بە گروپی توندڕەوی ئەلقاعیدە، چڕکردنەوەی هەوڵەکانی بۆ دەستگیر کردنی ئوسامە بنلادن. قوڵبوونەوەی جەنگ لە ئەفغانستان، سوریا، عیراق، سودان، یەمەن، لیبیا، لبنان، کوردستان و دەیان وڵاتی دی. پڕچەککردنی گروپ و میلیشیای چەکداری نافەرمی لە ناوچەکەدا کە هۆی سەرەکیین لەوەی کە تا ئەو ساتوکاتەنەدا ئەو دەڤەرە لە بێئارامییەکی بێ هاوتادا گوزەر دەکات و ئایندەییەکی نادیار چاوەڕوانی دەکات.

ئەمڕۆ لە یادکردنەوەی سێپتێمبەر ئیلێڤندا، ئەمریکا سزا ئابوورییەکانی بۆ سەر گروپ و میلیشیای چەکداری نافەرمی ئەو ناوچەیە نوێژەن کردەوە.

گرنگە سەڕۆکی وڵات و پارتی دەسەڵاتدار لە نەهامەتییە مێژوویەکاندا لە سەنگەری میللەتەکەیاندا بن، بە دەیان کارەساتی جەرگبڕ لە باشووری کوردستاندا ڕوویان داوە بەڵام نەبوونەتە هەوێنی گۆڕینی سیاسەت و ستراتیژیەتی سەڕۆک و پارتە دەسەڵاتدارەکانی باشوور و تا ئەمڕۆ لەسەر یەک وەتیرە ڕۆیشتوون، لە جاشایەتی و سازشکردن لەسەر ئەرزوخاک و پرسی ئەو میللەتە و دزی بترازێت هیچی دیان بەرهەم نەبووە.

دوای کیمیابارانی هەڵبەجە و ئەنفال سەرانی ینک و پدک بۆ باوەشی سەدام ڕایانکرد، پەرەیان بە شەڕی براکوژی داو بە تانک و تۆپی سەدام ٣١ئابیان ئەنجامدا. لە ١٩٩٦دا بەپێش سوپای پاسداران کەوتن، دواتر ١٦ئۆکتۆبەری ٢٠١٧دا هەمان ئەزموونیان لە کەرکوک دووبارە کردەوە. ئێستاش لە هەوڵی ئەوەدان و ڕێککەوتن کە کەسیان لە میدیاکاندا ئەو یادانە بەبیر خەڵک نەهێنەوە و هەوڵدەن لەگەل کاتدا لە مێژوودا بیسڕنەوەو ئەوەی باسیشی بکات بە ئاگرخۆشکەرە ناوی ببەن و میدیاکانی باشووریان تەمبێ کردوە کە بەبێدەنگی ئەو یادانە تێپەڕێنن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە